په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٥

''دەنگی پێشمەرگە'' لە چوار خولی جیاوازدا.

ئیسماعیل تەنیا    


نووسینەوە،ساغکردنەوە،ڕاستکردنەوەو بە ئەرشیف کردنی ڕۆژنامەگەریی کوردی،کارێکی سەخت و دژوارە،چونکە ئێمەی کورد،تا ئێستاکە گرینگیمان بە ئەرشیف کردنی(کتێب،گۆڤار،بڵاوکراوە،بەیاننامە،تۆمار،کاسێت و....تاد)،نەداوە.بە بەراورد لەگەڵ میلەتانی تر،نەک ھەر زۆر دواکەوتوین،بەڵکو ئەستەمیشە خۆمان بەوان بچوێنین.


ئەگەر بێت و بەدواداچوونێک بۆ مێژوویەکی نزیکی خۆمان(٢٠-٣٠)ساڵێک لەمەوبەر بکەین و بمانەوێت دیکۆمێنت و بەڵگەو بڵاوکراوەی حزب و ڕێکخراوە مۆدێرنەکانی ئەو سەردەم بەدەست بخەین،ئەوا بە دڵنییاییەوە چاومان بە ئەرشیفێکی ھەژار،یان نەبوو،دەکەوێت.ئێمە زاکیرەو پلانی لایەنی ئەرشیفیمان نییە،یان زۆر بێھێزو لاوازە.باوەڕ بکەن، حزبی وا ھەیە مێژوویەکی ھێندە دوورو درێژی نییە،ئەوجا نەیتوانیوە(٢٢)ژمارەی ئۆرگانی ناوەندی حزبەکەی ئەرشیف بکات...گەر ئەو بۆچوونەمان بۆ (٢٠-٣٠)ساڵ لەمەوبەر ڕاست بێت،ئەوە بۆ(٥٠-٦٠)ساڵ لەمەوبەر،ھەر زۆر ڕاستە.


"دەنگی پێشمەرگە"،ناوێکی ناسراوو ئاشنای ڕابەری ڕۆژنامەگەریی کوردییە.تا ئێستاکە چەندین گۆڤارو رۆژنامەو بڵاوکراوە بەناوی "پێشمەرگە"یان"دەنگی پێشمەرگە"،بڵاوکراونەتەوە.ئەوەی زانراوەو تا ئێستاکە ساغ بۆتەوە،ئەوەیە کە یەکەم بڵاوکراوە بەو ناوەوە لە ساڵانی یەکەم و دووەمی دوای شۆڕشی ئەیلول(١٩٦١-١٩٧٥)دا،دەرچووە.ئەو"دەنگی پێشمەرگە"یە،تا ئێستاکە لەدووتوێی ڕابەری ڕۆژنامەگەریی کوردی و بابەتی ڕۆژنامەگەریدا،زۆر جاران ناوی ھاتووە. بە کورتی و درێژیش لەسەری نووسراوە،وەلێ تا ئێستاکە بە دروستی دەستنیشانی خوولەکانی دەرچوونی نەکراوە،ئەگەر کرابیش،یان بەھەڵە باسکراوە،یان مێژووی دروستی تۆمار نەکراوە.


لەم نووسینەدا،دەمانەوێت بە درێژی باسی ژمارەو خوولەکانی و ئەو کەسانە بکەین کە ڕۆڵی سەرەکییان تێدا بینیووە، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بابەت و لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی...ھەوڵمانداوە لە شوێنی پێویست ئەو ھەڵانە ڕاست بکەینەوە کە دەربارەی ئەو بڵاوکراوەیە بڵاوکراونەتەوە.


" سەفەر یوسف میرخان "،دەنووسێت: ( یەکەم ژمارەی گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە لە مانگی یەکی"١٩٦٧"دا،لەگەرمەی شۆڕشی ئەیلول دەرچووە....).ھەروەھا دەنووسێت(ئەو قۆناخە"١٩٦٧-١٩٧٤"،بە قۆناخی یەکەمی دەنگی پێشمەرگە دادەنرێت)"١".


" نەوزاد عەلی ئەحمەد"،دەنووسێت:( گوایە ئەم گۆڤارە ژمارە یەکی لەساڵی"١٩٦٧"دەرچووەو دوا ژمارەش کە کەوتۆتە بەرچاو دەڵێن دوا ژمارەیە،ژمارە"٢٤"ەو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی "١٩٦٩"دا دەرچووە)"٢".


