١١\٥\٢٠١٦
دەرۆزەکەرە
ئێسک سووکەکان.

ئیسماعیل تەنیا
ئێمەی
رۆژھەڵاتنشین، لە ھەموو روویەکەوە لەگەڵ تاکێکی
رۆژئاوانشین، لە؛ جۆری بیرکردنەوە، ھەڵسوکەوتی ڕۆژانە، دابونەریتی نان
خواردن، رەنگ و
روخسار،گفتوگۆکردن، یارمەتیدانی ھەژاران،
کارکردن، تا دەگاتە
دەرۆزەکردنیش، جیاوازین. ئەم جیاوازیانەش بوونەتە ھۆکارێک
بۆ بەریەککەوتن و لەیەکتر نەگەیشتن. تۆ وەرە، لە
دەرۆزەکەرێکی سەر
شەقامەکانی لای خۆمان و لای ئەوان بڕوانە، تێیڕامێنە ئەوجا
جیاوازییەکانت زێتر بۆ دەردەکەوێ.
- کچێکی ناسک، خاوێن و
رێکپۆش، لە ناوەندی شار، بێ ئەوەی داواکاری لە خەڵکی
ھەبێ و سەیریان بکا، بە ئامێری
مۆسیقا (کەمان، فلووت، قانوون، ئۆکۆردیۆن)ەکەی، دەیان ئاوازی سەرنجڕاکێش
دەژەنێ. لە ئاوازی خاوەوە بگرە تا دەگاتە ئاوازی خێرا و ھەڵپەڕین.
- پیاوێکی تەمەن ھەڵکشاو، سەر و
ریشی وەک قەندیلی ھەمیشە مەندیل
بەسەر، لەسەر کورسییەک دانیشتووە و شمشاڵێکی لە دەستە، بە
پەنجەکانی، ئاوازەکانی دەڤەری ئەفغانستان و ئێران و ئەنادۆڵ، تا دەگاتە
کۆمارە لەیەک ھەڵوەشاوە موسڵماننشینەکانی سۆڤیەتی جاران،
دەژەنێ.
- پیرە پیاوێکی
رۆژئاوایی، روخساری لە شێوەکارە کلاسیکییەکان
دەچی، لەسەر
شەقامێکی گشتیی تایبەت بە خەڵکی پیادە، کۆمەڵێک تەباشیری
رەنگاوڕەنگی
لە دەستە، لەسەر زەوی دانیشتوە، وێنەیەکی گەورەی پێنج بە شەش مەتریی، لەسەر
زەوی دەکێشێ...
رۆژانە وێنەکان دەگۆڕدرێن.
- گەنجێکی باریکەڵەی بە
رەگەز ئەفەریقایی،
هەمیشە (٥٠ - ٦٠) کەسی
لێ کۆبۆتەوە، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و
ئەفسووناویی، یارییەکانی
''ئەکرۆپاتیک'' دەکا، ئەو یارییە دەگمەنانەی کە دەیزانێ، بۆ خەڵکەکەی نمایش
دەکا، ئامادەبووان مەندەھۆش دەبن.
- کچ و کوڕ، یان چەند گەنجێکی ئالوودەبوو بە مادەی ھۆشبەر، بۆ پەیداکردنی خەرجیی
رۆژانەیان، (سەگ یان ئەسپ)ەکانیان لە لای خۆیان
داناوە، لەسەر پارچە کارتۆنێکیش نووسیویانە؛ (سەگ، ئەسپ)ەکانمان برسییانە؟!
- گرووپێکی مۆسیقا، پێکھاتەکەیان ھەر لە پێکھاتەی خانەوادەیەک دەچێ،
زۆربەی ئامێرەکانی مۆسیقایان لە دەستە، دەیان ئاوازی رۆژئاوایی لە
(کلاسیکەوە بگرە تا مۆدێرن) دەژەنن... کەشوھەوایەکی ئاھەنگ ئامێزیان
دروست کردوە. بە دەست خۆت نییە، گەر کاری پەلەشت ھەبێ، دەبێ چەند
خولەکێک سەیریان بکەی.
ئەوانە ھەر ھەموویان دەرۆزەکەرن، سەبەتە یان دەفرێکیان لە پێش خۆیانەوە
داناوە... کۆمەڵێک (سێدێ)شیان بۆ فرۆشتن نمایش کردوە. داوا لە ھیچ
کەسێک ناکەن لێیان بکڕن، یان یارمەتییان بدەن. تۆ سەربەستی لەوەی
(سێدێ)ەکیان وەک یارمەتیدان لێ بکڕی، یان نا... یاخود کەمێک وردە پارە
بخەیتە ناو سەبەتە و دەفرەکانیانەوە. لە بەرامبەریشدا ئەوانیش بە دەست
لەسەر سینگدانان و چەمانەوە، سوپاسگوزاری خۆیان دەردەبڕن. کە ئەوانە
دەبینم؛ یەکسەر تەزوویەک بە مێشکم دادێ و دەرۆزەکەرەکانی لای خۆمانم
بیر دەکەوێتەوە... ئەوان؛ شتی سەیر سەیر لە بارەیانەوە دەگێڕنەوە:
- ژنێک لەسەر شەقام، منداڵێکی ساوای خۆی بە خواردنی حەب، گێژ و سەرخۆش
کردووە. منداڵەکە لەبەر قرچەی گەرما لێی خەوتووە... کۆمەڵێک
مێشومەگەز
لەسەر دەموچاویەوە نیشتوون.
- لە فلان گەڕەک، چەند
دەرۆزەکەرێک چوونەتە ماڵی پیرەژنێک، دەست و دەمیان
بەستوە، ھەرچی لە ماڵەکەیدا ھەبووە، ھەموویان بردوە.
- ژنێکی دەرۆزەکەر، منداڵێکی ساوای
فڕاندوە.
- دەرۆزەکەرێک، قیتوقۆز، ھیچ کەموکورتییەک لە جەستە و ھەڵسوکەوتی نابینی... لە دەرگا دەدا و داوای یارمەتی دەکا. تۆ
باوەڕی پێ ناکەی. یارمەتی نادەی. ئەو
وەک قیڕ و بنێشت پێتوەدەنووسێ و واز لە داواکارییەکانی ناھێنێ. کە ھەر
ھیچیشت نەدایێ، بە تووڕەیی دەرگا دادەخا و تا لە چاو بزر دەبێ ھەر
قسەی خراپت بۆ رەوان دەکا...
بۆ ئەوانەی رۆژئاوا؛ من یەک بە باری خۆم، ھەر جارێک
دەچمە نێو باژێڕێ، نایەمەوە ماڵێ تا چەند خولەکێک بە دیار ئەوانەوە
رانەوەستم. زۆر
جاران ئاوازی وا دەژەنن، ھەر دەڵێی ئاوازی گۆرانییەکانی (حەسەن
زیرەک)ن. بۆیە بە
ناچاریی لێیان دەپرسم؛ ئەو ئاوازانە سەر بە چ دەڤەر و
نەتەوەیەکن؟! ئەوانیش بە
رووخۆشیی و زەردەخەنەیەکەوە، وەڵامت دەدەنەوە.
ھەولێرییەکان ئەگەر یەکێکیان بکەوێتە بەردڵ و خۆشیانبووێ، پێیدەڵێن؛
ئێسک سووک... ھەقە بەو
دەرۆزەکەرانەی رۆژئاواش بڵێین؛
دەرۆزەکەرە ئێسک
سووکەکان... بۆ ئەوانەی لای خۆشمان، خۆتان ناوێکیان بۆ بدۆزنەوە...
ھانۆڤەر
ماڵپەڕی ئیسماعیل تەنیا
|