په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٢\٢٠١٣

دەرهێنانی نەوت لە کوردستاندا دوورە لە زانستە ئابوورییەکان.

مەهدی حەمید      


میزانی بازرگانی بریتیە لە بەراوردکردنی هاتنە ناوەوەی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە بیانییەکان لەگەڵ ناردنەدەرەوەی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان. لێرەدا من نامەوێ بەراوردی عیراق یان هەرێمی کوردستان لە گەڵ ولاتە پێشکەوتوەکان کە ئەمەریکا و ئەوروپا و چین و یابان و ئیدیش، بکەم. چونکە لە ڕێگەیەوە هیچ دەرئەنجامێکی زانستیت ناداتە دەست و هەلسوڕێنەرانی سیاسی و ئابووریش لە هەرێم بە چەند ڕستەیەک وەڵامت دەدەنەوە کە ئێمە و ئەوان زۆر لێک دوورین و پێویستیمان بە سەدەیەک هەیە. بەڵام وەرن با ئەو جیاکاریە لە نێوانی ئەردەن یان سوریا و تا زۆر رادە میسریش بکەین بەو حوکمەی کە ئەو وڵاتانە لەبەرئەوەی وڵاتی نەوتی نین و بە هۆیەوە بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر پلانێکی ئابووری زانستی تا جۆرە یەکسانیەک لە نێوان هاوردە و هێنانەناوەوە بکەن. ئەوە دەزانم کە ئەو وڵاتانە و تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ و بە بەکارهێنانی هەموو توانا ئابوورییەکانیان بە شێوەی زانستی، ئینجا هەموو کاتەکان هاتنەناوەوەی کەلوپەلەکان لە چوونەدەرەوە زۆر زیاترەو بۆ یەکسانبوونی هاوسەنگییەکە، پەنایان بردۆتە بەر قەرز و قەرزکاریی.


ڕەنگە بۆ ئەو وڵاتانە ئەگەر بهاتبایە خاوەن سوپایەکی قەبەو بە ماشێنە سەربازیە زەبەلاحەکان و هەروەها دەزگای ئەمن و ئیستخبارات و پۆلیس نەبوونایە یان زۆر لە دەزگا نابەرهەمهێنەرەکانی تریان قەبە نەکردبایە، پڕۆسیسی وەها کاری پۆزەتیڤانەی دەکرد لە جێگیربوونی بەهای پارە ناوخۆییەکانیان یان ئەگەر بشهاتبایە خوارەوە ، بەڕێژەی کەمەوە دەبوو. ڕاستە بۆ ئەو وڵاتانەش و بە بەردەوام بەهای پارەکانیان لە دابەزین دایە بەڵام ئەو دابەزینە زۆرەکەی لە بەر قەبە کردنی چالاکیە نابەرهەمهێنانەکانیانەوەیە . ئەگەر ڕووی شیکردنەوەکانمان ، وەرگێڕینە چین ، مەسەلەیەکی تری لێ دەکەوێتەوە جا لە بەر چڕی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بێت یان لە ڕێگای پلانە ئابووریە زانستانەیان بێت کە ئەوانە ئەو برە زۆرە نەوتەی هەشیانە بەشی پێداویستیە ناو خۆیەکانیان ناکات و لە رۆژگارێکی وەک ئەمڕۆمان ، ئەوان پەنایان بردۆتە بەر کرینی نەوتی خام بە ڕێژەیەکی فراوان ، بەڵام بەراورد کردنی هاوردەو هاتنەناوەوەیان لە قازانجی هاوردەیەو لە ڕێگایەوە ئەوان ئەگەر بەراوردی میزانی تجاری وڵاتەکەی خۆیان بکەن . فایزی نەقدیان دەبێت . فایزی نەقدیش ئەگەر نەیگوازیەوە بۆ بواری وەبەرهێنان ، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەل وپەل و خزمەتگوزاریەکان و هەڵاوسان دروست دەبێت . ئەوان ئەو فایزە نەقدیە دەگوازنەوە بۆ بواری وەبەرهێنان و لە ڕێگایەوە میزانی تجاریان و ساڵانە لە سەقفی بەرز تر خۆی جێگیر دەکات و کاری وەهاش تا بڵێت تەندروستە بۆ گەشە کردن و بەرەو پێشەوە چوونی ئەو وڵاتە.


ڤیان عەبدول رەحیم لە بابەتێک لە رۆژنامەی هاوڵاتی٣١/تەموز/٢٠١٢ لە ژێر ناوی بودجەی بەکاربردن ساڵ بە دوای ساڵ تووشی ڕەشبینیمان دەکات و دەڵێ ٨٥٪ ئەو بودجەیە بۆ بەکاربردن دەڕوات. کە بڕەکەی نزیکەی ١٣ ملیار دۆلارە. بە گوێرەی نووسینەکەی ناوبراو تەنیا ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ خەرجیەکانی وەبەرهێنان تەرخان کراوە.


بڕی ١٣ ملیار دۆلار لە پارەی نەقدی کە دەچێتە ناو ئاڵووگۆڕ یان دەچێتە ناو خولی ئاڵووێری ساڵانەی هەرێمی کوردستان ، بڕێکی زۆر فراوانە و دەتوانم بڵێم لە حالەتی وەهادا ئەو بڕە پارەیە لە میزانیەی سووریا و و زۆر وڵاتی تر زیاترە. بەڵام گرفتەکە لە بەکارهێنانی ئەو پارەیەیە لە پڕۆسیسی خۆ دووبارە کردنەوە.


بڕی وەها ئەگەر بێتو ئابووری بە تەندروست و بە شێوەیەکی زانستیانە مامەلەی لەگەڵ بکرێ و ئەوا لە ڕێگەیەوە بێ ئەوەی پەنا ببەیتە بەر داهاتی نەوت و ساڵانەو بە بڕی زیاتریشەوە خۆی نوێ دەکاتەوەو لە ڕێگایەوە ئابووری وڵاتت بە تەندروست خۆی بەدەر دەخا. بەڵام حکومەتی هەرێم لە جیاتی ئەوەی مامەلەی زانستیانە لە گەڵ میزانی تجاری خۆی بکات ، تەنیا پشت بە داهاتی ساڵانەی نەوت دەبەستی لەو پشکەی کە لە ناوەندەوە بۆی دێت و دەرهێنانە ناوخۆیەکانی خۆشی تا ئێستا کەس نەیتوانیوە هیچی لێ بزانێ و نازانرێ بۆ کوێ و کوێ دەچێت . ڕاستە هەندێ جار بەرپرسە باڵاکان دێنە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانیان و جۆرە لێدوانێک دەدەن بەڵام چونکە جۆرە لێدوانی وەها دوورە لە زانستە ئابووریەکان و داتاو لە ڕێگایەوە ناتوانی هەزمی بکەیت یان لە ڕاستیو ناڕاستیانەوە بگەیتە دەرئەنجامێک . حکومەتی هەرێم دەتوانێ ئەگەر یەک بەرمیلی ناو خۆشی ڕەوانەی دەرەوە نەکات و تەنیا پشت ببەستێ بەو پشکەی خۆی لە ناوەندو هەتا ئەگەر بڕەکەشی گریمان کەم بکرێتەوە ، دەتوانێ بەگرتنە بەری ڕێو شوێنی زانستانە ، میزانی تجاری خۆی و هەموو ساڵێک و لە سەقفی بەرزترەوە جێگیر بکات ئەویش بە بەرواورد کردنی خەرجیەکان و ئەو پارەیەی کە دەیگوازێتەوە بۆ بواری بەرهەم هێنان . گریمان حکومەت لە توانای دایە لەو ١٣ ملیار دۆلارەی ساڵی ٢٠١٢ کە من دڵنیام لە میزانیەی ساڵی ٢٠١٣ برەکەی زیاتریش دەبێ ، و بتوانی ٣ ملیار دۆلار و بە تەندروست بگوازێتەوە بۆ خەرجیەکانی بەرهەمهێنان و ئەوا بە درێژە کیشانی و لە نێوان دوو پلانی ئابووری کە ماوەی ٤-٥ ساڵێک زیاتر ناخایەنێ ، ئەو بڕە پارەیەی کە تەخسیس کراوە بۆ ئەو بوارە قەبارەکەی خۆی دوو ئەوەندەی جارانی لێ دەکاتەوە ، ئەوە جگە لەوەی کە لە ڕێگای فراوانبوونی قەوارەی بەرهەمهێنان دەتوانی بە دەیان هەزار هەلی کاری نوێ بکاتەوەو لە ڕێگەیەوە حکومەت دەتوانێ خەرجیەکانی بۆ دەستی کارو معاش یان بەتالەی موقەنەعە زۆر کەمتریان بکاتەوە. لە دیوەکەی تریش خەرجیەکانی حکومەت لە بەکار بردن لە بواری هێنانە ناوەوەی کەلو پەل زۆر کەمتر دەبێتەوە ، بە گرتنە بەری ڕێوشوێنی وەها زۆری پێ ناچێت ئابووری کوردستان دەتوانی مونافەسەی ئابووری وڵاتانی دەورو بەریش بکات . بەڵام لە بەر ئەوەی حکومەت گرنگی نادات بە بواری بەرهەم هێنان و تەنیا یان تا زۆر ڕادە ئیکتفا دەکات بە پشکی لە نەوت و ڕەنگە بڵێ ئەو نەوتەی لە کوردستانیش دەری دەهێنم هەم دیسان بۆ ئەو بوارانە بەکار دێنم و لە ڕێگایەوە ئابووری کوردستان پێش ناکەوێ یان زۆر بە سستی پێش دەکەوێ . بەگرتنە بەری ئەو ڕێو شوێنانە:


١- جگە لەوەی کە بڕێکی زۆر لەو پارەیە بۆ گەندەڵی دەڕوا.


٢- هەڵاوسانیش و بەڕێژەی بەرز بوەوە دروست دەبێت . دەبێ ئەوەش بزانی هەڵاوسان بەشە هەرە زۆرەکەی لەوەوە دێت کە هاوسەنگی نابێت لە میزانی تجاری یان ئەگەر هەشبێت ئەو هاوسەنگیە بە پشکی نەوت پڕ دەکرێتەوە.


٣- بەرز بوونەوەی نرخەکان دوو دیوی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەیە . دیوە نێگەتیڤەکەی خۆی لەوەوە دەبینێتەوە کاتێ دێیتە سەر بەراورد کردنی ئەو پارەیەی کە بۆ بەکار بردن لە میزانیەی ساڵانە خۆی بەدەر دەخات لە گەڵ ئەو پارەیەی کە بۆ بواری وەبەرهێنان خەرج دەکرێت . هەرچەندی بڕی بەکاربردن لە ساڵانەی تەخسیسات زیاد بکرێت وەک ئەو حالەتەی کە ئێستای حکومەتی هەرێم بەڕێوەی دەبات ، دەبێتە هۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان و هاتنە خوارەوەی بەهای دینار و لەو حالەتەدا و بۆ بە تەنگ هاتنەوەی هاوڵاتیان لەو بەرز بوونەوەی نرخەکان ، پەنا دەباتە بەر زیاد کردنی معاش و کرێ و زیاد کردنی بەتاڵەی موقەنەعە و بە دوایەوەو بە بری هەمان ئەو زیادانە ، دووبارە نرخەکان بەرز دەبنەوەو هەڵاوسانیش لە پلەی قەبەتر خۆی بەدەر دەخا.

 

بەڵام ڕووە پۆزەتیڤەکەی بەرزبوونەوەی نرخەکان خۆی لە ناو زیادەی وەبەرهێنانی ساڵانە دەبینیتەوە. ڕوونتر بڵێین خۆی لەو حالەتە دەبینیتەوە کە سیاسەتی حکومەت و ساڵانە تەخسیساتی ڕێژەی وەبەرهێنان لە چاو بەکار بردن زیاد بکات . چونکە ئەو بەشەی بۆ بەکار بردن دەڕوا یەک جارەو ناگەڕێتەوە بەڵام ئەو بەشەی بۆ تەخسیساتی وەبرهێنان دەڕوا بەمەرجێ ئەو وەبەرهێنانە بە پڕۆسیسی تەندروست وپلانی تۆکمە بەڕێوە بڕوات وبە بەردەوام و ساڵانە چەند جار خۆی نوێ دەکاتەوەو خۆی قەبە دەکاو لە ڕێگای پشکیشی لە داهاتی نەوت خۆ قەبەکردنەکەی چەند جارە دەبێتەوەو لە کاتی بەردەوام دانی بە خۆیەوە . هێدی هێدی بڕی هاتنە ناوەوەی کەل و پەلەکان کەم دەبێتەوە یان بڕی ئەو کەل و پەلە ئیستهلاکیانە لە قازانجی هاتنە نانەوەی کەل وپەلی ئینتاجی کەم دەبێتەوەو بەهۆیەوە خەرجیەکانی حکومەتیش لە هاتنە ناوەوەی کەل و پەلەکان کەم دەبێتەوەو لە ڕێگەیەوە دەتوانی پارە فایزەکە بە قەبارەی بەرزتر بگوازێتەوە بۆ بواری وەبەرهێنان و بەشیکیش لەو پارەیە بۆ زیاد بوونی کرێی دەستی کار و موچەو خزمەتگوزاریەکانی تر بگوازێتەوە . لەو حالەتە ڕاستە هەم دیسان نرخی کەل وپەلەکان بەرز دەبێتەوە بەڵام لە بەرامبەرەکەشی داوا لە سەر دەستی کار و فەرمانبەران زیاد دەکاو کرێی کارو و موچەکانیان بە تەندروست زیاد دەکاو دەتوانن بەرگری لەو زیاد بوونەی نرخەکان بکەن . ئەوە جگە لەوەی و مادامەکینێ کەلوپەلەکان بەرهەمی نیشتمانین ، ئەوا دیسان ئەو زیاد بوونە بۆ کەسە ناوخۆکان دەگەڕێتەوە . بەهای دیانری عیراقیش بەسەردەکەوێ لە بەرامبەر دۆلارو دراوە قورسەکان.


٤- پڕۆسیسی وەبەرهێنان و بە تەندروست مامەلە لەگەڵ کردنی و بە دوایەوە زۆر شتی پۆزەتیڤ بە دوای خۆیەوە دەهێنێ و هەندێکیان لەوانە:


٥- ا- چینی سەرمایەداری ڕاستەقینە یانی سەرمایەداری پیشەسازی پێ دەگات و بە دواشیەوە ڕۆڵی هەرە گرنگ دەبینێ لە بەرەو پێشەوە چوونی وڵات وجێگیر بوونی سیاسی.


ب- بانقەکان گەشە دەکەن و متمانەی هاوڵاتیانیش بۆیان جێگیر دەبێ و لە میانەیدا خولی سووڕانی پارە زۆر فراوانتر دەکات واتە بەشی زۆری زیادە پارەی هاوڵاتیان دەکەوێتە ناو بانقەکان و لەوێش بۆ خولی گەشەپێدانی ئابووری بەکار دێت و بە هۆیەوە زیاتر تەکان دەدرێتە بەر چالاک بوونی ئابووری لە کوردستان.


پ- ڕاستە لە سەرەتادا خولی گەشەکردنی ئابووری خۆی لە وەبەرهێنانی بچووک م مام ناوەند دەبینێتەوە بەڵام بە درێژە کێشانی دەگوازرێتەوە بۆ بواری پیشەسازیە گەورەکان.


ت- ئابووری نیشتمانی بە تایبەتی کەرتی تایبەتی پەرە بسەنێ لە بەرامبەریشدا خەرجیەکانی حکومەت بە ڕێژە کەم دەکاتەوەو بە قەبارەش زیاد دەکات.


ج- داهاتی حکومەت لە ڕێگای باج سەندن لە سەر کەلوپەل و خزمەتگوزاریەکان و باج لە سەر داهات و قازانج ، زیاد دەکات و لە ڕێگەیەوە دەتوانێ ئەو پارە زیاد بوانە بۆ پتەو کردنی ژێرخانی ووڵات و بواری پەروەردەو تەندروستی...... خەرج بکات.


چ- لە سەرەتادا کۆچ کردنی پێچەوانە لە شارەکان بۆ لادێکان دەست پێدەکات و بە دوایەوە ئەگەر کۆچ کردن دووبارە بۆ شارەکان دەست پێ بکاتەوە، سروشتی دەبێت و ئەو زەمینەیەش دێتە گۆڕێ کە جیاوازی نێوان شارو لادێ زۆر کەم بێتەوە.


ح- بە سەدان بگرە بە هەزاران کۆمپانیای بچووک ومام ناوەندی و بگرە گەورەش دەکەونە لادێکانی کوردستان و بە هۆیەوەو بەرەبەرە کشتو کاڵی کوردستان بە پیشەسازی دەکرێت.


خ- پەیوەندی نێوان کوردستانی باشوورو پارچەکانی تر نزیک دەبێتەوەوبە دوایەوە زمانی ئابووری خۆی دەچەسپێنی و بە هۆیەوە لە سەرەتادا تێگەیشتن لە نێوان پارچەکان دروست دەکات و بە دوایەوە بەرە بەرە کورد بە گشتی خۆی دەوڵەمەند دەکات بە زاراوەی هەموو پارچەکان.


د- بە دوایەوە حکومەت ڕاناکا بۆ دەرهێنانی و نەوت و کەمکردنەوەی سامانە سروشتیەکەی بۆ ئەوەی پێداویستە خەرجیەکانی وڵات پێ دابین بکات . ئەو کاتە نەک ڕا ناکا بە دوای دەرهێنانی نەوت بەلکو دەتوانێ کادیری نیشتمانی پێ بگەیەنێ و بەکاریان بێنێ و بێ ئەوەی کۆمپانیا بیانیەکان بە پارەیەکی زۆر بێنە ناوەو نەک هەر ئەمە دەکەن بەلکو حکومەت هەڵدەستێ بە خۆماڵی کردنی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی کە لە کوردستانیشەوەن هەمدیسان تەنیا ئەو بڕە نەوتە دەردەهێنێ کە بتوانێ بیگوازێتەوە بۆ وەبەرهێنان و هەوڵیش دەدات کە سوود لە غازی سروشتیش بێنێ و جۆرەکانی نەوتیش زیاد بکات لە ڕێگەی پاڵاوتەکان.


ر- ئەگەر ئێمە بتوانین ژیرخانی ئابووری وڵاتمان بەهێز بکەین و ببینە خاوەن پیشەسازیەکی ژیکەلانە ئەو کاتە جولەی پێچەوانە ڕوو دەدات واتە لە جیاتی ئەوەی ٩٥٪ پشت بە هێنانە ناوە ببەستین ، ئەو کاتە ئەو ڕێژەیە لە ڕێگای ناردنە دەرەوەو کەمتر پشت بەستن بەکەلو پەلە ئیستهلاکیەکانی دەرەوە دەتوانین ئەو ڕێژەیە بۆ ٥٠٪ و کەمتریش کەینەوە و هاتنە ناوەوەکانیش بەشی شێر بەر کەلو پەلی ئینتاجی بکەوێ .


ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە وەک بڵێم بە داخەوە ئەو میزانیە زەبەلاحەی کە ٩٥٪ پشت بە نەوت ، دەبەستی و بەوەش ڕاناوەستین و دەمانەوێ لە ڕێگای دەسکەوتی نوخبەیەک لە کەسەکان نەوتی زیاتریش ، دەربێنین . بەڵام ئەو پرسیارەی کە دێتە گۆڕێ ئەوەیە ئایا ئەو مامەلە کردنە لە گەڵ ئەو سامانە زێڕیە کاتیە نەک دوورە لە هەموو پێوەرە زانستەکان بەلکو لە ڕێگای بەڕێوە ڕۆیشتنی رێو رەسمیەتەکانی ، دەتوانم بڵێم سێ بەشی بە فیرو دەڕوات . تورکیا سوود مەندی یەکەمە لە نەوتی کوردستان چونکە ئەو لە ڕێگەی ئەو هەموو کۆمپانیا ئابووریانەو فروانبوونی ڕۆڵی لە دەرهێنانی نەوتی کوردستان و بەهۆیەوە پشکی گەورەی نەوتی کوردستان بۆ ئەو دەبێت ئەوە جگە لەوەی کە کوردستان بووەتە بەشێک لە بازاری ئیستهلاکی کەلوپەلە خراپەکانیانیان کە زۆری بەسەرچوە . سوود مەندی دووەمیش گەندەڵچیەکانن لە گەڵ ئەوانەی کە بە ناشەفافانە مامەلە لە گەڵ ئەو سامانە سروشتیە دەکەن و ئەگەر بشگۆترێ دەرهێنانی نەوت سەروەری نیشتمانی بەهێز دەکات ، ئەو مەقولەیە زۆر زۆر دوورە لە ڕاستی و زانستە ئابووریەکان و ئەگەر وابایە و لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆمان وڵاتانی کەنداو دەبوون بە وڵاتی پیشەسازی . بە ڕاستگۆیانە قسە دەکەم و دەڵێم بۆ هەموو وڵاتانی دەرهێنەری نەوت کە تەنیا پشت بە ناردنە دەرەوە دەبەستن و سەد ساڵی تریان پێ بچێت کە نەوتەکەیان نەما ئەوا نەک دەبن بە دەولەتی هەرە پاشکەوتوو بەلکو گەلەکەشیان واتە جیلی داهاتوویان وەک زۆر لە وڵاتانی ئەفریقی ڕووبەڕووی برسیەتی دەبنەوەو ئێستاش لە گەڵ دابێ وڵاتانی دەرهێنەری نەوت کە زیاتر لە نیو سەدەیە و بەڕێگای نیشتمانیش ئەو نەوتە دەردەهێن بەڵام چونکە نەوتەکەیان نەگواستۆتەوە بۆ بواری بەرهەمهێنان و بنیات نانی ئابووری کە نەوتەکەیان لێ بڕا پەکیان دەکەوێ بۆیە دەڵێم و دەڵێمەوە تەنیا ئەو بڕە نەوتەی کوردستان دەچێتە خانەی بنیاتی نیشتمانی و خۆشگوزەرانی خەلکەوە کە بیگوازنەوە بۆ بواری بەرهەم‌هێنان بە تایبەتی بەرهەمهێنانی پیشەسازی.


١٣\٢\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی مه‌‌هدی حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک