دەرهێنەریى شانۆیى هاروون سوکایەتیى بە بینەران کرد.
کــاردۆ
گومان لەوەدا نییە کە هەر کارێکى هونەریى رەنگدانەوەى ئاستى ووشیاریى هونەرمەندەکەیە ،دەکرێت هەندێ جار منى وەرگر بە تێڕامانم لە گفتوگۆ و هەڵچوون و داچوون و تەواوى سلوکیاتى هونەرمەندەکە پێشوەخت لە زەینى خۆم کارەکەى وێنا بکەم لە راستیشدا دۆزینەوە و گەیشتن بە دۆخى سایکۆلۆژیى هونەرمەند هێندەش ئاسان نییە واتا هەموو وەرگرێک ئەوتوانستەى تێدا نییە گەر لە بوارى دەروونناسیدا شارەزاییەکى باشى نەبێت.
بەڵام تەواوى ئەو بینەرە بەڕێزانەى ئامادەى بینینى نمایشتى هاروون بوون کە لە شارى کەرکوک نمایشتکرا و بەر لە نمایشتەکە لەلایەن دەرهێنەرەکەیەوە سووکایەتیان پێکرا ، هەر زوو درکیان بە کڕۆکى شانۆییەکە کرد کە هاوشێوەى کارەکانى ترى لەمیانى گوتارەکانیدا بەرامبەر بە بینەر چەند بە ئاگاییەوە دێتەگۆ.
لە راستیدا هاوارکردنى دەرهێنەر بەسەر ئامادەبوواندا و پابەند نەبوونى بە کاتى دیاریکراو بۆ دەستپێکردنى نمایشتەکە،کە نزیکەى نیو سەعات لەکاتەکە لاى دابوو، هیچ باساوێکى بۆ نییە تەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو خۆى بەکسێکى جیاواز دەخوێنێتەوە و بەردەوام لەسەرووى خەڵکییەوەیە ،ئەم (سوپەرئارتیست)ە و ئەوانیش لاسارن و لەنێو هۆڵەکەدا دەنگەدەنگ دەکەن ، بۆیە لە برى ئەوەى داواى لێبوردن بکات و سوپاسیان بکات کە هۆڵەکەیان بۆ چۆڵ نەکرد ، دەبێ هاواریان بەسەردابکات تا بەرامبەر بە فەوزاى ئەتمۆسفێرى نمایشتەکەى و پابەند نەبوونى خۆى بە کاتەوە بێدەنگیان بکات.
* شانۆگەریى هاروون لە لایەن گرووپێکى شارى سلێمانییەوە رۆژى 5/4/2009 لەکەرکوک نمایشتکرا.
|