په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠٢١

دەردە کوردبوون و جلی کوردی.

هۆمەر          

 

ئەو جوگرافیایەی کە ھەنووکە لە قامووسی سیاسیی جیھاندا بە "ئێران"،ناودێرە،وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە ھەر کامە لە نەتەوەکانی نێو ئەم جوگرافیا بەرینە،خاوەنی زمان و فەرھەنگ و مێژوویەکی جیاواز و دەوڵەمەندن. بە درێژایی ٤٠ ساڵی ڕابردوو ،مخابن زمان و فەرھەنگی ھەر کامە لەم نەتەوانە خاسما کورد، بەردەوام وەبەر شاڵاوی چەوتی ئەقڵییەتێکی نەزۆک و گەمژانەی باڵادەست کەوتووە. جارێک،سووکایەتی بە زمان دەکرێت،جارێکی دی،فەرھەنگ و کولتوور وەبەر ھێرش دەدرێت و جاری وایشە خۆڵ لە چاوی مێژووی ئەم نەتەوانە دەکرێت؛یان بە واتایەکی ڕاستتر،ھەوڵی شێواندن و ئاوەژووکردنی مێژووەکەیان دەدرێت. چونکە دەستەڵات و فەرھەنگی باڵادەست ھەر لە دێر زەمانەوە ھەتا ھەنووکەیش بەردەوام بە چاوێکی نەوی و نزم دەڕوانێتە نەتەوەکانی دی نێو ئەم جوگرافیایە و لە ڕاستیدا ئەم فەرھەنگەیشی بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێرانی گوێزێتەوە و زۆرینە،ھەڵگری ھەمان بۆچوون و ڕوانگە لە ھەمبەر نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێراندایە.


٢- ئەم پەلامارە دژە مرۆیی و کرێتە، ھەندێک جار لە کەناڵە بە ناو "میللی"یەکانەوە و لە لایەن ژمارەیەک میدیاکار(پێشکەشکار و بێژەر)ی نەخوێندەوار و کاڵفامی خاوەن ئەزموونەوە ئەنجام دەگرێت کەچی بڕێک جار،ناوەند و سیما زانستیی و ھونەریی و ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئەم ھێرشە ناسەردەمییانە دەکار دەگیردرێن. ڕووی ئەم چەند پەیڤە لە نوێترین ھێرشی کاڵفامانە و ناسەردەمییانەی پێشکەشکارێکی نەخوێندەواری کەناڵێکی فەرمیی حوکوومەتە کە "جلی نەتەوەیەک" نیشانە دەگرێت و وێڕای ڕێزی فرەوانم بۆ چینی "شڤان"،بە جلی شوانان، ناودێری دەکات. ئەم پێشکەشکارە قسەزل و گەمژەیە کە بە پارەی حوکوومەت،لە کەناڵی ڕەسمیی وڵاتێکەوە، فەرھەنگی نەتەوەیەک وەبەر ھێرش دەدات، ئەوەندە نەخوێندەوارە کە سەرەڕای ئەوەی لەسەر گیرفانی حوکوومەت بە ھەر ھەموو ئێران و بگرە دنیادا گەشت و سەفەری فرە و فرەوان دەکات،کەچی ھێشتاکە تۆسقاڵە شارەزایەتییەکی لەسەر خۆیان گوتەنی"ئەتنە ئێرانییەکان"نییە و سووک و ھاسان ،بە بێ ئەوەی وەبەر لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بکەوێت،تا دێت تریبۆنی گەورەتری دەخرێتە بەردەم. تاڵتریش ئەوەیە کە دواتر خۆی بە کورد لە قەڵەم دەدات کە برین و دەردەکە سەد ھێندە کاریتر و پڕزامتر دەکات. ئەم چەشنە بێڕێزیکردنە بە جلی نەتەوەی کورد ڕاست دەمباتەوە بۆ نێوەڕاستی شەستەکانی ھەتاوی(نێوەڕاستی ھەشتاکانی زایینی).


٣- ئەو کات،خوێندکاری کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانستگەی تاران بووم. جارێکیان مامۆستای وانەی "خەسارناسیی کۆمەڵایەتی"،دوکتۆر "ڕەحمەتوڵڵا سدیق"، تەوەری باسەکەی لەسەر چەشنەکانی گزیکاریی و لادانی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەدا بوو کە "لەبەرکردنی جلی کوردی" بە نموونەیەکی ئاشکرای لادان لە بەھا و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە تێکدانی فەرھەنگی بەناو ئێرانی ناوزەد کرد. ئەم مامۆستای زانستگەیە کە بڕوانامەی دوکتۆرای کۆمەڵناسی لە زانستگەی "سۆربۆن"ی پاریس وەرگرتبوو،سووک و ھاسان بەو چەشنە کەوتە سووکایەتیکردن بە فەرھەنگی نەتەوەیەک و یەک کەسی بە ویژدانیشت بەردیدە نەکەوت،بەرەنگاری ببێتەوە،یان بە واتایەکی ڕاستتر،کەسی متەقی لێوە نەھات. کاتێک ئاخاوتنەکەی کۆتایی پێ ھات،ڕووم تێ کرد و وتم: "مامۆستا دەمەوێت بۆ کۆڕ و دانیشتنی داھاتوو لەسەر جلوبەرگی کوردی قسە بکەم". پێشوازی لە پێشنیازەکەم کرد. بۆ حەوتەی داھاتوو دەستێک جلی کوردیم لەبەر کرد و ڕووم لە کۆلیژ نا. ھێشتا نەگەییشتبوومە نێو حەوشە و باخچەی کۆلیژ،کە ھەر یەکە و بە ناو و ناتۆرەیەک، بانگی دەکردم. کاتێک کۆڕەکە دەستی پێکرد،مامۆستا ڕەحمەتوڵڵا سدیق،ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: "وا دیارە ئاغەی... دەیھەوێت دیفاع و بەرگری لە خۆی بکات،ئاغەی ... فەرموو".


سەرەتا کەوتمە ئاخاوتن لەسەر فەلسەفەی دامەزرانی کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێکی فرەی وانەکانی تەرخانە بۆ خۆیان گوتەنی؛چاند و فەرھەنگی ئەتنە ئێرانییەکان. وتم:"جێی داخ و کەسەری زۆرە لە کۆلیژێکدا ناوەکەی بۆ خۆی ھاوار دەکات کە پێویستە ڕێز لە زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی نێو وڵاتێک بگیردرێت،ھەر لێرە و لە تریبۆنی زانستگەوە سووکایەتیی و بێڕێزی بە فەرھەنگی کورد دەکرێت. خوێندکاری نێو زانستگەکانی ئێران ئەوەندە شارەزایەتی لەسەر ھۆز و خێڵە سوورپێستەکانی ئەمریکا ھەیە، ھەزار یەکی لەسەر خۆتان گوتەنی؛فەرھەنگ و چاندی ئەتنە ئێرانییەکان شارەزایەتی نییە و بگرە ھەر ھیچیش نازانێت". دواتر،کەوتمە باسکردن لەسەر تایبەتمەندییەکانی ھەر کامە لە بەش و پارەکانی جلی کوردی و دەسکەوتیان لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا. کە کۆتاییم بە قسەکانم ھێنا،کاکی مامۆستا ئەوجار ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: "بەڕێزینە،بەڕاستی من ئەم شتانەم نەدەزانی و شارەزایەتیم لەسەر ئەم پرسانە نەبوو. ھەر لێرە و لەبەرچاوی ھەمووان داوای لێبوردن لە ئاغەی ... دەکەم". من عەرزم کرد،دوکتۆری ھێژا،داوای لێبوردن لە نەتەوەیەک بکە کە من ئەندامێکی ھەرە گچکەی دێمە ئەژمار.


٤- ھەنووکە پاش گەلێک ساڵان، ئەمجارە "محەممەدجەعفەر خوسرەوی"،پێشکەشکاری کەناڵی دووی ئێرانی، لە سەردەمێکدا کە بە چاخی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و زانیاری ناودێرە،بە لەونێکی بێشەرمانە،لە شاشەی کەناڵێکی فەرمییەوە، سووکایەتی بە جلی نەتەوەیەک دەکات. پێشکەشکاری کەناڵی بە ناو میللی،مەیلەکییانە دەئاخفێت و بە بەرچاو بە میلیۆنان کەسەوە،سووکایەتی بە فەرھەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەیەکی دێرین دەکات.


ئەمە قسەی "محەممەدجەعفەر خوسرەوی"یە کە،ڕێزنان لە کەسی بەرانبەرت،سەرەتاییترین ئەرک و ڕەوتاری کۆمەڵایەتییە و پێشکەشکار پێویستە ڕێز لە میوان و بەردەنگی بەرنامەکەی بگرێت کەچی بۆ خۆی،ڕاست بەپێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و فەرھەنگی نەتەوەیەکی خودان ژیار نیشانە دەگرێت. میوانی بەرنامەکەی گەنجێکی کورد دەبێت بە ناوی دوکتۆر "فەریبورز عەزیزی" کە خەڵکی گوندێکی دەڤەری ھەورامان بە ناوی "زەردۆیی"یە و لە کرماشاندا مەزن دەبێت. کاتێک پێشکەشکار پێی دەڵێت؛ئەم جلی شوانییە چییە لەبەرت کردووە،وەرامی دەداتەوە:"ئەم جلە، یادگاری کاوەی ئاسنگەر و ھێمای ڕزگاربوون لە ژێر چنگی ملھوڕیەتییە". جێی ئاماژەپێدانە کە فەریبورز عەزیزی دواتر کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر ئەم پرسە بڵاو دەکاتەوە کە ڕاستیت گەرەکە ھیچ لە واقیعە ھەژێنەرەکە کەم ناکاتەوە.


٥- لە نێو وڵات و سیستەمێکدا زۆرینە بە ئەقڵییەتی نەتەوەی باڵادەستەوە بار دێت و گۆش دەکرێت،مرۆ و کەسایەتی نەتەوەکانی دی، با بلیمەت و زانستوەر و مامۆستای زانستگەیش بن،ھەمیشە بە چاوێکی نزم و نەوی سەیر دەکرێن ھەر بۆیە پێشکەشکارێکی ناسراو بەو چەشنە بێڕێزی بە نەتەوەیەک دەکات و ھەرگیزیش گوشارێکی بۆ سەر دروست نابێت. پێویستە ھەموومان لە ھەمبەر ئەم بێڕێزیکردنەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بین و ھەڵوێستمان ھەبێت و بە دژی سەرچاوەی سەرەکی سووکایەتیکردنەکە بوەستینەوە ئەگینا سبەی شاڵاوی دیکەی بە دوادا دێت. کورد و کوردبوون،بۆ ھەمیشەی دیرۆک بە چقڵی چاوی ناحەزان دەمێنێتەوە بەڵام مرۆی کورد تا کەنگێ دەبێت بەدەست ئەم دەردە گرانەوە بتلێتەوە کەچی ویژدانە تۆپیوەکانی ناوخۆ و دەرەوە(بە ناو ڕۆشنبیرانی ئێرانی)، متەقیان لێوە نایە و بگرە بەرانبەر بەم بێڕیزیکردنەیش،خەنین و لە دوور و نزیکەوە،ڕمووزنانە و بەدرۆ،جاڕی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لێ دەدەن!!
 

 

h_noryawi@yahoo.com


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک