په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٤\٢٠١٤

دەنگی ژنانی کوردستان گەیەندرایە پەرلەمانی ئەوروپا.
 


راگەیاندنی هاوبەشی گرووپی ژیان و ڕێکخراوی کوردستان فۆروم - بەلجیکا سەبارەت بە کۆنفرانسی ژنان لە پەرلەمانی ئەوروپا.

ئەمڕۆ بەرواری ١\٤\٢٠١٤ له‌ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل کۆنفرانسێك سەبارەت بە کێشەکانی ژنان لە هەریمی کوردستان ئەنجام درا بە ناوی (ڕێگری یاسایی و دادوەری لە بەدیهێنانی مافەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان).کۆنفرانسەکە لە لایەن سۆزان سەعید ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری کوردستان فۆروم ـ بەلجیکا، ڕێزان سه‌ڵح شانۆکار و نەجیبە قەرەداخی میدیاکار ئامادەکاری بۆ کرابوو.

کۆنفرانس لە لایەن ئانا گۆمێز پەرلەمانتاری ناسراوی یەکێتی ئەوروپا، ئەندامی نێردەی هەمیشەیی یەکێتی ئەوروپا لە ئێراق سەرپەرشتی کرا. چەندین پەرلەمانتاری تری یەکێتی ئەوروپا و نوێنەری ڕیکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئامادەی بوون.


سەرەتا فلیمێکی دۆکۆمێنتاری کە لە لایەن خاتوو نەجیبە قەرەداخیەوە ئامادە کرابوو پێشکەش کرا. فلیمەکە سەبارەت بە باری ناهەمواری ژنانی کوردستان و پێشێلکاریەکان بوو بەرامبەریان.

هەرسێ ژنانی چالاکوانی بواری یەکسانی ژنان، بەهار مونزیر بەڕێوەبەری ریكخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان (PDA) و وتەبێژی گرووپی ژیان، چلورە ئەحمەد هەردی چالاکوانی ژنان و ئەندامی گرووپی ژیان و گۆنا سەعید چالاکی بواری یەکسانی ژن و پیاو و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەراست لە بەریتانیا، بابەتی جیاوازیان پێشکەش کرد.

بابەتەکانیان بە گشتی سەبارەت بە كه‌مته‌رخه‌می حکومەتی هەرێم و دەزگاکانی بوو لە ئاست تاوانەکانی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان و پێشێلکاریەکان بەرامبەریان و زیادبونی رادەی کوشتن و توندوتیژی. هەروەها تاوانە بێشومارەکان بە داتا خرانە ڕوو، هاوكات بە ئەنفالی ژنان ناوهینرا.

لە کۆنفرانسەکەدا چیرۆکی چەندین تاوان بەرامبەر ژنان و کچان باسکرا. ئەو یاسا ناشارستانیانە خرانە ڕو کە دژ بە مافەکانی ژنانن و پێچەوانەی بنەماکانی یەکسانی ژنان و پیاوانن و لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەنگی لەسەردراوە و لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە واژو پەسەند کراون. لە نمونەی ئەو یاسایانەش فرەژنی و سزانەدانی لاقەکاری کچان لە کاتی ئامادەبونی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانیەکەی.

بە شێوەیەکی گشتی کەمتەرخەمیەکانی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری هەرێم سەبارەت بەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان ئەنجام دەدرێت خرانە ژێر پرسیارەوە. چالاکوانانی گرووپی ژیان داوای پشتیوانی و بەتەنگەوەهاتنی پەرلەمانی ئەوروپا و ڕێکخراوە بیانیەکانیان کرد بۆ فشار دروستکردن لەسەر حکومەت و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان.

ئانا گۆمێز پەرلەمانتاری ئەوروپا داوای لە ژنانی چالاکوانی ئامادە بوو کرد کە لەمەوبەر بە بێ هیچ شەرم و دودڵیەك و زۆر بە ڕاشکاوانە کێشەکانی ژنان بگەیەننە پەرلەمانی ئەوروپا و گرنگیەکی زۆریان هەیە بۆ باشکردنی باری ژنان لە هەرکوێیەکی دونیادا بن. هەروەها سۆزی دا بە ئامادەبوان کە بەدواداچون بۆ سەرجەم کەیسەکان بکات و بە یەکێك لە ئەرکە مرۆڤ دۆستیەکانی خۆی دەزانێت.

پاشان دەرگای پرسیار و گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە لە نێوان میوانەکان و چالاکوانان کرایەوە. ئامادەبوان پرسیاریان ئاراستەی خانمە چالاکوانەکان سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی کێشەی ژنان لە هەرێمی کوردستان کرد.

ڕێکخراوی کوردستان فۆروم وێرای هاوکاری و پشتیوانی لەبەرچاوی بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە، بەرپرسی ڕێکخراوەکە پێشڕەو ئیسماعیل ڕەخنەی ئاراستەی پەرلەمانی ئەوروپا کرد کە لە کاتی سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان تەنها گوێ لە لایەنی دەسەڵات دەگرن و پشت دەکەنە ڕێکخراوە مەدەنیەکان، لە کاتێکدا ئەوان هەڵبژێردراو و نوێنەری خەڵکی ئەوروپان و پیویستە لە پێشدا گوێبیستی خەڵکی کوردستان بن ئەوسا دەسەڵات و پارتە سیاسیەکان.


شایانی باسە بیرۆی پەرلەمانتار ئانا گۆمێز داوەتنامەیان ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی کوردستان لە برۆکسل کردبوو، بەڵام ئەو نوێنەرایەتیە ئامادەی ئەو کۆنفرانسە نەبوون.

 

گرووپی ژیان

رێکخراوی کوردستان فۆروم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک