په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٢

    دەریایەک لە خەم، تەنیاییەک لە خۆشەویستیی.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
چەند ساڵێکە
دەست بۆ هەر شوێنیکت دەبەم
پڕن لە باخی هەڵاڵە و
دەنکە هەناری ئەم وەرزە و
وەک شەونمی بەربەیانیان
نمە نمە سپی دەبێ و، هەڵدەوەرێ
کاتێک دەمم دێنم ماچت بکەم
تەنها گوڵی لێوی ماچەکانتە
وەک پەڵکە زێرینەپەخش دەبێ و،
سپێدەیەکی،، رووناک دەنوێنێ.


٢
کە سەیرت دەکەم
هەمیشە لە جێی رەنگت بەفری سپی و
لە جێی ووشە، بۆڵوە ترێی چاوەکانت و
لە جێی باران فرمێسکەکانت و
لە جێی ساباتی قژەکەی ،تۆ دەنووسمەوە
بۆیە خەونمی شیعرەکانم رەنگاوڕەنگە و
هەمیشە بە گەنجیی دەمێنمەوە.


٣
گۆڵی ماچت
لەسەر قەراغی خەونێکما دانرابوو
کاتێ بەخەبەرهاتمەوە
ماچ هەڵوەری
ژیان ترووسکایی گرت و
روومەت بێ ماچ مایەوە.


٤
من هەر ماچم نەناسی بوو
کاتێک بە رەنگێکی خۆڵەمێشیی
لێوت کردم بە باڵندە
لە نێو سۆزی باوەشی تۆدا
بووم بە گوڵێکی پەناهەندە.


٥
خۆشەویستییت مۆمێکی داگیرساو بوو
لە هەنگێکی بێ ئارام دەچوو
حەزت دەکرد
ئێوارەیەک بارانی بە خوڕ دابکا و
سەر و پرچمان بە پەلکەزێرینەی
ناوەخت بشواتەوە
ئاوێنەی روومان
لە کەس نەچی، لە خۆت نەبێ.


٦
کاتێ لەگەڵ مندا تێکەڵاوبووی
هەموو پەپوولەکانی باخچەی فرمێسک و
گوڵاڵەکانی باخچەی خۆشەویستیی
بوونە هاوڕێم
پەڕەسێلکەکانی هەناری دڵم
بوونە غوربەت و
لەبەردەم پەیکەری بەفری تۆدا توانەوە.


٧

لە ئێوارەیەکی غوربەتا
بوویتە شەونمی سەر رووم
بووی بە مەقامێکی پر لە حەسرەتی
گریاناویی
زەردەپەڕ، گۆرانیەکی پڕ لە وەرینی
گەڵاکانی پایزیان بۆ دەوتم
پۆل پۆل ئەفڕین بەسەر حەوشەی ژووری دڵمدا
فێریان کردم شیعر
بە تاڵی قژی ئەوان بنووسم و
بیدەمە دەست بای غەریبیی
قەڵەمەکەم بدەمە
تریفەی مانگەشەو و
دەست گەواڵە هەورێکی سەرگەردان
تاکو خونچەی ژیان بنووسنەوە.


٨
من جگە لە سەوزیی لە هۆنراوەکانم
وەک پۆلێ باڵندەی عاشق
دەگەڕێمەوە بۆ ناو تاریکیی ژیان
ئاسمانی کێوێک پڕ دەکەم
لە جریوەی شیعر و
خەمێکی تەڕ شک نابەم بۆ نیشتمان.


٩
هەتا ئاوێزانبوونی
دوو جەستە هەر دەفڕین
با هەرچی گری سۆزی عاشقان هەیە
لە خەڵوەتگەی بەرپێت بتوێتەوە
با نێرگزەکانی سینەم
لەگەڵ فرمێسکەکانی تۆدا بژێتەوە.


١٠
نازانم دڵم لە ماڵی کام هەور
لە باخی کام عاشق جێبێڵم
دە تۆ وەرە و بە رووناکیی ئەم عشقەوە
مۆمێکم لە روخسارتا بۆ داگیرسێنە
بە دەم خەیاڵەوە پێکی شەرابێکم
بۆ تێکەڵ کە با مەست بم بە دیدارت.


١١
کانیاوی رۆحی تۆ لە کوێ بێ
قەڵەمی تینووی من لەوێیە
زەوی وشەکەوەبووی تۆ لە کوێ بێ
شنەی شەماڵی دڵی من لەوێیە.


١٢

چاوم بۆ باخی هێلانەیەکی
کوژراوی تۆ دەگەڕێت
تا بە رووناکیی دڵم ئاشتی کەمەوە
ناوبەناو گۆرانیەکی عاشقانەی
کەشتیەوانێکی شەوێکی پڕ
لە تریفەی مانگی بۆ پچڕم
تاکو بە دەم هەنسکی تاسەی دڵمەوە
دڵم لە باخچەی گوڵێک بگرم.

 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک