په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١\٢٠١٠

دەریاچەکەی سەرۆکی هەرێم و توتییەکەی خانەقین!


سەلام عەبدوڵا   


دوێنێ شەو کەناڵی(نەورۆزتیڤی)هەواڵی کارکردن لەسەر پڕۆژەی دەریاچەی دەستکردی هەولێر بڵاوکردەوەو بە پڕۆژەیەک بۆ"جوانکاری"شارەکە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە، وەسفکرد. ئەمەش بوو بە توتییەکەی شاری خانەقین!


هیچ کەس دژ بە پڕۆژەی جوانکاری وڵات نییە، بەڵام جوانکاری لە کوێوەوە دەستپێدەکات؟ ئایا لە درووستکردنی دەریاچەی ناوبراو و دانانی پەیگەری توتی لەناوەڕاستی خانەقین، یان بە روخاندنی گەوڕو کەلاوە شڕەکانی لادێ وشارەکانمان و دامەزراندنی خانووی شایستە بە مرۆڤ؟ کامەیان یەکەمجار خزمەت دەکات و دڵمان بە وەڵات خۆش دەکات؟!


لەبەر ئەوەی خاوەن بڕیارو ئیلیتەکەی دەستیان بەسەر داهاتی میللەت گرتووە، لە کەشەهەواو"دنیای سکتێرو خێردیوەکان"دەسووڕێنەوە، ئاگایان لە هەژاران و ئاستی بژێوی و جۆری نیشتەجێ و پێداویستییەکانیان نییە، بۆیە دەیانەوێ لەبری دامەزراندی یەکەی نیشتەجێبوون و باشکردنی بژێویمان، بە درووستکردنی دەریاچە دەستگرد و پەیگەری توتی، تێرمان بکەن!


یەکەم جار پێداویستییە سەرەتاییەکانمان پڕ بکەنەوە، پاشان ئەگەر حەز دەکەن ئۆقیانۆسی دەستکردو باخچەی توتی دابمەزرێنن، بەڵام لەبریتان نەچێت: نە زۆربەی دانیشتوانی بەڕێز لە شاری هەولێر مەلەوانی دەزانن و نە خەڵکی شاری خانەقینیش توتین!