٢٦\١٢\٢٠١٢
دەقگرتن
بە ''دەق'' دەقگرتنە
بە مەرگبوونى دەق.

بەنگینە پیرۆت نورى
ئێمە ناتوانین لە دەقێک تێبگەین ئەگەر ئەو دەقە هەڵقوڵاوى ناخى
کێشەکانى مرۆڤ نەبێت،یان لە دەرەوەى تێگەیشتنى بیر و ژیرى مرۆڤ بێت،
ئەگەر دەقێکیش چارەسەرێکى مام ناوەندیش بێت بۆ کێشەکانى رۆژانەى
مرۆڤ،ئەوە دەقێکە لە هەناوى کێشەکانەوە هەڵقوڵاوە نەک لەئاسمانەوە
دابەزى بێت.
مرۆڤ لەسەر زەوى دەژیت نەک ئاسمان،مرۆڤ جوڵەو ڕەفتارەکانى جۆرێکە لە
تێکەڵى چاکە و خەراپە،کەواتە زەوى شوێنێکە بۆ ژیانى مرۆڤ و ئاسمانیش
چەترێکە بۆ سێبەرى ژیان،نەک جێگەى ژیان.کەواتە شوێنێک ئەگەر ژیانى لێ
نەبَت چۆن دەتوانێت دەقێکى بۆ ژیان لێ بخولقێت.مرۆڤ باجى خەراپە و
پاداشتى چاکەى خۆى لەسەر زەوى وەردەگرێت،نەک لەئاسمان.بەدرێژاى مێژووش
ژیارى مرۆڤایەتى بەم شێوەیە بووە.مرۆڤ بۆ نەتوانێت دەقێک بگۆڕێت کە
قابیلى گۆڕان بێت ئایا مرۆڤ بۆ ئەوە هاتوە دەقەکان بیگۆڕن؟
ئەى مرۆڤ خۆى دەورى چیە بۆ گۆڕان؟
ئەگەر دەقى ئایینى بۆ گۆڕانى مرۆڤ هاتوە بۆ پێش لەدایک بوونى مرۆڤ دەق
بوونى نەبو؟ خۆ ئەگەر لە دەقێکیشدا باس لەگۆڕان کرابێت بۆ تا مرۆڤ خۆى
گۆرانگارى نەکات ناوترێت لەدەقەکانیش گۆڕانکارى باس کراوە!. دەقێک
ئەگەر لەدواى لەدایک بوونى مرۆڤ بۆ مرۆڤ هات بێت ودەقێکیش پێش لەدایک
بوونى مرۆڤ هەبوو بووبێت،ئایا جیاوازن یان نا؟ ئەگەر دەقى یەکەم
هەڵبژێرین،کە لەدواى لەدایک بوونى مرۆڤ بۆ مرۆڤ هاتوە ماناى وایە ئەو
دەقە قابیل بەگۆڕانە،چونکە بۆ مرۆڤ هاتوە مرۆڤیش لەجوڵە و
لەگۆڕاندایە،ئەگەر دەقى دووەمیش هەڵبژێرین کە پێش لەدایک بوونى مرۆڤ
هەبوو بووە ماناى وایە ئەو دەقە لەلایان ژیرى مرۆڤەوە قابیل بە
ڕەتکردنەوەیە چونکە پێش پەیدابوونى مرۆڤە،کەواتە بۆ مرۆڤ نەهاتوە . دەق
لەژێر کاریگەرى خودى دەق ڕەنگە بتوانێت بۆ چەندین شێوە خۆى
بنوێنێت،بەڵام ناتوانێت مرۆڤ لەخودى مرۆڤ بوونى خۆى بۆ دەق بگۆڕێت.
مرۆڤ بۆ مرۆڤ بوونى خۆى مرۆڤانە بە"بیر" بیر لە مرۆڤ و شتەکان و
دەقەکانیش دەکاتەوە،هەروەک چۆن "دەق" لەبەرامبەر مرۆڤدا،لە نێو دەقەوە
بۆ دەق بوونى دەق دەقى بە دەق بوونى خۆى گرتوە.
گریمان دەق بۆ گۆڕینى ناوەرۆکى ژیانى مرۆڤ هاتوە،ئەى ئەگەر دەق خۆى
قابیل بەگۆڕان بوو؟ لەکاتێکدا دەق خۆى لەگۆڕان بەدور بگرێت چۆن
دەتوانێت مرۆڤ بگۆڕێت!.بۆ ئەم گریمانەیەش " گۆڕان لەنێو :دەق:دا " وەکو
" گۆڕان لە :بیر:ى مرۆڤ "وەکو یەک نیە چونکە زۆر جار دەق بە گریمانەش
ناگۆڕدرێت و وەکو بیرى مرۆڤ بجوڵێت،چونکە دەق خامێکى ڕەقە لەبەردەم
گۆڕاندا.
کە باسى دەق دەکەین و دەڵێین پێویستى بەگۆڕانە،لەبەر ئەوەیە ئێمە "
ئێستا " لەجیهانێکى نوێ بەبیرێکى نوێ دەژین ئەگەر ڕابردوش لەئێستا
باشتر بوبێت،چونکە منى مرۆڤى سەدەى بیست و یەک لەهەزارەى سَیەمدا ڕەنگە
نەتوانم لەگەڵ ئەو دەقە یان نەریتە یان کلتورە خۆم بگونجێنم کە ڕابردوى
مۆرڤى هەزارەى پێش تر و جیهانى کۆن بێت.ئایا بۆ هەر منى مرۆڤ لەگەڵ
دەقى ڕابردو خۆم بگونجێم بەڵام بۆ کاریگەرى ئەو دەقە کە بۆ من ناگونجێت
تێناپەڕێت؟،یان خۆى ناگۆڕێت و خۆى ناگونجێنێت ؟ لەکاتێکدا لە جیهانى
نوێدا دەبێ دەق دەقێکى نوێ بێت و ناکرێت مرۆڤ لە جیهانێکى نوێ دا
بەدەقێکى کۆن دەق بگرێت.
ناکرێت چیتر لە ژیان و ژیارى نوێدا
بەکەرەستەى کۆن مامەڵە لەژینگەیەکى جیاوازدا بکرێت. ئایا مرۆڤى رابردو
ئەگەر ئەوانیش رابردوى خۆیان پشتگوێ نەخستبایە پێش دەکەوتن؟.جیهانى نوێ
لەدەقى ئەو مرۆڤانەوە دروست دەبێت کە بە دەقى نوێ جیهان بەرەو جیهانێکى
نوێ ئاراستە دەکەن،ئەو دەقانەى دەقیان بە ڕابردو گرتوە و خۆیان لەگۆڕان
بەدور دەگرن ،تەنیا بیرى ئەو مرۆڤانە دەیخوێنێتەوە کە بیریان وەکو دەقى
رابردو دەقى گرتوە.
ماڵپەڕی بەنگینە پیرۆت نوری
|