٣\٤\٢٠١٣
دەربارەی
رێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوان پارتی و
یەکێتی.

عارف کەریم
لەگەڵ سەرهەڵدانی دەنگی ئازاد و دیموکرات و ناڕەزایەتی خەڵکی کوردستان
، پارتی و یەکێتی کەوتنە خۆیان و لە ڕۆژی ٢٧/٧/٢٠٠٧
دا ڕێککەوتننامەیەکی هەشت خاڵییان بە حزوری تاڵەبانی و بارزانی مۆرکرد
بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بەگژداچوونەوەی دەنگی ئۆپۆزسیۆن کە داپڵۆسین و
سەرکوتکردن و ڕاونان و گرتن و کوشتنی بەدوای خۆیدا هێنا تەنانەت مەکتەب
سیاسی هەردوو حزبەکەش لەسەرەتادا بێئاگابوون و نەشیاندەزانی
ڕێککەوتننامەکە چی تێدایە.. هەشت خاڵی رێککەوتنەکە هێندە ڕازاوەیە ،
شەرمت پێدیت ڕەخنەی لێبگریت ، بەڵام کەسەیری کردار و رەفتارو سیاسەتی
ئەم دوو حزبە دەکەیت لە کوردستاندا ئەوا نەفرەت لە سیاسەت و
ڕێککەوتنەکەیان دەکەیت.
هەڵچوونی ئیرادەی خەڵک و بەرزبوونەوەی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ناڕەزایەتی
خەڵکی کوردستان، نرخ و ئەهمییەتێکی زیاتری دا بە ڕیککەوتنەکە لای پارتی
و یەکێتی بەتایبەتی لەدوای٢٥/٧/٢٠٠٩
کە بزووتنەوەی گۆڕان لە دایک بوو و توانی ٢٥
کورسی بە دەست بهێنێ وبەئاشکرا تەحەددای ژمارەی کورسییەکانی پارتی و
یەکێتی پێبکات.کە شتێکی کەمی لەوەی ئەوان کەمتر بوو.
هەرچی پارتی و بارزانییە توانییان ڕێککەوتنەکە بکەنە دەستکەوتێک بۆ
خۆیان و بیڕێژنە بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە و هەتا توانییان و
لەدەستیان هات سازشیان بە تاڵەبانی کردو تێر تێر دۆشییان ! تاڵەبانیش
لەلای خۆیەوە ئەوەندەی لە خەمی کورسی سەرۆکایەتیدا بوو لە بەغدا ،
ئەوەندە لەخەمی هەرێم و مەسەلە کوردستانییەکاندا نەبوو، هەمووی بۆ
مەسعود بارزانی جێهێشت و بەرەوڕووی ئەوی کردەوەو چی لەدەست هات و
بۆیکرا بۆئەوانی کرد، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی بڵی کە ئەو هەڵەبووە
لەکاتی خۆیدا لە بارزانی مستەفا جێابۆتەوە و ئەو هەموو خەڵکەی بە کوشت
داوە ، مەسعود بارزانیش توانی سوود لەم شلبوونەی تاڵەبانی وەرگرێت و
لەماوەیەکی کورتدا خۆی بکاتە شۆڕە سواری مەیدان وهێزی بریاردەر لە
کوردستاندا بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ئابووری و سیاسەت و ئیدارەی
کوردستانەوە هەیە.
بەدرێژایی ساڵانی ڕابوردوو، یەکێتییەکان کە سەرخۆش و لەخەوێکی قووڵدا
بوون و ئێستاش دوای نەخۆشییەکەی تاڵەبانی و نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان
خەبەریان بۆتەوە!! ، لەو ڕاستییە گەیشتوون کە بوونەتە دەستندەخۆری
پارتی و هاوسەنگی نێوان هەردولایان تێکچووە و پارتی تڕومنەتی زۆر دەکات
بە سەریاندا و ئەوە دەداتەوە بە چاویاندا کە ئەوان زۆربەبوون لە
هەڵبژاردنەکاندا و بەخێرو پیاوەتی خۆیان هەندێ پلەوپایە و پۆستیان داوە
بەوان لە بەغداو هەرێم وهەرچی ئەوان( پارتی) بریاری لەسەر نەدەن ، بۆ
ئەمان ناچێتەسەر بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەولیر و دهۆک و بادینان و
هەموو شتێک دەبێ بە فیلتەری پارتیدا تێپەڕێت لە هەولێر و دەسەڵات زیاتر
لە دەستی پارتیدا خڕبۆتەوە و ئەمان تەواو پەراوێز خراون هەروەها
گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە پارتی باڵی کێشاوە بەسەر سیستمی سیاسی
هەرێمدا و جومگە سەرەکییەکانی ئابووری و سیاسیان لەدەستی خۆیاندا
کۆکردۆتەوە ، بەتایبەتی گازونەوت و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی
ئەنجوومەنی وەزیران و ئاسایش و پۆلیس و هێزی زریڤان و زۆری تر.
ئەمانە تێکڕا هەراوزەنایەکی زۆری لای میللەت وجەماوەری یەکیتی و زۆرێک
لە سەرکردایەتییەکەیان ناوەتەوە و تووشی جۆرێک لە داچڵەکان و دڵەراوکێی
کردوون و زۆربەیان بیر لەوە دەکەنەوە بە لیستی جیا بەشداری
هەڵبژاردنەکان بکەن ، ئەگەرچی جارێ بریارێکی رەسمی نییە لە سەرکردایەتی
یەکێتییەوە بۆ ئەو مەبەستە ، ڕەنگە لێرەو لەوێ کەسانێک هەبن لە
سەرکردایەتی یەکێتی ، لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و نزیکییان لە پارتی و
سەرۆکی هەرێمەوە حەزنەکەن بە لیستی جیا بەشداری بکەن لە
هەڵبژاردنەکاندا بۆئەوەی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان تێکنەچێتەوە
، ئەویش بەرامبەر بە هەندێ بەڵێنی هەنگویناوی پارتی!!!
لەلایەکی ترەوە ململانێکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان کە تادوێنی توندبوو ،
ڕووی لە گرژی و هەڵچوونی سیاسی بوو هەردولا شیروتیریان لەیەک دەسوو،
ئەمڕۆ بە پێچەوانەوە ناکۆکی و ململانێکان ڕووی لە خاوبوونەوە و نەرمییە
بەتایبەتی دوای سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا بۆ ئێران و کۆبوونەوەی
لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ، هەروەها کۆبوونەوەی لەگەڵ
تاڵەبانی و بەرپرسە باڵاکانی یەکێتیدا و نزیکبوونەوەیان لە یەک .
جگەلەوە ی.ن.ک وئۆپۆزسیۆن (گۆڕان ، یەکگرتوو ، کۆمەڵ) کۆکن لەسەر هەموو
ئەو خاڵە گرنگانەی ڕەهەندی نیشتمانییان هەیە وەکوو هەموارکردنەوەی
پرۆژەی دەستووری هەرێم کە کەموکوڕی زۆری تێدایە ، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی
هەرێم ، سیستمی سیاسی (سەرۆکایەتی بێ یاخود پەرلەمانی)مەسەلەی سنووری
هەرێم،هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ،ڕاستەوخۆبێت یاخود لەڕێگەی پەرلەمانەوە
و گەلێکیتر.
جگەلەمانە پارتی و یەکێتی کۆک نین و هاوهەڵوێست نین بەرانبەر حکومەتی
بەغدا ، بەتایبەتی لەمێژەوە پارتی شەڕێکی دۆڕاوی هەڵگیرساندووە لە دژی
مالیکی و حکومەتی ناوەند کە فڕی بەسەر مەسەلە چارەنوسسازەکانی
گەلەکەمانەوە نییە کە سالەهای سالە خەباتی بۆدەکات و قوربانی بۆ
بۆدەدات بەتایبەتی گێڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان بۆسەر هەرێمی
کوردستان و دیاریکردنی سنووری کوردستان و پرسی سامانە سروشتییەکان و
پێشمەرگەو زوبان و گەلێکی تر ، ئەم شەڕەی سەرۆکایەتی هەرێم دەیکات ،
هەمووی شەڕە لەسەر نەوت و گاز و پارەوپول، ئەگەر وانییە ئەی ئەم
ساڵانەی ڕابوردوو دوای ڕووخانی سەددام ئەمان لەکوێبوون و بۆچی زووتر
ئەم شەڕەیان هەڵنەگیرساند؟!!! ئەی ناحەزو نەیارەکانی ئێمە لەدوای
ڕووخانی سەددام کەرکوکیان جێنەهێشت و ئەمان و یەکێتی بە بسووڵەی سەوز و
زەرد و بەوپەڕی ڕێزلێنانەوە نەیانهێنانەوە!!! دیارە نەئەمەریکا و
ئەوروپا و UN ونە ئێرانیش پشتگیری لەم
شەڕەی پارتی ناکەن و دەبێ رۆژێک لە ڕۆژان سەرۆک بارزانی و پارتی بە
ناچاری ڕووبکەنەوە بەغدا بۆ بەلاداخستنی کێشەکان.
لەپاڵئەمانەدا پارتی لە ئێستادا بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشەو گرفت بۆتەوە
لەگەڵ بەغدا و یەکێتی و ئێران ، ئەوانە بەدڵی پارتی ناکەن و ڕێگەی
پێنادەن هەرێم و کێشەکان بەرەو تورکیا ببات و ئەمەریکاش دوای
بەرژەوەندی خۆی کەوتووە و ڕازی نیە مەسعود بارزانی چۆنی ویست وابکات ،
یەکێتیش بەهۆی هەندێک لەسەرکردەکانیەوە لەمێژەوە لە گەمە سیاسییە
نێودەوڵەتێکە گەیشتووە و لەوێ جێگای خۆی کردۆتەوە و ئیتر پارتی و
مەسعود بارزانی ناتوانن لەو گەمەیە بیانهێننە دەرەوە.
ئەمڕۆ شیوازی ململانێکە بەم شیوەیەی خوارەوەی لێهاتووە:
هەرچی ئێران و بەغدایە دەیانەوێ گۆڕان و یەکێتی لەیەک نزیک ببنەوە و
خۆشیان ڕۆڵی گرنگی تیادەبینن بۆئەوەی ئەم کارە سەربگرێ و دەرگاکان لە
ڕووی پارتیدا دابخەن و تا لەمە زیاتر پارتی شووڵی لێهەڵنەکێشێ و
لەسنوورێکدا بیوەستێنن.
هەرچی تورکیاشە دەیەوێ ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەی نێوان پارتی و
یەکێتی تەمەنی درێژبیت و نەمرێ ،هیچ جۆرە نزیکبوونەوە و ڕێککەوتنێک
روونەدات لە نێوان یەکیتی و گۆڕاندا، ئەویش لەڕێگای بانگهێشتکردنی
سەرانی یەکێتی بۆ تورکیا و پێشوازیکردنی گەرمی ئەوان لەسەر ئاستێکی
بەرزی سەرۆکایەتی کۆمار وسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ، سەردانەکەی
ئەمدواییەی نێچیروان بارزانی بۆ توکیاو هەندێ وڵاتی تربەشێک بوو لەو
سیناریویە.
ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ترسی لێنیشتووە و تووشی دڵەڕاوکێ بووە
و دەزانێ ئەگەر لێکترازان ڕووبدات و ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوان خۆی
و یەکێتی هەڵوەشێتەوە ئەوا مەوقیعی سیاسی وەکوو پێشوو نابێت و
بەدڵنیاییەوە نەخشەی سیاسی کوردستانیش گۆڕانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و
سەرۆکی هەرێمیش دەسەڵاتەکەی جارانی نامێنێ و ناتوانی وەکوو ئێستا
هەلسوکەوت بکات و تاکڕەوانە کاربکات و پەنابەریتە بەر شێوازی پۆلیسی و
موخابەراتی لە ڕاپەڕاندنی کارەکاندا ، جگەلەمانە کێشەکانی تری نێوان
بەغداو هەرێم لەبەرژەوەندی پارتی ناخریت بەلادا و لەوانەیە لە زۆر شتدا
پارتی پەراوێز بخرێت و پارتیش ناتوانێ پەنابەرێتە بەر چاوسوورکردنەوە و
شەڕ و ئاژاوە و فەرتەنە ، چونکە ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپا و un لێی
قەبووڵناکەن و لەمەشیاندا دەیدۆڕێنێ ، لەبەرئەوەیە دەبینین پارتی لە
دوو قۆڵەوە خەریکەو کار دەکات بۆئەوەی بەهەر نرخێک بێت یەکێتی لەگەڵیا
بمێنێتەوە و ڕێککەوتننامە ستراتیژیەکە تێکنەچێت و وەکوو خۆی بمێنێتەوە:
یەکەمیان/پەنابردنە بەر شەڕێکی سایکۆلۆجی و سارد بەرامبەر بەیەکیتی بە
بەکارهێنانی زاراوەو لێکدانەوەی جیاجیاو نابەجێو پەخشکردنی جۆرێک لە
ئاگاداری،وریاکردنەوە،تەنانەت چاو سوورکردنەوە...
هتد.
دووەمیان/دەم شیرینکردنی ژمارەیەک لەسەرانی یەکێتی بەبەڵێن و گفتی
تایبەت ،بە جێبەجێکردنی خواست و خەونەکانی یەکیتی ، لەوانەی هەتا ئێستا
نەدراوە پێیان یان جێبەجێ نەکراوە بۆیان.
لەهەموو حاڵەتەکاندا ئەگەر یەکێتی بریاربدات بە لیستێک لەگەڵ پارتی
دابەزێت لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوا حاڵی لە ئێستا باشتر نابێت چونکە
تاقیکردنەوەی ساڵانی دوورودرێژی ڕابوردوو سەلماندویەتی کە پارتی
قبووڵناکات لایەکی تری سیاسی زلهێزی مەیدان بێت و بریار لەدەستیدابێت.
ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە یەکیتی لەدوای نەخۆشییەکەی مام جەلالەوە ،
بەهۆی تەکەتتولات و تاقم تاقمێنەوە توشی جۆرێک لە شڵەژان و شڵەقان بووە
، بەڵام جڵەو لەدەستی ئەوانەدایە کە لەناو گەمە سیاسییە
نێودەوڵەتییەکەدان.
دواوتەی من ئەوەیە کە هەموو حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بە لیستی
جیا دابەزن لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ئەوەی هەرلایە قەوارەی سیاسی خۆی
بزانێ و کەس کەڵەگا نەبێت بەسەر ئەویترەوە ولە ئێستاوە فشار بۆ هێچ
لایەک نەبرێ و موزایەدە لەسەر ئەم مەسەلەیە نەکرێت بۆئەوەی پرۆسەکە
بەشێوازی دیموکراتی بچێت بەڕێوە و دواتر دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
هەر لایە بەرنامەی خۆی پێشکەش بکات و مەرجەکانی خۆی بڵێ سەبارەت بە
دامەزراندنی حکومەتێکی ئیئتلافی دیموکرات، چونکە هاسان نییە هیچ لایەکی
سیاسی لەسەدا پەنجای دەنگەکان بەدەست بهێنێ (مەگەر ساختەو فڕوفێڵ بکات)
و هەرلایە پێویستی بە هاوکاری و پشتیوانی ئەوی تردەبێت.
تەنیا و تەنیا لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت فەزایەکی فراوان و دروست و
تەندروست بخولقێنرێ بۆ ئەوەی دیموکراتی لەسەر قاچی خۆی بوەستێ و
تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە. بە مافەکانیان شاد ببن و دواتریش هەموو لایەک
تێبکۆشی لە پێناوی قەڵاچۆکردنی گەندەڵیی و بەگژداچوونەوەی هەموو
ئەوانەی کە یاری بە چارەنووسی ئەم میللەتەوە دەکەن و کەس نازانێ سەروەت
و سامانەکەی بۆ کوێ دەبەن.
١\٤\٢٠١٣
- ستۆکهۆڵم
ماڵپهڕی عارف کهریم
|