په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٨\٢٠٢٦

دەقی (کات)ی شیللی

ئەو شاعیرەی ئاگر دڵی نەسووتان.

 

 

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: سۆران محەمەد

شیعری "کات"ی شاعیری بەناوبانگی ئینگلیزی سەدەی هەژدە پێرسی بیش شیللی پارادۆکسێکی دیار لەخۆدەگرێت، شانبەشانی جوانی و سەرنجڕاکێشییەکەی باس لە مەترسییەکانی دەریا دەکات. بەو پێیەی شیللی بە درێژایی ژیان و لەناو بەرهەمەکانیدا، بە ئاوەوە پەیوەست بوو و تەواو ئاگاداری مەترسییەکانی بوو. لە کۆتاییشدا زۆر هاوشێوەی پێشبینیکردنی گارسیا لۆرکا لە شیعرێکدا کە مردنە دڵتەزێنەکەی خۆی و بزربوونی جەستەکەی باس دەکات، هەرواش شیلی شەپۆلە تووڕەکانی دەریا ئامادەیی هەبوو لە قەسیدەکانیدا و هەر بەو جۆرەش دەریا لاپەڕەکانی ژیانی شیللی لە سەرەتای لاوییدا پێچایەوەو بەمردنێکی گوماناوی دوا قەسیدەی ژیانی خۆی نووسیەوە.


بەو پێیەی دەریا چەندین نهێنی لەخۆگرتووە و بووەتە بابەتی چەندین ئەفسانە و گێڕانەوە، بووەتە هەوێن بۆ شاعیران و نووسەران، لەم کورتە شیعرەدا شاعیر بەدواداچوون بۆ بابەتێکی گرنگی دیکە دەکات: "کات"، بە شێوەیەکی مێتافۆریک دەیبەستێتەوە بە ئاوەوە. بەم شێوەیە کات، وەک دەریا، ڕێوڕەسمی سەیر و سەمەرەی خۆی هەیە، کە نهێنی قووڵاییەکانیان بە بێ تێگەیشتن دەمێنێتەوە و زەریا ئەو نهێنییەیە کە دەسەڵاتی بەسەر هەموو بوونەوەرەکانی ناویدا هەیەو بە پێی ڕێساکانی خۆی هەمووان ڕام دەکات و هەمیشەش بە سامناك دەمێنێتەوە.


لەم قەسیدەدا زەریا کە بەڕواڵەت لە فراوانییەکەیدا بێ سنوورە، باشترین هێمایە بۆ بیرکردنەوە لە کات. بەڵام بۆ شیللی زەریا سنوورە بێکۆتایەکانی ڕۆحی مرۆڤیش نیشان دەدات. خوێنەرانی نەوەی دووەمی ڕۆمانتیکەکان ڕەنگە لێرەدا ئەم نەریتە بناسن، بۆ نموونە وەک ئەوەی دەریا شوێنی سەرەکی گەشتەکەی بایرۆنە و لای ئەو نوێنەرایەتی سەرلێشێواویی، گێژاو، یان ڕەنگە تەنانەت لەدەستدانیشی کردبێت. ئەوا جۆن کیتس لە دێڕێکی شیعرەکەیدا لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتی:


"لێرەدا شاعیر ئەو کەسەیە کە ناوی خۆی لەسەر ئاو نووسیوە"، دێڕێک کە لەگەڵ دەقێکی شیللیدا هاوبەشی ئەو ترسە دەکات دەربارەی ژیانمان کە چۆن زوو تێپەڕ دەبێت و لەبیردەکرێت، وەک شەپۆلێک کە لە کەناردا دەشکێت. بەم شێوەیە بۆ ئەم شاعیرانە ئاو هێزێکی شاردراوە و سەرسوڕهێنەر بەرجەستە دەکات، بەردەوام لاوازی مرۆییمان لەبەردەم شەپۆلە تووڕەکانی هەردوو ڕۆح و لاشەدا بیردەخاتەوە.

  
 کات.
ئەی دەریای نهێنی ئامێز! شەپۆلەکانی ساڵەها واڵایان ناکات،
ئەی ئۆقیانووسی زەمەن، قووڵاییەکان قورس بە ئێش،
سوێر بە فرمێسکی مرۆڤ!
ئەی تۆفانی بێ کەنار، لە ‌هەڵكشان و داكشان،
دەست بۆ لێوارەکانی فەنابوون دەبەی!
.
بێزار لە نێچیر، بەڵام هەر هاوارتە بۆ زیاتر،
تێكشکاوەکان دەڕشێنیەوە لە کەنارە ڕووتەڵەکان؛
ستەمکار لە بێدەنگییدا و لە زریاندا ترسناک،
کێ دەتبەزێنێ،
ئەی دەریای نهێنی ئامێز؟


پێرسی بیش شیللی کێ بوو؟


لە ٤ی ئابی ساڵی ١٧٩٢ لەدایک بووە و لە ٨ی تەمموزی ١٨٢٢ کۆچی دوایی کردووە، شاعیرێکی بەناوبانگی ڕۆمانسی ئینگلیزی بووە، بە یەکێک لە باشترین شاعیرانی لیریکی زمانی ئینگلیزی دادەنرێت. زیاتر بە کورتە شیعرەکانی وەک (ئۆزیماندیاس)، (گۆرانی بای ڕۆژئاوا) و بەرهەمە تەواونەکراوەکەی (سەرکەوتنی ژیان) ناسراوە.


ژیانی نائاسایی شیللی و گەشبینییە زۆرەکەی و سەدا بەهێزە ناکۆکەکەی؛ لەو هۆکارانە دادەنرێن کە بوونە هۆی ئەوەی کەسایەتییەکی کاریگەری پێ ببەخشێت، هەم لە ژیانیدا و هەم دوای مردنی.


نەك هەر ئەمە بەڵکو شیللی بووە ئایکۆنێک بۆ ئەو دوو نەوەی شاعیران کە بەدوایدا هاتن. لەوانەی کە لە ژێر کاریگەری ئەودا بوون، شاعیرانی سەردەمی ڤیکتۆریا لە بزووتنەوەی پێش ڕافائیل: ڕۆبەرت براونینگ، ئەلفڕێد لۆرد تێنیسۆن، دانتی گابرێل ڕۆسێتی و ئەلجێرنۆن چارڵز سوینبورن. هەروەها کاریگەری لەسەر لۆرد بایرۆن و ویلیام باتلەر ییتس و هێنری دەیڤید تۆرۆ و هەروەها شاعیرانی زمانەکانی دیکەی وەک یان کاسبرۆک، جیباناندا داس و سوبرامانیا باراتی هەبووە. کارل مارکس، هێنری ستیڤنس سالت، بێرتراند ڕوسیل و ئاپتۆن سینکلێر سەرسام بوون پێی. هەروەها بە پەیوەندی لەگەڵ جۆن کیتس و لۆرد بایرۆن ناسرا بوو.


شیللی لە ٨ی ئابی ١٨٢٢ کۆچی دوایی کرد، مانگێک پێش سی ساڵەی لەدایکبوونی. لە ڕووداوێكی تەمومژاویدا بەلەمەکەی لە کەنداوی سپێزیای ئیتاڵیا دۆزرایەوە. دوای چەند هەفتەیەک تەرمی شیللی لە کەنار دەریادا شۆردرا و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک هاوڕێی لە نێویاندا شاعیر لۆرد بایرۆن سووتێنرا. بە ڕێکەوت و بە شێوەیەک کە یەکێک لە شیعرەکانی باسی دەکات، دڵی شیللی لە کاتی سووتاندنی جەستەیدا ناسوتێت. یەکێک لە هاوڕێکانی دڵەکەی لە بڵێسەی ئاگرەکە دەربێنێت و دەیداتەوە بە هاوسەرەکەی، ماری شیللی، نووسەری کتێبی فرانکنشتاین..


شیللی بۆ خۆ دوورگرتن لە گێژاوی ڕۆژانەی سیاسەتی بەریتانیا کۆچی کرد بۆ ئیتاڵیا. لەوێ تێگەیشتنی خۆی لە هونەر و ئەدەب قووڵتر کردەوە. لەبەر ئەوەی ئەو نەیتوانی جیهان لەگەڵ دیدگاکەیدا بگونجێت، سەرنجی لەسەر بەرجەستەکردنی ئایدیاڵەکانی لە شیعرەکانیدا چڕ کردەوە.


ئامانجی ئەو، گۆڕینی نەوەکانی داهاتوو و لە ڕێگەی ئەوانەوە جیهان بوو، وەک لە "گۆرانی بای ڕۆژئاوا"دا نووسیویەتی، کە لەوێدا کۆپلەکانی وەک "خۆڵەمێش و پریشک" و "چرایەکی نەکوژاوە"ەوە زەق دەکاتەوە.
________________________________________
سەرچاوە:

١- en.wikipedia.org/wiki/Percy_Bysshe_Shelley

٢- The Complete Poems of Shelley 978-0679601111 Random House Inc - 1994

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک