په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٢\٢٠٢٦

دەربارەی ستەمی نەتەوایەتی و هەڵچوونی نەتەوایەتی.

عەبدوڵا ساڵح      

 

ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو کوشتار و ڕاگواستن و ئەشکەنجەدان و کۆمەڵکوژییەی کە جەماوەر لەوێدا ڕووبەڕووی بوونەوە لەسەر دەستی میلیشیاکانی (ئەبو محەمەد جۆلانی - ئەحمەد شەرع)ی داعشی، لەژێر ناوی "هێزەکانی حکومەتی سووریا" و بە پاڵپشتی تەواوی میلیشیاکانی لایەنگری حکومەتی فاشستی تورکیا و بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و یارمەتی تەواوی حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و لە سەروویانەوە قەتەر و سعودیە، لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی ڕەنگی دایەوە.


ئاشکرایە کە گەیشتنی (ئەحمەد شەرع) بە دەسەڵات بە هەماهەنگییەکی تۆکمەی تورکی- ناوچەیی بووە، ئەمەش وای کردووە بڕیارەکانی (شەرع) وابەستە بن بە ڕەزامەندی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی ئەو لایەنانە دابن، یەکێک لەو بڕیارانەش پەنابردن بۆ هێز بەمەبەستی وەدەرنانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕۆژئاوای فورات، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ویستی تورکیا کە بوونی (هەسەدە) لە ناوچەی حەلەب بە هەڕەشە بۆ سەر "ئاسایشی نەتەوەیی" خۆی دەبینێت. ئەم دەسەڵاتە کاتیـیەی سوریا، هەر ناوێک هەڵبگرێت، لە دوا شیکردنەوەدا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە بە بەرگێکی ئایینی/نەتەوەیی.


ئەم ڕووداوانە شەپۆلێکی خرۆشانی "نەتەوەیی کوردی"یان لەگەڵدا بوو کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و هەندێک شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە، ئەمە جگە لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە زۆربەی شارە گەورەکانی ئەوروپا، کە تێیدا دروشمی سەرکۆنەکردنی ئەو ڕووداوانە و هەندێکی تریان داوای "یەکڕیزی و تەبایی نەتەوەیی دژی دوژمنان"یان دەکرد. هاوکات لەگەڵ ئەم هەژانە، هەڵمەتی بەرفراوان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی و خۆراکی و کەلوپەل بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی ئەو ناوچانە ڕێکخران.


بێگومان ئەو چەوسانەوەیەی کە جەماوەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی بوونەتەوە مێژوویەکی دێرینی هەیە؛ چونکە بە درێژایی دەیان ساڵ و لەژێر دەسەڵاتی پارتی بەعسی فاشستدا، لە جیاکاریی یاسایی، سەرکوتکردنی کولتوور و زمانی کوردی، پەراوێزخستنی ئابووری و بێبەشکردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووس ستەمیان لێکراوە و ناڵاندوویانە. ئەم ستەمە مێژوویـیە، کە تێیدا دەسەڵاتدارانی سوریا ئەو جەماوەرەیان بە "خەڵکی بیانی یان کۆچبەر" پێناسە دەکرد، بەو جۆرە بێبەشیان دەکردن لە هەر ناسنامەیەکی "نەتەوەیی یان نیشتمانی" و مافی ڕەگەزنامەیان لێ زەوت دەکردن، ئەمە جگە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و پەراوێزخستنی سیاسی تەواو. ئەم سیاسەتانە تەنانەت دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) و لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەردەوام بوون، دروشمی (گەلی سووریا یەکە) و کورتکردنەوەی سووریا لە یەک ناسنامەی نەتەوەییدا کە لە ناونانی وڵاتەکە بە "کۆماری عەرەبی سووریا" ڕەنگی دایەوە، ئەو ناوەی کە تا ئێستاش بە فەرمی بە وڵاتی سووریا دەوترێت. سەبارەت بە حکومەتی ئێستای داعشیـیانەش، ئەوا هەوڵ دەدات لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دڵنیایی پاڵپشتی هێزە ئیمپریالیستەکان و لە سەروویانەوە ئەمەریکا و هەروەها وڵاتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەی بەدەستهێنا.


لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی نزیکەی پانزە ساڵ بکەین، ئەو ئەزمونەی کە خۆی لە دەرکردن و پەیڕەوکردنی کۆمەڵە یاسایەک کە جەخت لە جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، یەکسانی نێوان ژن و پیاو و بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەڵگرتنی چەک، و یەکسانی لە ماف و ئەرکەکان لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیەدا دەبینێتەوە. ئەگەرچی ئەم ئەزمونە بێ کەموکوڕیی نەبووە و لادان و سەرپێچیش لە جێبەجێکردنیدا هەبووە کە لێرەدا جێگەی ئەم باسەی ئێمە نییە، بەڵام ئەزموونێکە بەوەی لە باشووری کوردستان هەیە بەراورد ناکرێت، ئەمەش وای لە ڕەوتە چەپە ناسیونالستەکان کردووە کە وەک ئۆلگۆیەک و نمونەیەکی سەرکەوتوو سەیری بکەن و هەوڵی پەیڕەوکردنی ئەو ئەزموونە لە خەباتی ئایندەیاندا بدەن. کۆی هەموو ئەم هۆکارانە بەشداربوون لە هەڵگیرسانی ئەم شەپۆلەدا.


گومانی تێدا نییە کە ستەمی نەتەوەیی تەنها هەستکردن بە زوڵم نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی پتەوی ناهاوسەنگیـیە لە نێوان نەتەوەیەکی باڵادەست و نەتەوەیەکی تری ژێردەست، کە خۆی لە شکۆدارکردنی نەتەوەی باڵادەست و وروژاندنی هەستی نەتەوەیی وەک ئامرازێک بۆ هاندان دژی نەتەوە چەوساوە ژێردەستەکان و پاساودان بۆ ئەم چەوسانەوەیە بە ناوی "بەرگریکردن لە یەکپارچەیی وڵات و ڕێگریکردن لە جیابوونەوە" یا "هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی" و "سەرکوتی ناوخۆیی بە بیانووی مەترسی دەرەکی" دەبینێتەوە. بە کورتی: چەوسانەوەیەکی بێ پەردە و سیستماتیک!


گێڕانەوەی ئەم پاشخانە مێژووییە بە مەبەستی پاساودانی پەرچەکرداری ئەم شەپۆلە وروژاندنە نەتەوەییە نییە کە باسمان کرد، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ڕاستیـیە مێژوویـیەکانە کە باس لە چەندین بەشی سەرکوت و چەوسانەوەی نەتەوەیی سیستماتیک دەکەن، کە لای خۆیەوە ئەرکی کۆمۆنیست و ئازادیخوازانە ئەم دۆسیەیە بگرنە ئەستۆ و خەبات بکەن بۆ چارەسەرکردنی و هەڵگرتنی ئەم ستەمە، لەو سۆنگەیەوە کە ئەمە بەربەستێکە لە بەردەم خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریادا ڕوەو هەنگاونان بەرەو سۆسیالیزم.


بێگومان ئەم هەژانە نەتەوەییە لێکەوتەی زۆر و جۆراوجۆری هەبوو. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەم شەپۆلە و ئەم هەڵچونە نەتەوەییە وەک فریادڕەسێکی کاتی بوو بۆ حکومەتی هەرێم. لە کاتی ئەم خڕۆشانە جەماوەرییەدا، لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حیزبەکانی ئەم دەسەڵاتە، پڕوپاگەندەی سیستماتیک کرا کە هەندێکیان دەکرێ بخرێنە خانەی "شۆفێنیزمی نەتەوەیی"یەوە، ئەمەش بە ئامانجی سەرقاڵکردنی جەماوەر و ناچارکردنیان بە لەبیرکردنی نەهامەتی و ئازارەکانیان کە بەردەوام بەهۆی دەسەڵاتی پارتە بۆرژوا باڵادەستەکانەوە دەیچێژن، بە بیانووی ئەوەی "بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان" لە مەترسیدان. کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بەو پارتانە ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە جۆشدانی ئەو هەستانە، بۆیە دەکرێ بوترێت کە بۆ ماوەیەک جەماوەری ناچار کرد سیاسەتە سەرکوتکگەرییەکانی ئەم دەسەڵاتە لەبیر بکەن لە ناو شەپۆلێک لە "هەست و سۆزی نەتەوەیی هەمەلایەنە"دا.


نابێ ئەوەش لە بیر بکەین کە ئەم هەژانە، لە کاتێکدا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەشداربوون لە پاڵپشتیکردنی جەماوەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و کەمکردنەوەی ئازارەکانیان، لە هەمان کاتدا بەشداربوو لە دووبارە پتەوکردن و توندکردنی پایە نەتەوەییەکانی حیزبە ناسیونالستەکان بەگشتی و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەتی و شەرعیەتدان بە شانخاڵیکردنی ئەم دەسەڵاتە لە دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکانی ژیان و گوزەرانی خەڵک. هەربۆیە کاتێک ئەم جۆش و خرۆشە هێور بووەوە، جەماوەر لە هەرێمدا دووبارە دەستیان دایەوە ناڕەزایەتی دەربڕین، بەجۆرێک مامۆستایان مانگرتنیان ڕاگەیاند و دەرگای قوتابخانەکانیان داخست و داوای مووچە نەدراوەکانی چەند مانگی خۆیان کرد.


دیاردەیەکی دیکە کە هاوشانی ئەم شەپۆلە بەدیکرا، هەڵوێستی چەپی نەتەوەیی بوو، ئەوانەی کە بانگەشەی مارکسیزمیش دەکەن، بینیمان کاتێک "ئاوازە نەتەوەییەکە" بەم جۆش و خرۆشە لێدرا و دروشمەکانی بەرزکرانەوە، هەستە نەتەوەییەکانیان دووبارە بە ئاشکرا سەریان وەدەرنا و خزانە نێو ئەم شەپۆلە هەڵچوونە، لەم پێناوەشدا هەوڵیان دا هەندێک پاساوی تیۆری بدۆزنەوە کە پاڵپشتی هەڵوێستە ئاماژەپێکراوەکەیان بێت.


داواکاری گەلی کورد لە سوریا بۆ دابینکردنی مافی چارەنووس، مافێکی بێ ئەملاو ئەولایە و پێویستە لەسەر کۆمۆنیستەکان پشتگیری بکەن و تەنانەت لەو خەباتەدا پێشەنگ بن، بەڵام نەک لە سەنگەری نەتەوەپەرستەکانەوە، بەڵکو لە سەنگەری چینایەتی پڕۆلیتاریای شۆڕشگێڕەوە.


دوا وتە سەبارەت بە شێوە و سروشتی دەوڵەتی داهاتووش لە سوریای ئەمڕۆدا، دەبێ بڵێین ئەمە بەستراوەتەوە بە خواستی ئازادیی جەماوەر لەوێ بۆ هەڵبژاردنی شێوازی حوکمڕانی، نەک حوکمڕانیەکی داسەپاو لەژێر گوشاری هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەوەی ئێستا هەیە.

 


١٢\٢\٢٠٢٦

a_salih11@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک