په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\١٠\٢٠٢٠

دەرکەوتنی "بەیان" لە وەرزی خەزانی رۆژنامەگەریی کوردیدا.

هۆمەر         

 
لە قۆناخێکی ھەرە ناسک و ھەستیاری مێژوودا کە ڕۆژنامەگەریی کوردی لە ڕۆژھەڵات لە حاڵی گیان کەنشتدایە و تەنێ نووزەیەکی لێوە بەرگوێ دەکەوێت و بەشی فرەی بە ڕەشکردنەوەی ڕووپەلی پاکژەوە مژولە یان نایەوێت یانژی ناوێرێت خۆ لە قەرەی پرسە چارەنووسساز و ھەستیارەکانی کۆمەڵگە بدات و کەمتر بڵاڤۆکێکت پێ شک دێت خودانی دەستەیەکی نووسەرانی کارامە و لێزان و پیشەیی و پڕۆفشناڵی بواری ڕۆژنامەگەری بێت،لێ دەرچوونی ژمارەیەک ڕۆژنامە و گۆڤار لێرە و لەوێ،ھەندێک تەمەکە دەڕەوێنێتەوە و تۆوی ھیوا لە دڵاندا دەچێنێت.


گۆڤاری "بەیان"،یەک لەو گۆڤارانە دێتە ئەژمار کە خۆی بە گۆڤارێکی فەرھەنگی،کۆمەڵایەتی ناودێر دەکات کە بە دوو زمانی کوردی-فارسی ھەر دوو مانگ،جارێک چاپ و بڵاو دەبێتەوە. ئەم گۆڤارە،بە ھەمان ڕێچکە و ڕێبازەکەی "سروە"ی ئازیز و یادگاردا دەچێت و دەستەی نووسەرانی دەیەوێت بە ھەمان بین و ھەناسەوە لە پێناو درێژەدان بە خەباتی ڕۆژنامەگەریی کوردی کار بکات و خزمەت و ڕاژەی چاند و کولتووری کوردی بکات.


خودان ئیمتیاز و بەرپرسی گۆڤارەکە،دوکتۆر"ئیسماعیل مستەفازادە"،زانستوەرێکی گەلپەروەرە کە بە ھاریکاریی وھەوڵ و خەبات و خەمخۆریی کۆمەڵە مرۆیەکی نیشتمانپەروەر،گۆڤارەکە چاپ و بڵاو دەکاتەوە و لە باری ماددییشەوە ئەوە تەنیا مرۆ دڵسۆزە گەلپەروەرەکانن کە پاڵپشتی دەکەن و لە ھیچ ئالی و لایەنێکی فەرمییەوە یارمەتی دراوی وەرناگرێت.


بەیان،گۆڤارێکی سەربەخۆ و بێلایەنە و ئێستا پێی ناوەتە ساڵی سێیەمی تەمەنەوە و ھەتا ھەنووکەیش، ١٢ژمارەی لێ چاپ و بڵاو بۆتەوە. ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە،مانگی گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٧ی ھەتاوی(٢٠١٨) بڵاو بۆتەوە.


گۆڤارەکە،لە چاو ئەزموونی دوور و درێژی ڕۆژنامەگەریی کوردی،ھێشتا لە قۆناخی دەستپێکدایە و بە گۆڤارێکی تازە و ساوا دادەنرێت و پێویستی بە پێنووس و خامەی بەپێزی گشت ڕووناکبیرێکی پەرۆشی چاند و فەرھەنگی کوردی ھەیە.


بەیان،ھەوڵ دەدات بە بێ جیاوازی،خزمەتی گشت زاراوە سەرەکییەکانی زمانی کوردی بکات و ئەمەیشی لە ماوەی سێ ساڵ کارکردنەدا سەلماندووە. بەڵام پێویستە ئەم پرسە بەوپەڕی وشیارییەوە جێبەجێ بکرێت و ئەرکەکە بخرێتە ئەستۆی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ و وەک دەرفەتێک سەیر بکرێت نەک چێکردنی کەند و لەند و تێکدان و شێواندنی زمانی پاکژ و زەنگین و دەوڵەمەندی کوردی.


نوێترین ژمارەی بەیان،ژمارە ١٢،مانگی خەرمانانی ١٣٩٩ی ھەتاوی(سێپتەمبەری ٢٠٢٠)چاپ و بڵاو بۆتەە. ئەم ژمارەیەی بەیان،ئاوڕ لە مۆسیقای کوردی لە ھەر ھەموو پار و بەشەکانی کوردستان دەداتەوە و کۆمەڵە بابەتێکی دەوڵەمەند و ڕەنگاڵەیی لە خۆ دەگرێت.شیاوی ئاماژەپێدانە کە بەیان لە شاری مەھاباد دەردەچێت و لە ھەر ھەموو ستان و پارێزگە کوردنشینەکانیشدا بڵاو دەبێتەوە.


بەیان،یەک لەو دەگمەن بڵاڤۆک و گۆڤارە کوردییانەیە کە جیھانی زارۆکانی لە بیر نەکردووە و ھەر جارە و پاشکۆیەک بە ناوی"گڕ و گاڵی نوێ"بۆ منداڵان بڵاو دەکاتەوە و تا ئێستا ١٢ پاشکۆی بۆ منداڵی کورد بڵاو کردۆتەوە. پەروەردەکردنی منداڵی کورد لەسەر دوو بنەمای ھەرە گرینگی زمان و چاندی کوردی،یەک لە مەبەستە سەرەکییەکانی دەرکردنی ئەم پاشکۆیە دێتە ئەژمار.


بەیان،ئەگەر دەیەوێت ژمارە لە دوای ژمارە زێتر پێش بکەوێت،پێویستە لە بن چاودێری دەستەیەکی نووسەرانی کارامە و خودان ئەزموونی بواری ڕۆژنامەگەرییدا دەربچێت و ھەرگیز خۆی پاتە نەکاتەوە و بەردەوام کاژ فڕێ بدات. ژیرانە دەست بۆ پرسە ھەستیارەکان ببات و دەوری چرایەکی گەش بۆ سبەی ببینێت؛ئەگینا ئەمیش زۆر زوو گیرۆدەی پەتا گشتییەکە دەبێت و پاش ماوەیەکیش،تەنیا ناوێکی ڕووکەشی لێوە دەمێنێتەوە.


جێی خۆیەتی ھەر لێرەوە دەستخۆشی لە سەرپاک ستاف و دەستەی نووسەرانی بەیان بکەم و دادێیەکی درەوشاوەیان بۆ بە ئاوات بخوازم.


لە ژمارە ١٢ی بەیاندا بابەتێکی توێژینەوەیی نووسەری ئەم دێڕانە لەسەر ھونەرمەند ئیسماعیل سابوور لە بن سەردێڕی"سروەی دەنگێک و غوربەتی ناخێک"بخوێننەوە.

 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک