٥\٢\٢٠١٣
دەربارەی حەقیقەت.

شامیر مولان
پێناسەکردنی حەقیقەت کارێکی ئاسان نییە
ئەمەش بە هۆی جیاوازی واتاکەی لە روانینێکی فەلسەفی بۆ روانینیکی تری
فەلسەفی، لە کایەیەکەوە بۆ کایەیەکی تری ژیان و لە کولتوورێکیشەوە بۆ
کولتوورێکی دی هەر ئەمەش بووەتە هۆی جۆراوجۆری و فرەیی ناسنامەی
حەقیقەت بۆ نموونە لە لای زمانگەراکان حەقیقەت خود یا
چییەتی(الماهیە)ه، بە واتایەکی دی حەقیقەت ئەوەیە کە بە هۆیەوە شتێک
ئەوەیە کە هەیە بەڵام لە لای ریالیستەکان چوونیەک بوونی
بڕیارێک(حوکمێک) لەگەڵ واقیعی دەرەکی دا یاخود لەگەڵ جیهانی شتەکان دا
دەبێتە حەقیقەت کەچی لە زاراوەی فەلسەفەدا حەقیقەت وەک نەگۆڕ و رەها
پەسن دەکرێت(چاکەکردن بۆ وێنە).
دەکرێت بێژین حەقیقەت چەمکێکی پێوانەییە کاتێک مرۆڤ دەپەیڤێت یا هزر
دەکات ئەوا لە هەوڵی دەستگیربوون و گەیاندن و بڵاوکردنەوەی حەقیقەت
دایە، حەقیقەت لە دەلالەتە باوەکەی دا پشت دەبەستێت بە پێوەرێکی
بنەڕەتی کە ئەویش پێوەری واقیعی بوونە، بەو چەشنە حەقیقەت ئەو بوونەیە
کە شیاوی پەیبردنێکی هەستییانەی راستەوخۆیە یاخود شیاوی وەدیهێنانیک و
سەلماندنێکی واقیعییە ئەمەش لێکچوواندنێکی هەڵە نییە و دووریش نییە لە
هەندێ لێکچوواندنی فەلسەفی(قوتابخانەی ئەزموونگەرا بۆ نموونە) لێ لە
رووی زاراوەوە خودان کێماسییە گرنگترین باری سەرنجێک لەم رووەوە جێگای
باس بێت ئەوەیە کە حەقیقەت هەمیشە واقیعی نییە یاخود بە شێوەیەکی
راستەوخۆ وێکچووی واقیع نییە، حەقیقەتی ماتماتیکی بۆ نموونە زێدەتر لە
هەر شتێک بەڵگەییە کەچی داهێنانە هونەری و وێژەییەکان حەقیقەتێکی
خەیاڵین ئەمەش لەبەرئەوە نا لە واقیعەوە هەڵقوڵاون بەڵکو لەبەر
زەرورەتی ویژدانی بە شێوەیەکی گشتی حەقیقەت بۆ چەند پۆلێک دابەش
دەکرێت:
• حەقیقەتی رەهایی: کە ئەمەش باڵاترین
ویستی فەیلەسوفە و دوورترین شتێکە مرۆڤ لە رێگەی هۆش و تێگەیشتنەوە پێی
بگات، لە لای (پلاتۆ) حەقیقەت لە جیهانی نموونەدا مانیفێست دەبێت کە
جیهانی نەمری و جیهانی راستییە. لە لای ئەرستۆش حەقیقەت ئەو بزوێنەرەیە
کە نابزوێنرێت کە بە بۆچوونی ئەو (خوا)یە.
• حەقیقەتی رێژەیی: ئەم جۆرە لە حەقیقەت
زیاتر لە راستییە زانستییەکان دا کورت دەکرێتەوە، راستی زانستیش
بریتییە لە پەیوەندی نێوان دیاردەکان کە پتر شێوگێکی یاساییانەی
دەگرێتەخۆ، کە ئەمەش دووبارە قابیلی رەتکرنەوە و هەموار و گۆڕانکارییە.
• حەقیقەتی چێژی: ئەمەش ئە هەستەیە کە
دەروونی سۆفییەک(میستیک) داگیر دەکات وەختێ دەگاتە حەقیقەتێکی
رەبانیانەی رەها، ئەم حەقیقەتەش سەرچاوەکەی لە خواوە و لە رێگەی
فەنابوونی مەخلوقەوە دەبێت یا لە رێگەی بەیەک گەیشتنی عابید و مەعبود.
• حەقیقەتی فەلسەفی: ئەم چەشنەی حەقیقەت
لە نێوان حەقیقەتی رێژەیی و حەقیقەتی رەها دایە، راستی بوونی خۆی لە
واقعی کۆمەلایەتی و دەروونی و ئەندێشەییەوە هەڵدەهێنجێ.
بە گوێرەی جیاوازی دید و تێروانینە فیکری فەلسەفییە جیجیاکان چەند
پێودانگێک بۆ حەقیقەت دانراوە لەوانە : پێودانگی رۆشنی: هەندێ لە
فەیلەسوفانی وەکو دیکارت و سپینۆزا پێان وایە بریاری دروست وەک پێوەری
دروستییەکەی کار دەکات، (دیکارت) وای دەبینێت کە بەدیهی بوون پێوەری
حەقیقەتە و هیچ گومانێکیش ناهێلێ، (سپینۆزا)ش دەڵێت لە دەرەوەی حەقیقەت
هیچ پێوەرێک بۆ حەقیقەت نییە بە چەشنێک ناکرێت شتێک هەبێت ڕۆشنتر و
دڵنیاتر بێت لە فیکرێکی دروست.
پێودانگی سوود: بەشێک لە پراگماتیستەکان
باوەریان وایە حوکمێک تەنها ئەو کاتە دروستە ئەگەر سەربکێشێت بۆ
سوودێکی کردەیی، هەر بۆیە سوود تاکە پێودانگی راستییە، (پێرس) دەڵێت
حەقیقەت بە پێوەری بەرەنجامی کار دەپێورێت و هەر کردەیەکێش کاتێک
حەقیقەتە ئەگەر تەنها ئەگەر ببێتە هۆی سەرکەوتن.
پێودانگی بوونگەرایی: سارتەر دەڵێت:
بواری حەقیقەت بریتییە لە مرۆیەکی کەسێنراو لە بوونە هەستییەکەیدا،
حەقیقەتی مرۆڤیش لە بەدەستهێنانی چییەتیەکەی و دیاریکردنی چارەنووسەکەی
دایە حەقیقەتیش مومارەسەکردنی ئەو ئەزموونەیە کە لە نێوان ژیان و مەرگ
دا قەتیس ماوە و مایەی ترس و نیگەرانی مرۆڤە.
لە پەیوەندی لەگەڵ باس و خواس سەبارەت بەچەمکی حەقیقەت، گرنگە لە
دەرگای چەند پرسیارێکی جەوهەری بدەین: ئیشکالیەتی سەنتراڵی سەبارەت بە
چەمکی حەقیقەت وابەستەی پێگەی حەقیقەتە لە هزر و زمان یاخود واقیعی
دەرەکی زمان و هزرە؟ پەیوەندی حەقیقەت بە واقیعەوە چییە؟ ئایا حەقیقەت
وێنەیەکی هەڵگەراوەی واقیعی هزرە و لە رێگەی زمانەوە گوزارەی لێدەکرێت
یا ئایا حەقیقەتێک لە دەرەوەی هزر و زمان هەیە یا نەخێر بەڵکو حەقیقەت
هیچ نییە جگە لە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکیانەی ئەم دووانەیە؟ ئایا
حەقیقەت کیانێکی خودی یا بابەتییە؟ لە هەریەک لەم بارانەش دا ئایا تاکە
یەک حەقیقەت هەیە یاخود حەقیقەت سیفەتی فرەیی هەیە؟ دواتر ئایا حەقیقەت
رێژەیی یان رەهاییە؟ ئایا دیاریکردنی حەقیقەت بە تەنیا کاری عەقڵە یان
خولیا و ئارەزوو و رەمەکی مرۆیی بەشدارن لەم ئەرکەدا؟ ئایا حەقیقەت
بەهایەکی مەعریفی و ئەخلاقی هەیە یا سوودی مرۆڤ پێودانگ و سەنگی مەحەکی
رۆنانی حەقیقەتە؟
تەوەری حەقیقەت و واقیع پەیوەندی هەیە بە باسکردنی سروشتی پەیوندی
نێوان حەقیقەت وەک فیکر و واقیع وەکو گرۆیەک لە بونیادی ماددی، ئەگەر
حەقیقەت لەخۆگری ماناکانی جێگیری و سەقامگیری بێت کە ئەمەش لە دەلالەتە
کلاسیکییەکەی دا هاوواتای واقیعە، واقیعیش هەرشتێکی نەگۆڕ و جێگیرە یا
هەر شتێکە بە شێوەیەکی بابەتییانە لە دەرەوەی هزر و ئیدراکی مرۆڤەوە
هەیە کەوا بی چۆن دەکرێت حەقیقەت هاووێنەی واقیعێکی بزۆک و گۆڕاو بێت؟
بە واتایەکی دی حەقیقەت لە کوێ دایە، لە هزر یا واقیع؟
(پلاتۆ) پێی وایە حەقیقەت بەوەی کە جێگیر و نەگۆڕە ئەوا پێویستە
هاوشێوەی واقیع بێت، لێرەدا مەبەست لە واقیع واقیعی مادی هەستپێکراو و
عەینی نییە، لە دیدی ئەودا جیهانی مادی قەوارەیەکی حەقیقی نییە بەڵکو
تەنها سێبەر یا تارمایی یاخود کۆپی واقیعێکی جیاوازە کە ئەویش جیهانی
نموونەیە، جیهانی نموونە جیهانی حەقیقەتە نەمر و رەهاکانە، ئەم جیهانە
بە نامادی و جێگیر و تەواوکۆ وەسف دەکرێت هەرچی دنیای هەستپێکراوەکانە
ئەوا جیهانی ماددی و بزۆک و گۆڕاو و ناتەواوە ئەوەی یەکەمیان حەقیقییە
و لە رێگەی عەقلەوە و ئەوەی دووەمیشیان خەیاڵییە و لە رێگەی
هەستەکانەوە پەی پێدەبردرێت، لە لای (پلاتۆ) حەقیقەتی مرۆڤ خاسیەتێکی
دوالیستیکی هەیە کە تیایدا مرۆ بۆ دوو کائینی لە یەکدی جوێ شیتەڵ
دەکات، جەستەیەکی ریسوا و فانی، و روحێکی بەهادار و باقی، روحێک لە
سروشتی خوایی، هەرچی دەربارەی خەڵکیشە ئەوا دابەشیان دەکات بۆ دوو پۆلی
سەرەکی: رەشەخەڵک، ئەوانەی کۆتکراو و پێبەندی هەستەکانن، دووەم: پۆلی
دەستەبژێرەکان ئەوانەی توانستی تێکشکاندنی کۆت و بەندی هەستەکان و
تێپەراندنی جیهانی ئەزموونیان هەیە ئەمەش بەبەکارخستنی عەقڵ و
پەیکەلکردنی تێرامان، دوالیزمی پلاتۆ لە روانینەکانی ئەو بۆ مەعریفە
دووبارە رەنگ دەداتەوە لێرەشدا دوو جۆر لە مەعریفەمان پی دەناسێنێت،
مەعریفەیەکی گومانی کە وابەستەی هەستەکانە، مەعریفەیەکی یەقینی کە
وابەستەی عەقڵە، دوو قۆناغ لە نەهجی دیالێکتیکییانەی پلاتۆ دا بوونیان
هەیە: دیالێکتیکی هەڵکشاو(گەران بە دوای حەقیقەت دا)، دیالێکتیکی
داکشاو(راگەیاندنی حەقیقەت)،پلاتۆ - پێی وایە بە مەرامی گەیشتن بە
حەقیقەت لەسەر مرۆڤ پێویستە دەستبەرداری جیهانی مادی ببێت و واز لە
ئاریشە جوزئییەکانی ژیانی بهێنێت و عەقڵی وەگەربخات بۆ دۆزینەوەی ئەو
حەقیقەتەی کە لە جیهانی نموونەدا حەشاردراوە، لە دیدی پلاتۆدا دوالیزمی
جیهانی نموونە - جیهانی هەستپێکراو سەردەکێشی بۆ چەند نەکردەیەک:
نەکردەی دەرکەوتنی جیهانی هەستی لە جیهانی ئایدیالی گیانەکی، نەکردەی
دەرکەوتنی گۆڕاو و داینامیکی لە جێگیر و ستاتیک پاشان فەوتاو لە نەمر.
دواتر جیاوازی حەقیقەت لە بابەتەکەی، کە چۆن دەکرێت شتێک لێرە بێ و
حەقیقەتەکەشی لەوێ ئەم کەلێنە وجودییە لە مابەینی شتێک و سێبەرەکەی
ئەوە بوو کە ئەرستۆ دەیەویست پری بکاتەوە.
(ئەرستۆ) بە مەبەستی پرکردنەوەی ئەو کەلێنەی رامانی پلاتۆ دروستی
کردبوو و بەستنەوەی شتەکان بە حەقیقەتەکانیان و بۆ تێپەراندنی ئەو
نەکردانەی لەسەرەوە نێوم بردن، بە تەواوەتی خۆی لە بیرۆکەی بوونی
جیهانێکی ئایدیالی لە جیهانی بەرهەست جوێ دادەماڵی، ئەو بروای وایە
جیهانی مادی هەستپێکراو تاکە جیهانێکی هەبووە و لە دەرەوەی ئەمەوە
حەقیقەت بوونی نییە هەروەک پێی وایە بۆ چارەسەرکردنی بابەتی پەیوەندی
حەقیقەت بە واقیعەوە گەرەکە لە نەگۆڕ و گۆڕاو بروانین بەو پێیەی دوو
لایەنت بە یەکەوە گرێدراو و بەیەکداچوون و یەکەیەک پێک دەهێنن کە نەگۆڕ
تیایدا هەڵگر و پاڵپشتی گۆڕاوە، واقیعی حەقیقی نەگۆڕیش وایە لە نێو
هەناوی واقیعی هەستی گۆڕاو، ئەم هەیە لەبەرئەوەی ئەو هەیە. بە بۆچوونی
(ئەرستۆ) هەموو شتێک لەم جیهانەدا گوزارشتە لە وێنە و چییەتی(جوهر)،
چییەتی ئەو حەقیقەتە نەگۆڕەیە کە لەسەر مرۆڤ پێویستە لە فۆرمە
رەهاییەکەی دا دەرکی پێ بکات ئەمەش وەدی نایەت لە میانەی لێکچوواندنی
هەستییانەی وێنە دا نەبێت. کەواتە ناسینی وێنەی شتەکان هاریکارە لە
ناسینی جەوهەری شتەکان چونکە بوونی بەرهەست رێگەیەکە بەرەو بوونی
دەرهەست.
(دیکارت) باوەری بە دامەزراندنی حەقیقەت نەبوو لەسەر بناغەی هەستەکان
چونکە لە نەزەری ئەودا هەستەکان هەڵماندەخەڵەتێنن لە بری ئەوەی
راستیمان پێبڵێن حەقیقەتی گومانیمان پێشکەش دەکەن، بانگەشەی دیکارت بۆ
دەربازبوون لە مەعریفەی هەستی مانای تێپەراندنی جیهانی ماتەریالی نییە
بەرەو واقیعێکی غەبییانەی مێتافیزیکی بە واتا دیکارت - نکۆڵی لە بوونی
جیهانی هەستی ناکات لێ وەکو گۆشەنیگایەکی گارانتی کراو لێی ناڕوانێت بۆ
دۆزینەوەی حەقیقەت چونکە لە نەزەری ئەودا حەقیقەت کاری عەقڵە بە تەنها،
حەقیقەتیش ئەو شتەیە کە عەقڵ بە بێ پێویستبوونی بەڵگە و بەشێوەیەکی لە
خۆوەیی پەسەندی دەکات. لە بنەرەت دا حەقیقەت واقیع نییە بەڵکو
هزرگەلێکە لە ئاوەزی مرۆڤ دا. لە کۆجیتۆ بەنێوبانگەکەی دیکارت "من بیر
دەکەمەوە، کەواتە من هەم" لەوە تێدەگەین کە لەلای ئەو تایبەتمەندی
بیرکردنەوە حەقیقەتی بوونی مرۆڤە، کاتێک مرۆڤ لە بیرکردنەوە دەکەوێت
شتێک بە ناوی بوون نامێنێت. بە بۆچونی -دیکارت - رێگەی گەیشتن بە
حەقیقەت بریتییە لە گومانی مەنهەجی، گومان مانای دەرچوونی عەقڵ نییە لە
خودەوە بەرەو دنیای دەرەوە بەڵکو گەڕانەوە رووەو خود دەکاتە مەرجێک بۆ
پێداچوونەوە بە هەر فیکرێک کە مرۆڤ هەیەتی یا هەیبووە(لەوانەش
هەندێکیان بۆماوەیی و برێکی دیشیان بەشێوەی خۆرسک تیایدا چاپ بووە)
ئەمەش لە رێگەی گومانەوە. گومانی مەنهەجی گومانێکی کاتییە، هۆکارە
تاوەکو ئامانج، بە واتا گومان نییە لە پێناو گومان خۆی دا، بەڵکو
وەسیلەیەکی مەعریفییە کە گومان بە پێویست دەگێرێت بە مەرامی گەیشتن بە
حەقیقەتی دڵنییایی، ئەمەش جیاوازە لە گومانی مەزهەبی کە لە خودی خۆیدا
ئامانجە و نکۆڵی توانستی مرۆڤ دەکات لە گەیشتن بە حەقیقەتی دڵنییایی
حەقیقەتێک کە هیچ جیاوازییەک دەربارەی و هیچ گومانێک تیایدا نییە ئەمەش
لە کاتێک دا بە بڕوای دیکارت ئەرکی سەرەکی گومانی مەنهەجی
هاریکاریکردنی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە حەقیقەتێکی بابەتییانەی بێ چەند و
چوون. کردەی گومان بە هزرگەلێک کۆتایی دێت کە چیدی گومان قبوڵ ناکات
مەگەر کۆمەڵێک فیکری خۆرسک و سروشتی نەبێت کە ئەمانەش بنەمای یەقینن
بەڵام حەقیقەت نییە تا ئەو کاتەی لەسەر ئەو پرنسیپانە ئاوا دەبێت کە
لەرێگەی تێگەیشتنی هۆشەکییەوە پەی پێ دەبردرێت لەم میانەیەشەوە و لە
رێگەی بەڵگاندنەوە عەقڵ سەرجەم حەقیقەتە مومکین و ئاوێتەکان
هەڵدەهێنجێت بەمە دەردەکەوێت کە عەقڵ خاڵی دەستپێک و کۆتایی حەقیقەتە.
بەڵام پەیوەندی نێوان ئەو حەقیقەتەی لە رێگەی عەقڵەوە کەشف
دەکرێت و واقیعی بابەتی چییە؟ وەکو یەک
بوونی حەقیقەت و واقیع پرسیارێکی تر زەق دەکاتەوە: چ واقیعێک هاووێنەی
حەقیقەت؟ واقیعی مادی یا شاراوە و چۆن دەکرێت فیکر هاوشێوەی واقیعێکی
پەنهان بێت؟ لە گۆشەنیگای گارانتی خواییەوە دیکارت وای دەبینێت
پەیوەندی وەکیەکبوون مادامێک عەقڵ بە سیفەتی خۆرسکێتییەکەی و واقیعیش
بە تایبەتمەندی و یاسا بابەتییەکانی لەیەک ژێدەرەوە سەردەردێنن(خودا)
کەواتە یەکبوونی سەرچاوەکەیان زامنی وەکیەکبوونیانە. بەمە دیکارت
دەگاتە ئەو باوەرەی کە حەقیقەت لە نێو بازنەی یەقینی تەواوەتی دا
گەمارۆ دراوە(عەقڵ) و مادامێک رێگە لەبەردەم هەستەکان دا بە تەواوەتی
داخراوە کەواتە هیچ بوارێک بۆ گومان نامێنێتەوە بەڵام دەکرێت حەقیقەت
هۆشەکییەکی پەتی بێت؟ و چۆن عەقڵ دەتوانێت پەی بە حەقیقەتی واقیع بەرێت
بە بێ بوونی پەیوەندیەکی راستەوخۆ پێیەوە؟ ئەمە لایەنێکی نەشیاوی
عەقڵانیەتی دیکارتە کە کانت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات.
دەکرێ بڵێین ئەو نزیکبوونەوانەی پێشتر باسمان کرد دەربارەی حەقیقەت
سەرباری جیاوانی جەوهەری نێوانیان بەڵام بە لایەنی کەمەوە لە دوو
تایبەتمەندی بە یەکدی دەگەن، ئەوانیش: لە یەک گۆشەوە سەیری حەقیقەت
دەکرێت یا بە شێوەیەکی بابەتییانی پەتی بۆ وێنە پلاتۆ چییەتی ئەرستۆ
یاخود بە چەشنێکی خودییانەی پەتی بۆ وێنە بیرۆکەی خۆرسکییانەی دیکارتی
کە بە شێوەی بابەتێکی ئامادەی برێنراوە(واقیعی یا عەقڵی)لە حەقیقەت
دەروانێت .کانت زیاتر بە ئەزموونگەراکان و ریچکەی توێژینەوەی باوی
سەردەمەکەی کاریگەر بوو(مەنهەجی نیوتن و گالیلۆ لە فیزیادا) لە
لای کانت حەقیقەت نابابەتی و ناخودی نییە هەروەک پێدراوێکیش نییە بەو
مانایەی نە لەنێو فیکر و واقیع نە لە دەرەوەی ئەم دووانەش بە شێوەی
حازربەدەست نییە بەڵکو لە بری ئەوە حەقیقەت زادەی کارلێکی فیکر و
واقیعە، رۆڵی عەقل بەرێوەبردن و رێکخستنی کارلێکی ئەم دووانەیە لە
رێگەی پێدراوەکانی ئەزموونی هەستی و ئیزافەکردنی تێگەیشتنی وێنە و شێوە
، حەقیقەتیش پێویستی بە مادە و وێنە، فیکر و واقع بە یەکەوە هەیە.
لەلای هایدگەریش حەقیقەت تاموبۆیەکی تر و چەمکێکی دی وەردەگرێت، لە
دیدی ئەودا حەقیقەت لە بوون دایە، مادامێک بوون ناتوانێت گوزارشت لە
خۆی بکات و کەشفی حەقیقەتی خۆی بکات کەواتە پێویستی بە یەکێکە بەم
کردەیە هەڵبستێت کە بە بروای ئەم مرۆڤ ئەو تاکە مەخلوقەیە کە تیایدا
حەقیقەت تەجەلا دەکات ئەمەش نا لەبەرئەوەی بیر دەکاتەوە بەڵکو
لەبەرئەوەی دەدوێ و دەپەیڤێ و تەعبیر دەکات، لە کن هایدگەر مرۆڤ
رۆشنایی حەقیقەتە لە شەوەزەنگی هەبوون دا، حەقیقەت فیکرێک نییە لە
دەرەوە بەخشرابێتە بوون وەک چۆن دیکارت و کانت بانگەشەیان دەکرد بەڵکو
لە قوڵایی بوونی خۆی دایە مرۆڤیش هیچ نییە جگە لە زمانحاڵی بوون.
هەرچی پەرەسەندنی زانستیشە ئەوا دوو ئەدگاری رێژەیی و بابەتی دەبەخشێتە
حەقیقەت، رێژەیی بوونی حەقیقەت لە زانست دا لە بەیەکەوەگرێدانی مەعریفە
بە بابەتەکەیەوە و بە ئامرازە بەکارخستراوەکانی توێژینەوە تیایدا و
ئاستی پەرەسەندنی تیۆرە زانستییەکان کە ئەمانە خۆیان بە رێژەیی
دەمێننەوە و شایەنی راستکردنەوەو پێداچوونەوەن. هەرچی بابەتی بوونی
حەقیقەتیشە ئەوا لە سەر دوو جۆر لە زەرورەتی عەقڵی دادەمەزرێت،
زەرورەتی وێنەیی(شێوگی لۆجیکی و ماتماتیکی لە تیۆرە زانستییەکان دا)،
زەرورەتی ئەزموونی(رێگەی سەلماندنی راستی تیۆرەکە).
تەوەری جۆرەکانی حەقیقەت پەیوستە بەو بوارەی کە حەقیقەت لێوەی هێزی خۆی
وەردەگرێت بە مەبەستی رازیکردن(اقناع)، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا دوو جۆر
لە هۆکارگەلی رازیکردن دەبینین: هۆکارگەلی خودی، کە ئەم جٶرە لە نێو
حەقیقەت خۆی دایە لە شێوەی بەلگە و گوتار و دیالۆگ.... ئەو هۆکارانەی
لە دەرەوەی حەقیقەتن و زیاتر پەیوەندیدارن بە دەسەڵاتەوە وەک
بەرهەمهێنەری حەقیقەت و داکۆکی لێ کردنی جۆری یەکەم شیوەی جیاجیا
وەردەگرێت و تیایدا هەر حەقیقەتێک بەڵگەی پێویستە کە ئەمەش جیاوازە بە
جیاوازی یاستی خەڵکی لە تەسدیقکردنی دا ئەوەی تریش سۆفستاییە.
ئایا ئەوەی کە حەقیقییە ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی کە ناحەقیقییە؟ یاخود ئەوەی
کە نا حەقیقیە(هەڵە، درۆ، وەهم) دەکرێت لە دەرەوەی حەقیقەتەوە هەبێت؟
پاشان ئایا پەیوەندی نێوانیان بە یەکەوە لکاویە یا لە یەک جوداییە؟
(دیکارت) پێی وایە مرۆڤ هەڵە ناکات تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بریار لە
سەر شتێک دەدات کە مەعریفەیەکی وردی لەبەردەست دا نییە و وای دادەنێت
کە حەقیقەت بوونێکی ساکار گونجاو و رۆشنە، هەروا ئەوەی کە حەقیقییە بە
گوێرەی عەقڵ شتێکی بەدیهییە و هیچ پێویستی بە بەڵگە نییە و تەواو
جیاوازە لەوەی کە حەقیقی نییە، دیکارت - حەقیقەت بەو رووناکییە
دەچوێنێت کە بە بێ بوونی هیچ سەنەدێک دەناسرێت، نا حەقیقیش وەکو تاریکی
وایە لە دەرەوەی رووناکی، فیکری دروست بۆ هەمیشە راست و پێچەوانەکەشی
بۆ هەمیشە هەڵەیە، ئەم بۆچوونە جیاکاریە لە نێوان حەقیقەت و دژەکەی لە
بەرژەوەندی ئەو روانینە کەوتەوە کە پێی وایە پەیوەندی نێوان حەقیقەت و
دژەکانی پەیوەندییەکی بەیەکداچوونە ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە
دەرکەوتنی بیری دیالێکتیک لە لایەن (هیگڵ و مارکس)، هەروەها رەخنەی
دیالێکتیکی عەقڵ کە ئەمە لەگەڵ نیچە شێوەیەکی فەلسەفی و لەگەڵ مارکس
سۆسیۆلۆجی و لەگەڵ فرۆیدیش شێوەیەکی دەروونی وەرگرت.
لە رێگەی شیکاری دیالێکتیکیەوە، هیگڵ- ئەوەی روون کردووەتەوە هەر شتێک
لە هەناوی خۆی دا دژەکەی خۆی هەڵدەگرێت،لەم روانگە دیالێکتیکیەوە،
هەڵە، دژبوونی دیالێکتیکیانەی حەقیقەتە بە واتا بنەما و پێکهێنەری
حەقیقەتە. هەرچی (باشلار)ە ئەوا پێی وایە حەقیقەتی زانستی هەڵەیەکە کە
راست کراوەتەوە(مێژووی زانست مێژووی هەڵەکانی زانستە) هەروەها هەموو
مەعریفەیەکی زانستی لە خودی خۆیدا هەڵگری کۆمەڵێک ئاستەنگی
ئێپستیمۆلۆجییە کە دەبێتە هۆی هاتنەئارای هەڵە، یەکەم ئاستەنگیش گومان
یاخود پێش بۆچوونە ئەمەش بەو مانایەی حەقیقەت بە تاوێک لە دایک نابێت
بۆیە هەوڵە بەراییەکانی مرۆڤ لە گەڕان بەدووی حەقیقەت هیچ نییە جگە لە
هەڵە، کەشفکردنی هەڵە و تێپەڕاندنی هەڵهێنانی یەکەم هەنگاوە رووەو
حەقیقەت. ئیدگار مۆران - دەڵێت بیرۆکەی حەقیقەت گەورەترین سەرچاوەی
هەڵەیە هەر بۆیە ئەو بە پێداگرییەوە ئەوە دەخاتەڕوو کە گوتاری زانستی
ناتوانێت هەڵگری حەقیقەتی پوخت و رەها بێت. هەرچی (نیچە)شە ئەوا پێی
وایە حەقیقەت وەهمە ئەمەش بە هۆی لە بیرکردنی چاوگ و ئەرکی زمان چونکە
زمان هیچ نییە جکە لە کۆمەڵێک مێتافۆر و لێکچوواندن کە بە وێنەی شیعری
و رەوانبێژییەوە ئارایشت دەکرێن کە ئەمەش گەیشتن بە حەقیقەت لە رێگەی
وشەوە یاخود گەیشتن بە گوزارشتێکی چوونیەکی واقیع یان قەوارەی رەسەنی
شتەکان تا رادەیەک دژوار دەکات، نیچە - پێی وایە خواستی دەستەبەرکردنی
ژیانێکی ئاسایش و سەقامگیر بەرهەمهێنەری وەهمە چونکە بناغەی بوونی
مرۆیی لەسەر زەمینەی ململانێ لە پێناو مانەوەدا دامەزراوە(یا هۆبز
گوتەنی جەنگی گشت دژ بە گشت)، بەڵام ویستی مانەوە دنەی مرۆڤ دەدات بۆ
بەکارهێنانی عەقل بە مەبەستی بەرهەمهێنانی وەهم، بەم شێوەیە دەبینین
وەهم بە ژیانی مرۆڤەوە نووساوە چونکە گارانتی بەردەوامی و مانەوەی
مرۆڤە. (نیچە) دواجار وای دەبینێت ئەوەی کە خەڵک بە حەقیقەتی دەزانێت و
دەیپیرۆزێنێت هیچ نییە لە وەهمێک زیاتر.
باوەڕی مرۆڤ بە حەقیقەت و کۆششی بێ بڕانەوەی ئەو بە دوای حەقیقەت دا
کارێکی زەروریە بۆ بەردەوامبوونی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بەڵام
لێرەدا پرسیارێکی گرنگ سەر دەردێنێت، حەقیقەت نرخ و بەهای خۆی لە کوێوە
هەڵدەهێنجێت؟ چی وادەکات حەقیقەت خوازراو بێت و ئامانجی هەوڵ و
تەقەلاکانی مرۆڤ بێت؟ بەرسڤی ئەم پرسیارانە کۆنە و تەنانەت پێش فیکری
فەلسەفی کەوتووە بە جۆرێک کە فەیلەسوفانی گریک پێیان وابوو بەهای
حەقیقەت لە خودی حەقیقەت خۆی دایە، ئەوەی وا دەکات بەم جۆرە بێت
حەقیقەتێکی پاک و بێگەرد و موتەعالییە کە مرۆڤ هەوڵی بۆ دەدات کە ئەمەش
خاڵییە لە هەرچەشنە مەفایەکی مادی، لە لای مرۆڤ حەقیقەت ئامانجی گشت
مەعریفەیەکە، مادامێک کارەکە بەم جۆرەیە کەواتە حەقیقەتی فەلسەفی تاکە
حەقیقەتێکە بە بەهای راستییەوە دەخوڕێت چێژی لێدەبات، ئەم روانینە چەند
سەدەیەک بەردەوامی بە مانەوەی خۆیدا، بەڵام لە سەردەمی نوێ دا، لە
چەرخی شۆرشی زانستی دا گرنگیدانێکی فرە بە حەقیقەتی زانستی
ئەزموونگەرایی وەکو حەقیقەتێکی خودان بەها دەبینین، ئاگۆست کانت -
پەسنی مەعریفەی زانستی و رێچکە ئەزموونگەراییەکەی دەکات و پێی وایە
حەقیقەتی کردەیی خاوەنی بەها نییە تەنها ئەو کاتە نەبێت کە بە شێوەیەکی
ئەزموونی دەسەلمێنرێت، هەر بەم رێگەیەش دەتوانین حەقیقەت و نا حەقیقەت
لە یەکدی جوێ بکەینەوە، - پۆزەتیڤیزمی لۆجیکیش ئەم بیرۆکەیەی گەیاندە
دوورترین تخووبەکانی بە جۆرێک کە شایانی سەلماندن بوو بە پێوەری
جیاکردنەوەی حەقیقەت و نا حەقیقەت ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حەقیقەتی
ئاینی و فەلسەفی خاوەنی بەها نین مادامێک پێوەری سەلماندن تیایان دا
غائیبە کەواتە ئەمانە حەقیقەت نین بەڵکو هاوشێوەی حەقیقەتن، بەڵام لە
لای ئاراستەی (پراگماتیزم) حەقیقەت پێوەرێکی دی وەردەگرێت لێرەدا بەهای
حەقیقەت بەستراوەتەوە بەو سوود و بەرژەوەندییەی لێیەوە دەکەوێتەوە
هەروەک وابەستەیە بە چەندێتی ئەو کەڵکەی هەیەتی لە گۆرینی فیکر و واقیع
بە یەکەوە کەواتە هەر فیکرێک کردەیی بێت و خودان بەرەنجامی باشە بێت
ئەوا فیکرێکی حەقیقیە یا خودی حەقیقەتە. بەستنەوەی حەقیقەت بە سوودەوە،
لە لای کانت، کارێکی نەکردەیە ئەمەش لەبەر دوو هۆ، یەکەمین ئەوەی کە
حەقیقەت دەبێتە رێژەیی و لەم بارەشدا حەقیقەت و دژەکەی تێکەڵی یەکتر
دەبن. دووەمیان بە شێوەیەکی تایبەت ئەگەر وەهامان دانا حەقیقەتی
ئەخلاقی بێ سوودە ئەوا بە ناچاری پەنا دەبەینە بەر ناحەقیقی ئەمەش
دواجار دەبێتە هۆی هاتنەئارای شەڕ و کاولکاری و تێکچوونی شیرازەی
پپەیوەندییە مرۆییەکان، کەواتە مرۆڤ چیدی پێوەری گشت شتەکان نییە چونکە
ئەگەر بڕیار بێت حەقیقەت وابەستەی مرۆڤ بێت ئەوا مەرجدارە بە ئەرکێکی
ئەخلاقی، ئەرکێکی هەمەکی و گەردوونی کە هیچ تاکێک لێی ریزپەڕ ناکرێت.
بەڵام (بێرگسۆن) پێی وایە بەهای کردەیی حەقیقەت لە تێپەڕاندنی روانینی
نەریتی نرخی حەقیقەت دا بەیان دەبێت، بۆیە حەقیقەت کۆپی هیچ شتیک نییە
بەڵکو راگەیاندنی ئەوەیە کە لە داهاتوودا دەبێت و ئامادەکارییە بۆ
ئایندە، بەهای حەقیقەتیش لە ئامادەسازی مەعریفەی مرۆڤ بۆ پێشکەوتنی
ئەوەی کە روودەدات دا پەنهانە.
shamirmawlan@ymail.com
|