په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٤\٢٠١٥

دەنگی منداڵانی کۆبانێ و شە‌نگال.
 

مەنسوور جیهانی

 

سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" ئێستاکە لەسەر پڕۆژەی فیلمی بڵندیی سینەمایی "دەنگی منداڵانی کۆبانێ و شە‌نگال" کار دەکات.

دەرھێنەری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" ئێستاکە لەسەر پڕۆژەی فیلمێکی بڵندیی سینەمایی بە ناوی "دەنگی منداڵانی کۆبانێ و شە‌نگال" کار دەکات کە باسی بەسەرھات و ئەزموونەکانی ژیانی ڕۆژانەی منداڵانی کۆبانێ و شەنگال دەکات کە بە ھۆی شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش لە ئۆردووگاکان ژیان بەسەر دەبەن و باسی پەیھاتە و بوونی ئەوان لەم شوێنانە دەکات.

لەم پڕۆژەیەدا، شەش فیلمساز سەردانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکەن و لە تەنیشت ئەو منداڵانەدا دەمێننەوە کە بەھۆی شەڕ لە ئۆردووگاکاندا ژیان بەسەردەبەن و بوونەتە ئاوارەی جەنگ، ئەو دەرھێنەرانە لە ماوەی دوو مانگدا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندا بنەما و رێسا سەرەتاییەکانی سینەما و وێنەگرتن فێری ئەو منداڵانە دەکەن کە تووشی شەڕبوون و لە لایەن ئەو ستافەوە لە تیمە ٦ تا ٨ کەسیدا رێکخراون، تا بتوانن بیرەوەریی، رەنج و ھیواکانی خۆیان لە چوارچێوەی کورتە فیلمدا وێنە بگرن. ئەو منداڵانە لە ھەر تیمێکدا، بۆخۆیان دەرھێنان و وێنەگرتن بۆ یەک یا دوو فیلم ئەنجامدەدەن و ھەروەھا بە ھاوکاریی ئەندامانی دیکەی ئەم تیمە وەکوو ستاف، فیلم ساز دەکەن.

"بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی بڵندیی سینەمایی "دەنگی منداڵانی کۆبانی و شە‌نگال" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بووە کە لەم ناوچانەدا لە ژێر فشاری راستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە روانینی خۆیانەوە سەیری ئەم رووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدایە بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوەیە تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە روانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی راستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدەدرێت تا چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و رووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە راشیگەیاند: ئەم کورتە فیلمانە لە تەنیشت یەکتریدا یەکدەگرن و بە شێوەی فیلمێکی بڵندی سینەمایی بۆ بەشداری لە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم و ھەروەھا نمایش لە زانکۆ و ناوەندە زانستییە جۆراوجۆرەکانی جیھان ئامادەدەکرێت.

"بەھمەن قوبادی" پلانداڕێژی سیناریۆ و بەرھەمھێنەری پڕۆژەی فیلمی بڵندیی سینەمایی "دەنگی منداڵانی کۆبانی و شە‌نگال"ـە و ھەروەھا بەرپرسی پلانی ئەم بەرھەمە لە ئەستۆی "شاھۆ نیعمەتی"یە و بەرھەمھێنەری ئەم پڕۆژەیە کە ئێستا لە دوایین قۆناغەکانی ئامادەسازیی خۆیدایە لە ئەستۆی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"ـە.

تریلێری فیلمی بڵندیی سینەمایی "دەنگی منداڵانی کۆبانێ و شە‌نگال":

لێرە کرتە بکە:

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک