په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠١٢

دەردی یۆنان بە دەرمانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی چارەسەر ناکرێ.


زاھیر باھیر     


مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابوردوو بابەتێکم سەبارەت بەم قەیرانە ئابورییەی ئەوروپا بە گشتی و یۆنان و ئیتالیا بە تایبەتی، لە ژێر ناوی : ئایا گۆڕینی دەموچاوەکان ئەم قەیرانە ئابورییەی کە ئەوروپا تێی کەوتوە دەڕەوێنێتەوە، بڵاوکردوە ، ئێستاش پاش ٤ مانگ تێپەڕبوون بەسەر ئەو بارو دۆخەداو ‌ بەردەوامبوون لە حوکمڕانی دەموچاوە تازەکاندا نەک ھەر چارەسەری کێشەکانی نەکرد بەڵکو لە ڕاستیدا کێشەکانی زیاتر قوڵ کردۆتەوەو گەیاندویەتییە قۆناغی لابەلاکردنەوەی یەکجارەکی.


ئەمەی کە لەسەرەوە وتم ئاماژەکردن نییە بەوەی کە گوایە ئەوەی من وتومە ئاوا دەرچوو یا وادەر‌دەچێت، چونکە نە من پێشبینییەکی تازەم کردەوە و نە شتێکی جیاشم لە قسەو بۆچونی سەدەھا ھەزاران کەسانی تر لە خەڵکە ئاسایییەکە، وتووە، بەڵام نەک سیاسیی و ئابوریناسە لیبراڵەکان . ئەو ڕەوتەی کە ئێستا یۆنان دەیگرێتە بەرو دواتریش پورتوغال و ئیسپانیاو ئیتالیاو ھەندێکی تر لە وڵاتانی ئەوروپا بە دوایدا، چاوەڕوانکراوە.

بانقی ناوەندی ئەوروپی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا، بە ھەرسێکیان ، شەڕێکی گەلێک سەختیان بەسەر نزیکەی سەرجەمی خەڵکی یۆناندا، سەپاندووە ، ئیدی خەڵکی ڕێگایەک یا ھەڵبژێرێکی تریان لە بەرامبەر ئەمەدا بۆ نەماوەتەوە جگە لە بەرەنگاربوونەوەو کەوتنە جەنگی شەڕی مان و نەمانەوە. ئاخر لە وڵاتێکدا کە ڕێژەی بەتاڵە لە نێوان گەنجانی تەمەن ١٦ بۆ ٢٤ لە سەدا ٤٣ بێت ، لە دەرەوەی ئەوانیش لە سەدا ٢٠.٩ بێت و گەشەی ئابوری لەم وڵاتەدا بە بەراورد لە ٤ ساڵ لەمەوپێش لە سەدا ١٦ دابەزیبێت و سێیەکی دانیشتوانەکەی بە ھۆی ئەم قەیرانەو فشاری دەسگە و دامەزراوە دراوییەکانەوە فڕێدرابێتە ژێر ھێلی برسێتییەوە. وڵاتێک کە سەرتاپای سەروەت و سامانی لە ھەڕاجدا بێت یا بخرێتە ڕەھنی دانەوەی قەرزەکانی ئەم دەسگە دراوییانەوە، ئیدی دەبێت چ ڕێگاچارەیەکی تری لەبەردەمدا مابێت بێجگە لە بەگژاچوونەوە و بەرگری کردن لە ژیانی، لە مانەوەی ، لە کەرامەتی.


دوو ساڵ بەر لە ئێستا یۆنان بە بڕی ١٠٩ ملیار یۆرۆ بۆ قورتار بوونی لە قەیرانەکەی، قەرزی درایە. بێگومان قەرزەکە بەسترایەوە بە کۆمەڵێک مەرج و بەندی قەبەو نابەجێوە، تاکو یۆنان بتوانێت ئابورییەکەی ببوژێنێتەوە. بەڵام وەکو دەرکەوت قەرزەکە بارودۆخەکەی بەرەو خراپتر برد، بۆیە یۆنان ناچار بوو کە داوای قەرزێکی تر بکات، سیاسییەکان و تەکنۆکراتەکانی دەسگە دراویەکانیش بڕیاریان دا کە بەبڕی ١٠٩ ملیار یورۆی تر دەستگرۆیی یۆنان بکەن،‌ ئەم ڕەدەڵ و بەدەڵەش بڕیار بوو لە کۆتایی ساڵی ڕابوردوودا سەربگرێت و یۆنانیش لە سایەییدا بکەوێتە سەر پێی خۆی. بەڵام ئەم دەستی دەستی پێکردنەو دانانی کۆمەڵێک بەندو مەرجی تازە، وایکرد کە تا ئێستاش ئەو کۆمەکە نەگاتە دەستی دەوڵەتی یۆنان.


یەک ساڵ وتووێژ لە نێوانی فەرمانڕەوایانی یۆنان و سیاسییەکان و دەسگە دراویەکان و زیاتر خراپ بوونی بارو دۆخی ئابوری کە لەسەر لێواری ھەرەسھێنانە ، سەرئەنجام سەرۆکی پەڕلەمان و سەرۆکی پارتەکان و شالیاری دارایی، بەم شەرتە تازانەی دەسگە دراوییەکان ڕازی بوون، وەکو: پاشەکەوتکردنی ٣.٣ ملیار یورۆ بە کەمکردنەوەی لایەنی خواروی کرێی کار بە ڕێژەی لە سەدا ٢٢ ، لە ماوەی ٣ ساڵدا دەرکردنی ١٥٠ ھەزار کارمەندو کرێکار لە کەرتەکانی سەر بە دەوڵەت، دابەزاندنی مووچەی کرێکاران و کارمەندان و پارەی خانەنشینی و زیاد کردنی باج بۆ جاری دووھەمو دانەوەی قەرز بەبڕی ١٤.٥ ملیار یورۆ کە یۆنان دەبێت ھەتا ٢٠-٠٣-١٢ ئەم بڕە قەرزە بدات.


دوێنێ شەو، ١٢-٠٢-١٢ ، پەڕلەمانی یۆنان لە وتووێژێکی درێژو ئازاراویدا بۆ دەنگدان بە وەرگرتنی قەرزەکە، لە لایەن سەرۆک شالیارانەوە، کە شالیاری دارایی و سەرۆکی پارتەکانیش ھەموویان ڕێکن لەسەر ئەوە ، پێیان ڕاگەیەنرا: کە دەنگ نەدان یانی داخستنی قوتابخانەکان و خەستەخانەکان، نەبوونی خزمەتگوزاری، نەدانی کرێی کارو موچەو پارەی خانەنشینی ، یانی ئیفلاس بوونی یۆنان، دەگەیەنێت. بەم قسە حەماسیانەو لەپاڵ ھەڕەشەکردن لە ھەر ئەندامێکی پەڕلەمان کە سەر بە پارتەکانی فەرمانڕەوان، بە دوور خستنەوەیان گەر دەنگ بۆ ئەم پرۆژەیە نەدات. سەرئەنجام ١٩٩ لە کۆی ٣٠٠ ئەندامی پەڕلەمان ڕازی بوون بە مەرجەکانی قەرزەکەو جێبەجی کردنی سیاسەتی دەسگە دراوییەکان لە بەرامبەر ٧٤ دەنگ کە دژی وەستانەوە.


ھەر دوابەدوای دەنگدانەکە بڕیاری دوورخستنەوەی ٤٣ ئەندامی پەڕلەمان کە بەشێکی زۆریان شالیارن، کە ٢٠ یان سەر بە پارتی پاسۆکن و ٢٣ کەی تریان سەر بە پارتی دیمۆکراسی نوێن، درا . ئەمە جگە لەوەی کە پێشتر ‌ ٥ لە شالیارەکان وکو وەرگرتنی ھەلوێست سەبارەت بە ڕازی بوونی حکومەت بە مەرجەکانی دەسگە دراویەکان، دەستیان لە کار کێشایەوە.


ھەرچیش لە دەرەوەی ھۆڵی پەڕلەمان بوو خۆپیشاندەران لە ھەموو کۆمەڵ و توێژاڵە جیاجیاکانەوە ناڕەزایی و دژایەتی خۆیان سەبارەت بە پەڕلەمان، دەردەبڕی، بەشێک لەمانەش بەناچاری کەوتنە شەڕی دەستەو یەخە لەگەڵ پۆلیسدا و زیاتر لە ٤٠ پۆلیس بریندار بوون و ھەروەھا زیاتر لە ٤٠ بیناو دوکانی جیاجیاش ئاگری لێکەوتەوە.

لەگەڵ قوڵ بوونەوەی کێشەکەدا ژمارەی خۆپیشاندەران و کۆمەک پێکەرانیان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیاد بووندایە. ڕۆژی ھەینی ڕابوردوو، ١٠-٠٢-١٢ نیقابەی پۆلیس ئیننزارێکی بۆ پیاوانی تەکنۆکراتی دەسگە دراویەکان، ‌بە تایبەت بەرپرسەکانی دەسگەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ، دەرکر‌دوەو داوای لە داوەرو دادگا کردوە کە ئەمری گرتنیان سەبارەت بەو تاوانە گەورەیەی کە بەرامەبەر بە خەڵکی یۆنان، کردویانە، دەربکەن. ئەم نیقابەیە کە نوێنەرایەتی دووبەش لە سێ بەشی پۆلیسی یۆنان دەکات، لە بەڵگەنامەیەکدا کە ھەر ئەو ڕۆژە دەری کردوە دەڵێت" لە کاتێکدا کە ھەر بەردەوامن لە سەر سیاسەتی وێرانکاری ، بە ئاگاتان دەھێنینەوە ، کە ئیتر ئێوە ناتوانن بەکارمان بھێنن لە بەشەڕ دانماندا لەگەڵ براکانماندا، ئێمە قەبوڵ ناکەین کە دژی باوک و دایکمان، براکانمان، منداڵەکانمان، ھاوڵاتیانمان، کە پرۆتێست دەکەن و داوای گۆڕینی ئەو سیاسەتە دەکەن، بەشەڕمان بدەن " درێژە بە بەڵگەنامەکەیان دەدەن و دەڵێن " ئێمە کە نوێنەری یاسایی پۆلیسی یۆنانین ، ئاگادارتان دەکەینەوە ، کە ئێمە ئەمری گرتن بۆ ئەوانە دەردەکەین کە یاسایان پێشێل کردوە بە دانی ‌ بەرتیل و لەباربردنی دیمۆکرسیەت و سەروەری نەتەوەیی".


ئەم بڕیارەی نیقابەی پۆلیس بڕیارێکی گەلێک گرنگەو ناوەرۆکەکەی گەر بە تەواویش جێبەجێ نەکرێت، درزێک دەخاتە ڕیزەکانی پۆلیسەوەو دڵی دەسەڵات و دەسەڵاتداران لە ئاستی ھێزی پۆلیسدا کرمێ دەکاتو تین و وزەیەکیش بە بەرھەڵستیکەران و خۆپیشاندەران دەدات.


لێدوان و مشت و مڕ کردن و دواتر بڕیاردان لە سەر بەتاڵان بردنی سەروەت و سامانی وڵات، ڕوتانەوەی زیاتری خەڵک، زیاد کردنی باج ، کەمکردنەوەی مووچەو کرێی کار، کەمکرندوەی خزمەتگوزارییەکان و فرۆشتنی ئەوانەشی کە ماوەتەوە ، بە برسی کردن و خستنە سەر جادەی خەڵکانی زگورت و خێزان و خانەوادەیەکی زۆر بەھۆی نەبوونی پارەی کرێی خانوو سلفەی عەقارەوە، ئەمانەو گەلێکی تر، کە لە ناو ھۆڵی پەڕلەمان لەلایەن ئەو پەڕلەمانتارانەوە مشتومڕی لەسەر کراوە، کارێکی ناڕەواو نادروستە، چونکە ئەمان بۆ ئەمە ‌ ھەڵنەبژێرراون، واتە لە لایەن دەنگدەرانەوە مافی ئەمەیان پێنەدراوە، ئەمە جگە لەوەی کە Lucas Papademos ، سەرۆکی حکومەت ، بە دەنگدان نەبوەتە سەرۆک شالیاران ، بەڵکو لە لایەن سیاسییەکان و دەسگە دراویەکانەوە دانراوە. ئەمانە ھەمووی جێگای سەرنجن و حەقیقەت و جەوھەری دیمۆکراسیەت و حوکمی لیبراڵ و حکومەتی مەدەنی ، دەردەخات.


ئەم ڕۆژانەی دووایی لە ژیانی خەڵکی یۆناندا ڕۆژانێکی کاربڕن (حاسم)، کە بەڕای من ڕەنگە تەنھا ٣ چارەسەر بۆ کێشەکەیان، بھێڵێتەوە: یەکەم: یا دەبێت دەسگە دراوییەکان لە سەرجەمی قەرزەکانی یۆنان خۆش بن و بۆ ئەوەشی ئابوری یۆنان ببوژێتەوە دەبێت قەرزی تازەشیان بە بێ سوودو بێ مەرج پێبدەن. دووھەم: یا حکومەتی یۆنان ناتوانێت مەرجەکانی ئەم دەسگە دراویانە بەجێبگەیەنێت ، ئیتر ناچار دەبێت لە زۆنی یورۆ بێتە ‌ دەرەوە کە ئەمەش کەلێنێکی گەورە لەو زۆنەدا دروست دەکات و ڕەنگە ھەندێک لە وڵاتانی تریش بەدوای خۆیدا ڕا‌کێشێت، سەرئەنجامی ئەمەش دەبێتە ھۆی ھەرەسی تەواوی یورۆ قوڵ بوونەوەی زیاتری ئەزمەی دراوو ئابوری لە سەرانسەری جیھاندا. سێھەم: یا سەرکەوتنی دەسگە دراوییەکان و دەسەڵاتداران بەسەر خۆپیشاندەران و خەڵکانی ڕاپەڕیو دا کە ئەمەیان کارێکی تا ڕادەیەک مەحاڵە ھەم بە ھۆی ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ بزوتنەوەی خەڵکی ، جەماوەر، لە یوناندا بەھێز تر دەبێت بە لە دەستدانی باوەڕ بە سەرجەمی سیاسیەکان چ لە یۆنان و چ لە ئەوروپادا ، ھەم بەگرتنەبەری چالاکی ڕاستەو خۆ کە دەست بەسەراگرتنی دەسگە خزمەتگوزارییەکان و بانق و کارگەو شوێنەکانی تر دەخاتە پلانی کارکردنەوە، چونکە ئەم جۆرە چالاکیانە کاریگەرەو لە برەودایە و لە ھەفتە ی ڕابوردووەوە دەستی پێکردوە ئەویش لە دەست بەسەراگرتنی خەستەخانەی گشتی کلیکس، Klkis ، لە ئەسینا و دواتریش بەشێکی پەروەردەو پێگەیاندان کە لەلایەن کارمەند و کارگەرانی ناو خۆیانەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەمە بێ لەوەی کە گروپی لۆکاڵی یەکجار زۆر بۆ مەبەستی جیاجیا لە یۆناندا دروست بووە. ‌


١٣\٢\٢٠١٢ - لەندەن
ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک