٥\٨\٢٠١٦
دێرتر لە دێر.

لەیلا وهزیری
بەختەوەرترین مردووەکانی ئەم جیهانه بێ دەرەتانه
به میچی ئاسمانی ئەم شارەوه هەڵواسراون
پێکەنینه رەنگ هەڵپڕووکاوەکانیش
له گیرفانی ژنێکدا قۆتماخەی بەستووه و
خۆڵەمێشی ئەسپەنەر سووتاوەکانی رۆژەکانی هەینی و
خەفەته تۆزاوییەکانی داوێنی کراسەكەی
تابڵوکانی شاری داپۆشاوه
له هەموو دێره بێ کۆتاییە خەتخەتیتەکانەوه
لهبێ کۆتایی چاوەکانتەوه
بێ کۆتایی حەز له خەڵوەتی پەنجەرەکاندا نوستوون
چەنێ دێرتر له دێر ئەم هاتنه
ویستنمان نابیستن
ئەو بەرماڵانەی
وا چۆلەکەکان لەسەری نوێژیان ئەخوێند
رووحیان نەماوه
لاشەی شەقامه لاڵەکان له هەموومان عاشقترن
چەنێ پیادەڕەوی بێ پیاده
چەنێ پیادەی بێ پیادەڕەو قژەکانم ئاڵۆز و رووحم بێزار
لەم هەموو هاتن و چوونانەیه
لەچکه رەشەکانی پەژاره لەسەر
هەموو تاقەته بێ تاقەتییەکانم لائەدهم و
ئەیفرۆشم به لافاوی چاوەکانی با
هەر ئەڕۆم و ئهڕؤم سێبەرەکەم له خۆم درێژتر ئەبێ
دوایەمین بزەی مەرگیش
بەزەیی بەم تابووته بێ مردووەی لەشم نایه
پێڵاوەکانیشم کەوتنه هەناسەبڕكێ
لەم رۆیشتنەدا چرکەی کاتژمێرەکەم
گرێ ئەدەم
به تریفەی مانگەوه
با شاره بێ چراکانی ئەم ئاسمانه
له خەڵوەتی پەنجەره درۆزنەکانا
دەرکەون.
سنه
leylaweziri@gmail.com
|