ئەوان،" سەفەر و نەوزاد "،لە تۆمارکردنی مێژووی دروستی "دەنگی پێشمەرگە"دا کەوتوونەتە ھەڵەوە،چونکە ئەو ژمارە یەکەی ئەوان باسی دەکەن،ژمارە(١)نییەو لەو بەروارەی ئەوان باسی دەکەن،دەرنەچووە، بەڵکو دەبێتە ژمارە(١٣)ەو لە مارتی"١٩٦٨"دا،دەرچووە.


قۆناغ، یان خوولی یەکەم نییە و دەبێتە (قۆناغ، یان خوولی دووەم).


قۆناغ و خوولەکانی "دەنگی پێشمەرگە".


خوولی یەکەم.


ھەر دوو ساڵێک دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول،بۆ گەیاندنی دەنگ و باس و چالاکییەکانی پێشمەرگە،ڕاگەیاندنی شۆڕش بیری لەدەرکردنی بڵاوکراوەیەک کردۆتەوە.بۆ ئەو مەبەستە،گۆڤار یان بڵاوکراوەی"دەنگی پێشمەرگە"،بڵاو دەکاتەوە.دووەم ژمارەی ئەو بڵاوکراوەیە کەلە ئەرشیفی"مەڵبەندی ئاوەدانی کوردستان لە بەرلین" پارێزراوە،لە نۆڤێمبەر "تشرینی دووەم"ی ساڵی(١٩٦٣)دا بە زمانی کوردی،دەرچووە.


لە بارەی دەرچوونی ژمارە یەکیشەوە،د.ئازاد عوبێد ساڵح،لە نامەی دکتۆراکەیدا،دەنووسێت:( یەکەم ژمارەی سەرەتا بەر لە کانوونی یەکەمی"١٩٦٣"بەسەرپەرشتی"حیلمی عەلی شەریف و فەرەیدون عەلی ئەمین دەرچووە)"٣".لەپاڵ ئەوانیشدا،" مەلای ئاوارە "ش،کاری لەم گۆڤارەدا کردووە"٤".


کەواتە بە لێوردبوونەوە لە ژمارە دوودا،دەبێت یەکەم ژمارەی بەر لەم مێژووە"تشرینی دووەمی ١٩٦٣"دا،دەرچووبێت. تاوەکو لێکترازانە مێژووییەکەی(پارتی دیموکراتی کوردستان)،لە ساڵی "١٩٦٤"دا،ھەر ئەو سێ کەسە سەرپەرشتی "دەنگی پێشمەرگە"یان کردووە.دوای ئەوەی کە "حیلمی عەلی شەریف"،دەکەوێتە بەرەی ( پارتی دیموکراتی کوردستان- باڵی مەکتەبی سیاسی)،"ھەژار موکریانی" شاعیر،ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و درێژە بە بڵاوکردنەوەی دەدات. لەم بارەیەوە،"شێرکۆ بێکەس" دەنووسێت: ( لە ساڵانی"١٩٦٥-١٩٦٦"دا،"دەنگی پێشمەرگە"،لە گوندی"لێوژە" دەردەکراو "ھەژار موکریانی" سەرپەرشتی دەکرد.لێوژە گوندێکی ناوچەی باڵەکایەتی بوو...ئەو کات مانگێک یان دوو مانگ جارێک ژمارەیەکی لێدەردەچوو...لەو ماوەیەدا،ھەندێ نووسین و شیعرم بەناوی"کاوە"ەوە لە دەنگی پێشمەرگەدا، بڵاوبوونەوە)"٥".


پاش ئەوە،"سامی عەبدولڕەحمان"یش دێتە دەزگای ڕاگەیاندن و لەگەڵ"ھەژار موکریانی و شێرکۆ بێکەس و مەلای ئاوارە"،درێژە بەبڵاوکردنەوەی دەدەن.لەم بارەیەوە،سەعید ناکام دەنووسێت(ساڵانی پێشوو بڵاوکراوەیەک بەناوی دەنگی پێشمەرگە لەلایەن سامی عەبدولڕەحمان و ھەژاری شاعیرەوە بە ڕۆنێۆ دەرکرابوو،کە دوازدە ژمارەی لێدەرچوو بوو،وەکو درێژەی ئەو بڵاوکراوەیە دەستم کرد بە دەرھێنانی گۆڤارێکی ڕێکوپێک بە شێوەی چاپەمەنی نوێ)"٦". بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان،لەم خوولەدا"خوولی یەکەم"،تا کۆتایی"١٩٦٧" بەردەوام بووەو"١٢" ژمارەی لێدەرچووە.


خوولی دووەم.


پاش ئەوەی کە سەعید ناکام،لە ساڵی "١٩٦٥"دا،دەگاتە ڕیزی شۆڕش و لە دەزگای ڕاگەیاندندا کار دەکات،ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی چاپخانەی"خەبات"ی پێدەسپێرن...ئیتر لەمە بەدواوە،پاش دوو ساڵ،بیر لەوە دەکاتەوە دووبارەو لە خوولێکی تازەدا،(دەنگی پێشمەرگە)"٧".بڵاوبکاتەوە.ئەو،لەم خوولە تازەیەدا،ژمارە"١٣"دەداتە یەکەم ژمارەی "خوولی دووەم"،چونکە پێشتر لە لایەن (حیلمی عەلی شەریف و شێرکۆ بێکەس و فەرەیدون عەلی ئەمین و ھەژار و سامی عەبدولڕەحمان و مەلای ئاوارە)وە،لە خوولی پێشوودا،"١٢"ژمارەی لێدەرچووە.(محەمەدی مەلا قادر)یش پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لە خوولی یەکەمدا،"١٢"ژمارەی لێدەرچووەو تا کۆتایی ساڵی"١٩٦٧"،بەردەوام بووە"٨".


لەبارەی خوولی دووەمەوە،سەعید ناکام دەنووسێت ( وەک درێژەی ئەو بڵاوکراوەیە-دەنگی پێشمەرگە- دەستم کرد بە دەرھێنانی گۆڤارێکی ڕێکوپێک بە شێوەی چاپەمەنی نوێ کە لەمانگی ئازاری"١٩٦٨" یەکەم بەرھەمم لەژێر ژمارەی سێزدەدا بڵاوکرایەوە....لەماوەی بیست مانگدا"ئاداری ١٩٦٨" تاوەکو "تشرینی دووەمی ١٩٦٩"،دوازدە ژمارەی "دەنگی پێشمەرگە"م دەرھێنا)"٩".


-ژمارە "١٣"ی کە دەکاتە یەکەم ژمارەی خوولی دووەم،لە مارتی"١٩٦٨"دا،دەرچووە.
-ژمارە "١٤"ی لە ئایاری "١٩٦٨"دا،دەرچووە "١٠".
-ژمارە "١٥"ی لە ئەیلولی "١٩٦٨"دا،دەرچووە.
-ژمارە "١٦"ی لە تشرینی دووەمی "١٩٦٨"دا،دەرچووە.
-ژمارە "١٧"ی لە کانوونی دووەمی "١٩٦٩"دا،دەرچووە.
-ژمارە "١٨"ی لە مارتی "١٩٦٩"دا،لە چاپخانەی خەباتدا،دەرچووە.
-ژمارە "١٩"ی لە نیسانی "١٩٦٩"دا،دەرچووە.
-ژمارە "٢٠"ی لە مایسی "١٩٦٩"دا،دەرچووە"١١".
-ژمارە "٢١"ی لە حوزەیرانی"١٩٦٩"دا،دەرچووە.
-ژمارە "٢٢"ی بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی من سەیرم کردوون،ئاماژە بەوە نەکراوە کە کەی دەرچووە.
-ژمارە "٢٣"ی لە ئەیلولی"١٩٦٩"دا،دەرچووە.
-ژمارە "٢٤"ی لە تشرینی دووەمی"١٩٦٩"دا،دەرچووە.ئە ژمارەیە دوا ژمارەی خوولی دووەم بووە.


بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو نامەکەی "وریا جاف"،کە بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری "ڕۆژنامەنووس"ی ناردووە، لەژێر ئارمی ژمارە"١٣"و"١٤"دا نووسراوە: ( لیژنەی پروپاگەندەی شۆڕشی کوردستان دەریدەکات).لە ژمارە "١٥" تاکو ژمارە "٢٤"یش لەژێر ئارمی دەنگی پێشمەرگەدا نوسراوە( لیژنەی پەخش و ئاڕاستەی شۆڕشی کوردستان دەری ئەکا)پاش ئەوەی کە شۆڕشی ئەیلول لە کۆتاییەکانی ساڵی "١٩٦٩"دا،پێدەنێتە قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی و چەکداری،دەنگی پێشمەرگەش لە دەرچوون دەوەستێت.


خوولی سێیەم.


پاش ئەوەی کە حکومەتی عێراق لە بەجێھێنانی بەڵێنەکانی پەیماننامەی"١١ی ئازار"،پاشگەز دەبێتەوە،سەرکردایەتی سیاسی کورد، بە ناچاری پەنا بۆ شۆڕشی چەکداری دەباتەوەو لە ئازاری"١٩٧٤"دا،چیاکان دەکاتەوە پشتو پەنای خۆی. جارێکی ترو لە خوولێکی تردا کە دەبێتە خوولی سێیەم،دەنگی پێشمەرگە،دەردەچێتەوە.وا دیارە لەم خوولەشدا،سەعید ناکام ڕۆڵی کارای ھەبووە،چونکە ناوبراو دەنووسێت(ژمارە بیستو پێنجی گۆڤاری دەنگی پێشمەرگەشم چاپ کردوو ژیاندەوە)"١٢".


لەم خوولە تازەیەدا،کە لە ئازاری"١٩٧٤"ەوە دەست پێدەکات و تا مانگی ڕەزبەر"ئاب"ی"١٩٧٤"،بەردەوام دەبێت، چوار ژمارەی تری لێدەردەچێت کە بەم شێوەیە بووە:


-ژمارە "٢٥"ی خوولی سێیەم،لە مارتی "١٩٧٤"دا،دەرچووە.
-ژمارە"٢٦"ی خوولی سێیەم،لە گوڵان "مایسی ١٩٧٤"دا،لەژێر ناوی(ئەمانەتی گشتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و لاوان دەریدەکات)دا،دەرچووە"١٣".
-ژمارە"٢٧"ی لە حوزەیرانی "١٩٧٤"دا،دەرچووە.
-ژمارە "٢٨"ی کە دوا ژمارە بووەو لە ڕەزبەر"ئابی ١٩٧٤"دا،دەرچووە.لەمە بەدواوە وەستاوە.


خوولی چوارەم.


ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە "دەنگی پێشمەرگە"،لە شۆڕشی نوێدا،(شۆڕشی گوڵان)،لە ماوەی پازدە ساڵی چەکداریدا،بە درێژایی شۆڕشی گوڵان،دەرناچێتەوە.پاش ڕاپەڕین و لە خوولێکی تردا"خوولی چوارەم"،دەردەچێتەوە.


یەکەم ژمارەی ئەم خوولەی لە ئەیلولی"١٩٩٧"دا،وەک (گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی)،بڵاو دەبێتەوە...ژمارەی لاپەڕەکانی ئەم خوولەی لەنێوان"١٠٠-١٢٢"لاپەڕەدا بووە.دیزاین و ھونەرێکی جوانی چاپی ھەیەو لاپەڕکانی ڕەنگاو ڕەنگە.لە ژمارەکانی ئەم دواییەیدا بۆتە (گۆڤارێکی گشتی ڕۆشنبیری سیاسی سەربازیەو لەلایەن مەکتەبی گشتی ڕێکخستنی پێشمەرگە-بەشی ڕاگەیاندن-مانگی جارێک دەردەچێت).


بە گوێرەی زانیارییەکانی"سەفەر یوسف میرخان"،کە لە ڕۆژنامەی"خەبات"دا بڵاویکردۆتەوە،لە خوولی چوارەمدا،تا ڕۆژی"١٩/٩/٢٠٠٨"،سەدو بیستوپێنج،ژمارەی لێدەرچووە.


ئەنجام.


پاش خوێندنەوەو شەن و کەو کردنی ئەو بابەت و نووسین و دیکۆمێنتانەی کەلەسەر "دەنگی پێشمەرگە"،نووسراون،بەم ئامانجانە گەیشتین،کە دەتوانین لەچەند خاڵێکدا پۆلینیان بکەین:


(١)ئەم گۆڤار(بڵاوکراوە)یە،یەکەم ژمارەی لە نیوەی دووەمی ساڵی"١٩٦٣"دا،دەرچووە.
(٢)ماوەی نێوان"١٩٦٣-١٩٦٧"،بە خوولی یەکەم و ساڵانی"١٩٦٨-١٩٦٩"یش بە خوولی دووەم دادەنرێت.
(٣)لە خوولی یەکەمدا،دوازدە ژمارەی لێدەرچووە.
(٤)لە خوولی یەکەمدا،حیلمی عەلی شەرێف و فەرەیدون عەلی ئەمین و شێرکۆ بێکەس و ھەژار موکریانی و سامی عەبدولڕەحمان و مەلای ئاوارە"١٤"،سەرپەرشتی و کاریان تێدا کردووە.
(٥)خوولی دووەم دەکەوێتە نێوان"مارتی ١٩٦٨-تشرینی دووەمی ١٩٦٩".لەم خوولەدا،سەعید ناکام،سەرپەرشتکاری بووەو توانیویەتی دوازدە ژمارەی تری لێدەربکات.ژمارە یەکی خوولی دووەمی،ژمارە "١٣"ی پێدراوە،وەک درێژەپێدەری خوولی یەکەم.لە خوولی دووەمدا،دوازدە ژمارەی تر(لە ژمارە ١٣ -٢٤ بڵاوکراوەتەوە).
(٦)خوولی سێیەم،لە ژمارە "٢٥-مارتی ١٩٧٤"ەوە دەست پێدەکات و لە ژمارە"٢٨"ڕەزبەر"ئابی ١٩٧٤"دا،کۆتایی پێدێت.لەم خوولەدا تەنھا چوار ژمارەی لێدەرچووە.دیسان سەعید ناکام ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینیوە.
(٧)لە شۆڕشی گوڵاندا"١٩٧٦-١٩٩١"،ھیچ گۆڤارو بڵاوکراوەیەک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە،بە ناوی دەنگی پێشمەرگە،بڵاونەکراوەتەوە.
(٨)خوولی چوارەم دەکەوێتە دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ.
یەکەم ژمارەی ئەم خوولەی لە ئەیلولی "١٩٩٧"دا دەرچووە.لەم خوولەدا،بە فۆڕمێکی تازە(لەڕوی دیزاین،ڕەنگ،وێنە، فۆنت،قەبارە،تیراژ،ژمارەی لاپەڕە)،چاپ و بڵاوبۆتەوە.

____________________________
پەراوێزەکان:
(١)سەفەر یوسف میرخان،دەنگی پێشمەرگە بەخشش و یادگارییەکانی شۆڕشی ئەیلول و نۆبەرەیەک لە بزاڤی ڕۆژنامەگەرییکوردیدا،ڕۆژنامەی "خەبات"،ژمارە"٢٩٧٦"،ڕۆژی١٩/٩/٢٠٠٨،لاپەڕە ١١.
(٢)نەوزاد عەلی ئەحمەد،ڕابەری ڕۆژنامەگەریی نھێنی کوردی١٩٦١-١٩٩١،سلێمانی،٢٠٠١،لاپەڕە٢٧.
(٣)د.ئازاد عوبێد سالح،کاریگەریی شۆڕشی ئەیلول لەسەر ڕۆژنامەوانیی کوردی١٩٦١-١٩٧٥،ھەولێر،٢٠٠٧، لاپەڕە ٢٦٥-٢٦٦.
(٤)مەلای ئاوارە لەژمارە"٢"ی ھاوینی٢٠٠٤،لە گۆڤاری ڕۆژنامەنووس،دەنووسێت: بەر لە١٩٦٥،بە ھاوکاری بەھەشتی مامۆستا عەبدولڕەحمان"ھەژار موکریانی"و مامۆستا شێرکۆ بێکەس،یەکەم ژمارەی دەنگی پێشمەرگەمان، بڵاوکردەوە.بڕوانە: ڕۆژنامەنووس،ژمارە"٢"،ھاوینی ٢٠٠٤،لاپەڕە ٢٣٤-٢٣٥.
(٥)شێرکۆ بێکەس،نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش،ژیاننامەو بیرەوەری،بەرگی دووەم،چاپی یەکەم،سلێمانی،٢٠١٣،لاپەڕە ١٤٩-١٥٠.
(٦)سەعید ناکام،بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام،چاپی یەکەم،ھەولێر،٢٠٠٣،لاپەڕە ١٤٣.
(٧)ھاوڕێ باخەوان،وشە پەرتەوازەکان،بەرگی یەکەم،سلێمانی،چاپخانەی سیما،٢٠٠٨،لاپەڕە٢٧.
(٨)محەمەدی مەلا قادر،سەربردە کورتەیەک لە بیرەوەرییەکان،چاپی یەکەم،ھەولێر،٢٠٠٩،لاپەڕە٧٧.
(٩)سەعید ناکام،بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام،لاپەڕە ١٤٣.
(١٠)وریا جاف،بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێز،نامە، ڕۆژنامەنووس،ژمارە"٢"،ھاوینی٢٠٠٤، لاپەڕە ٢٣٧-٢٤٠.
(١١)د.ئازاد عوبێد سالح،کاریگەریی شۆڕشی ئەیلول...،لاپەڕە٢٦٥-٢٦٦.
(١٢)سەعید ناکام،بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام،لاپەڕە١٦٣.
(١٣)وریا جاف،ڕۆژنامەنووس،ژمارە ٢.

 

ھانۆڤەر

ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک