٧\١١\٢٠١٥
دەربارەی
''حەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست''.
-
گفتوگۆ لەگەڵ
عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)
-
٨\١٠\٢٠١١
-
ڤانکۆڤەر - کەنەدا
"حەڵقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست" یەکێک بوو لەو حەڵقە کۆمۆنیستییانەی نیوەی دووەمی
ھەشتان، کە وەک ھەر کۆڕ و کۆمەڵ و سازمانێکی دیکەی کۆمۆنیستی ئەو دەمە
بە نھێنی کاری دەکرد و ھەر وەکوو بە ناوەکەشیدا دیارە، ئەدیبانێکی
کۆمۆنیست پێکیان ھێنابوو، تاوەکوو لە دیدی کۆمۆنیزمەوە، لە بواری ئەدەب
و وێژەدا کار بکەن و کاریگەری خۆیان بە ھاوشانی مەیدانی خەباتی سیاسیی
کۆمۆنیستی دابنێن.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی ئەو حەڵقەیە و ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی دیکە
لە خەباتی چەپ و کۆمۆنیزم لە کوردستانی عێراق لە دەیەی حەفتان و
ھەشتاکان، پێمان باشە ساتێک بچینە دیدەنی "عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)"،
یەکێک لە ڕابەران و دەمەزرێنەرانی ئەو حەڵقەیە و دیمانەیەکی لەو
بارەیەوە لەگەڵدا ساز بکەین.
پرسیار: سەرەتا بپرسین، "حەڵقەی ئەدیبان"
کەی دامەزرا؟ دامەزرێنەرانی کێ بوون؟ بیرۆکەی ھەنگاوێکی لەو جۆرە چۆن
سەری ھەڵدا؟ ئایا پێشتر ئەزموونێکی واتان لە شوێنان بەرگوێ کەوتبوو،
واتە کۆڕ و کۆمەڵێکی ئەدەبی نھێنی ژێرزەمینی؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): لە ھەشتاکانی
سەدەی ڕابردوودا سەرەڕای سەرکوت و زەبروزەنگی بێپەردەی ڕژێمی بەعسی
ڕاکشاو لەزەلکاوی مێژوو برەو بە ئەدەبێک دەردرا کەلەگەڵ ویست و
بەرژەوەندی ئەو ڕژێمە دەھاتەوە. لەکاتێکدا عێراق لەجەنگی
کۆنەپەرستانەیدا لەگەڵ ئێران ھەموو توانا ماددی ومرۆیی و
فەرھەنگییەکانی خستبووە گەڕ و ئەدەبێک لە عێراق بڵاو دەکرایەوە تەنھا
ئەرکی جوان نیشاندانی بیچمی ناشرینی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بوو، کە
پێیدەگووترا ئەدەبی جەنگ. لەملاشەوە بزووتنەوەی کوردایەتی بەھەموو سیما
و شێوە جیاجیاکانییەوە(لەوپەڕی باڵی ڕاستەوە تا دەگاتە ئەو حیزبانەی
خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانی) خەریکی برەودان بوون بەئەدەبێک کەناوی
ئەدەبی شۆڕشگێڕانەیان لێنابوو و ئەرکی ئەو ئەدەبەش فریودان و
بەسووتەمەنی کردنی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بوو بۆ بەرژەوەندییە
حیزبییە تایبەتییەکانیان. لەم نێوانەدا ھەستمان بەبوونی بۆشاییەکی
گەورە دەکرد لە لەمەیدان نەبوونی ئەدەبی بەڕاستی شۆڕشگێڕانە و
پشتبەستوو بە بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران.دوای ھەستکردن بە بوونی
بۆشاییەکی فراوان لەبواری پەرەپێدانی ئەدەب و ھونەری کرێکاری و ھەروەھا
دوای چەندین گفتوگۆ و وتووێژ لەسەر بایەخ و گرنگی پڕکردنەوەی ئەو
بۆشاییە، ئەوە بوو لەنیوەی دووەمی دەیەی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو
بڕیاری پێکھێنان و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی ئەدەبی و ھونەریمان دا و "حەلقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست" مان لەساڵی ١٩٨٧ لە شاری ھەولێر دامەزراند.
دامەزرێنەرانی حەلقەکەش بریتیبوون لە بەڕێزان نەوزاد ئەحمەد
ئەسوەد(ھۆشەنگ) و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و جەمال کۆشش. بیرۆکەی
دروستبوونی حەلقەکە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەک بەر لە دروستبوونی حەلقەکە
بەتایبەتی لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٥ەوە من و جەمال کۆشش بەردەوام و
بێپچڕانەوە قسە و باسمان لەسەر ئەدەبی شۆڕشگێڕانە و ئەدەبی کرێکاری و
ئەدەبی بورژوازی و ماھییەتی ئەدەبی بورژوازی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب و
گەشەکردنی ئەدەبیاتی کرێکاری و سەنگەربەندی چینایەتی ئەدەب و ئەدیبی
مولتەزیم و کانوونی ھونەر و ئەدەبی کرێکاری کوردستان و تاد دەکرد. کاک
ھۆشەنگیش ھەر بەھەمان شێوە ئەویش ھەم وەک ئەدیبێک و نزیک لە بزووتنەوەی
چەپ قسەوباسمان ھەبوو . ئەوە بوو لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٨٧ بە سێقۆڵی
کەوتینە قسەباس لەسەر پێکھێنانی ئەو حەلقەیە و ئامادەکردنی
پێداویستییەکانی. ئێمە ھیچ ئەزموونێکی لەوەوپێشترمان لەو بارەوە نەبوو
و نەبینیبوو، بۆیە دەتوانم بڵێم پێکھێنانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست
یەکەمین ھەنگاوی جیددی ئێمە بوو بۆ ڕێکخستن و ڕابەریکردنی ئەدیبانی
ناڕازی و ھەروەھا گەشەپێدانی ئەدەبی کرێکاری و ئەدەبی حیزبی. لەمانگی
حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٧ بەبەیاننامەیەک حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیستمان
ڕاگەیاند. پێشتریش بڕیارمان دابوو گۆڤارێک یان ئۆرگانێک دەربکەین. ئەوە
بوو ناوی گۆڤارەکەمان نا (ڕابەر) و ئەم ناوەش پێشنیاری من بوو بەوەی کە
ڕابەر وشەیەکە ھیچ مەدلولێکی غەیرە کریکاری لەخۆ ناگرێت و بگرە زۆر
نزیکە لەو ئامانجەی کە بۆی تێدەکۆشین و ھاوڕێیانیش پەسندیان کرد. من
لەو ساتەوە بڕیارمدا ئیتر لەژێر ناوی مەشخەڵ کار بکەم و بەرھەمەکانم
بڵاو بکەمەوە. ئەوە بوو ژمارە یەکی گۆڤاری ڕابەر لەمانگی تەمموزی ساڵی
١٩٨٧ بڵاو بۆوە.
پرسیار: ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئەو
حەڵقەیە بەتەواوی لەژێر بیر و بۆچوونەکانی "ڕەوتی کۆمۆنیست"دا بوو،
وەیان بەشێک بوو لەوان. ئایا پێکھێنانی ئەو حەڵقەیە بە پرس و ڕا و بە
تەگبیری ئەوان بوو، یان ئەوەتا دەسپێشکەری چەند نووسەر و ئەدیبێک بوو؟
جێی خۆیەتی لێرەشدا بپرسین: ئایا بنیاتنەرانی ئەم حەڵقەیە ھەر ھەموویان
سەر بە ڕەوت بوون، یان نەخێر کەسانێکی دیکەشی تێدا بوو، کە وا نەبوون؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): دامەزرێنەرانی
حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست جگە لە بەڕێز جەمال کۆشش کەسیتر سەر بە
ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست نەبوو. من وەک دوایی کە بوومە ئەندامی
ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست و بۆم دەرکەوت کە بەڵی ڕێکخراوی ڕەوتی
کۆمۆنیست لەڕێگەی جەمال کۆششەوە بەتەواوی لەناو حەلقەکەدا چالاک بوو.
چونکە کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ) تەنھا کەسێکی ڕادیکاڵ وچەپ بوو
و لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی چەپدا بوو. منیش بەھەمان شێوەی کاک نەوزاد
ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ) کەسێکی ڕادیکال و چەپ بووم و دواتر لەڕێگەی
کاریگەری کاک جەمال کۆششەوە کەوتمە ژێر کاریگەری ڕێکخراوی ڕەوتی
کۆمۆنیست. بۆیە ئەگەر دروست وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە ئەتوانم بڵێم
بەڵی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست یەکێک بوو لەدەست پێشکەرییەکانی
ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست. بەڵام تەنھا جەمال کۆشش ئەندامی ڕێکخراوی
ڕەوتی کۆمۆنیست بوو. حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست کە دروست بوو ئەتوانم
بڵێم ئەندامێکی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست و دوو ئەندامی دەرەوەی ئەو
ڕێکخراوە پێکیان ھێنا. سەرەتا حەلقەکە لەژێر ھەژموونی ڕێکخراوی ڕەوتی
کۆمۆنیستدا نەبوو و بەڵام کاریگەری کاک جەمال کۆشش بەسەر حەلقەکەوە وای
کرد وردە وردە حەلقەکە بکەوێتە ژێژ ھەژموونی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە و ھەر
واش بوو. کاک ھۆشەنگ ئامادە نەبوو ئەو ھەژموونە قەبووڵ بکات و وازی
ھێنا و منیش بەشەوقەوە ئەو ڕێکخراوە و سیاسەتەکانیم قەبووڵ کرد و
دواجار خودی ململانێی نێوانمان بەبەرژەوەندی ڕەوتی کۆمۆنیست شکایەوە و
وەک لەیادم بێت حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست لەژمارە پێنج وابەستەیی خۆی
بۆ ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست ڕاگەیاند وبەوەش ھیچ گومانێکی لای
بزووتنەوەی چەپ نەھێشتەوە کە پێشتر پەنچەی ڕەوت بوونیان بۆ درێژ
دەکردین.
پرسیار: "حەڵقەی ئەدیبان" گۆڤارێکی
دەرئەکرد، ئەو گۆڤارە ناوی چی بوو؟ چەند ژمارەی لێ دەرچوو؟ ئایا
بەشێوەیەکی دەوری دەرئەچوو؟ سەرنووسەر و دەستەی نووسەرانی ھەبوو؟ ئایا
وەک زۆربەی نووسراوەکانی ئەو دەمەی چەپ بە شێوەی دەسنووس بڵاو
دەکرایەوە؟ تیراژەکەی چەند بوو؟ ھیچ نموونەیەکی لێ ماوەتەوە؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): وەک لەوەڵامی
پرسیاری یەکەمدا گووتم بڕیارماندا گۆڤارێک دەربکەین و ئەو گۆڤارەشمان
ناو نا (ڕابەر). لە ماوەی ژیانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیستدا دوانزە
ژمارە لەگۆڤاری ڕابەر بڵاو کرایەوە. لەسەر بەرگی ژمارە یەکی گۆڤاری
ڕابەر نووسراوە ئۆرگانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و لەژمارە سێ بەدواوە
بوو بە ئۆرگانی تیئوری ئەدەبی مارکسیستی و دواتریش بوو بە ئۆرگانی
تیئوری ئەدەبی حیزبی. ئەم گۆڤارە بەپێچەوانەی ئسوڵی کاری
ڕۆژنامەگەرییەوە نە سەرنووسەری ھەبوو و نەدەستەی نووسەران. بەڵام ئێمە
ھەرسێکمان بەجیددی کارمان بۆ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست دەکرد. گۆڤاری
ڕابەر بەشێوەی دەوری دەرمان دەکرد بەڵام دەتوانم بڵێم زیاتر وەرزی بوو
و نزیکەی سێ مانگ جارێک ژمارەیەکمان لێ بڵاو دەکردەوە. گۆڤاری ڕابەر
وەک جەنابیشت ئاماژەت پێداوە وەک زۆربەی نووسراوەکانی ئەو دەمەی چەپ
بەشێوەی دەستنووس بڵاو دەبۆوە. من سەرباری چالاکییە ئەدەبییەکانم ئەرکی
نووسینەوەی بەدەست و ئامادەکردنی بەرگی گۆڤارەکە و ئیتر ئەوەی
پێدەگووتریت مونتاژ و تەسمیم من ئەنجامم دەدا و جار ھەبووە دوو ھەفتە
لەماڵ نەھاتوومەتە دەرەوە و خەریکی ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی گۆڤاری
ڕابەر و نووسینەوەی بوومە. ھەر جارێک نووسینەوە شەش کۆپیشم لەژێر
دادەنا و دووجار نووسینەوەی گۆڤارەکە دوانزە کۆپی (نوسخە)م لێ ئامادە
دەکردو ئینجا کە بڵاویش دەکرایەوە ڕێخستنەکانی ڕێکخراوی رەوتی کۆمۆنیست
لەبەریان دەنووسییەوە و بڵاویان دەکردەوە. ئەمە شێوازی بلاوکردنەوەی
گۆڤاری ڕابەر بوو. نایشارمەوە ھەموو خەونمان بریتی بوو لەبەدەستھێنانی
ئامێرێکی چاپکردن(طابعە) و کۆپیکردن و یان
ڕۆنیۆیەک . زۆرجار لەگەڵ کاک جەماڵ کۆشش باسمان لەوە دەکرد ڕۆژێک بچینە
ناو باڵەخانەی دادگای شاری ھەولێری ئەوکات و ئامێرێکی چاپکردن لە یەکێک
لە کۆشکەکانی عەریزە نووسەکان بدزین بەڵام بۆمان نەلوا و نەکرا. تا
ڕاپەڕین بەرپا بوو و چەپ و کۆمۆنیستەکانیش دەستیان گەیشت بەو ئامێرانە
و ئەوسا بۆ یەکەمینجار و دواجار ژمارە دوانزەی گۆڤاری ڕابەر بە
چاپکراوی بڵاو کرایەوە. سەبارەت بەمانەوەی گۆڤارەکە تا ئێستا ھیچ شتێکی
نەماوەتەوە. من ساڵی ٢٠٠٠ سەفەری کوردستانم کرد و لەڕێگەی ھاوڕێیەکی
ئازیزەوە باسی لە کەسێک دەکرد کە گوایە تەواوی ژمارەکانی گۆڤاری ڕابەری
لا دەست دەکەوێت. من گەلێ ھەوڵمدا و تکام کرد و پەیامم بەناوی خۆمەوە
وەک عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی حەلقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست بۆ نارد کە تەنھا ژمارەکانمان بۆ کۆپی بکات. کەچی
بەداخەوە ئەو کارە نەکرا و دواتر بەو ھاوڕێیەم گووت کە ئەو کەسەم پێ
بناسێنێت یان لانی کەم لێبگەڕێ کۆپیان بکەین و لەفەوتان بیان پارێزین.
بەڵام بەداخەوە ھەوڵەکانم بێئاکام مانەوە بێئەوەی بزانم ھۆیەکە ئەو
ھاوڕێ ئازیزە بوو کە خۆی بەجیددی بە سۆراخی ئەو مێژووە نەبوو یان ئەو
بەڕێزە بوو کە ئامادە نەبوو ھیچ ژمارەیەکمان بخاتە بەردەست. ئیتر
بێھیوا مامەوە تا ئەمساڵ ھاوڕێیەک لە ئەوروپاوە کەبەسەردان ھات بۆ
وڵاتی کەنەدا و پێی راگەیاندم کە بەڕێزێک ھەیە نووسراوەکانی ڕێکخراوە
چەپەکانی سەردەمی ئیستیبدادی بەعسی پاراستووە و لای ماون، پرسیاری
ژمارەکانی گۆڤاری ڕابەرم کرد گووتی بەڵی ماون. بەنیازم ھەوڵ بدەم
زانیاری لەو بارەوە بەدەست بھێنم.. ئەگەر ژمارەکانی گۆڤاری ڕابەر مابن
ئەوا دەتوانین ھەر ھەمووی لەڕێگەی تایپکردنیانەوە لەفەوتان بپارێزین.
پرسیار: ژمارەی ئەندامانتان چەند دەبوو؟
خەڵکی چ شار و ناوچەیەک بوون؟ ئایا نووسینەکانتان ھەر بە کوردی بڵاو
دەکردەوە؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست ھەوڵی دەدا لەڕێگەی وەڵامدانەوە بەکۆسپەکانی بەردەم ئەدەبی
کرێکاری و حیزبی و ھەروەھا لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی دەقی ئەدەبی
کرێکارییەوە زۆرترین ژمارە لەئەدیبان و نووسەران لە دەوری خۆی کۆ
بکاتەوە. بەڵام کۆکردنەوەی ئەدیبان و نووسەران بەو شێوازە لە
بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ڕابەر بەنھێنی و دەستاودەستکردن و بەو ئاستە لە
تیراژ و بەو جۆرەی کەبەدەست دەنووسرایەوە چلۆن دەتوانێت ھێزێکی ماددی
لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە؟ ئەمە سەرباری ئەوەی کە ڕێکخراوە چەپەکانی
ئەوکات دەیانزانی حەلقەکە لەبەرژەوەندی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستدا کار
دەکات بۆیە نەک لێی نزیک نەدەبوونەوە بگرە دژایەتیشیان دەکرد.بەبیانووی
ناسەربەخۆ بوون و شتیتری لەو چەشنە. بۆیە بەشێکی بەرچاوی ئەو ئەدیبانەی
کە بەرھەمیان لەڕابەردا بڵاو دەکرایەوە دوور و نزیک ھەواداری ڕێکخراوی
ڕەوتی کۆمۆنیستی بوون. لەچەشنی کاوە ئەحمەد و بژاری شاعیر و ئەنوەری
ڕەشی عەوڵا(ب.سۆلین) و کاک عارف و کاک ڕەشید و تاد. دەستەی
دامەزرێنەرانی حەلقەکە ھەر ھەموومان خەڵکی شاری کەرکووک بووین. ئەوانەی
بەرھەمیشیان بۆ دەناردین خەڵکی سلێمانی و کەرکووک بوون. بۆیە لەتەواوی
ژمارەکانی گۆڤاری ڕابەردا نووسینێکی بە شێوەزاری بادینی تێدا بڵاو
نەبۆوە. نووسینەکانیش تەنھا و تەنھا بەزمانی کوردی شێوە زاری سۆرانی
بڵاو دەبوونەوە. ھەروەھا چونکە تواناکانمان زۆر سنووردار بوو
نەمانتوانی ھیچ شتێک بەزمانی عەرەبی بڵاو بکەینەوە ئەگەر چی بایەخی
بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ڕابەر بەزمانی عەرەبیمان ھەست پێدەکرد. بەڵام
ڕاستییەکە ئەوە بوو و لەوەش زیاترمان بۆ نەدەکرا بەتایبەتیش دەبێ
سەرکوت و ئیستبدادی سیاسی حیزبی بەعسمان لەیاد نەچێت.
پرسیار: باسەکانی نێو گۆڤارەکەتان
دەربارەی چی بوون؟ چۆن بڕیارتان لەسەر بڵاوکردنەوەیان ئەدا؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): باسەکانی نێو
گۆڤاری ڕابەرئەتوانم بڵێم ھەم سیاسی و ھەم ئەدەبی بوون. باسە
سیاسییەکان لە سەروتاردا جێیان بۆ دەکرایەوە و بابەتەتاکانی تریش وەکو
ڕەخنە و وەرگێڕان و دەقی ئەدەبی لاپەڕەکانی گۆڤارەکەی دەرازاندەوە.
لەژمارەکانی بەراییدا کاک جەمال کۆشش بەناوی شۆڕش ھیومانیستەوە چالاکی
دەکرد و وتارە ڕەخنەییەکانی بڵاو دەکردەوە. کاک جەمال کۆشش زنجیرە
وتارێکی لەسەر ڕۆمانی "شار"ی کاک حوسین عارف و ھەروەھا چەند وتارێک
دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و تاد بڵاو کردەوە. دواتر ناوی جەماڵ
کۆششی لەخۆی نا و بەو ناوەوە چالاکی خۆی درێژە پێدا.. کاک نەوزاد
ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ)یش وتارەکانی لینینی لەعەرەبییەوە وەردەگێڕا .
وتاری ڕێکخراوی حیزبی و ئەدەبی حیزبی لینینی وەرگێرا و و لەژمارە یەکی
گۆڤاری ڕابەر بڵاو کرایەوە ھەروەھا وتارەکانی لینین لەسەر تۆڵستۆی
وەرگێرا و بە نامیلکە بڵاومان کردەوە کە پێنج وتار بوو . منیش بەشیعر و
ئۆپەرێت و وتاری ڕەخنەیی و وەرگێران لە عەرەبییەوە بەتایبەتی شیعرەکانی
برێخت لە ژمارەکانی ڕابەردا بەشداریم دەکرد. ھەروەھا من جگە لەناوی
مەشخەڵ بەناوی دلاوەر حوسێنیش بەرھەمم بڵاو دەکردەوە.. باسەکانی نێو
گۆڤاری ڕابەر ڕەنگدانەوەی بۆچوون و دیدگای ھاوڕێیانی حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست بوو. ئێمە لە حەلقەکە سێ تەوەرەی سەرەکیمان خستبووە بەر باس و
قسە ئەوانەش بریتیبوون لە ھەڵسەنگاندنی واقیعیەتی سۆشیالیستی و
ئیستاتیکا و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. بێجگە لەوانەش بەردەوام ھەوڵمان
دەدا وەڵام بەگرێ و گۆڵەکانی فیکری خۆشمان بدەینەوە. بۆ بڵاوکردنەوەی
بەرھەمیش دادەنیشتین و بەرھەمەکانمان دەخوێندەوە و بۆچوونی خۆمان لەسەر
دەدا و ئەوسا بەپێی ئەو پێوەرەی کەبڕوامان پێی ھەبوو بڵاو دەکرایەوە
یان وەلا دەنرا. ئەوەش ناشارمەوە ئەوسا ھاوڕێیانی حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست تێگەیشتنێکی سنوورداریان ھەبوو لەسەر ئەدەب و خەیاڵ و
ئیستاتیکا و زمان. وە ئەوەش ڕاستییەکە بۆیە لایەنی ھونەری بەرھەمەکانی
ئەو سەردەمە لاواز بوون و لەئاستی پێویستدا نەبوون. بیانووشمان بۆ ئەوە
ناوەڕۆکی چینایەتی بەرھەمەکان بوو و
دەمانگووت ناوەڕۆک بەپلەی یەکەم و تەکنیک بە پلەی دووەم. بەھەرحاڵ با
بگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەتان کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ)
بڕیار بوو ھەڵسەنگاندنی واقیعیەتی سۆشیالیستی بگرێتە ئەستۆ و من
ئیستاتیکا و کاک جەمالیش ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی. بەڵام لەڕاستیدا و
لەکردەوەدا نەمانتوانی ئەو ئەرکانە ئەنجام بدەین کەلەبەردەم خۆماندا
دامان نابوو. حەلقەکە دوای وازھێنانی کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ)
یان باشتر بڵێم دوای دەرکردنی لە حەلقەکە،بەدروست لەسەر سێ تەوەر کاری
دەکرد کە ئەمانە بوون، تەوەری ڕەخنەی ئەدەبی وەکو نووسینەکانی جەمال
کۆشش و وتارە ڕەخنەییەکانی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)، تەوەرەی وەرگێران
وەک وەرگێرانەکانی عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و دواتر تەوەرەی خولقاندنی
دەقی ئەدەبی. ئیتر تا ژمارە یانزەش بڵاو بۆوە لەو تەوەرانە واوەتر
نەچووین.
پرسیار: لەو دەمەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی
سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کانوونێکی ئەدەبی و ھونەرییان ھەبوو،
ئایا ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ ئەوان، یان ھەر کۆمەڵەیەکی دیکەی
فەرھەنگیدا ھەبوو؟ بێگومان بەرھەمەکانی ئەو کانوونەتان پێ دەگەییشت،
ڕوانگەی ئەوانتان لەو دەمەدا پێ چۆن بوو، وە چەند لەژێر کاریگەری
ئەوندا بوون؟ ئایا گۆڤارەکەی ئێوەش بە ئەوان دەگەییشت؟ ئەگەر وەڵامەکەت
بە بەڵێیە... چییان لەبارەیەوە دەگوت؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): کانوونی ئەدەب و
ھونەری کرێکاری کوردستان ئەتوانم بڵێم سەکۆی لەسەرھەڵسانی ئێمە بوو.
ئێمە لەزۆر لایەنی ھونەری ئەدەب سوودمان لە تێڕوانینی ئەو کانوونە
وەرگرتووە و بەتایبەتی گۆڤاری پێشەنگ ڕۆڵێکی جوانی گێڕا لە
بڵاوکردنەوەی ئەدەبی کرێکاری و کاریگەریشی بەسەرمانەوە ھەبوو. ئێمە ھیج
پەیوەندییەکی فەرمیمان لەگەڵ کانووندا نەبووە ھەرچەندە خوازیاری ئەو
پەیوەندییەش بووین. بەڵام پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ ھەبوو لە نێوانمان
ئەویش لەڕێگەی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست و شەخسییەوە بووە. ساڵی ١٩٨٩من
کاک جەماڵ کۆشش لە ھەولێرەوە چووین بۆ سڵێمانی بۆ مەقەری کۆمەڵەی
زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ بینینی ڕێبواری شاعیر و بەداخەوە نەگونجا
بیبینین. لەو سەفەرەمان بۆ سلێمانی لە ناو کۆستەرێکدا بووین و من و کاک
جەماڵ کۆشش بەیەکەوە دانیشتبووین و من چرپاندمە گوێی کاک جەمال کۆشش و
گووتم" ئەگەر ئێستا ئەم کۆستەرە دەعم بکات یان وەربگەڕێ و من و تۆ
بمرین ئەوا حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بەتەواوی مەوجودیەتی خۆی و
نھێنەکانییەوە لەناو دەچن" ئەویش بە پێکەنینەوە دەیگووت" بەڵێ خۆ
کەسێکیش نابێت دوو دێرمان لەسەر بنووسێت". لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دیدو
بۆجوونمان لەسەر ئەدەبی کرێکاری و ناسینی زیاتری ئەو ئەدەبە حەلقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست وردە وردە کەوتە ڕەخنەگرتن لە کانوونی ھونەر و
ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان و گۆڤاری پێشەنگ و بەئاشکرا مەیلی
ناسیونالیستیمان لەناو ئەو گۆڤارە بەدی دەکرد و دواتریش وەک بینیمان
ئەو خەتە خۆی ئاشکرا کرد. من ئێستا لەم ساتەدا بەھیچ شێوەیەک بۆچوون و
ڕوانگەی ئەوانم لەیاد نییە و لەم بارەوە ناتوانم ھیچ بڵێم. بەھۆی بوونی
مەودایەکی زەمەنی بیست و پێنج ساڵە لەبیرم نەماوە چۆن گۆڤاری ڕابەریان
بەدەست دەگەیشت و چۆنیان ھەڵدەسەنگاند. بەڵام ئەوەم باش لەیادە کە
دەستمان کردبوو بە حەملەیەک لەدژی بەختیار عەلی و ئەکرەم قەرەداغی و
مەریوان وریا قانیع و ھاوشێوەکانیان و دەمانبینین کەچۆن وەک وەک ھێڵێکی
ناسیونال - وردەبورژوازی دەیان نووسی و ڕەخنەیان دەگرت. ئیتر ڕاپەڕین
سنووری بۆ ھەڵمەتانەی ئێمەش دانا و لەوە زیاتر نەمانتوانی درێژەی
پێبدەین. دیارە مەبەستم درێژەدانە لەچوارچێوەی حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست.
پرسیار: ئێوە خۆتان وەک حەڵقەیەکی ئەدەبی
و لە ھەمان کاتیشدا سیاسی پێناسە کردبوو. لەم ڕووە لە لایەن "حەڵقەی
ئۆکتۆبەر"ەوە ڕەخنەیەکتان لێ گیرا و یەکێک لەو مەسەلانە کە ئێوەی
دەخستە ژێر پرسیارەوە ئەوەبوو دەیانگوت: حەڵقەیەکی ئەدەبی کە دەیەوێ
لە بواری ھونەر و ئەدەبی کرێکاری کار بکات، لەگەڵ حەڵقەیەکی سیاسی کە
کار بۆ دەسەڵاتی سیاسی ئەکات جوودایە. لەو بارەیەوە نەزەرت چییە؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): کاک سالاری
خۆشەویست بیست و پێنج ساڵ لەتەمەن گەلێ کەلێنی لەنێو یادەوەرییەکانمان
پڕ کردۆتەوە و زۆر وێنەی کاڵ کردۆتەوە. بەداخەوە بیرکردنەوەی ئەوسامان
شتێکی تر بوو. بەھەرحاڵ ئێمە لەبەر ئەوەی تێڕوانینێکی ڕۆشنمان نەبوو
لەسەر کاری سیاسی و کاری جەماوەری بۆیە حەلقەکەمان کردبۆوە کەوای سووری
بەر لەشکر و لەسەروتارەکانی گۆڤاری ڕابەردا و لەژێر ناوی" ئەوەی دەبێ
لەپێشدا بوترێ" کا کاک جەمال کۆشش دەینووسین ئەو ناڕۆشنیانەمان بڵاو
دەکردەوە. ئەمەش خاڵی لاوازی ئێمە بوو. جونکە وەک خۆشت ئاماژەت پێدا
کاری ئێمە کاری جەماوەری و ئەدەبی بوو نەک سیاسی. کە من دەڵێم خاڵی
لاوازی ئێمە بوو مەبەستم ئەوە نییە ئۆباڵەکە بخەمە مل کاک جەماڵ کۆشش
بەڵکو تەواوی ھاوڕێیانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست ئەو تێڕوانینەمان
ھەبوو. من ئێستا پێموایە ئەو لایەنانەی ئەو ڕەخنەیەیان لێگرتووین
ڕەخنەکەیان دروست بووە. چونکە بەفیعلی ئێمە وا بووین. ئێمە ڕەخنەمان
لەوسەری چەپەوە تا ئەوسەری ڕاست دەگرت. ئێمە بێجگە لە ڕێکخراوی رەوتی
کۆمۆنیست دەستمان لەھیچ لایەنێکی تر نەدەپاراست. ئەم ڕەخنە سیاسییەی
ئێمە لەو گروپ و حەلقانەی ئەوسا نە کاری ئێمە بوو و نە پەیوەندی ھەبوو
بە ھونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری. ئێمە دەمانتوانی پێ لەسەر خولقاوی
ھونەری ئینسانی دابگرین بەبێ ئەوەی بۆمان گرنگ بێ ھونەرمەندەکە کێیە و
چۆن بیر دەکاتەوە. مادام ئەو ھونەرە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات ئیتر
بۆچی دەبێت دەزگای فیکری ئەو ھونەرمەندە ھەڵتەکێنین!!!. ڕێکخراوەکانی
ئەوکات لەچەشنی دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا بەتووندی لەبەرامبەرمان
وەستانەوە ھەرچەندە ھاوڕێیانی بڵێسە زۆر نەرم بوون لەگەڵمان. گۆڤاری
زەنگیش ھەبوو کە چەند کەسێک دەریان دەکرد و تەمەنی زۆر کورت بوو و
پێموابێ یەک دوو ژمارەی لێ بلاو بۆوە، ئەوانیش زیارە لەبەرامبەر حەلقەی
ئەدیبان دەمەزرێنران. ھەروەھا دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە لەکاتێکدا وەڵامی
ئەم پرسیارە دەدەمەوە ئەو نووسینەی حەلقەی ئۆکتۆبەرم لەیاد نییە بۆیە
ناتوانم لەوە زیاتر ھیچی لەبارەوە بڵێم.
پرسیار: بەشێک لە نووسینەکانتان دەربارەی
ئەو مەسەلە سیاسییانە بوون کە لەو دەمەدا دەنێو بزووتنەوەی چەپ و
کۆمۆنیستیدا جێگای قسە و باس بوون. لەو نووسینانەدا، ئێوە لەبری "ڕەوتی
کۆمۆنیست" ئەھاتنە قسە و داکۆکیتان لەوان دەکرد و وەڵامی ئەو
ڕەخنانەتان دەدایەوە کە لەنێو بزووتنەوەکەدا ڕووبەڕووی "ڕەوت"
دەکرانەوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی "ڕەوت" خۆی بۆ خۆی، وە
بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە لەسەر ئەو مەسەلانە نەھاتە گۆ و
وەڵامی نەدەدایەوە؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ئەگەر
بەتێگەیشتنی ئێستای خۆم وەڵامێکی سادەی ئەم پرسیارەت بدەمەوە دەڵێم
ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست لەبەر دوو ھۆ ئەو کارەی نەدەکرد. یەکەم :
ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست خۆی لەھەموو گروپ و حەلقە و ڕێکخراوەکانی تر
بە ڕاستتر دەزانی و خۆیشی بەگەورەتر دادەنا و بۆ ئەوەی خۆی نەھێنێتە
ئاستی نزمی ئەو گروپانە پێویستی بە بەرگریکەرێک ھەبوو لە گۆرەپانی
سیاسی بزووتنەوەی چەپدا ئەو جەنگانەی بۆ ئەنجام بدات بۆیە حەلقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست ئەو کارەی لەجیاتی ئەنجام دەدا. دووەم : بۆ
نیشاندانی ھەیبەتی ڕێکخراوەیی و پایگای کۆمەڵایەتی ئەو ڕێکخراوە گرنگ
بوو قسەکەرێک ھەبێت لەبری ئەو ھێرشەکان ئەنجام بدات . با نموونەیەک
بێنمەوە یەکێتی سۆڤیەتی جاران سیاسەتی خۆی لەجیھان لەڕێگەی حیزبە
شیوعییەکانەوە دەبردە پێشەوە و ئێستا ئێران جەنگەکانی خۆی لەڕێگەی
حیزبە شیعەکانەوە دەکات و ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستیش بەم شێوەیە بوو
بەڵام لەسەردەمێکی تر و لە جەنگێکی تر. با ئەوەش بڵێم ڕاگەیاندنی
پەیوەستبوونی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە
گۆرانێکی چلۆنایەتی و گەوھەری لەژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی ڕەوتی
کۆمۆنیستدا دروست کرد و بە دانپیانانی ڕابەرانی ئەو ڕێکخراوە(کە دواتر
منیش بووم بە یەکێک لەڕابەرانی ئەو ڕێکخراوە) ئەو پەیوەستبوونە، ڕەوتی
کۆمۆنیستی بردە ئاستێکی بەرز. دەبێ ئەوەمان لا ڕوون بێت سەروتارەکانی "
ئەوەی دەبێ لەپێشدا بووترێ" کە سەروتاری گۆڤاری ڕابەر بوون و کاک جەمال
کۆشش دەینووسین تا لەفیلتەری ڕێکخراوی رەوتی کۆمۆنیست ڕەت نەبوانایە
بڵاو نەدەبوونەوە. ئەوسا ئاوا بوو و برواشمان پێی بوو و ئێستاش بەتوندی
جێگای ڕەخنەیە. ئەگەر ئەمڕۆ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست زیندوو بکرێتەوە
من ناھێڵم یەک سەروتاری لەو جۆرە بڵاو ببێتەوە. ناھێڵم یەک ڕێکخراوی
سیاسی دەستی تێوەربدات و دەمی بەرژەوەندی تێوە بژەنێ. بەڵام بێ
ئەزموونی لەبواری کاری حیزبی و جەماوەری ئەنجامی ئاوای لێدەکەوێتەوە.
پرسیار: سەرەنجام خیلافاتێک کەوتە
نێوتانەوە. ئەو خیلافاتانە چۆن بوون و لەسەر چی بوون؟ ئایا ھەر ئەو
خیلافاتانە حەڵقەکەی بەرەو ھەڵوەشانەوە برد؟ ئەگەر نا... کەی، وە چۆن
حەڵقەکەتان ھەڵوەشایەوە؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): جیاوازی نێوان
دەستەی دامەزرێنەری حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست ئەتوانم لەدوو ئاستدا
باسی بکەم. ئاستی یەکەم : لەسەر خوڵقاوە ئەدەبییەکان و شێوازی بڵاو
کردنەوە و ھەڵوێست لەسەر دەزگا ئەدەبییەکانی ئەوکات و ...تاد بوو،
ئاستی دووەم : سیاسی بوو. لەسەر ئاستی یەکەم ئێمە تەواوی گۆڤار و
ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەی بەعس لەچەشنی گۆڤاری کاروان و بەیان و
ھاوکاری و ھەروەھا گۆڤار و بڵاوکراوەکانی حیزبە سیاسییەکانی شاخمان بە
ڕاگەیاندنی بورژوازیمان زانیوە و بڕیارمان دا بەھیچ شێوەیەک نەک ھەر
پەیوەندیمان لەگەڵیاندا نەبێت بەڵکو دژایەتیان بکەین وبەرھەمیان تێدا
بڵاو نەکەینەوە. کاک نەوزاد لەم ئاستەدا تا حەدێک مولتەزیم بوو و ئەو
ماوەیەی لە حەلقەکە بوو بەرھەمی بڵاو نەکردەوە. دەبێ ئەوەش بڵێم کاک
ئەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ) وەک من و کاک جەماڵ کۆشش تووند نەبوو.
کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد بروای وا بوو دەکرێ ئەدەبێکی دیموکراتی و
کرێکاری بڵاو بکەینەوە. کەچی من و کاک جەمال کۆشش زۆر ھەستیار بووین
بەرامبەر بە دیموکراتیەت و پێمانوابوو ئەوە بورژوازیەتە و ڕەتمان
دەکردەوە. بەڵام لەسەر ئاستی دووەم کە سیاسی بوو خیلافێک کەکەوتە
نێوانمانەوە لەسەر پەیوەستبوون بوو بەڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە. ئەم
جیاوازییە بۆ عەقڵی ئەوسای ئێمە شتێکی حەیاتی بوو و بۆیە کەوتینە
کێشمەکێش لەگەڵ کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ) و دواتر وەک حەلقەکە
بڕیاری دەرکردنی کاک نەوزادمان دا. ھەڵوێستی من کە بە کاک ھۆشەنگ و کاک
جەمالیشم گوتووە ئەگەر چی سەرسەختانە بەرگریمان لە ڕێکخراوی رەوتی
کۆمۆنیست دەکرد بەڵام کاتێک بەچاوێکی کراوەترەوە دەڕوانینە ئەو
ڕابردووە دەبینین وەک لە وتاری "ئاوڕدانەوەیەکی
کورت لە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست"شدا نووسیومە" کاک نەوزاد ئەحمەد
ئەسوەد(ھۆشەنگ) لە ھەندێ لایەنی ئەو ململانێیە لەسەر حەق بوو". ھەروەھا
دەمەوێت ئەوەشت بۆ ڕاست بکەمەوە کە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست قەت و تا
ئێستاش ھەڵنەوەشایەوە. واتە بەشێوەیەکی فەرمی بە بەیاننامەیەک خۆی
ھەڵنەوەشاندنەوە بەڵکو لەجێگای خۆی نەما. من پێشتریش لەو وتارەی
لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد ڕوونم کردۆتەوە کە دوای ژمارە پێنج کە کاک
نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد دەرکرا، ئیتر من و جەماڵ کۆشش بزوێنەر و
بەڕێوەبەری حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بووین. تا ژمارە یانزەشمان دەرکرد.
ئیتر ڕاپەڕینەکەی بەسەردا ھات و من لەو
ڕاپەڕینە لە گرتنی باڵەخانەی نەقابە کرێکارییەکان بریندار بووم و کاک
جەمال کۆششیش بوو بە لێپرسراوی عەسکەری
بنکەی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست لە شاری ھەولێر. بێجگە لەمانەش لەڕۆژی
گرتنەوەی شاری ھەولێر من سووتام و گیرام و لەو کەین و بەینەی کە شار
ھێشتا خامۆش بوو وخەڵک لە کۆڕەوەکە نەگەڕابوونەوە و گاردی کۆماری
لەشاری ھەولێر ھەڵیان دەکوتایە سەر ماڵان و ھەر جێگایەک شوێنی گومان
بووایە دەیاندایە سەریان و خەڵکیان دەگرت و شوێن بزریان دەکرد، من
ئەوکات کە بەسووتاوی لەماڵەکەم لەخانووەکانی کارگەی نەسیجی ھەولێر بووم
و لەترسی تیاچوون، ئەرشیفی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و ئەرشیفی کۆمیتەی
ھەولێری ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستم سووتاند لەپێناو دەربازکردنی گیانم.
لێرەوە دوای ئاوەدانبوونەوەی شار و گەڕانەوەی خەڵک، ھەڵسوڕاوانی چەپیش
دەستی کردەوە بەچالاکی ئەوە بوو کاک جەمال کۆشش لەگەڵ ژمارەیەک لە
ئەدیبانی تر ژمارە دوانزەی گۆڤاری ڕابەریان چاپ و بڵاو کردەوە. کە من
تێیدا بەشدار نەبووم. ھەروەھا پێمخۆشە لەم دەرفەتەدا من قسەی خۆم بکەم
سەبارەت بە وازھێنانی کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ) و دەرکردنەکەی
لەلایەن حەلقەکەوە. کاتێک کاک ھۆشەنگ بۆی دەرکەوت کەئیتر ناتوانێت
لەگەڵ حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بەردەوام بێت و ئەو پەیوەستبوونە
سیاسییەی قەبوڵ نەبوو ئیتر دەرکردنی لەلایەن حەلقەکەقەوە نەک ھەر زیادە
بوو بەڵکو زۆریش بێمانا بوو.
من ئێستا زۆر بەتوندی ڕەخنە لەو ھەڵوێستەی
حەلقەکە دەگرم کە بڕیاری دەرکردنی کاک نەوزاد ئەحمەد ئەسوەدی دا، چونکە
ئەو بڕیارە بەڵگەی نادیموکراتبوون و ڕەخنە قەبوڵنەکردن بوو. حەلقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست دەبوایە لەبری دەرکردن بەوپەڕی ڕێزەوە مامەڵەی لەتەک
ئەو مەسەلەیە بکردایە. ئەم بێدەربەستییەی ھاوڕێیانی حەلقەکە لەبەرامبەر
دامەزرێنەرێکی حەلقەکە جگە لە سکتاریست بوونی ئێمە( عەبدوڵا
سڵێمان(مەشخەڵ) و جەمال کۆشش) ھیچیتر نەبووە و نییە. من ئێستا
کەلەدوورەوە ئاوڕ لەو ھەڵوێستەی حەلقەکە دەدەمەوە تەواوی مارکسیست بوون
و کۆمۆنیستبوونەکەمان ئەخەمە ژێر پرسیارەوە. ئاخر چۆن دەبێت کەسێک ئەو
ئازادییەی نەبێت بەپێچەوانەی ئێمەوە بیر بکاتەوە بەتایبەتیش لە
ڕێکخراوێکی ئەدەبیدا؟!!!ئاخر کەسێکی مارکسیست ئەبێ زۆر بروای بەئازادی
ھەبێت و بەکردەوەش ئەو باوەڕە پیادە بکات.بەڵام ئێمە ڕێک پێچەوانەی ئەو
باوەڕە ڕەفتارمان کرد. ئەم ڕەخنەیەم پێش ئەوەی بەرەو ڕووی ڕابردووی
حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیستی بکەمەوە، بەرەو ڕووی خۆمم کردۆتەوە و
ئەیکەمەوە. وەلێرەشەوە داوا لێبووردن لە کاک ھۆشەنگ ئەکەم سەبارەت بەو
ھەڵوێستەی حەلقەکە. خاڵێکی تریش پەیوەست بەم مەسەلەی سکتاریستە کەجێگای
باسکردنە ئەویش پەیوەندی من و جەمال کۆششە. پەیوەندی چەندین ساڵەی من
وجەمال کۆشش دەگەڕێتەوە بۆ پێش دروست بوونی حەلقەکە و ئەو دەیان ساڵە
لەپەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتییەی من و جەمال کۆشش لەگەڵ واز ھێنانی من
لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق لەبەھاری ١٩٩٨ وەکۆتایی ھات.
ھەرچەندە من زۆرم ھەوڵدا ئەو پەیوەندییە بمێنێت بەڵام کاک جەماڵ دیار
بوو بڕیاری خۆی دابوو. ناھەقیشی ناگرم چونکە سکتاریستبوونی حیزبی
کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق گەلێ زیانی بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی
مرۆڤە ڕادیکال و ئینساندۆستەکان گەیاندووە. تا ئەندامی حیزب بیت ئەوا
رابەر و کادیر شۆڕشگێڕیت و ھەر کە وازیشت ھێنا ئەوا ئۆتۆماتیکی دەبیتە
نارادیکاڵ و بەرگریکەر لە بەرەی ڕاست و شتی بێمانای تری لەم چەشنە. ئەم
پەیوەندییەی ئێمەش چونکە لەسەر بنچینەی سیاسی دامەزرا بوو بۆیە لەگەڵ
ھەر جیاوازیی بیرورامان بەداخەوە لەگەڵ سەدەھا یادگاری خۆش و شیرین
ھەرەسی ھێنا.
پرسیار: ئەگەر ئاوڕێک لەو ڕۆژگارە
بدەیتەوە، چۆن ڕۆڵی ئەو حەڵقەیە دەنرخێنی؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ئەگەر وەک
عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ) ئاوڕێک لەو ڕۆژگارە بدەمەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی
حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و گۆڤاری ڕابەر ھەر ئەو ھەڵسەنگاندنانە کە
لەو وتارەی پێشتر ئاماژەم پێدا و لە ساڵی٢٠٠٢ نووسیمە، ئەنووسمەوە.
*بە بۆچوونی من حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست ھەڵگری ھەمان ڕێباز و شێواز
وکارکردی بزووتنەوەی چەپی کوردستانی عێراق بوو. لەیەک کاتدا کاری سیاسی
و کاری ئەدەبی و ھونەری ئەنجام دەدا. خودی ئەم تێکەڵییەش بۆ خۆی ناڕۆشن
بوونی دیدگاو وتێڕوانینی ھاوڕێیانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بوو
سەبارەت بە کاری پیشەیی و جەماوەری و کاری سیاسی. ئەم تێگەیشتنە
کاریگەری نێگەتیڤی ھەبوو بەسەر چالاکییە ئەدەبییەکان و ئەمەش وای کرد
ھەندێک لە شاعیران و نووسەرانی بزووتنەوەی چەپی ئەوکات و دەرەوەی
بزووتنەوەکەش ھەڵوێستی بەرەنگاری وەربگرن دەرحەق بە گۆڤاری ڕابەر و
حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست.
* ھەروەھا مەسەلەی تەوەرە سەرەکییەکانی خەباتی گۆڤاری ڕابەر و حەلقەی
ئەدیبانی کۆمۆنیست کە خۆی لە شیکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی واقیعیەتی
سۆشیالیستی و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی و ئیستاتیکا دا چڕ کردبۆوە و
سەرباری ھەنگاوی جیددی و باش بۆیان، بەڵام تا ڕادەیەک بەھەدەردانی
بەشێک لە وزە و تواناییەکانی ھاوڕێیانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بوو
بەم مەسەلانە کەلەڕاستیدا گرفتی سەر ڕێگای ئەوسای ئێمە نەبوون.
* بێجگە لەمانەش خودی ململانێی نیوان ئەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(ھۆشەنگ)
لەلایەک و جەمال کۆشش و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) لەلایەکی تر لەسەر
پەیوەستبوونی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست و
ئایندەی گۆڤاری ڕابەر و مەسەلەی دەق و خوڵقاوی ئەدەبی و ھونەری لەوەوە
سەرچاوەی گرتبوو کە تێگەیشتنێکی وردمان نەبوو لەسەر کارەکانمان،
ھەڵسواراویمان، مەسەلەی دەق و داھێنان و سوود وەرگرتن لە کەناڵەکانی
راگەیاندن کە بەبۆچوونی من کاک ھۆشەنگ لەبەشێک لە تێڕوانینەکانیدا
دروست بوو.
* سەرباری ئەمانەش گرتنەبەری شێوازی سیاسی لە نووسینی ڕاپۆرت بۆ
کۆبوونەوە (کەدیارە شتێکی ئاساییە)و بەستنی پلینیۆم و کۆنگرە (کە زۆر
نائاساییە) بەبیانووی لێکدانەوەی ھەلومەرج و دانانی نەخشە و شتیتری لەم
چەشنە، لەبنچینەدا نەک ھەر کۆمەکی بەبردنە پێشەوەی نەخشەکان نەدەکرد،
بەڵکو بارێکی قورستری دەخستە سەرشانی ئێمە بەتایبەت بۆ حەلقەیەکی ٢ یان
٣ کەسی خۆ گەورەکردن و زەینگەرایی ھاوڕێیانی حەلقەکە بوو لەبواری
ڕێکخستن و ئارایشتدانی خۆی دەوروبەری.
* بڵاو بوونەوەی گۆڤاری ڕابەر و بڵاوکراوەکانی تری حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست بە دەستنووس و لە ڕووبەرێکی زۆر بەرتەسکدا(بەلەبەرجاوگرتنی
دەسەڵاتی سەرکوتگەرانەی حیزبی نەعس) کاریگەری نیگەتیڤی ھەبوو لەسەر
کۆکردنەوەی ئەدیبان و نوسەرانی چەپی و ئینسانخوازی ئەوکات، ئەمە بێجگە
لە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ڕابەر بە تەنھا یەک شێوەزاری سۆرانی.
* ئێمە بەرژەوەندی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستمان خستبووە پێش ھەموو شتێک.
ئەمەش بووبووە ھۆی سکتاریست بوونی ئێمە و حەلقەکە لەبەرامبەر
بزووتنەوەی جەپ و کریکاریدا. بۆیە ئەو میتۆدەی حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست بیری پێدەکردەوە میتۆدێک نەبوو بتوانێ لەجەنگی گەورەی
بورژوازی پشتی پێببەستێ، بەڵکە زیاتر بۆ مەحفەلگەرایی و بەرژەوەندی
لایەنیکی دیاریکراو(ڕەوتی کۆمۆنیست) بەسوود بوو.
* زمانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست زمانی سیاسی بزووتنەوەی چەپ بوو. ھیچ
جیاوازییەک لەنێوان زمانی ئەدەبی حەلقەکە و زمانی سیاسی بزووتنەوەی
چەپی ئەوکات نەدەبینرا. ئەمەش مانای بوونی کەلێنێکی گەورەیە لەنێوان
ئەدەبیاتی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست و جیھانی ڕاستەقینەی ئەدەب کەخۆی
لە زمانی جوان و خەیاڵی فراوان و ئیستاتیکای گونجاودا دەبینێتەوە.
* ئێمە ھەرچەندە زۆر پێمان لەسەر ئازادی و بیرکردنەوەی ئازادانە
دادەگرت و جەختمان لەسەر دەکردەوە، بەڵام بچووکترین تێگەیشتنمان نەبوو
بۆ ئەو ئازادییە و بەڵگەشم بۆ ئەمە ڕەتکردنەوە و دەستکاریکردن و
بڵاونەکردنەوەی چەندین بەرھەمی ئەدەبی بوو. چونکە لەگەڵ تێگەیشتنی
حەلقەکە و بەرژەوەندی ڕەوتی کۆمۆنیستدا نەدەھاتنەوە. بۆیە پێمان وا بوو
ھەرکەس لەدەرەوەی حەلقەکە گەر دەقی ئەدەبی جوانیشی بنووسیایە یەوا
ڕیڤیژینیست بوو و بەرھەمەکانی ئێمەش مارکسیستی و کرێکاری شۆڕشگێڕانە
بوون. لەئەدەبدا قسەکردن لەسەر ئەوەی نووسەر ئەبێ وا بڵێت و وا بنووسێت
جگە کۆتوبەندکردنی ئازادی نووسەر ھیچیتر نین. ئێمە وا بووین و
دانپیانان بەم ڕاستییەش نەک ھەر نەنگی نییە بەڵکو نیشانەی تێگەیشتنی
دروستە لەسەر چەمکی ئازادی نووسەر و نووسەری ئازاد.
* لەگەڵ ھەموو ئەمانەی کە باسم کرد گۆڤاری ڕابەر و حەلقەی ئەدیبانی
کۆمۆنیست وەک ئەستێرەیەکی درەوشاوە لەمێژووی بزووتنەوەی چەپی نوێی
کوردستانی عێراق دەمێنن و توانیان گەلێک ھەنگاوی جیددی ھەڵگرن لە
داڕشتن و پتەوکردنی بناغەی ئەدەبێک کە پێی دەگووترا ئەدەبی کرێکاری.
پرسیار: کاک عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
سوپاس بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و تەرخانکردنی کات بۆ چوونەوە سەر
ئەو مێژووەی کە جێگای شانازی ئێمەی کۆمۆنیست و مرۆڤدۆستە... با دوا وتە
بۆ خۆت جێبێڵـم و تۆ چی سەبارەت بەم مێژووە و نووسینەوەی ئەو مێژووە
دەڵێیت؟
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): من ھەمیشە
کردەوە بە سەنگی مەحەکی شتەکان دەزانم. من دەزانم زۆر کەس پێیان خۆشە
ئەو مێژووە بنووسرێتەوە و ئاوڕی لێبدرێتەوە بەڵام ئەو کارە ناکەن. جا
یان کاتیان نییە وەیان تێگەیشتنێکی دروستیان نییە لەسەر بایەخی بە
دۆکیومینتکردن و بەئەرشیفکردنی مێژووی خەباتی نەوەیەک لە مرۆڤە
ماندوونەناسەکانی سێ چوار دەیەی ڕابردوو کە ھەر ھەوڵێکی نووسینەوەی
مێژوو بەبێ ئاماژەکردن بەم نەوەیە و بەم مێژووە ناتەواوە. من ئێستاش
ئەو حیزبە لایەنە کۆمۆنیستانەی کەلە گۆڕەپانی سیاسی کوردستانن و خەریکی
چالاکین بە کەمتەرخەم دەزانم لە بەئەرشیفکردنی نووسین و بڵاوکراوە و
گفتوگۆ و وێنەی ئەو ڕۆژگارانەی کە جوانترین ڕۆژەکانی تەمەنمان پێی
بەخشی کە ئەمڕۆ جگە لەچەند ڤیدیۆ و وێنە و نووسێنێک و کۆمەڵی یادەوەری
ھیچی تری لێ نەماوەتەوە. ئەو وێنە و ڤیدیۆ و نووسینانە ڕەنگە لای
حیزبێکی سیاسی بەئاسانی چنگ بکەون. ئای چەند جوانە ئەو حیزبە کەبەری
ڕەنجی ماندووبوونی ئەم نەوەیەیە ئەو وێنە و ڤیدیۆ و یادەوەرییانەکۆ
بکاتەوە و ئەو شانازییانە لەڕێگەی تەکنەلۆژیای ئەمڕۆوە بخاتەوە بەر
دەستی خاوەنەکانیان و خەڵک.حیزبی سیاسی بەبێ بوونی بەشی ئەرشیف
ناتەواوە. من خۆم جوان دەرک بەو بایەخە دەکەم و ھەر ھەوڵێک بێتە ئاراوە
خێرا بەدەنگییەوە دەچم و یارمەتی دەدەم. بەڵگەشم وەڵامدانەوەی خێرا و
دەستبەجێی پرسیارەکانی ئەو بەڕێزانە بوو کە بەنیازن مێژووی یەکێتی
بێکاران لە کوردستان بنووسنەوە. ئەم کارەی تۆش بەئەرشیفکردنی مێژوویەکە
خەریکە لەناو دەچێت و تەنھا لەویژدانی نەوەیەک لە ھەڵسوڕاوانی چەپ و
کۆمۆنیستدا ماوە. ئەم کارەی تۆ جێگای دەستخۆشی و دەست گرتنە و شایانی
ھەموو یارمەتییەکە و بەو ھیوایەم ئەم مێژووە لە نامیلکەیەکی جوان و
قەشەنگدا بەجاپکراوی ببینم و لەناخی دڵیشمەوە ھیوای سەرکەوتنت بۆ
دەخوازم.
________________________
تێبینی: ئەم
دیدارە لەلایەن کاک (سالار
رەشید)ەوە
ئەنجامدراوە و لە کتێبی مێژوویەک لەیادەوەریدا دیدار سەبارەت بە مێژووی
جەپ و کۆمۆنیزمی نوێ لە کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە.
١٢\١٠\٢٠١١
- ڤانکۆڤەر - کەنەدا
ماڵپهڕی عهبدوڵا
سڵێمان(مهشخهڵ)
|