٢٧\٦\٢٠١٣ دەرۆزەکەرەکانی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندان!
هێرۆ عەلی
نازانین حکومەتێک لەگەڵ ئەوەی ئەو سەرمایە زۆرەی لەبەردەستە نەتوانێ بژێوی گەلەکەی دابین بکا بۆچی بە خۆی دەڵێ حکومەت! وا دیارە ئەو حکومەتە عەنتیکەیەی خۆمان هێشتا خەزێنەکەی پڕ نەبووە و بەرپرسە گەندەڵکار و چەلاوخۆرەکانی تێڕوپڕ نەبوونە؟ ئەگەر بە گوێرەی رادەی سەرژمێریی دانیشتوان و داهاتی کوردستان کە بە بێ تێچوون و بە ئاسانیی لە فرۆشی نەوت دێتەدەست بەراوردێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتەکانی وڵاتە ئەوڕوپیەکان بکەین دەبینین هی ئێمە زۆر لە وڵاتە ئەوڕوپییەکان سەرمایەدارترە.. کەچی ئەوروپییەکان لەگەڵ ئەوەی کەرستەی خاو و سامانی سروشتیی ئەوتۆشیان نییە لە چاو هەرێمی کوردستان کەچی لە زۆریی و جۆری باشی بەرهەم و ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر زۆر خۆشگوزەرانتر و پێشکەوتووترن.
لە هیچ شوێنێکی ئەو گۆی زەوییە نەمانبیستووە و نەماندیتووە حکومەتێک هەبێ لە جیاتی ئەوەی خۆی کۆشش بکا هەژاریی لەرادەبەدەر و دەرۆزەکەریی لەنێو ببا یان بەلایەنی کەم کەمیان بکاتەوە کەچی داوا لە خەڵک دەکا خێریان پێ بکەن و بە هانایانەوە بچن و هەر خۆشی پڕوپاگەندە بۆ خەڵکی هەژار دەکا کە بچن لەبەر دەرگەی دەوڵەمەندان و بەرپرسان بوەستن و دەرۆزە بکەن.. بەڵام ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانەو بێ شەرمییەکەی گەیشتۆتە رادەیەکی ئەوتۆ شتی لەوە عەنتیکەتریشی لێبوەشێتەوە!
|