په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١١

دەقی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ.

نووسین و وەرگیران عومەر عینایەتی


جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ لە ١٠ی دیسەمبری ساڵی ١٩٤٨ لە کۆبوونەوەی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسند کرا.پاش بە پەسندگەیشتنی ئەم جاڕنامەیە،‌ رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ئەندامەکانی خۆی کرد کە ئەم جاڕنامەیە بە شێوەی گشتی بڵاوبکەنەوە " ھەتا لە قوتابخانە و ناوەندەکانی فێرکردن و بارھێناندا بڵاو بکرێتەوە و بخوێندرێت". لەبەر گرینگی ئەم جاڕنامەیە و ھەروەھا فەرامۆشکرانی لە لایەن دەسەڵاتە سەردەستەکانی کوردستان بە پێویستم زانی بە کوردی ئەم جاڕنامەیە بکەوێتەوە بەر چاوی خوێنەرانی کورد..

پێشەکیی

‌لەو رووەوە کە ناسینی کەرامەتی زاتیی ھەموو ئەندامانی بنەمالەی مروڤ و مافی یەکسان کە بۆ کەسێکی دیکە ناگوازرێتەوە و بنچنەی ئازادی و عەداڵەت و ئاشتی لە جیھان دادەڕێژێت، لەو سەرەوە کە دەرەنجامی نەناسین و سووککردنی مافەکانی مرۆڤ دەبێتە ھۆی توندوتیژیی نامرۆڤیی، کە رۆحی مرۆڤی تووشی سەرکەشیی کردووە و بەدیھاتنی دنیایەک کە تێیدا مرۆڤەکان بتوانن بە ئازادی بیروڕای خۆیان دەرببڕن و نەترسێن، وەک بەرزترین ئاواتەکانی مرۆڤ راگەیاندراوە. لەو رووەوە کە دەبێ لە بنەڕەتدا مافە مرۆڤییەکان دەبێ بە بەڕێوەچوونی یاسا پشتگریی بکرێن ھەتا مرۆڤ وەکو دوایین رێچارە ناچار نەبێ بە دژی ستەم و گوشار شۆڕش بکا. لەو رووەوە کە پێویستە پەرە بە پەیوەندیی دۆستانەی نێودەوڵەتیی بدرێ، لەو سەرەوە کە گەلانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جارێکی دیکە لە جاڕنامەکەدا بڕوای خۆیان بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ئاست و بایەخی تاکی مرۆڤی و یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاو دووبارە کردۆتەوە و سوورن کە یارمەتی گەشەی کۆمەڵایەتی بدەن و لە ژینگەیەکی ئازاددا بارودۆخی ژیانێکی باشتر مسۆگەر بکەن، لەو رووەوە کە دەوڵەتانی ئەندام یەکیان گرتووە کە رێزگرتنی جیھانی و وەبەرچاوگرتنی راستەقینەی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان بە ھاوکاریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین بکەن، لەو سەرەوە کە لێک تێگەیشتنی ھاوبەش سەبارەت بە ماف و ئازادییەکان بۆ بەڕێوەچوونی سەرلەبەری ئەم بەڵێنە بەتەواوی گرینگە، دانیشتنی گشتیی، ئەم جاڕنامە گەردونییەی مافی مرۆڤی بە ئاڕمانجی ھاوبەش بۆ ھەموو گەل و نەتەوەکان دەزانێ ھەتا بە گشتی و ھەموو بەشەکانی کۆمەڵگا ئەم جاڕنەمەیان لە رۆژەڤ دا ھەبێ و ھەوڵ بدەن کە بە ھۆی فێربوون و بارھاتن رێزی ئەم ماف و ئازادییانە مسۆگەر بێت و بە وەربەرچاوگرتنی رێوشوێنی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، بناسرێت و بەشێوەی راستەقینە و حاشاھەڵنەگرییان چ لە نێوان نەتەوەکانی ئەندام و چ لە نێوان گەلانی نێو سنووری وڵاتاندا بەڕێوەبچێت.
 


دەقی جارنامەی گەردونی مافی مروڤ.


لە ھیواکانی ھاوبەش تەواوی گەڵ و نەتەوەکان رادەگەیەندریت تاوکو ھەمو خەڵک و ریکخراوەکانی کومەلگا ئەم جارنامەیە لە بەر چاو بگرن و ھەوڵ بدەن بە ھاریکاری ریکخراوی وزارەتی پەروەردە ، لە بەر چاو گرتنی ئەم ماف و ئازادیانە پەرەی پی بدریت بە ریوشوینی گونجاوی نەتەوەیی وە نیونەتەوەیی، پیناسەی وەگەرخستنی گونجاو بەگشتی لە دونیادا و کاریگەری ئەمانە چ لە نیوان کومەلگەی وڵاتانی ئەندام وە چ ئەو ناوچە ئتنیکە کانی کە لە ناو سنورکانیان دان ، دابین بکریت.


، خالی - ١
ھەموو مروڤێک بە ئازادی لەدایک دەبێ و کەڕامەت و مافی یەکسانیان ھەیە ، ھەموویان خاوەنی ئەقڵ و ویژدانن و دەبی لەگەڵ یەکدا ھەڵسوکەوتی برایانەیان ھەبێ.


، خالی - ٢
ئەم ئازادی و مافانەی کە لە جاڕنامەکەدا ئاماژەیان پێکراوە ‌ھەموو مرۆڤێک بە شێوەی یەکسان و بە بێ ھیچ چەشنە جیاوازییەک دەگرێتەوە واتە نیژاد ، رەنگ ، رەگەز ، زمان ،‌ ئائین ، بیروڕای رامیاری و یان ھەر باوەریکی دیکە ی، ھەروھا رەچەڵەک،‌ بارودۆخی کومەلاتی ، سەروەت وە سامان ، لە دایک بون و ھەر شیواز یا بارودوخیکی دیکە . ھەروەھا ھیچ ھەڵاواردنێک لە سەر بنمای رامیاری ، ئیداری یان نێودەوڵەتیی وڵاتێک یان نیشتیمانێک ھەبێ کە کەس ھاوڵاتیی ئەو شوێنە بێ. جا ئەم ولاتە یان ناوچەیە سەربەخو بیت ، یان داگیرکراو یان دەسەڵاتێکی سنورداری ھەبێت.


، خالی - ٣
ھەموو کەس مافی ھەیە ژیان و ئازادی و ئاسایشیی شەخسی ھەبێ.


، خالی - ٤
ھیچ کەسیک ناتوانێ کەسێک بەکویڵە بھێلێتەوە و کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە.


، خالی - ٥
ھیچ کەسیک نابی ئەشکەنجە بکریت یان بە شێوەی زاڵمانە سزا بدرێت یان رووبەڕووی ھەڵسوکەوتی دژە مرۆڤی بێتەوە یان بچەوسێندرێتەوە.

، خالی - ٦
ھەموو کەس مافی ئەوەی ھەیە کە کەسایەتی حقوقی خوی لە ھەمو شوینیک وەکو مرۆڤ بە فەرمی بناسرێت.

، خالی - ٧
ھەمو کەسیک لە بەرامبەر یاسادا یەکسانن و مافیان ھەیە بە بی ھیچ جیاوازی و ھەلاواردنیک یاسا پشتیوانیان لێ بکا ،ھەمو مافی ھەیە لە بەرامبەر ھەر چەشنە ھەلاواردن یان جیاوازیەک کە دژ بەم جارنامەیە بیت و دژ بە ھەرچەشنە ھاندانێک کە ھەلاواردنێکی لەم شێوەیە بەدیبێنێ ، لە یاسا سود وەربگرێت.

، خالی - ٨
لە بەرامبەر ھەر کردەوەیەک کە مافە بنەڕەتییەکانی تاک پێشێل بکا – و ئەو مافانە بە ھۆی یاسای بنچینەیی یان یاسایەکی دیکە بۆ تاک ناسرا بێت، مافی ئەوەی ھەیە لە دادگای باڵای نەتەوەیی پێداچوونەوەی بۆ بکرێ.

، خالی - ٩
ھیچ کەس نابی سەرەرویانە دەستبەسەر، زیندانی یان شاربەدەر بکریت.‌
، خالی - ١٠
ھەموو کەسیک بە بێ جیاوازی مافی ئەوەی ھەیە کە سکاڵای خوی لە دادگایەکی سەربەخۆ و بی لایەن ، بە ئاشکرا کارەکانی بو بەریوە ببەن. دادگایەکی ئاوا لەبارەی ماف و ئەرکەکان یان ھەر تۆمەتێکی کە خرابێتە پاڵی ،دەبی بریاری لەسەر بدات.


، خالی - ١١
١ ) ھەر کەسیک ‌ تاوانی خرابێتەپاڵ ، ھەتا ئەوکاتە بێتاوانە کە لە دادگایەکی گشتیدا کە ھەموو گەرەنتییەک بۆ بەرگریکردنی بۆ دابین دەکرێ و تاوانباربونی بە شیوەی یاسایی پشتراست دەبێتەوە.
٢ ) ھیچ کەس بۆ ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی کردەوەیەک لە کاتی روودانی کردەوەکە ، بە پێی مافی نەتەوەیی یان نێودەوڵەتی بە تاوان دانەنراوە تاوانبار لەقەڵەم نادرێ، بەم ھۆیە ھیچ سزایەک لەوە قورستر کە لە کاتی روودانی تاوانەکە دەسەپێندرێت رووبەرووی کەس نابێتەوە.


، خالی - ١٢
ھیچ کەس نابێ لە ژیانی تایبەتی ، کارو باری کومەلایەتی ، شوینی ژیان وپیوەندیەکانیدا سەرەرۆیانە لێپرسینەوەی لێبکرێت و ھێرش بکرێتە سەر شەرەفەت و کەسایەتی و ناوو ناوبانگی ، ھەموو کەس مافی ئەوەی ھەیە کە لە بەرامبەر ئەمچەشنە لێپرسینەوە و ھێرشکردنانەدا یاسا پشتیوانی لێبکا.


، خالی - ١٣
١ ) ھەموو کەسیک مافی ئەوەی ھەیە لە ھەموو ولاتیکدا بە ئازادانە ھاتوچو بکات و شوینی ژیانی خۆی ھەڵبژێرێت.
٢ ) ھەمووکەسیک مافی ئەوەی ھەیە ھەر ولاتیک ، یەک لەوان ولاتی خوی بەجی بیڵیت یان بگەریتەوە بو ولاتی خوی.

، خالی - ١٤
١ ) ھەموو کەس مافی ئەوەی ھەیە کە لەبەرامبەر راوەدوونان، ئەشکەنجە و ئازار، پەنایەک بدۆزێتەوە و لە وڵاتانی دیکە ببێتە پەنابەر.
٢ ) ئەگەر راوەدوونان ‌ بەھۆی تاوانی گشتی و نا سیاسی ورەفتاری دژ بە بنەما و مەبەستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ ، ناتوانریت سوود لەم مافە وەربگیرێت.


، خالی - ١٥
ھەر کەس مافی تایبەتی ھاولاتی بونی ھەیە،
ھیچ کەسیک نابیت سەرە رویانە لە ھاولاتی بونی خوی، یان لە گورینی مافی ھاولاتی بون بی بەش بکریت ،

، خالی - ١٦
١ ) ھەموو ژن و پیاوێکی پێگەیشتوو مافیان ھەیە بە بی ھیچ سنورێک لە رووی نیژاد ، نەتەوە ، یان ئایینەوە پیکەوە ژیانی ھاوبەشی پیک بینن. و لە کاتی جیابوونەوەشیان ژن و میرد لە ھەموو کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە زەواج مافی ھاو یەکسانیان ھەیە .
‌٢ ) پێکەوەنانی ژیانی ھاوبەشی دەبی لە سەر رزامەندی و ئازادی تەواوی ژن و پیاو بیت .
٣ ) بنەمالە کۆڵەکەی سروشتی و بنچینەی کومەلگایە و دەبی مافی ئەوەی ھەبێ سود لە پشتیوانیی کومەلگا و دەولەت وەربگرێ.

خالی - ١٧
١ ) ھەموو کەسیک بە تەنیا، یان بە ھاوبەشیی مافی بەخاونبوون ھەیە.
٢ ) ھیچ کەس نابێ سەرەرویانە لە مافی خاوەندرایی بی بەش بکریت.

، خالی - ١٨‌
ھەموو کەسیک مافی ھەیە بە ئازادی سود لە بیرو ویژدان و ئایین وەرگریت. ئەم مافە گورینی ئازادانەی دین یان بیر و بڕوا وەخۆدەگرێت. ھەروەھا پەروەردەی ئایینی و بەریوەبردنی مەراسیمی ئایینی دەگرێتەوە. ھەموو کەسێک بەتەنیا یان بە کۆمەڵ بەشێوەی تایبەتی یان بە ھابەشی گشتی دەتوانێ ئەو مافەی ھەبێ.

، خالی - ١٩
ھەموو کەسێکمافی ھەیە بە ئازادی بیر و رای خۆی دەربڕێت. ئەم مافە ئاماژە بەوە دەکا کە ھەموو کەسێک بە بێ ترس و دڵەڕاوکێ بڕوای تایبەت بە خۆی ھەبێت و لە بەدەستھینانی زانیاریی و بیرو را و بڵاوکردنەوەیان بەئازادی دەستی بە ئامرازەکانی پێویست رابگات.


، خالی - ٢٠‌
١ ) ھەموو کەسێک مافی ئەوەی ھەیە بە ئازادیی کۆڕ و کۆمەڵ و گروپی ئاشتیخواز پێک بھێنێت.
٢ ) کەس ناتوانێ کەسێک ناچار بکا لە کۆڕ و کۆبوونەوەدا بەشداری بکا.

، خالی - ٢١
١ ) ھەموو کەسیک مافی ئەوەی ھەیە کە لە کارو باری بەریوە بەرایەتی گشتی ولاتی خۆی ، بەشیوەی راستەو خو یان لە رێگەی ھەلبژاردەنی نوینەرانێک کە ئازادانە ھەلبژێردراون بەشداری بکات.
٢ ) ھەموو کەسیک مافی ھەیە بە یەکسانیی ھەلومەرجەکان، کاروباری گشتیی وڵاتی ھەبێ.
٣ ) ئیرادەی گەڵ ،بنچینە و سەرچاوەی دەسەلاتی حکومەتە. ئەم ئیرادەیە دەبی بە شێوەی ھەلبژاردن بیتە ئاراوە کە کە بە پێی راستگۆیی و بەشیوەی دەورەئی پیک بیت.ھەلبژاردن دەبی گشتی و بە تەبایی بێت وبە دەنگی نەھینی یان ھاو‌شیوەکانی بەریوە بچیت کە ئازادی دەنگدانی تیدا مسۆگەر بووبێت.


، خالی - ٢٢
ھەموو کەسیک وەکو ئەندامی کومەلگا مافی ئاسایشی کومەلایەتی ھەیە و ریگەی پیدراوە بە پشتیوانی گشتی و ھاوکاری نیودەولەتی ، مافی ئابوری ، کومەلایەتی کولتووریی خۆی بە وەبەرچاوگرتنی پێکھاتە و سەرچاوەکانی ھەر وڵاتێک کە پیویستیی پلە و پێگەیشتنیی ئازادانەی کەسایەتیی ئەوە بەدەست بێنێ.


، خالی - ٢٣
١ ) ھەموو کەسیک مافی ‌ کار کردنی ھەیە، بە ئازادی کاری خۆی دەستنیشان بکا ، ھەلومەرجی بەدوور لە غەدر و ئەرخەیان بەخش بۆخۆی بخوازێ و لە کاتی بێکاربوونیدا پشتیوانیان لێبکرێت.
٢ ) ھەمو کەس مافی ئەوەی ھەیە کە بەبی ھیچ جیاوازیەک ، لە بەرامبەر کارکردنی یەکساندا ، موچەی یەکسان وربگرێت.
٣ ) ھەر کەسێک کە کار دەکات موچە و حەقدەستی گونجاو و ئەرخەیانبەخش وەر بگریت کە ژیانی خۆی و بنەمالەکەی لە ئاستی ئینسانیدا بەڕێوە ببات و لە کاتی پیویستدا بە یارمەتی کەرەستەکانی پشتیوانیی کۆمەڵایەتی، باشتری بکا.
٤ ) ھەموو کەس مافی ئەوەی ھەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەل کەسانی دیکەدا یەکێتی دروست بکات و بەشداری یەکێتییەکان بێت.

، خالی – ٢٤
ھەموو کەسیک مافی حەسانەوە و پشوو و سەیرانی ھەیە و ‌بە تایبەت دەبی لە سنوردار بوونی گونجاوی سەعا‌تی کار و مەرەخەسی و پشووەکان بەشێوەی دەورەیی موچەی پێبدرێ.


، خالی- ٢٥
١ ) ھەموو کەسیک مافی ئەوەی ھەیە کە ژیانیکی گونجاوی بو دابین کردنی سلامەتی و خۆشگوزەرانی و خۆی و بنەماڵەکەی ھەبێ، بە تایبەتی لە رووی خواردەمەنی ، جلو بەرگ ، خانو ، چاودیری پزیشکی و خزمەت گوزاریەکانی تایبەتی کومەلگاوە. ھەروەھا مافی ھەیە کە لە کاتی بی کاری ‌، نەخوشی ، کەم ئەندامبوون ، بیوە ( ژن یان پیاو ) ، پەکەوتە یان لە تەواوی بوارەکانی دیکەی ژیان کە بەھوکاری بەدەر لە توانای خۆی نەتوانێ بژیوی خۆی دابین بکا لە بیمەی کۆمەڵەیەتی سود وەربگرێ.
٢ ) دایکان و مندالان مافیان ھەیە کە لە یارمەتی و چاوەدێریی تایبەت سوود وەربگرن. ھەموو مندالان ، چ ئەوانەی سەمەرەی زەواج بن یان بەبی زەواج دینە دونیا ، مافیان ھەیە لە پشتیوانی کۆمەڵاتیی یەکسان سود وەر بگرن.

، خالی - ٢٦
١ ) ھھموو کەسیک مافی ھەیە لە دامو دەزگای پەروەردە سود وەر بگریت. خویندن و پەروەردە ، لانی کەم خویندنی سەرەتایی و خویندنی و سەرەتاییدەبێ خۆڕایی بێت. خویندنی سەرەتایی ئەرکی سەرەکیە، پەروەردەی تکنیکی وە پیشەیی دەبی ببیتە گشتی ، بەدەستھینانی خویندنی بالا دەبی بە یەکسانیەکی تەواو بو ھەمو کەس دابین بکریت ھەتا ھەر کەسیک بتوانیت بە پی توانای خۆی سودی لێوەر بگریت.
٢ ) ئامانجی خویندن و پەروەردە دەبی گەشەکردنی ھەمولایەنی ‌ کە سایەتی مروڤ و باشتر وەبەرچاوگرتنی مافی مروڤ و ئازادییە بنچینەییەکان بیت . خویندن و پەروەردە دەبی بو پەرەپیدانی لیک تیگەشتن و یەکتر قەبول کردن و دوستایەتی لە نیوان تەواوی نەتەوەکان وە گروپە نیژادی یان ئایینیەکان یارمەتیدەر بێت و ھەر وە ھا پەرە بدات بە چالاکییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پارستنی ئاشتی.
٣ ) باوک و دایک لە دەست نیشان کردنی چونیەتی خویندن وە پەروەردە بو مندالانی خویان لە ھەموو کەس لەپێشترن.


، خالی - ٢٧
‌١ ) ھەمووکەسیک مافی ھەیە ئازادانە لە ژیانی کولتووری وکومەلایەتی بەشی ھەبیت بەشدار بێت و لە ھونەرەکان و بە تایبەت لە پێشکەوتنی زانستی و قازانجەکانی سوود ببینێت.
٢ ) ھەموو کەسیک مافی ھەیە لە بەرژەوەندییە مەعنەوی و مادیی بەرھەمە زانستی و ئەدەبی یان ھونەرییەکانی خۆی سود وەربگرێت.


، خالی - ٢٨
ھەموو کەسیک مافی ئەوەی ھەیە خوازیاری پیکھینانی نەزمو نیزامیک لە بۆواری کۆمەڵایەتی و لە ئاستی نیو دەولەتی دا بیت کە ماف و ئازادیەکانی ناو براو لەم جارنامەیە بە تەواوی دابین و بەکردەوە جی بەجی بکات.


، خالی - ٢٩
١ ) ھەرتاکیک تەنیا لە بەرامبەر ئەو کومەلگایە ئەرکی لە ئەستو دایە کە گەشە سندنی ئازادانە و ھەمەلایەنەی بو دەستەبەربکات ،
٢ ) ھەر کەس لە بەکارھێنانی ماف وسود وەرگرتن لەو ئازادیانەی خوی کە تەنیا گوی رایەلی ئەو سنورە یاساییانەیە
کە تەنیا بۆ ناسین و وەبەرچاوگرتنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک و بۆ وەبەرچاوگرتنی ھەلومەرجی عادیلانەی ئەخلاقی و شیرازەی گشتی و خۆشگوزەرانیی ھەمووان لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا دیاری کرابن.
٣ ) ئەم ماف و ئازادیانە لە ھیچ بواریک دا نابی بە دژی ئامانج و بنەماکانی نەتەوە یەک گرتوکان بەکار بھێندرێن.


، خالی - ٣٠
ھیچکام لەم خاڵانەی جارنامەی بەر دەست نابیت وا لیک بدریتەوە کە ببێتە مافێک بۆ دەوڵەت یان گروپ یان تاکێک ھەتا بتوانێ ماف و ئازادییەکانی ئاماژەپێکراو لەم جاڕنامەیەدا پێشێل بکات یان کارێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات.
_____________________________
سەرچاوە: تۆڕی ئەنترنێت.

 

omar_enayati@hotmail.com

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک