په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٤

دەرەنجامەکانی راپەڕین؟!


ستار محەمەد قادر   


دوای بیست و سێ ساڵ لەراپەڕینی بەهاری نەوەدو یەک و بیست و دوو ساڵ لە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا جگە لە دوو ئیدارەیی، دوو ئیرادەییش لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە، دوای بیست و دوو ساڵ، تازە بەتازە شەڕە پەڕۆ دەبێت و دەکرێت بە هەوێنی بۆنە نەتەوەییەکان و هەر حزبەو دەیەوێت وەکو هەلێک لە بۆنەکان بنواڕێت بۆ ئەوەی نمایشی هێزی ماسوولکەکانی بکات و بەویتر بڵێت بەم شێوەیە ئەنەرژی بە هەوادارانم دەبەخشم و درێژە بە مانەوەی خۆم دەدەم!


مرۆڤ نازانێت کورد چۆن لە راپەڕین و بۆنەیەکی وەکو نەورۆز دەنواڕێت، ناکرێت بۆنەیەکی نەتەوەیی تەنها بۆ ئاهەنگ گێڕان کورت بکرێتەوەو جوانە مەرگ بکرێت، تەماشای باکووری کوردستان بکەن، بزانن چۆن و بە چ شێوەیەک مامەڵە لە گەڵ نەورۆزدا دەکەن، ئاخر جاران نەورۆز لەلای کۆمەڵانی خەڵکی واتاو مانایەکی تری دەبەخشی، هەر ئەو هۆکارەش بوو حکومەتی بەعسی وا لێدەکرد کە هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بێت ئەو بۆنەیە لە زاکیرەی کورددا کوێر بکاتەوەو بیکووژێت!


ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەدەستی چەند کێشەیەکەوە دەناڵێنێت، درووست نەکردنی حکومەتی بنکە فراوانی نیشتیمانی لەولاوە بووەستێت، کە ئەوە بۆ شەش مانگ دەڕوات نێوی لێنراوە، لێ جارێ ناوکی نەبڕاوە، ئەوە کێشەی نێوانی هەرێم و ناوەندو بڕینی مووچەو هەناردەکردنی نەوت، کە کەس نازانێت کلیلی چارەسەرکردنەکەی لەلای کێیەو ئەو گرێ کوێرەیەی کە نە بەدەست و نەش بەدان دەکرێتەوە، چۆن بەکۆتا دەگاو ئیتر کۆتایی بە چاوسوورکردنەوەو دان جیڕکردنەوە دێنێت؟


ئەگەر لەسۆنگەی ئەم ئاهەنگ گێڕانەوە لەکورد بنواڕین، وێنەو دیمەنەکان ئەوە بەبینەر دەبەخشن، رەنگە بەختەوەرترین نەتەوەی سەر ئەم هەسارەیە بێت! وەکو ئەوەی هێندە سەرقاڵ بین تەنها بۆنەکان ئەو دەرفەتەمان پێبدەن تا گوێ لە گۆرانی بگرین و تاوێک هەڵپەڕین، لەکاتێکدا کەناڵە لۆکاڵی و ئاسمانییەکان زۆربەی بۆشاییەکانیان بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ پڕ دەکەنەوە!


ئەگەر وایدابنێین ئاهەنگ گێڕان دیاردەیەکی مۆدێرن و شارستانیەو هیچ جۆرە خەوشێک لەوەدا نابینرێت کە ئەو جۆرە گرد بوونەوەیە هەستێکی جوان لەلای کۆمەلانی خەڵکی درووست دەکات، ئەی باشە تەقە کردن چ واتایەک دەبەخشێت؟


شاری کەرکووک پێویستی بە شەڕە پەڕۆ نیە، چونکە شەڕە پەڕۆ بوو بە هۆکاری ئەوەی ئەم شارە رادەستی ماددەیەکی دەستووریی مردوو بکەن و ئەمڕۆ لەپێناوی ئەوەی بۆ جارێکی ترو بەشێوازێکی دیکە درووشمە فووتێکراوەکانیان بە خەڵکی بفرۆشنەوە، پەنا دەبەنەوە بەر شەڕە پەڕۆ!


خۆزگە کورد ئەوەندەی بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ سەرسام نەدەبوو، بە مۆزیک سەرسام ببوایە، بە بارتەقای چێژ وەرگرتن لە هەڵپەڕکێ، لە ساڵیادی کیمیا بارانی هەڵەبجەو کارەساتی بەدناوی ئەنفالیش رابمایەو قاڵ بوایەتەوە بۆ ئەوەی وەکو میللەتێکی زاکیرە خامۆش دەرنەکەوتبایە! ئەوەی لە کەرنەڤاڵی ماشێنەکاندا دەبینرێت، ئەوەمان پێدەڵێت: ئەم میللەتە هیچ ئەزموونێکی ئەوتۆی لە راپەڕین وەرنەگرتووەو جارێ لە سەرەتادایەو سیاسەتی پارتەکانیش لەگەڵ ئەوەدان خەڵکی ئەو بۆنانە تەنها بۆ هەڵپەڕکێ و گوێگرتن لە گۆرانی کورت بکەنەوە، نەک بیرکردنەوەو کۆڕو سیمینار؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک