په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

۴\٨\٢٠١٠

دەربارەی ڕەوشی ڕامیاریی ئەوڕۆی {کوردستان}.


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


ئەوڕۆ باشووری {کوردستان}، بە بارودۆخێکی نێوخۆیی و دەرەکیی زۆر ناسکدا تێپەڕدەبێ، ڕەوشی نەتەوەیی و ڕامیاریی کورد خراپە، گەر کار وا بڕوا، بەرەو خراپتریش دەڕوا. چونکە لە لایەکەوە، ڕیزەکانی گەلی کورد یەکگرتوو نییە، لە نێوخۆدا ناکۆک و ناتەبان، پارتەکان بەرژەوەندیی تەسکی پارتایەتیی، پێش بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی دەخەن.


لە لایەکی دیکەشەوە، دوژمنان و داگیرکەران، لە هەموو لایەکەوە، وەک ڕاوچییەکی زیت و وریا، چاویان لە نێچیرەکەیان بڕیوە، بۆ هەلێ دەگەڕێن، ئەم ئەزموونە لەنێوبەرن. بۆ ئەم کارەش، ڕۆژانە بە دەیان نۆکەری خۆیان لە {کوردستان}دا دەچێنن و شارەکانی هەرێمیش، وەک گۆڕەپانێکی سیخوڕیی دەوڵەتەکانی دەوروبەر و جیهانی لێهاتووە.


بە داخەوە، پارتەکان هەست بە ئەم مەترسییە گەورەیە ناکەن و کار بۆ چاکبوونی بارودۆخەکە ناکەن. لەبەرئەوە ڕۆژبەڕۆژ تا دێ، ناکۆکیییەکان قووڵتردەبنەوە، کە ئەوە خۆی لە خۆیدا، دەرکەوتەیەکی یەکجار پڕ لە مەترسییە، چونکە نەتەوەی کورد بە گشتیی، دوژمنی فرەی هەیە، دۆستی راستەقینە و ستراتیژیشی کەمە، تەنانەت خۆشمان دۆستی خۆمان نین!


گەر سەرکردایەتی پارتەکان و میریی هەرێم، بە تەواویی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی {بەغدا}، هەموو گرفتەکان چارەسەر نەکەن، سستیی و کەمتەرخەمیی تێدا بکەن، ئەوا تا دێ، کێشە و گرفتەکان سەختتر و ئاڵۆزتردەبن. دەوڵەتی داگیرکەری {عێراق}یش، چاوەڕوانی هەلێکی لەبار دەکا، گەر پەلاماری {کوردستان}یش نەداتەوە، وردەوردە مافەکانی گەلی کورد پێشێلدەکا، لە هەموو ئەو بەڵێنانەش پەشیماندەبنەوە، وەک چۆن ئێستە، دان بە بڕگەی {140}ی دەستووردا نانێن، پڕۆسەی دەرکردنی کوردەکان و بەعەرەبکردنی نێوچە داگیرکراوەکان بەردەوامە، گوێش لە سرتە و بۆڵەی سەرکردەی پارتەکان و ڕۆڵەکانی گەلی کورد ناگرن.


خۆ گەر بەرەی خۆراواش، هەموو بەرژەوەندیییەکانی خۆیان لە {عێراق} دەسکەوت و عەرەبەکان بۆیان دابینکردن، ئەوا شتێ نامێنێ، ناوی دۆستایەتی کورد و {ئەمێریکا} بێ و هەر زۆر زوو هەڵدەوەشێتەوە، ئەم جارەش {ئەمێریکا}، بە گورگانخواردووماندەدا، وەک چەندین جاری دیکە لە مێژوودا، ئەو کارەی کردووە. چونکە ستراتیژی سەرەکیی دەوڵەتە سوپەرپاوەرەکان، بە تایبەتیی ئەو دەوڵەتانەی {کوردستان}یان دابەشکردووە و چارەنووسی نەتەوەی کوردیان بە ئەو ڕۆژەڕەشە گەیاندووە، تا ئێستە هیچ جۆرە گۆڕانێکی بە سەردا نەهاتووە. دیارە بەرژەوەندیی {پیترۆدۆلار}، گەلێ لە ئەوە زیاترە، کە لایە بە لای نەتەوەیەکی {40} میلیۆنی بندەسی وەک کورددا بکەنەوە. کوردیش بۆ خۆی بە تەنیا باڵ، هیچی پێ ناکرێ. لە ئەم قۆناغەشدا ناتوانێ، شتێ بێ و زیان یا قازانج، بە بەرژەوەندیی و ستراتیژی ئەو دەوڵەتانە بگەیەنێ. جگە لە ئەوەی دەبێ، ئەو هەموو گۆڕانکاریییە گەورانەشمان لە یاد نەچێ، کە بە سەر جیهانی ڕامیاریی ئەوڕۆدا هاتوون.


دەەوڵەتە داگیرکەرەکانی {کوردستان}یش وەنەبێ، پەندیان لە مێژوو وەرگرتبێ، لە لایەکەوە، کیشەی نەتەوەیی و ڕامیاریی کوردەکانی بندەسی خۆیان چارەسەرکەن. لە لایەکی دیکەشەوە، پێوەندیییەکی باش و دۆستانە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورد و میریی هەرێمدا ببەستن. بەڵکوو هەر جارەی بە بیانوویەکەوە، دژی کورد و ئەزموونەکەی، پیلان دەگێڕن و بۆ هەلێ دەگەڕێن، ئەزموونەکەمان زیندەبەچاڵکەن. چونکە هەرگیز لە مێژوودا ڕووی نەداوە و تەنیا یەک ئەزموون لە ئەو بابەتە نییە، دەوڵەتێکی داگیرکەری پارچەیەکی {کوردستان}، دەسی یارمەتیی بۆ کوردی پارچەیەکی دیکە ڕاکێشابێ، پشتگیریی مافە نەتەوەیی و ڕامیاریییەکانی کردبێ، مەگەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی تایبەتیی خۆی لە ئەوەدا بووبێ، بۆ مەبەستێکی دیارییکراو، یەکێ لە ئەو دەوڵەتانە، یارمەتیی جووڵانەوەی کوردی پارچەیەکی دیکەی دابێ، کاتێ ئامانجەکەشی بەدیهاتبێ، یەک و دووی لێ نەکردووە، لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکەی ئەو پارچەیەدا، لە سەر حسێبی مافەکانی گەلی کورد ڕێککەوتن و سنووریان لێ داخستووە!


ڕاستە، دەلاقەی ناکۆکیی و دوژمنایەتی نێوان دەوڵەتە داگیرکەرەکانی {کوردستان} لە زیادبوون دایە. بەڵام گومانم نییە، گەر لە هەر پارچەیەکی {کوردستان}دا، کێشەی کورد مەترسیی بۆ سەر ستراتیژی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی دەوڵەتەکانیان هەبێ، ئەوا هەموو ئەو ناکۆکیییانە بەلاوەدەنێن و یەکدەگرن، یارمەتیی یەکدی دەدەن و دژمان دەوەستن. چونکە ئەوان وا بیردەکەنەوە، لە هەر پارچەیەکی {کوردستان}، کورد دەسەڵاتیکی بەهێزی پەیداکرد، ئەزموونەکەی سەرکەوت، ئەوا مەترسیی بۆ سەر پارچەکانی بندەسی خۆیان دەبێ.


لەبەرئەوە، هەر کوردێ خۆی هەڵخەڵەتێنێ و ڕەچەڵەکی خۆی بیرچێتەوە، زۆرداریی و چەوساندنەوەی دەوڵەتە داگیرکەرەکە بیریدێنێتەوە. چونکە ئەوان هەمیشە، لە بیری ئەوەدان، چۆن مافەکانی گەلی کورد پێشێلکەن، بەڵام کوردیش خەون بە {عێراق}ی {هیوا و ئاشتیی}یەوە دەبینێ!


کەواتە، لەگەڵ ئەو هەموو کەموکووڕیییانەی خۆماندا، چۆن دەتوانین، لەگەڵ ئەو هەموو دوژمنانەدا هەڵکەین، کە چاویان لە لاشەی زیندووی نیشتمانەکەمان بڕیوە؟ کێ یارمەتییمان دەدا؟ کێ دۆستی ڕاستەقینەمانە؟ تەلاری هیواکانمان، لە سەر بناغەی کام پەیمان هەڵچنین؟! کێ پەلمان دەگرێ و لە ئەو زۆنگاوە قوتارماندەکا، گەلی کورد بە کەناری زەریای پڕ لە هێمنیی و سەربەخۆیی شادەکا!


هەڵبەتە پێ بزانبن، یا نەزانین، پاراستنی تەبایی و برایەتی نێوان ڕیزەکانی گەلی کورد، پاراستنی هێمنیی و ئاساییشی نەتەوەیی، پاراستنی ئەم ئەزموونە گرنگەی {کوردستان}، لە ئەستۆی ورد و درشتی هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزێکی کورد دایە. لەبەرئەوە، هەر کەس و لایەنێ هەوڵبدا، لە ژێر هەر ناوێکدا بێ، لە ئەم ستراتیژە نەتەوەیی و کوردپەروەرانەیە لابدا، ئاژاوەبنێتەوە و ڕیزەکانی گەلی کورد تێکدا، نە نیشتمانپەروەرێکی دڵسۆزە، نە کوردپەروەرێکی ڕاستەقینەیە و نە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکیشدا ڕاستدەکا!


ئاخر، یەکێ لە پرینسیپە هەرە گرنگەکانی بیری {مارکسیزم} ئەوەیە: مرۆ دەبێ، لە پێناوی گشتدا، قوربانیی بە بەش بدا. جا ئایا ئەو هەموو کەڵە مارکسییانەی کورد، کە ساڵانێکی دورودرێژ، کۆمەڵانی خەڵکیان بە ئەو جۆرە گوتانە چەواشەدەکرد، کەڵکیان لە ئەم گوتە پڕ بایەخە وەرگرتووە؟! ئایا لە پێناوی بەرژەوەندیی بەرزی کورددا، قوربانیی بە بەرژەوەندیی تەسکی تاکەکەسیی خۆیان و پارتەکانیان دەدەن، یا وەک زۆر شتی دیکە، هەر لنگەوقووچ تێیگەیشتوون؟!


نەوەی ئێمە لە ڕەوشێکی نەتەوەیی و ڕامیاریی زۆر خراپدا لەدایکبووین و گەورەبووین، داگیرکەری دەوڵەتی {عێراق}، ئازار و ژانێکی زۆری داوین، دەبا چی دیکە نەیەڵین، نەوەکانی دوای ڕاپەڕین و ئاییندەی کورد، بە هەمان قۆناغی نەتەوەیی و ئەو ڕەوشە ڕامیاریییە خراپەدا تێپەڕن، با هێندە خۆپەرست نەبین، تەنیا هەر بیر لە خۆشیی ژیان، هێز و دەسەڵات، پلە و پایەی خۆمان و پارتەکانمان بکەینەوە، ئەوانیش پشتگوێخەین و مافەکانیان پێشێلکەین. ئەم کارە گرنگە پیرۆزەش، بە تەنیا لایەک ناکرێ، بەڵکوو بە هەمووان دەکرێ!


دەسەڵاتدارانی میریی هەرێم پێویستە، مافی ژیانێَکی باش و ئازادیییەکی ڕاستەقینە، بۆ ڕۆڵەکانی گەلی کورد دابینکەن، تەنیا هەر ئەو کاتەش، ئەوان خۆیان بە هاونیشتمانیی ئەم ووڵاتە دەزانن، ڕێز لە سەرکردە و دەزگەکانی میریی هەرێم دەگرن، ئەگینا گەر وانەبێ، کەی ئەوانە سەرکردەن؟ کەی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی وادەبێ؟!!


دەسەڵاتدارانی کورد، لەبری ئەوەی بە هەموو لایەک هەوڵبدەن، چارێ بۆ ئەو بۆمباران و تۆپبارانەی هەر دوو دەوڵەتی داگیرکەری {توورکیا} و {ئێران} بدۆزنەوە، لەبری ئەوەی بە دوای دوژمنانی کورددا بگەڕێن، تۆوی تیرۆر لە {کوردستان}دا بنەبڕکەن، سیخوڕ و ئەڵقەلەگوێکانی نێوخۆ لەنێوبەرن، ڕۆڵە بە ئەمەکە بوێرە دڵسۆزەکانی کورد تیرۆردەکەن، ئایا دەبێ، لە سایەی دەوڵەتی یاسا و دێمۆکراسییدا، نیشتمانپەروەرانی کورد تیرۆرکرێن، ووشەی پیرۆزی کوردیی، لە گەرووی نووسەران و ڕۆژنامەنووساندا بتاسێنرێ، باڵی مەلی ئازادیی بیر و ڕادەربڕین بشکێنرێ؟! بۆ دەبێ، خوێنی چەندین شەهیدی ڕێی ئازادیی ڕادەربڕینی وەک {سۆران} و {سەردەشت}، بە خۆڕایی بڕێژرێ؟! کەواتە، کامەیە ئەو ئاساییش و پیاوە دەسەڵاتدارە دڵسۆزانەی کورد، کە ژیان و گیانی خەڵک دەپارێزن؟!


دیارە گەر هەر کوردێ، سووکایەتی بە دەزگەکانی میریی هەرێم بکا، یا قسەی سارد و سووک، بە سەرکردایەتی پارتەکان بڵێ، پێویستە، بە شێوازێکی شارستانییانە، پەنا بۆ بەر یاسا ببرێ و ڕاپێچی دادگە بکرێ، تا هەم تۆمەتبار بتوانێ، داکۆکیی لە خۆی بکا و بە شێوەیەکی یاسایی، سزای خۆی وەرگرێ. هەم شکاتکاریش مافی خۆی بدرێتێ. لەبەرئەوە گەر بە شێوەیەکی ڕەوا و یاسایی، کارەکان بەڕێوەچێ، لە لایەکەوە یاسا و دادپەروەریی لە {کوردستان}دا دەچەسپێ. لە لایەکی دیکەوە، تاوان و تیرۆر کەمدەبێتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە، چی دیکە لە بوارەکانی نێودەوڵەتییدا، لە ناو و ناوبانگی کورد کەم ناکرێتەوە و ئەزموونەکەشمان لەکەدار نابێ. بەڵام گەر وا نەبێ، پەنا بۆ بەر هەڕەشەکردن، تۆقاندن و تیرۆر ببرێ، زۆر بە ڕاشکاویی دەڵێم: لە {کوردستان}ی هەزاران شەهید و ژاربارن و ئەنفالەکاندا، یاسای جەنگەڵ پێڕەودەکرێ!

_________________________________

* دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز - نووسەر و مامۆستای زانکۆ.

 


azizhus@yahoo.se