په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٨\٢٠١٧

دەرربارەی ھەڵوێستی کۆمۆنیستیی بەرامبەر گشتپرسیی کوردستان!


عەبدوڵا ساڵح    

 

لە مێژوی ھاوچەرخی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بە گشتی ، کەمتر بابەتێک ئەوەندە کۆمەڵگای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە وەک ئەم بابەتی گشتپرسییە ، ئەم بابەتە کۆمەڵگای شەق کردوە بە دوو بەش ، کەمپی ( بەڵێ ) و کەمپی ( نەخێر ) ، ھەریەک لەم دوو کەمپە بیانو و بەڵگەی خۆیان ھەیە.


لێرەدا من نە دەچمە سەرباسی بەڵگەو بیانوی حیزبە قەومیە بۆرجوازیەکانی کو‌ردستان ، وە نە باسی ئامانجەکانیان لەو گشتپرسییە ،چونکە ئەوەی لەو وڵاتە بژی بێشک لەلای ڕونە تا چ ئەندازەیەک ئەم دەسەڵاتە سەرکوتکەر و گەندەڵە،‌ بەجۆرێک کە ڕەنگە نمونەی کەم بێ یا ھەر نەبێ لە دنیادا ! ئەوەی لێرەدا دەمەوێ فۆکۆسی بکەمە سەر ھەڵوێستی ھەندێک لە کۆمۆنیستەکانە چ وەک حیزب یا کەسایەتی سیاسی کە بە بەڵێ لەگەڵ ئەم گشتپرسییەن و بانگەوازی جەماوەر دەکەن بچنە پای سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە بەڵێ بدەن.


بەڵگەی ئەم ھاوڕێیانە ئەوەیە کە کوردستان کێشەیەکی قانونی ھەیە لەگەڵ عێراق کە پێوەی لکاوە ئەمە وای کردوە کێشەی نەتەوایەتی ، لانی کەم لە ڕوی قانونیەوە ، ھەروا بە ھەڵاواسراوی بمێنێتەوە ، جیا لەوەش فیدرالیزمی قەومی فەشەلی خۆی ئیسپات کردوە ، بەجیا بوونەوەی کوردستان لە عێراق و پێکھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەڕە لە ژێر پێی ناسیونالیزمی کورد دەردەھێنرێ و ئیتر چیدیکە ناتوانێ شان خاڵی کا لە ئاقار داخوازیەکانی خەڵک بە بیانوی بوونی حکومەتی مەرکەزی ، بەم شێوەیە خەباتی چینایەتی شەفاف تر دەبێ و خەباتی کۆمۆنیستەکانیش ئاسانتر و خێراتر دەڕواتە پێش.


ماوەیەک لەمەو بەر لەسەر پەیجەکەی خۆم لە فەیسبوک بیرۆکەیەکم نوسیبوو بە ھەردووک زمانی عەرەبی و کوردی ، تیایدا ڕەخنەم گرتبوو لەو ھەڵوێستەی بەشێک لە کۆمۆنیستەکان چ وەک حیزب یا وەک کەسایەتی ، کە داوای دەنگ دان دەکەن بە - بەڵێ - بۆ ئەم گشتپرسییە و نوسیبوم ( دەمامکەکان کەوتن ) ئەوەش وای کرد ھەندێک لەو ھاوڕێیانە ناڕەحەت و دڵگران بن ، لێرەدا جێگای ئەسەفە ئەگەر ھەستی کەسیانم بریندار کردبێ کە من ڕێزی زۆرم ھەیە بۆیان ، دواتر دێمە سەر ئەو باسە . ئەم کورتە بیرۆکەیەی من پەرچەکرداری زۆری لێکەوتەوە ، وەک نمونە بەم شێوەیەی خوارەوە باسیان کردبوو ، ( تووند ) ،‌ ( تەنیا بیرۆکەیەکە ) ، ( لێدوانی نامەسئولانە ) ، ( ھێڵی سوور دادەنێین لەگەڵ تۆ ) ، ( میدالیای کۆمۆنیست بوون دابەش دەکا ) ، ( ئەلتەرناتیڤت چی یە ؟ ) ، و ھەندێکیش ووشەی ( تەخوین ) ی بەکار ھێنابوو وەک تەخوینەکەی بارزانی لەقەڵەمیان دابوو ! کە گوایە قسەکەی منیش شتێکە لەوبابەتە ! لەلای خۆمەوە وەڵامی ھیچ کام لەم ھاوڕێیانەم نەدایەوە ، تەنیا کەسێک نەبێ کە زیاد پێی لێ ھەڵبڕیبوو لە چوار چێوەی ھەموو جۆرە عورفێکی سیاسی چووبوە دەرێ، ئیتر ناچار دەبوو دەم و دەست وەڵامی بدەمەوە و ھەرواشم کرد، دیار بوو دواتر پەشیمانیان کردبۆوە ، ھەندێک ھاوڕێش بە جۆرێ لە جۆرەکان ھاوڕا بوون لەگەڵم ،لەڕاستیدا ویستم تەعلیقەکان تەواو بن ئەمجا بەیەک نووسین وەڵامیان بدەمەوە ئەویش ئەم نووسینەی ئێستایە کە لە بەردەستانە.


سەرەتا پێویستە بڵێم من لەو دەڕبڕینەی خۆمدا مەبەستم ئیھانەی ھیچ کەس نەبووە ، یا شکم دانابێ لە کۆمۆنیست بوونی کەسێک ، یا مێژووی خەباتی کەسم خستبێتە ژێر پرسیارەوە ، ئەگەر بیرۆکەکەم وا لێکدرابێتەوە ئەوە یا من وورد نەبووم لە دەربڕینەکەدا ، یا بەرامبەرەکەم خراپی لێ تێگەیشتوە ! من باسی سیاسەتێکی دیاریکراو دەکەم و بە سیاسەتێکی ناکۆمۆنیستیی لەقەڵەم دەدەم ، وە دەستەواژەی ( دەمامکەکان کەوتن ) پەیوەندی بەم ڕەخنەوە ھەیە ئەویش زادەی بۆچونێکی دیاریکراوە دەربارەی ھەڵوێستێک کە من بە ناکۆمۆنیستیی لەقەڵەمی دەدەم ، ھەڵوێستی حزبێک بێ یاخود کەسایەتیەک ، دواتر ورد تر باسی دەکەم.


باسەکە ئەوەندە سادە نیە( تەنیا بیرۆکەیەک ) بێت ، نەخێر وانیە ، من باسی سیاسەتێکی ناکۆمۆنستی دەکەم ، سیاسەتێک کە لە ناو کۆمەڵگادا جێکەوتووە لە ھەل و مەرجێکدا کە جەنگێک لە نێو ئەو کۆمەڵگایەدا بەرپا بووە لە نێوان دوو جەمسەری جیاواز دەربارەی مەسەلەیەکی تاکتیکی دیاری کراو ،ئەم ڕەخنەیە لەھەڵوێستی ئەو ھاوڕیانەوە دەربارەی ئەم جەنگە ی ھەر ئێستا لە ئارادایە و چ ھەڵوێستێکی دیکە بەدوای خۆیدا دێنێ، سەرچاوە دەگرێ ،وە پرسیارێک ڕوبەڕویان دەبێتەوە کە: ئایا ئێوە لە کوێدا وەستاون!؟


ھەڵوێستی سیاسی خۆی لە خۆیدا تاکتیکێکی سیاسی عەمەلیە ، ئەوەی لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا دەڵێ تەنیا تاکتیکێکە، دەبێ ئەوە بزانێ کە زوربەی ھەرە زۆری خیلاف و گفتوگۆکان لە ناو بزوتنەوەی کۆمۆنستیدا بەدەوری تاکتیکی سیاسیدا دەربارەی ئەم کێشەیە یا ئەویان کە ھاتۆتە بەردەم بزوتنەوەکە دەخولێتەوە . بزوتنەوەی سۆشیال دیموکرات لە جەنگی یەکەمی جیھانیدا، بوو بە دوو کەرتەوە و ئومەمیەتی دووەم ئیفلاسی کرد ، ھەموو ئەوباسانەی بەدوای خۆیدا ھێنانی دەربارەی تاکتیکی شۆڕشگێرانەی ئومەمی بوو لە بەرامبەر ئەم شەڕەدا ، ئەویش یا تاکتیکی ساتو سەوداو کلکایەتی بۆ بۆرجوازی قەومی ھەر ووڵاتێک و ڕیزبەندی لە تەکیاندا ، یا گرتنەبەری ھەڵوێستێکی سۆشیالستی ئومەمی لەو شەڕە ھەروەک چۆن لینین و ھاوڕێکانی بەبەردەوامی پێیان لەسەر دادەگرت ، ھەموو لایەک ئەوە دەزانین بۆیە پێویست بە قسەی زیاتر ناکا لەو بارەیەوە.


پرسی گشتپرسیی و جیابوونەوە دوو پرسی ئەوەندە گرنگ نین بە بەراورد لەگەڵ جەنگی جیھانی یەکەم ، من پێم وایە سیاسەتی دواکەوتنی ‌بۆرجوازی قەومی کوردی و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان تاکتیکێکی سیاسیە،‌ نە لە دوور و نە لە نزیک ھیچ پەیوەندیەکی بە سیاسەتی کۆمۆنستی کرێکاریەوە نیە . ئەومڕو لە ناو کۆمەڵگادا جەنگێک لە ئارادایە لە نێوان چینە کۆمەڵایەتیەکان تەنانەت پێش گشتپرسییش، ئەم جەنگە دوای گشتپرسییش ھەر بەردەوام دەبێ ، ئەمڕۆ کەمپێکی زۆ‌رگەورە و فراوان ھەیە کە زوربەی ھەرە زۆری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و کەم دەرامەدو دەست کورت لە خۆ دەگرێ ئەویش کەمپی - نەخێر - ە ، جەماوەرێکی بەر فراوان ڕۆژانە پڕبەدەمی ھاوار دەکا و نایەوێ لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دا بمێنێتەوە کە تەجروبەی تاڵی لەگەڵدا ھەیە وبۆی دەرکەوتوە تا چ ئەندازەیەک بە بەرژەوەندی ئەوانەوە نامۆیەو دوورە لێی ‌، ھەڵوێستێک ئەو دەسەڵاتە ڕەفز دەکا کە ھیلاک و ماندوی کردووە ، تاڵانی کردووە ، کوشتویەتی ، تیرۆری کردووە ، دەنگی ئازادی کپ کردووە ، دایپڵۆسیوە ........ کەواتە بینینی ئەو کۆمۆنیستانە کە ئەو تاکتیکە دەگرنە بەر و دەچنە ناو کەمپی دەسەڵاتەوە ، بەدەر لەوەی نیەت و بۆچونەکانیان چیە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە وە بەھەر بیانویەکیشەوە بێ ، بێشک ئەم سیاسەتە توشی ڕەخنەی زۆر توند دەبێ ، جێگای ئەو کۆمۆنیستانە لە نێو ڕیزی ئەم جەماوەرە دایە نەک وەستانەوە بەرامبەری . لەبری باس و جەدەل لەسەر ئەم ھەڵوێستە بەشێک لەم ھاوڕێیانە دێن و باسی ھەڵوێستی خۆیان دەکەن بێئەوەی بچنە نێو ناوەرۆکی بابەتەکەوە ، لێرەدا مەبەستم ھیچ کەس و لایەنێک نیە بەدیاریکراوی بەو ئەندازەی مەبەستم ئەو ھەڵوێستانەیە کە گیراونەبەر لەبەرامبەر کەمپی - بەڵێ - لەناو کۆمۆنیستەکان دا.


مەسەلەی مانەوە یا جیا بوونەوە لە عێراق مەسەلەیەکی ( ئیسپاتی ) نیە - لێرەدا بە پێویستی دەزانم سەرنجی ھاوڕێیان بۆ باسێکی مەنسور حیکمەت ڕاکێشم دەربارەی گرنگی نەفی کردن ، یان نەخێر لە مەنھەجی سیاسی شۆڕشگێردا کە مەبەستیەتی دنیا بگۆڕێ - بەڵکو مەسەلەی ھاوارێکی گەورەیە لەلایەن جەماوەری بێبەشەوە ، ھاوارێک دەنگی - نەخێر - بەرز دەکاتەوە بەڕوی ئەم دەسەڵاتە کە دەیەوێ خۆی بگۆڕێ لە دەسەڵاتێکی پاشکۆی عێراق بۆ دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و یەکدەست تاکو بەبێ ھیچ سڵکردنەوەیەک دەستبداتە گەورەترین تاوان بەرامبەر ئەم جەماوەرە بە بیانوی ( بەدیھێنانی ویست و ئارەزوی قەومی ) ، دەسەڵاتێک دەیەوێ شەرعیەتی نێو دەوڵەتی بدات بە سەرکوتکردنەکەی ، لێرەدا جەماوەر ھاوار دەکا و دەڵێ نا بۆ ئەم دەوڵەتە ، ئێوەش دێن و دەچنە نێو ڕیزی ئەم دەسەڵاتە بۆ بەدیھێنانی ئەم سیاسەتە!


ئەم ھەل و مەرجەو ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە گەورەیە بێشک زۆر توێژی ناو کۆمەڵی لە خۆی گرتوە و ھەر یەکە بە دوای ئەجیندای خۆیەوەیەتی ، بەڵام لەدوا شیکردنەوەدا نایەوێ دوای ئەم کەمپی دەسەڵاتە بکەوێ ، ئەم - نەخێر - ە گەورەیەیە کە دەبێتە رێڕەوی سیاسی ئەم کۆمەڵگایە و ئێوەش ھاتون خۆتان خستۆتە بەرامبەر ئەم - نەخێر - ە گەورەیە!


من باوەڕم وایە ودڵنیام و بە حوکمی ڕێڕەوی مێژوو ھەڵوێستی مەبدەئی کۆمۆنیستەکان چونە ناو ڕیزی ئەم جەماوەرەیە کە ئەم دەسەلاتە و سیاسەتەکانی ڕەفز دەکا واتە چونە ناو کەمپی - نەخێر -.


ھەندێک ھاوڕێ تۆمەتبارمان دەکەن گوایە سەرمان خستۆتە نێو لمەوە و واقیع نابینین ،جێگای خۆیەتی لێیان بپرسین کاممان ئەو واقیعە وەک خۆی نابینین کە ھەر ئێستا ھەیە!؟



دەربارەی مەسەلەی ( تەخوین ) سەرەتا پێویستە بڵێم جێگای داخە بە گوێرەی لۆجیکی کەسێکی بۆرجوازی قەومی دواکەوتوی وەک بارزانی بیر بکەینەوە ، کاتێک ئەو، یا دار ودەستەکەی ، ئەم ووشەیە بەکار دێنن مەبەستیانە دوا ڕۆژ کە یەکدەست بوونەوە لەدەسەڵاتدا ھەموو - نەخێر - بێژەکان بە تۆمەتی ( خیانەت ) بدەنە دادگا ! نەک تەنانەت خیانەت بگرە خیانەتی گەورە ! کە من پێت دەڵێم ، بۆ نمونە ، یا تۆ پێم دەڵێی کۆمۆنیست نی، ئەوە بەمانای ( تەخوین ) نیە،‌ ملیۆنەھا خەڵکی شەریف و ئازادیخواز و ئینساندۆست لە نێو کۆمەڵگادا ھەن و شیوعیش نین ، ئەمجا وەرن با بپرسین ئەم تەقدیسە دینیە چیە دەیدەن بەم جەنگە ؟ خائین و غەیرە خائین !؟ کۆمۆنیزم ژیانە ، وەک مەنسور حیکمەت دەڵێ ، بزوتنەوەیەکی فیکری واقیعی ھەر ئێستا مەوجودو لە جەرەیاندایە ‌ ، ڕەنگە ھەڵە ش بکا و ڕاستیش بکا ، دەکرێ پێم بڵێی تۆ ھەڵەی ، بەڵام نابێ بیرت بچێ کە ئەم ڕەخنەی ئێمە لە قەڵەمڕەوی لۆجیکی سیاسی کۆمۆنیستیی دایە نەک لۆجیکی (تەخوین)ی بۆرجوازی.


لێرەدا پرسیارێک بۆ خۆم دێتە پێش:


ئەم بیرۆکەیەم لە کوێوە بۆ ھات ؟ بێ دەلیل بوو؟ ھەروا بێبەڵگە ڕەخنەدەگرم ؟‌ وەڵامەکە زۆر سادەیە ، نەخێر ، بە بڕوای من لەسەر بنەمای بەتەنگەوە بوونمە بۆ کۆمۆنیزم و بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکاربەتایبەتی ،وەبەرژەوەندی جەماوەری بەشخوراو بە شێوەیەکی گشتی ، چونکە باوەڕم بە کۆمۆنیزمی کرێکاریەو ، لەسەر بنەمای تاقیکردنەوەی خەباتی چەند دەیەم لە ڕیزی ئەم بزوتنەوەیەدا دەبێ بەتەنگەوە بم و پێداگرم لەسەر ئەوەی حیزبە سیاسیەکانی بەرەو پەراوێز نەچن و لە ئامانجی خۆیان دوور نەکەونەوە.


بەڵێ ئەمە سیاسەتێکی کۆمۆنیستیی نیە و ھیچ پەیوەندی بە کرێکارو بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیەوە نیە و ھەڵدێرێکی ترسناکە زەرەر بە بەرژەوەندیە دوور و نزیکەکانی دەگەیەنێ . ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی کەمپی - نەخێر - مافی خۆیانە بپرسن چۆن دەکرێ کۆمۆنیستەکان بەسەر ئەم ھەموو نەھامەتیەدا بازدەن کە ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانە دروستیان کردوە لەماوەی ٢٦ ساڵ حوکمڕانیاندا ؟ دەبوو کۆمۆنیستەکان پێشەنگ بان لە پەردەھەڵماڵین لەسەر ڕوی ئەم واقیعە تاڵەی باڵی کێشاوە بەسەر ژیان و گوزەرانیاندا ، واقعێک کە تەنیا مشتێک سەرمایەدارو سیاسەتمەداری مشە خۆر سودمەندن لێی ! بەڕاستی ئەمە بازدانە لە بۆشایی دا!
 

ھەندێک باسی زوڵمی قەومی دەکەن و بیریان دەچێت کە ئەوەی سەرکوت دەکا ، لێدەدا ، دەگرێ ، دەکوژێ ، تیرۆر دەکا ، دەدزێ و....... عەرەب زمان نیە!

 

ئێستا نەوەیەک لەکوردستاندایە پێگەیوە تەنانەت عەرەبیش نازانێ.


بابەتێکی زۆر گرنگی تر بارۆ دۆخی کەمایەتیەکانە لە کوردستان کە لەسەر بنەمای قەومی زوڵمیان لێدەکرێ تەھجیر دەکرێن مافیان پێشێلدەکرێ و سوکایەتیان پێدەکرێ ، ئەگەر لە نزیکەوە بیان دوێنی ھەمان ئەو حاڵەتەت بۆ باس دەکەن کە بەسەر کورد زمانەکان دەھات لە کاتی دەسەڵاتە قەومیە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق . ئاخۆ ئەوانە دەبێ حاڵیان چۆن بێ لەسایەی دەوڵەتی کوردیدا؟


بابەتەکی دیکەی زۆر گرنگ مەسەلەی ناوچە کێشە لەسەرەکانە ، ئاخۆ کەمپی - بەڵێ - بیریان لەوە کردۆتەوە کە ئیمکانی بەرپابوونی جەنگێکی قەومی کە تەنیا بڵێسەیەکی بەسە بۆ داگیرسان ، زۆر نزیکە و ھەموو پێداویستیەکانی ئامادەن ؟ داگیرسێنەر چ بارزانی بێ و چ عەببادی لەو مەسەلەیە ناگۆڕێ کە ھەردوکیان دوا شتێک بیری لێبکەنەوە ماڵوێرانی زیاتری ئەو خەڵکەیە ،ئاخۆ قوربانیەکانی کێ دەبن ؟ ئایا ھەر ئەو چین و توێژانە نین کە ئێمەی کۆمۆنیست بڕیارە بەرگریان لێبکەین ؟ ئەی باشە چارەنوسی ھاوچینەکانمان لە باقی بەشەکانی عێراق چی ؟ دوو بارە ھەر ئەوان نابن بە کەرەستەی ھەر جەنگێک ، قەومی بێ یا تایفی ھەر وەک ئێستا لە شەڕی دژی داعش دا؟


سەرباری ھەموو ئەوانەش ھەڵوێستی ھێزە نێو دەوڵەتیەکانە لەبەرامبەر ئەم گشتپرسییە ، ئەوە جیا لەوەی ووڵاتانی دراوسێ بە ئاشکراو بێپەردە دوژمنایەتی دەکەن ، ھەر ئەم ھەڕەشانە وای کردوە ھەر ئێستا نرخی خۆراک لەبازاڕدا بەرزبێتەوە تەنانەت پێش گشتپرسییەکەش سەرباری ئەم دۆخە ئابوریە نالەبارە ، یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانی ھەر ئەو دەسەڵاتە ووشیاری دا لە بەرز بوونەی نرخی کاڵاکان بۆ چەند بەرابەر لە کاتی بەرپاکردنی گشتپرسییدا ، ئەگەر بارزانی برسیەتی خەڵکی لا گرنگ نەبێ وەک خۆی دەڵێ (با لەبرسانا بمرین باشترە لەوەی دەوڵەتمان نەبێ) ، ئەی باشە ئێمەی کۆمۆنیست دەڵێین چی!؟


بەڕاستی جورئەتێکی زۆری دەوێ تا لە لەکەمپی ئەو ھێزە بۆرژوازی و قەومیانەدابی واتە کەمپی - بەڵێ - ، کەمپی دەسەڵات، وە ئومێدت پێی بێ ، ئەویش ئومێدێکی موزەیەف نەک واقعی ، و لە ھەمانکاتدا پشت بکەیتە ئەم کەمپە پان و بەرینەی بێبەشانی کۆمەڵگا کە پڕ بە دەمیان ھاوار دەکەن - نەخێر - بۆ ئەم دەسەڵاتەو سیاسەتەکانی.

 

١٢\٨\٢٠١٧

a_salih١١@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک