په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دەربارەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی.


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
زانکۆی سولەیمانیی    


چاکسازیی لە دەزگەکانی پارت و دەوڵەتدا، لە قۆناغێکی تایبەتیی ژیانی کۆمەڵدا دەکرێ، کە هێشتا بە تەواویی، پەتای گەندەڵیی، هەموو جوومگەکانی ئەو دوو دەزگە گەورە و گرنگەی نەتەنیوەتەوە. بەڵام کاتێ گەندەڵیی وەک دەرکەوتەیەکی لێهات و هەموو بوارەکانی ژیانی نەتەوەیی، ڕامیاریی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، کەلتووریی ... کۆمەڵێکی دیارییکراوی گرتەوە، ئیدی چاکسازیی وەک چارەسەرێکی نیوەناچڵ، دادی نادا و پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی هەیە. لەبەرئەوە دەبێ، سیستەمی ڕامیاریی و دەسەڵات، لە بنچینەوە بگۆڕرێ. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە، کۆمەڵێکی خۆبەخش و لەخۆبوردە، باسکی مەردانەی لێ هەڵکەن و پێشەنگی کاروانی گۆڕانکاریی بن. پێشم وا نییە، پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی، هەڵمەتی شۆڕشگێڕانە، کاری توندوتیژیی و پاکتاوکردنی نەیارانی پڕٍۆسەکەی بوێ، بەڵکوو پێویستی بە کەشێکی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە هەیە. گرنگرترین شتیش ئەوەیە، لە ڕێی دەزگەکانی ڕاگەیاندنەوە: {بینین، بیستن و نووسین} ڕۆڵەکانی گەل هوشیارکرێنەوە، لە مەترسیی هەموو جۆرە گەندەڵیی و گەندەڵکاران ئاگادراکرێنەوە، بە هەموو شێوەیە هاندرێن، پشتگیریی ئەو پڕۆسە پیرۆزە بکەن، بەرنامەیەکی تێروتەسەلی بۆ داڕێژرێ، بە هەموو توانایەکیشەوە هەوڵبدرێ، جێبەجێبکرێ.


بە واتایەکی دیکە: کۆمەڵانی خەڵک، بە شێوەیە لە دەوری ئەوە بەرنامەیە کۆکرێنەوە، پەروەردە و ئاراستە بکرێن، کە گۆڕانگاریی بەرە و ژیانێکی پڕ ئاسوودە و باشتر، بە بەرنامەی سەرەکیی و پڕ بایەخی ژیانی خۆیان بزانن. ئەگینا گەر وا نەبێ، ئەوا تاقیکردنەوەی {یەکێتی سۆڤێت}، لە ئەو بوارەدا سەلماندوویەتی، هیچ چاکسازیی و گۆڕانکاریییەک، لە هیچ ووڵاتێکی جیهاندا، سەرکەوتوو نابێ، گەر ڕۆڵەکانی گەل، بە دڵ و بە گیان، بەشداریی تێدا نەکەن و نەیپارێزن.


ئاشکرایە، هیچ شتێکیش گیانی پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی ناکوژێ، لاساییکردنەوە و کۆپیکردنی کوێرانەی ئەزموونی ووڵاتانی دیکە نەبێ. چونکە هەموو کۆمەڵێ، باری نەتەوەیی، ڕەوشی ڕامیاریی، سیستەمی ئابووریی، نەریتی کۆمەڵایەتیی و ئاستی کەلتووریی تایبەتیی خۆی هەیە. واتە: ئەو چاکسازیی و گۆڕانکاریییەی لە ووڵاتانی خۆرهەڵاتی {ئەورووپا} کرا و سەری نەگرت، لەگەڵ ئەو چاکسازیی و گۆڕانکاریییانەی لە ووڵاتانی دیکەی وەک: {چین، ئەمێریکا، خۆرهەڵاتی نێوەند ... } دەکرێ، جیاوازیییان هەیە و پێویستە، بیریار و ڕامیارەکان، ئەوە ەباش بزانن. بەڵام لە هەموو کاتێکیشدا دەتوانن، کەڵک لە ئەزموونی ئەو دەوڵەتانە وەرگرن، لە نوچدان و سەرنەکەوتنەکانیانەوە، پەندی گرنگ وەرگرن و لێوەی فێربن، چۆن دەتوانن، لایەنی سەرکەوتنە گەش و جوانەکانیان، لەگەڵ باری ڕیالیزمی کۆمەڵەکانیاندا بگونجێنن.


لێرەدا دەبێ، ئەوەش بڵێم: پرینسیپەکانی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، بە یەکێ لە مەرجە هەرە سەرەکیییەکانی سەرکەوتنی پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی و زاڵبوون بە سەر گەندەڵییدا دەژمێررێ. چونکە لە هەر ووڵاتێکدا، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری تۆتالیتاری خوێنڕێژ هەبێ، دەستی بە سەر هەموو دەزگەکانی پارت و دەوڵەتدا گرتبێ، وەک مۆتەکەش، سواری سنگی ڕۆڵەکانی گەل بووبێ، هەناسەی سەربەستیی لێ بڕیبن، ترس و تۆقاندن بڵاوبووبێتەوە، گرتن و ڕاونان هەبێ، نانبڕین و دوورخستنەوە لە ئارادابێ، کوشتنوبڕین پێرەوکرێ، بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی ئازاد قەدەغەکرابێ، دەزگەکانی ڕاگەیاندن قۆرخکرابێ، پڕوپاگەندەی خراپ، دژی پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی و هەڵسوڕێنەرانی بکرێ، ڕێی چەوت و ناشاییستە، بۆ شکاندن و لەکەدارکردنی سەران و بیریارانی بزووتنەوەکە وەبەرگیرێ، بە هەموو شێوەیە بیانەوێ، ڕۆڵەکانی گەل چەواشەبکەن، یا بە پارە و پلەوپایە، دەمیان چەورکەن و ویژدانیان بکڕن، ئەوا پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی، ڕووبەڕووی دوژمنێکی سەرسەخت دەبنەوە، گەر گۆڕ بۆ پڕۆسەکەش هەڵ نەکەنن، لە پەلوپۆی دەخەن و زۆریش دوایدەخەن!


هەر هێندەش بەس نییە، پرینسیپەکانی دێمۆکراسیی، لە ووڵاتێکی دیارییکراودا هەبێ، ئیدی پڕۆسەی چاکسازیی یا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی سەربگرێ، بەڵکوو لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە، ڕوونیی هەبێ. واتە دەبێ، هەنگاوبەهەنگاو، ڕۆڵەکانی گەل، لە هەموو جۆرە گەندەڵیی و خراپەکاریییەک ئاگادارکرێنەوە، لە ڕووی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییەوە هوشیارکرێنەوە، تا وەک هێزێکی گەورەی کاریگەر، لە بزووتنەوەی چاکسازیی و گۆڕانکارییدا، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێ، بەر بە هەموو جۆرە پیلان و نەخشەیەکی گڵاوی کۆنپارێزان بگرن، وەک لافاوێکی توڕە، هەموو کەند و کۆسپەکانی سەر ڕێی بزووتنەوەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی ڕاماڵن. ئەگینا گەر وا نەبێ، ئەو پڕۆسە گەورەیە، بە چەن ڕامیار و ڕووناکبیرێکی دەم گەرم، بەڕێوە ناچێ و سەرناکەوێ.


بۆیە پێویستە، بە هەموو توانایەکەوە هەوڵبدرێ، پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی، بکرێ بە پڕۆسەیەکی جەماوەریی گەورە، وەک چۆن ئاوی ڕوون و سازگاری کانیی، لە دامێنی چیا سەرکەشەکانەوە هەڵدەقوڵێ، هەر بە ئەو جۆرەش، بزووتنەوەکە لە نێو جەرگەی گەلەوە هەڵقوڵێ، دەسکەوت و قازانجەکانیشی، هەر بۆ ڕۆڵەکانی گەل بێ. ئای چەن کارێکی گرنگ و پڕ بایەخ بوو، کاتێ {میخایل سێرگێیڤ گەربەچیۆڤ}، هەر دوو چەمکی {پێریسترۆیکا} و {گلاسنۆست}ی، بە شێوەیەکی توندوتۆڵ، پێکەوە گرێدابوو، چونکە گۆڕانکاریی بێ ڕوونیی و لەقاودان، نە دەکرێ و نە سەرکەوتووشدەبێ. بەڵام چونکە قەبارەی گەندەڵیی و کاولکاریییەکە، لە قەبارەی هەوڵ و تواناکان زۆر گەورەتربوو، خراپەکاریی تەمەنێکی درێژی هەبوو و هەمووشی بە سەر یەکدیدا ترشابوو، کاتەکەش درەنگ بوو، بەرنامە داڕێژراوەکەی {گەربەچیۆڤ} نەیتوانی، سەرکەوتن بەدەسبێنێ، بەر بە هەرەس و داڕمانی ئیمپراتۆریا گەورە تەمەن هەشتا ساڵەکەی دەوڵەتی {جووتیار} و {کرێکار} بگرێ!


نابێ، ئەوەشمان لە بیرچێ، هەموو پڕۆسەیەکی نوێ لە جیهاندا، بە دوو شێوە کاردەکا: کەندوکۆسپەکانی گەندەڵیی دەڕوخێنێ، لە جێی ئەوانەش، کۆشک و تەلاری نوێی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیی دادەمەزرێنێ. لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە، کۆمەڵێ دوژمنی سەرسەختی لە بەردەمدا قووتدەبێتەوە و زۆر بە توندیی، دژایەتیی ئەو بزووتنەوە نوێیە دەکەن. چونکە دوژمنانی پڕۆسەکە باش دەزانن، لە چەکی دەسەڵات ڕووتدەکرێنەوە، باری ژیانیان لێ تێکدەچێ، خایە و مایەی چەن ساڵەیان لە کیسدەچێ. بۆیە تا دەتوانن، بە هەموو جۆرە چەکێ، دژایەتیی پڕۆسەکە دەکەن و هەوڵدەدەن، هەر زوو یەکلاییکەنەوە و جارێکی دیکە، ڕەوڕەوەی مێژوو، بەرەو بەرژەوەندیییەکانی خۆیان بگێرَنەوە.


لە نێو کۆمەڵی کوردەوارییشدا، هەموو ئەو ڕێکخراو و پارتانەی، چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە بەرژەوەندیییاندا نییە، ناپەکەکانی کورد وەک: کۆنە بەعسیی، سیخوڕ، جاش و ڕاوێژکارەکانی ڕژێمی پێشووی گۆڕبەگۆڕ، قاچاغچیی و بازرگانە دەوڵەمەندەکان، سەرمایەدارە تازە پێگەیشتووەکانیش، زۆر بە توندیی، دژی بزووتنەوەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەوەستنەوە. چونکە مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندیییەکانیان هەیە و دینگە سەرەکیییەکانی دەسەڵاتیان دەلەقێنێ. ئەوە جگە لە فەرمانڕەوایانی هەر چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی {کوردستان}یش، هەرگیز نایانەوێ، کۆمەڵێکی یەکسان و پێشکەوتوو، لە {باشووری کوردستان} دامەزرێ، بەڵکوو هەمیشە هەوڵدەدەن، بارەکە بەرەو خراپتر بڕوا و ئەزموونەکەش هەرەسبینێ.


ئەز پێم وایە، گەر لە دوای ڕاپەڕینەوە، سەرکردایەتی هەر دوو زلهێزی باڵادەسی {کوردستان:پارتیی و یەکێتیی}، بە پەرۆشبوونایە و بە کوڵودڵەوە هەوڵیانبدایە، چاکسازیییان لە ڕیزی ڕێکخراو و پارتەکانی خۆیاندا بکردایە، باسکی مەردانەیان لێ هەڵماڵیایە، پارتەکەیان بە شێوەیەکی هاوچەرخانە و ڕێکوپێک نوێکردایەتەوە، ڕێیان نەدایە، کەسانی گێرەشێوێن و ئاژاوەچیی، هەلپەرست و گومانلێکراو، ناپاک و فایلدار، جێی خۆیان لە ڕیزەکانیاندا بکەنەوە، نەیانهێشتایە، ڕۆژبەڕۆژ، پەتای گەندەڵیی وەک {تاعون}، لە نێو جەستەی پارتەکانیاندا بڵاوبێتەوە، ئەوا ئێستە، تووشی ئەم پاشاکەردانیی نەتەوەیی، گەندەڵیی ڕامیاریی و کارگێڕیییە نەدەبووین، ئەو پەتا کوشندەیەش بۆ نێو دەزگەکانی فەرمانڕەوایی میریی هەرێم نەدەگوازرایەوە، هێندێ چاکسازییمان دەکرد و پێویستیشمان بە گۆڕانکاریی نەدەبوو. چونکە هەموو ئەو پەتا و گەندەڵیییەی، لە ڕیزەکانی گەل و لە نێو دەزگەکانی میریی هەرێمدا هەن، هەر لە ڕێی پارتەکان خۆیانەوە هاتوون و بڵاوبوونەتەوە، هەر ئەوانیش، بە تاوانبار و بەرپرسی یەکەم دادەنرێن. بەڵام چونکە ئێستە، کار لە کار ترازاوە، بۆ ئەوەی میرییەکی تەندروست و پێشکەوتوو، کۆمەڵێکی دڵسۆز و هوشیار، چەن ڕێکخراو و پارتێکی هاوچەرخ و خاوێن دامەزرێنرێ، کۆمەڵی کوردەواریی و دەزگەکانی دەسەڵاتی میریی هەرێم، پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی هەیە و دەبێ، سیستەمێکی ڕامیاریی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و کەلتووریی نوێ و کاریگەر، جێی ئەم سیستەمە کۆنە دواکەوتووە بگرێتەوە، هەموو جۆرە گەندەڵیییەک گۆڕکرێ. ئاخر پڕۆسەی چاکسازیی یا گۆڕانکاریی، لە نێو ڕێکخراو و پارتەکانی {کوردستان}دا چۆن دەکرێ، گەر ئەو دەزگە دێمۆکراسیی و ڕامیاریییانە، بە دەست سەرکردایەتییەکی هەلپەرست و مشەخۆرەوە بن؟! کەواتە دەبێ، گۆڕانکاریی لە دەسەڵاتی ڕامیاریی و دەزگەکانی دەوڵەتدا بکرێ، چونکە لە نێو هەموو کۆمەڵێکی دواکەوتوودا، گەر دەست بە سەر دەسەڵاتدا نەگیرێ، ئەوا پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی، وەک ئەندێشەی هۆنەرانی لێدێ و بە چاوی خۆی ڕووناکایی نابینێ! ئەوە جگە لە ئەوەی، ئامانجی سەرەکیی هەموو شۆڕشێکی نەتەوەیی، ڕامیاریی و کۆمەڵایەتیش، هەر دەسەڵاتە و بێ دەسەڵاتیش، هیچ شتێ ناکرێ!


لە سەردەمی ئەوڕۆشماندا، پتر ئەوە سەلماوە، باوی کۆدەتای سەربازیی و بەکارهێنانی هێًز نەماوە. هەروەها نابێ، باخی پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی، بە خوێنی جەماوەر ئاودرێ و هێندەی دیکە، ڕیزەکانی گەلی کورد، لە یەکدی بترازێنرێ. جا گەر پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی، بە توندوتیژیی شۆڕشگێڕانەوە ببەسرێتەوە، ووڵاتەکەمان لێ بکەن بە گۆمی خوێن، ئەوا ئەو چاکسازیی و گۆڕانکاریییە، لە ئەم قۆناغە ناسکەدا، هەر نەکرێ و نەبێ، گەلێ باشترە. چونکە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و پاراستنی ئەم ئەزموونە، لە سەروو هەموو شتێکی دیکەوە دێ. بۆیە زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: ئەز لە نێوان پڕۆسەی چاکسازیی و گەندەڵییدا، پڕۆسەی چاکسازیی هەڵدەبژێرم، لە نێوان پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکارییشدا، گۆڕانکاریی هەڵدەبژێرم. بەڵام لە نێوان پاراستنی ئەم ئەزموونە، ئاساییشی نەتەوەیی، دەسکەوتەکانی گەلەکەمان و گۆڕانکارییدا، پڕۆسەی گۆڕانکاریی ڕەتدەکەمەوە و زۆر بە توندیی، باوەش بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، ئاساییشی نەتەوەیی و دەسکەوتەکانی گەلەکەمان دەکەمەوە. چونکە گەر ئەزموونەکە تێداچوو، گۆڕانکاریی لە بەردەم هەرەسی ئەزموونەکەدا، دۆشدادەمێنێ و هیچی پێ ناکرێ. بەڵام گەر ئەزموونەکە بمێنێ، ڕۆژێ لە ڕۆژان، هەر چاکدەبێ و گۆڕانکاریی کەورە و بنەڕەتییش، لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵدا ڕوودەدا. بۆیە هەرگیز گوتە جوانەکەی پڕۆفیسۆر {سمایل بێشکچیی}م بیر ناچێ، کاتێ گوتوویەتی:{خراپترین شێوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆیی کوردیی، لە چاکترین بەڕێوەبەرایەتی ئیمپریالیزم و ڕەگەزپەرستان و فاشستەکان چاکترە.} لەبەرئەوە دەبێ، ئاشتیی گشتیی بپارێزرێ، گۆمی پڕ لە ئاساییشی نەتەوەیی نەشڵەقێنرێ، تەبایی و برایەتیی ڕیزەکانی کورد و کورد بەهێزترکرێ، هەرگیز بیر لە تووڕەبوون، تۆڵەسەندنەوە، توندوتیژیی و کەفوکوڵی شۆڕشگێڕانە نەکرێتەوە، بەڵکوو زمانی دیالۆگ و پرینسیپەکانی دێمۆکراسیی، دروشمی سەرەکیی و بەرنامەی کار بێ.


لەبەرئەوە دەبێ، بە هەموو لایەکمان هەوڵبدەین، کەشێکی دێمۆکراسیی بئافرێنین، بە زمانی سەردەم و بە دیالۆگی رامیاریی، لەگەڵ یەکدی بدوێین، چارەسەری گونجاو، بۆ گرفتە گرنگ و کێشە سەرەکیییەکانی کۆمەڵەکەمان بدۆزینەوە.


ئەوڕۆ لە {باشووری کوردستان}، خەریکە پرینسیپەکانی دێمۆکراسیی ڕاستەقینە، وردەوردە گەشەدەکا، گەر کۆنەپەرستان لە پێناوی بەرژەوەنیییە تایبەتیییەکانی خۆیاندا، ڕێ لە ئەو گەشەکردنە نەگرن، چونکە ئێستە { کوردستان} بە کردەوە، کۆمەڵێکی فرەپارتی ڕامیاریی و بۆچوونی جیاوازە. تا ئەندازەیەکی باشیش، کێبڕکێیەکی دێمۆکراسیی، لە نێوان ئەو لایەنانەدا هەیە، ئازادیی ڕادەربڕین و بزووتنەوەی ڕۆژنامەنووسیی، ڕۆژبەڕۆژ، بەرەو ئاسۆیەکی ڕووناکتر و باشتر هەنگاودەنێ، هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی، ئەنجوومەنی پارێزگە، پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی هەرێم، گەر درەنگ درەنگ و بە نیوەناچڵیش بکرێ، گەر فڕوفێڵیشی تێدا بێ، ئەوا هەر بە چەن ساڵ جارێ دەکرێ. کەواتە ڕامیار، بیریار و گۆڕانکاران دەتوانن، بە شێوەیەکی هێمنانە و بە زمانی دیالۆگ، پڕۆژە و بەرنامەکانی خۆیان، بە ڕۆڵەکانی گەل و لایەنەکان بگەیەنن، هەوڵی چەسپاندن و جێبەجێکردنیان بدەن، کەڵک لە ئەو کەشە دێمۆکراسیی و ئازادیی ڕادەربڕینە وەرگرن، کە ئەوڕۆ لە {باشووری کوردستان}دا هەیە.


ئەز پێم وایە، هیچ جۆرە سیستەمێکی ڕامیاریی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، تا سەر سەرکەوتوونابێ، گەر بە شێوەیەکی بەردەوام، کەموکووڕیی و هەڵەکانی دەسنیشان نەکرێ، چارەسەری گونجاویان بۆ نەدۆزرێتەوە و ڕاژە نەکرێن، چونکە ژیان بە شێوەیەکی بەردەوام، لە گۆڕان دایە، سستیی و مەیین قەبووڵ ناکا. بۆیە گەر لەگەڵ ئەو پڕۆسە گرنگەی ژیاندا هەنگاونەنرێ، دەسەڵاتدار و سەرکردەی ڕیکخراو و پارتەکان، زۆر بە باشیی لە نێوەڕۆکی فەلسەفەی ژیان، پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی تێ نەگەن، هەرگیز پێش ناکەون و سەرناکەون، گەر هەنگاوێکیش بۆ پێشەوە بنێن، ئەوا دوو هەنگاو بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە!


بۆ نموونە: ئەوەتەی بلۆکی سۆسیالیست نەماوە و دەوڵەتەکانیان هەڵوەشاونەتەوە، زلهێزێکی وەک {ئەمێریکا}، کە لە هەموو ڕووەیەکەوە، بە پێشکەوتووترین دەوڵەتی جیهان دادەنرێ، بە تاک و تەنیا، لە گۆڕەپانەکەدا تەراتێندەکا و ئەسپی بەرژەوەندیییەکانی خۆی تاودەدا. بۆیە پێیان وابوو، ئەو سیستەمە سەرمایەداریییە گەشەکردووەی پێڕەویدەکەن، هەرگیز تووشی نوشووستی نابێ، کەچیی دەبینین، دروشمی هەڵبژاردنەکانی {ئۆباما}، بە گۆڕان دەسیپێکرد، ئەمە بۆچی وایە؟! چونکە لە نێوان ساڵانی {2008 2009}دا، سیستەمی ئابووریی {ئەمێریکا}، تووشی چەڵەمەیەکی گەورەی دارایی بوو، هەر لە ئەوێشەوە، بۆ هەموو دەوڵەتەکانی {ئەورووپا} و هێندێ لە دەوڵەتەکانی دیکەی کیشوەری {ئاسیا}ش پەڕییەوە و تا ئێستەش، بە تەواویی بۆیان چارەسەر نەکراوە. جا گەر ئەوە ڕەوشی بەهێزترین دەوڵەتی ئەم سەر گۆی زەوییە بێ، ئەدی دەبێ، باری نەتەوەیی، ڕامیاریی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکی لەتوپەتکراوی خاک دابەشکراوی بێ مافی وەک کورد چۆن بێ؟! تا چەن پێویستی بە هەر دوو پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی هەبێ؟!


کورت و کرمانجیی دەڵێم: نەک هەر {باشووری کوردستان}، پێویستی بە پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی هەیە، بەڵکوو سەرانسەری دەوڵەتەکانی نێوچەکە بە تایبەتیی و جیهانیش بە گشتیی، پێویستیان بە ئەو دوو پڕۆسە گرنگە هەیە، چونکە بێ ئەو دوو پڕۆسە گرنگە، نە کۆمەڵ پێشدەکەوێ، نە بناغە سەرەکیییەکانی دادپەروەریی، دادی کۆمەڵایەتیی و فەرمانڕەوایی ڕاستەقینەش دەچەسپێن.


