|
١٥\١٢\٢٠٢٥
دەرەقەتی
ئەوان نایێم!

دارا خونچە
لە پێچی هەر
تارماییەک چرایەکم داگیرساند و
لە دوڕ دڵی هەر شەوەزەنگێش
مەشخەڵێ
لە پشت هەر پرس و مژار و ئاریشەیەک
دەیان پرسیار و گەڕان و سەتان لاپەڕەم واڵاکرد
لە رووپەڕی هەر پارچەیەک لە برسییەتی
نایابترین توخمی رەشگوڵ و شەشپەڕم وە خاک بەخشی
١،
٢
لێ ئەز هەرگیز.. دەروەستی ئەوانە نایێم
٣
گوڵوگوڵزار.. دارودەوەن ناپەژرێنن
٤
پارێز ناکەن لە شێلانی مێرگ و چیمەن
دەنگ و ئاوازی شالوور و هیچ پەڕندەیێ ناژنەون
هەر رێک ئێژی ئامانج لە چێبوونیان ئەوە
هەرچی گیاندارە قڕیکەن!
ئاخر ئەوان
لە دوڕ ئەفسوونی ئاسمانێ و
لە پشت لەمپەر و دیواری نەریتبازیی دەرگیربوونە
لەباتی نان
راوڕووت و جودایی رەنگ و رەگەزان رەنێودێنن
لەجیاتی ژیار و ژەندنی ژێی ژیربێژیی ژین و ژیان
مەژیی ژەنگنیان پڕ ژارە و هەر ژانوژوو دەپڕژێنن!
لەسەر حەز و خولیای ماچێ
لەسەر سادەترین بەرکەتن و رامووسانێ
لەسەر رامان و یەک نیگای راگوزەریی
تا دوا رادەی توندوتیژیی و ئەشکەنجەدان
تا کوشتن و خۆکوشتنیش ئۆقرە ناگرن!
ئەز دەرەقەتی ئەوانە نایێم
هێندە چرووک سوورتکن؛
٥
حەز و ئارەزووی سروشتیی
لە چارچیوە و بازنان دەگرن
وە پێی دین و داب و نەریتی ژەنگاویی و نێرەوزیی
٦
هەر خەریکن هێڵی سۆر و تۆخ دەکێشن!
کەچی شەوان نێریان.. مێیان
لە ساوایان تاکو پیر و پەژموردەیان
کاتێ خەونی جەستەبازیی
وە دایباب و خویشک و برا و کیژ و کوڕانیان دەبینن
٧،
٨
لە رامووسان و ژەنینی خۆ ناکەون تا واگادێن
٩
کە واگاشدێن
وە ئاخ و ئۆف خەو لە خۆیان دەخەنەوە
هیوادارن هەمان خەون ببیننەوە!
نا نا.. ئەز هەرگیز دەروەستی ئەوانە نایێم
لێ دەکارم و لەدەستمدێ پێیانبێژم؛
گەر مەژییتان تەنێ پیچەک وەگەڕبخەن
١٠
ئەرخەیان بن
١١
ئەو چێژوچەشە شیرین و مێخۆشانەی
لە خەونانتان دەگەڵ کەسانی نێزیکتان وەریدەگرن
سبەی دووزبەی.. دەبنە کەتواری سەردەم و
١٢
نەوەکانتان پۆڵ پۆڵ دەخزێنە نێویەوە!
ئەرێ ئەمن.. دەرەقەتی ئەوان نایێم
لێ دڵنیام
کاتێ ئەفسوونی ئاسمانان پووچ دەبنەوە
دیوارەکانی زیندانی پەیوەندییەکان هەڵدەتەکێن
قەڵا و قوللە و باڵەخانەی
بوونەوەری درۆزنانەی کۆمەڵایەتی دادەڕمێن
ئیدی چیدی جەستەی بێوەی ناچار نابی
داپۆشین و ملکەچبوون و بڤەکاریی گەرەک نابی!
________________________________________________________
١- رەشگوڵ: جۆرەکە
لە گەنم، گوڵەکەی گەورەترە و رەش دەنوێنی، دنکەکانی گەورەترن، کە
گوڵەکەی وە ئاستەمەک دەبرژێنی دنکەکانی دەبنە ''قەلەخەرمان''، ساواریش
هەر لەو گەنمە چێدەکرێ.
٢- شەشپەڕ: جۆرەکە لە جۆ، گوڵکەی شەش رێز دنکە جۆ پێکەوە دەگری، رەنگی
دنکەکانی سپیپاتترە لە جۆی ئاسایی.
٣- دەروەست: پێوەستان، دەرقەتهاتن. ئەو وشەیە جودایە لە ''دەربەست'' کە
واتای (بەتەنگهاتن، پەککەتن، پابەستبوون، گرنگییدان، پەیوەستبوون،
پەیوەندداربوون، و... تد)ێ دەگەیەنی.
٤- ناپەژرێنن: پەسند ناکەن، ئەرێ ناکەن.
٥- سوورتک: بێشەرموشۆ، چەقاوەسوو، بێئابڕوو، سووک، رەوشت خراپ.
٦- نێرەوزیی: نێرینەیی، نێرسالاریی، مۆزەمۆزی نێرینەیی.
٧- دایباب: داک و باب.
٨- خویشک: خوشک.
٩- واگادێن: وەئاگادێن، بەئاگادێن، لەخەوڕادەبن، بێداردەبنەوە.
١٠- پیچەک: کەمەک، قیچەک، تۆزەک، هەندەک، هندەک.
١١- ئەرخەیان: دڵنیا، بێخەم، دڵ ئاسوودە.
١٢- کەتوار: هەر دیاردە و تشتەک کە لە دەرێی خواست بوونی بابەتییانەی
هەیە.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|