لە ڕاستییدا، ئەم پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکارییەش، پڕۆسەیەکی زۆر گرنگ و درێژخایەنە، لەبەرئەوە، بە پەلەپڕوزێ و بە چەن ڕۆژێ، جێبەجێ ناکرێ، بەڵکوو پیِویستی بە کات هەیە، هەناسەی قووڵ و ئارامگرتنی دەوێ، چونکە گەندەڵیی، هەموو دەزگە و جومگەکانی پارت و دەوڵەتەکەی گرتووەتەوە. بۆیە پێم وایە و دەبێ، هەر دوو پڕۆسەکە، پێکەوە بکرێن، لە ئەو جێیانەی هێشتا گەندەڵیی بنکۆڵی نەکردووە و وزەیەکی تێدا ماوە، دەتوانرێ، بەرەو پێشەوە ببرێ و کەموکوڕیییەکان پڕکرێنەوە، چاکسازیی تێدا بکرێ. بەڵام لە ئەو جێیانەی پڕۆسەی چاکسازیی دادی نادا، پێویستە، پەنا بۆ پڕۆسەی گۆڕانکاریی ببرێ. ئەمەش بە ئەرکێکی مێژوویی سەر شانی هەموو لایەن و پارتە ڕامیاریی و دەزگەکانی کۆمەڵی سیڤیلی {کوردستان} دادەنرێ.


گۆڕانکاریی ڕاستەقینەش، بە تەنیا لایەنێ ناکرێ، بەڵکوو بە جەماوەری گەل و هەموو لایەنەکان دەکرێ، تا کۆمەڵێکی هاوسەنگ و هۆمۆجین، گەشەکردوو و پێشکەوتوو دامەزرێنرێ، لە دەست پەتای گەندەڵیی ڕزگارمانبێ! لەبەرئەوە، گۆرانکاریی پێویستی بە هەوڵ، توانا و وزەی هەموو تاکێکی دڵسۆز و لایەنێکی نیشتمانپەروەر هەیە. وەک چۆن {کوردستان} بە تەنیا، بە هیچ لایەنێ ڕزگار ناکرێ، هەروەها پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی بنەڕەتییش، بە تەنیا باڵ، نە بە هیچ لایەنێ دەکرێ و نە سەریشدەگرێ. بۆیە دەبێ، جگە لە ڕۆڵەکانی گەل و ڕێکخراوەکان، هەموو پارتە ڕامیاریی، ڕێکخراوە دێمۆکراسیی، دەزگەکانی دەوڵەت و پەرلەمانیش، لە ئەم پڕۆسە گرنگ و درێژخایەنەدا بەشداربن، تا بە هەموو لایە بتوانن: لە لایەکەوە هەموو جۆرەکانی گەندەڵیی لەنێوبەرن. لە لایەکی دیکەشەوە، هەم دەوڵەتێکی فیدراڵیی ڕێکوپێک و هاوچەرخ، لە {باشووری کوردستان} دامەزرێنن. هەم یاسا سەروەربێ، دادی کۆمەڵایەتیی جێبەجێکرێ، ڕۆڵەکانی گەلیش، بە ئازادیی و یەکسانیی بژین.


هەرچەندە ئەم ووڵاتە، گەلێ پیاوی زیرەک و دڵسۆزی تێدا هەیە، بەڵام پیاوی گێل و بوودەڵەشی کەم نییە! ئەوڕۆ ڕۆڵەکانی گەل مافی خۆیانە، گەر زۆر بە پەرۆشبن، بۆ دواڕۆژی ئەم خەڵک و خاکە نیگەرانبن. بۆیە دەبێ، نەک هەر ئەزموونەکەمان بە توندیی، لە ئامیزبگرن و لە هەموو جۆرە مەترسییەک بیپارێزن، بەڵکوو دەبێ، بیبوژێننەوە، پێشیخەن، لە گەندەڵیی و کاری چەپەڵیی خاوێنیکەنەوە. ئێستەش هێشتا درەنگ نەبووە، گەر نیشتمانپەروەرە دڵسۆزەکانی کورد، چاکی چالاکیی بەلادابکەن و دژی پەتای گەندەڵیی بجوڵێن و خەباتبکەن. چونکە کاروانی نەتەوەپەروەر و دڵسۆزەکانی نیشتمان، هەر کاتێ ڕوو لە خۆری ڕووناکیی پڕۆسەی چاکسازیی و گۆڕانکاریی بکەن، زووبێ یا درەنگ، هەر بە خۆر دەگەن!