١٤\١١\٢٠١٠
ناساندنی
پەرتووک:
دەرزیئاژن.
ھەڵۆ بەرزنجەیی
دەزگای چاپەمەنی رۆژھەڵات ـ ھەولێر کوردستان
٢٠٠ لاپەڕە ساڵی ٢٠٠٩
ئێمەی
کورد... لە پانتایی رۆژھەڵاتدا ھەر بوونێکی جوگرافیمان بەتەنیا نییە،
رۆژھەڵات مێژوو و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگ و سیاسەتی ئێمە پێکدێنێت . ئەم
خەسڵەتانەش ناسنامەی تایبەتمەندێتی رۆژھەڵاتی ئێمە بەرجەستە دەکەن. ھەر
بۆیە رۆژھەڵات گەر ھەڵکەوتێکی ناچاریش بێت ، وا بەسانایی ناتوانین
بیسڕینەوە . ئێمە دەبێت شوێنگەی ناسنامەی خۆمانی تێدا بدۆزینەوە و
ھەوڵی چەسپاندن و قایمکردنی بدەین.
راستە... لە رۆژھەڵات ھێشتا نەخشەی سیاسی و تابلۆی فەرھەنگی و ناسنامەی
ئێمە وونە و نکۆڵی لێدەکرێت. رێگەی ئێمەی نادەن گوزارشت لە خودی خۆمان
بکەین و رووبەرووی ھەڕەشەی جۆراوجۆری نامرۆڤانە دەبینەوە.
ئێمەی کورد لەگەڵ ئەو ھەموو خزمەتەی کردوومانە بە ناوچەکە و
شارستانێتەکەی ، کەچی ئەوان!! لە پەراوێزیشدا جێگایەکمان بۆ تەرخان
ناکەن . جاران دەوڵەتانی سەفەوی و عوسمانی و لە ھەنووکەشدا
دەسەڵاتدارانی ناوەندی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان تورکیا،ئێران،
عێراق و سوریا بەرۆگری خێروبێری ناوچەکەن و رۆڵی سەلاحەدین و دەیان
زانای وەک ئین خەلەکان و چەندین سیاسەتمەداری دیار و نووسەری وەک
عەققاد و محەمەدی قازی و جۆرەھا ھونەرمەند و گۆرانی بێژ و کەسایەتی
دیکەی ھەڵکەوتووی شارستانێتی ئێران و ئیسلامی کە کورد رۆڵی بەرچاویان
لە بەرھەمھێنانیدا ھەبووە باس لێوە ناکرێت .
سەبارەت بەم بارودۆخە لە روانگەی منەوە ماکی سەرلەبەری ئەم ھەموو
کارەساتانە نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆ و دەوڵەتێکی کوردییە، کە
بتوانێت ناسنامەی کوردبوونی ئەو مێژووە بپارێزێت و داکۆکی لێبکات و
بیکاتە جێی شانازی خۆی و کوردیش بە گەورەیی ئامادەگی خۆی لەو
بەرھەمھێنانەدا نیشان بدات و بسەلمێنێت.
ئا لەم سۆنگەیەوەیە گەلێ جاران داکۆکی لە بەھاکانی رۆژھەڵات و کولتووری
ئیسلامی بە سوودی ئەم دەسەڵاتە بێگانانە دەشکێتەوە و دەرئەنجام مرۆ
لەناخەوەڕا تووشی دڵشکاوی و بێزاری و رەشبینی دەکات.!! جا بۆیەکا کورد
ووتەنی : گەر گای کورد لەو گاڕانەدا نەبێ ، ئیدی دنیا بە کورد چی!!.
ئێمە ھەرچیمان کردووە دەق وەک ئەوە وایە کە دەوترێت خۆت بۆ بۆرە پیاو
بەکوشت بدە ، دەڵێ بەدەردی خودا مرد.
ئیدی بۆ دەبێت ھەر کورد سوورەی بەر لەشکر و کوچکی لە ئاگر گەرمتر بێت.؟؟
تا کەی خۆبەختکردن لە پێناوی شتەھایەکدا کە بەر و خێری بۆ نەتەوەکەم
تێدا نەبێت؟؟؟ رستەیەک لەم پرسیارانە یەخە بە بیرکردنەوەی مرۆ دەگرێت و
رەشمەی خەیاڵی لەدەست وەردەگرێت. بە تایبەت کە لە ئەمڕۆدا ھێزە سیاسییە
ئیسلامییەکان سەختر لە سێکۆلارەکان بە گژ ھەر مانایەکی کوردبووندا
دێنەوە.
دیوێکی دیکەی ھاوکێشەی بوونی کورد بریتییە لەوەی ، رۆژئاوا ھەر ئەو
پانتاییە نییە کە جێی ئێمەی تێدا نییە و مانای خۆمانی تێدا رەنگ
ناداتەوە و مێژوو و فەرھەنگ و سیاسەتی ریشاڵێکی بە ئێمەوە گرێ نەدراوە
و نامانخوێنێتەوە ، بەڵکو ناوەندێکە بڕیاری دابەشکردن و بەخشینەوەی
وڵاتی ئێمەی لێوە ھەڵقوڵاوە و ھێزێکە بەردەوام ئامادەگی ھەیە لە پشت
ئەو ھەموو ماڵوێرانییەی بەسەر نەتەوەکەماندا بە درێژایی مێژوو ھاتووە و
تا ئێستاش کە دێت.
بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بە ئاشکرا دۆستایەتی و ھاوکاریی داگیرکەرانی
کوردستان دەکەن و بوونەتە سەرچاوەیەک سەرەکی گرنگ بۆ سووربوونی
داگیرکەرانی کوردستان لەسەر کوشتنی کورد و سوتماککردنی کوردستان.
تەلەفزیۆنیکی وەک رۆژتیڤی لە تورکیا و ئەڵمانیادا قەدەغەیە. ئەندام و
دۆست و لایەنگرانی پ ک ک لەسەر داوای دەستگای میت و حکومەتی تورکی
دەستگیر دەکرێن و دادگایی دەکرێن. وڵاتی نەمسا بکوژانی قاسملۆی وەک
دیاری داوە بە ئێران و بە ھەموویان دۆستی سەدام بوون و چەکی کیمیاوی و
گازی ژاراویان دایە .
ئەم ناوەندە لە کاتێکدا کەمتر لە رۆژھەڵات خاوەنی شارستانێتییە ، بایی
گەردیلەیەک ھەستی مرۆیی و ویژدانی ھانیان نادات بەدەنگ ھانای کورد و
گەلێ لە بندەستان و چەوساوانی دیکەی دنیاوە بێن.
ئەجیندای بیر و کاری ئەمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆیان دارێژراوە و
بەربەرییانە لەژێر پەردەی ئاڵوواڵادا پیادەی دەکەن. ئیدی چی و کێ و کوێ
دەبێتە قوربانی و پێخوستی گەیشتن بە مەرامەکانیان باکیان لێی نییە.
رۆژئاوا چاوچنۆکانە سەیری نەخشەی دنیا دەکات و لە ھەر کونوقوژبنێ دەرک
بە بەرژەوەندی و پێویستییەکی خۆیان بکەن ، بێشەرمانە ھەرچی رێگای
ناشەرعی ھەیە دەیگرنە بەر و ھەڵپەی بۆ دەکەن و دەیدزن و دەیڕووتێننەوە
و داگیری دەکەن.
رۆژئاوا بە شێوازی جۆراوجۆر بێ پسان لە دژایەتی فەرھەنگ و ئایین و
شارستانێتی و بەھا کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی رۆژھەڵات و گێتیدایە و ئەمەش
بەپێی ئەو دروشمە بەڕێوە دەبەن کە دوژمنییان ھەیە و مەترسییان لەسەرە.
خوێندنەوەی بە دیقەتی ھەر دوو بەرەی ئەم ھاوکێشەیە و دەستنیشانکردنی
بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە میانەی ئەم دوو بەرداشەدا، پێویستی بە
ئاوەزێکی ژیرانە و دەستاوێژێکی جددی و ھەڵبژاردنی سەلامەترین و باشرین
میتۆدی بیر و کار ھەیە.
ئەم باسوخواستەی ئێمە قسەی لەسەرد دەکەین ، خۆشبەختانە لە بەرھەمە
نوێکەی شاعیر و روناکبیری گەلەکەمان کاک فەرھاد شاکەلی بەناوی "
دەرزیئاژن " بەرچاو دەکەوێت.. بەرھەمەکەی شاکەلی بە کۆمەڵێ وتاری
جۆراوجۆر زۆر بە چڕی و بە زمانێکی پلە بەرزی زانستییانە و بە میتۆدێکی
ئەکادیمی ھاوچەرخ بەدەوری چەقی ئەم پرسە گرنگانەدا خول دەخۆن.
نووسەر... وەک خاوەن دیدێکی دەرەوەی بازنەی کلاسیکی رۆشنبیران ، لە پرس
و بابەتگەلەکانی جیھانی کوردەواری و گەردوونی دەڕوانێ . ئەوەشی پتر لە
پێویست ئیستێکمان لەسەرەڕێی بیروباوەڕەکانی شاکەلیدا لا دروست دەکات ،
بایەخی ھزری بۆچوونەکانی و راشکاوی گوزارە لێکردنی ئەو بابەتە
ھەستیارانەیە.
ھەڵبەت خۆ بەستنەوەی نووسەر بە تێز و روانگەی ئیدوار سەعیدەوە ، دەشێ
رەنگێکی دژە رۆژاوا بەکارەکانی ببەخشێ ، وەلێ بە ئاگایی تەواوەوە کار
لەسەر پرسە گرنگانە دەکات.
لەم قەیرانەی ئێستای رۆشبیرانی کوردی تێکەوتووە، شاکەلی قسە لەسەر
شێواندنی و تێکەڵاوکردنی چەمکی فکر و سیاسەت و رۆڵی نێگەتیڤانەی میدیای
حیزبی و دەستگاکانی دیکەیان کە شوێنەواری ترسناک لەسەر پلەی ئازادی تاک
و کۆمەڵ دادەنێن بە جددی دەکات. دیارە میدیای کوردی پشکی گەورەی
بەرپرسێتییەکی مێژوویی بەرانبەر بەو ماڵوێرانی و گەڕەلاوژێیەی فەرھەنگ
و زمان و رۆشنبیریی و ھزر و مەعریفەی تێدایە بەردەکەوێت . ئەمەش
بەواتای ھەموو ئەو لەشکرە قەڵەم بەدەستە دێت کەوان لە پشت ئەم
دەستگایانەوە. وەک دەبینین لە سێبەری ئەم دەستگا راگەیاندنانەدا چەندین
بەناو رۆشنبیر و خاوەن قەڵەم خۆیان مەڵاس داوە و لەبەر دەستکەوتێکی
کەسی و چڵکن قەڵەمەکانیان ھەرزانفرۆش کردووە و بێشەرمانە و نابەرپرسانە
ئامادەی داکۆکیکردنن لە دیاردەی ناشرین و ھەق بە ناھەقکردن .
مامۆستا شاکەلی... پێیوایە کە پەیدابوونی ئاخاوتنێکی رووناکبیرانەی
سەربەخۆ یەکێکە لە مەرجە ھەرە بنەڕەتییەکانی دەرچوونی کۆمەڵگە لەو
دەیان و سەدان قەیرانە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و فەرھەنگی و
کۆمەڵایەتییانەی بەدەستیانەوە داماوین .
ئێمە ھەموو لە کاریگەرێتی نەرێتی رۆڵی حیزب لەم سیاقەدا بە ئاگاین و
رۆژانە بە بەرچاومانەوە دەیان و سەدان ناھەقی و ناراستی و ئەتککاری
لەسەردەستی ئەمانەدا دەبینین و دەبیستین.
باشترین دەرفەت بۆ قوتارکردنی دەنگ و رەنگی ئەم دەسەڵاتە میدیاییە لەم
مۆتەکەیە ، تاوەکو جڵەوی کارەکانی بکەوێتەوە سەر سکەی ئاسایی خۆی و
بتوانێ رۆڵی سروشتی بگێڕێت ، بەخشینی ئازادییە پێی و کردنەوەی دەرگا و
پەنجەرەی ئازادییە بە روویدا.
لای شاکەلی شاراوە نییە کە کاریگەرێتی رۆژاوا بە ئەندازەیەکە ، کە
دەتوانێ یان دەیەوێت خۆی بکاتە داینەمۆی ھەڵسوڕانی دنیا و جێ پەنجەشی
بە سەرجەم بڕیار و رووداوەکانە دیار بێت. ئەمەیە وای لە نووسەر دەکات
بە دڵتەنگی و گومانەوە بنووسێ:
<< ئەمڕۆ رۆژاوا نەک تەنیا بڕیاری ئەوە دەدات کە دەبێ مرۆڤایەتی چی
بکات و چۆن بکات ، بەڵکە دەیەوێ بڕیاری ئەوەیش بدات کە مرۆڤایەتی چۆن
بیر بکاتەوە>>. دیارە کاتێ تەنیا ناوەندێکی وەک رۆژاوا ھەموو چارەنووسی
مرۆڤایەتی بەدەستەوە بێت ، ھەموو دەزانین بە چ رێگایەکدا دەمان بەن
بەرەو کامە ھەڵدێری ھەزار بەھەزار. لە لایەکی دیکەشەوە ئەم ناوەندە چۆن
خۆی دەکاتە کەڵەگا بەسەر دنیاوە و بە کامە شێوە زەوتی ئازادی مرۆیی
دەکات و چ ئامانجێکی گڵاو ھا لە ئەجندای بیر و کاریاندا.
مامۆستا شاکەلی بۆ ئەوەی بەسەر بەرەیەکدا ساغ نەبێتەوە و بەردەوام بێت
لە دەمەتەقێی لەسەر ئەم دیاردانە ، بە روونی ئەم بۆچوونە دەردەبڕێت و
دەنووسێ :
<< نە دژایەتیکردنی ئەمەریکا و رۆژاوا و نە ھاودەردی لەگەڵ گەلانی
ئیسلامی و رۆژھەڵاتدا ، نابێ بە مەعنای باوەڕی دینی یا خۆبەستنەوە بە
بنەما و ئامۆژگارییەکانی ئیسلامەوە لێک بدرێنەوە. لە بەرەیەکدا کە بە
شێوەیەکی زۆر روون بەرانبەر ئەمەریکا و رۆژاوا دروست بووە گەلانی
رۆژھەڵاتی و ئیسلامی و ئەفریقایی و ئەمەریکای لاتینی ھێزی سەرەکین>>.
نووسەر بە ھۆشیارییەکی دیقەتدارەوە سەرنجمان بۆ خاڵێکی گەوھەری
نووسینەکەی رادەکێشێت و لەگەڵ ئەو ھەموو داکۆکیە لە ئیسلام و رۆژھەڵات
بێ پەردە دەنووسێت:
<< ئەمە ھەرگیز مەعنای ئەوە نییە کە ئێمە بێ دوودڵی ھەموو شتێکی ئیسلام
و موسڵمانانمان قەبووڵ بێت و بەرگریی لێ بکەین>> .
شاکەلی دروست ھەستی بە ناجۆری و ناکۆکی زۆر لایەنی ئیسلام لەگەڵ سروستی
ژیانی سەردەم و پلەی گەشەکردنی گۆڕانەکانی مرۆڤدا کردووە. لێرەدا
بەتوندی دژی ئەوانە دەوەستێتەوە کە بۆ ھەموو شتێک بۆ رەگوڕیشەی و
سەرەتاکانی ئیسلامی بەر لە ١٥٠٠ ساڵ دەگەڕێنەوە. ھەر لەم روانگەیەوە
داوا لە بیریاران و رێبەرانی ئیسلام دەکات بە خۆیان و باوەڕەکانیاندا
بچنەوە و بە جۆرێک ئیسلام پێشکەش بکەن کە بێتە چەترێک بۆ چەوساوە و
بەشخوراو و بێدەسەڵاتانی دنیا... دیارە کورد لە پێشەنگی ھەموویانەوە
دێت. بەکورتی و کرمانجی داوای ریفۆرمێکی رادیکالانەی سەرتاسەری دەکات
بۆ دەرچوون و رزگاربوون لەو بارە چەقبەستووە وشکھەڵاتوو و ناجۆرەی
ئیسلام و موسڵمانی تێدایە. لێدانی ئەم زەنگەش وەک گەلێ لە بیریاران و
شرۆڤەکارەکان باسی لێوە دەکەن باشترین دەرمانی ئەو دەرد و ناتەواوییانە
کە ئیسلام پێوەی گرفتارە. لەم میانەشدا ئاماژە بە دەستەیەک لە بیریاران
و ریفۆرمخوازانی دنیای خودی ئیسلام دەکات . لەوانە(( محەمەد ئەرکوونی
جەزائیری ، ئانماری شیممەلی ئەڵمانی و سەید حوسەین نەسری ئێرانی و
حامید ئالگاری ئینگلیز)).
ئیمڕۆ ئیسلامی سیاسی زۆر کوێرانە و ھێشتا لەپشت چاویلکەی رەشەوە
تەماشای جیھان و گەردوون دەکەن ، بۆیە ئەم داخوازی و بانگەوازانە بە
کودەتا و کوفر و لادان دادەنێن و راستەوخۆ بە پلانی دوژمنانی
ئیسلامییەوەی دەبەستنەوە. بەدرێژایی ئەو مێژووەی کە ئیسلام تێیدا
راگەیەندراوە وردە ھەوڵی چاکسازی ھەبووە و لەلایەن بەرەی دەسەڵاتداری
ئیسلامەوە بەربەرەکانی کراوە. مێژووی ئیسلامیش تژییە لەو نموونانە و
خۆمان رۆژانە ئەو گرووپ و ھێزانە دەبینین چ ماڵوێرانییەکیان لە پاکستان
و ئەفغانستان و ئێران و عێراق و لوبنان و تا دەگاتە کوردستانەکەی ئێمە
بەرپاکردووە و خوڵقاندووە. رەفتارەکانی قاعید و سەربازانی ئیسلام و
ئەنسار و ئیسلام و بەدەم سەڵاواتەوە سەربڕینی مرۆڤ و خۆتەقاندنەوە
لەبەردەم باخچەی ساوایان و بەکارھێنانی گیانلەبەرو مێردمنداڵ و ژن بۆ
کاری خۆتەقاندنەوە. سڵاوات لە دیاری ئەتاتورک و خومەینی سەدامئاساکان
بەشێکی گەوھەری ستراتیژی ئیسلامی سیاسییە. یەک خەون بە سەڵتەنەتی
عوسمانی و ئەوی دی بەشاھەنشایی ئێران و ھەر ھەمووش بە خەلافەتی عروبە و
ئیسلامەوە دەبینن . ئەم دەستەوتاقمانە سەرگەرمی رەتکردنەوە و
دژایەتیکردنی ھەر پێشکەوتن و داھێنانێکی باوەڕدانی رۆژاوایی یان جولەکە
و مەزھەب و ئایینەکانی دیکەن. ئەمانە و زۆر شتی دیکە ھەمووی مشتێ لەو
خەرمانی ھەڵە و گوناھو سەرلێشێواییەی موسڵمانان لە ھەلومەرجی ئێستای
دنیادا دەردەخات و دەسەلمێنێت.
دەرئەنجام کۆمەڵێ نەخۆشی و دیاردەی ناشایستە بە ئیسلامەوە نووساوەکە
تەنیا ریفۆرمێک کە ھەڵگری پەیامێکی لێبووردەیی و مرۆڤدۆستی و قەبوڵکەری
ئایین و کەسانی دیکە بێت دەتوانێ بنەبڕیان بکات. بەڵام ئایا ئەوانەی
نان و پیازی سیاسی و سەڵتەنەتی دەسەڵات بە ئیسلامەوە دەخۆن و ئیسلام بۆ
خزمەتی تورکچێتی و فارسچێتی و عروبەچێتی بەکاردەبەن و لایان وایە لە
گێتیدا ئاوەزێکی دیکە لەخۆیان بەولاوە نییە و ئیمڕۆ لەناو فەرھەنگی
دواکەوتوویی دا نقووم بوون ، ئامادەی گۆڕان و ریفۆرم و پەسەندکردنی
کەمکردنەوەی دەسەڵاتیان و کردنەوەی جێگایەک بۆ ئایین و رێبازی دیکە
ھەن؟؟؟؟؟
بۆ شاکەلی ئایین و ئایدۆلۆژیا و بیر و رێبازێک گرنگە کە پایەی مرۆڤی
تێدا بەرز و خزمەتی راستی و بەھا کۆمەڵایەتییە جوانەکان بکات. شەڕی
گەورە و سەختیشی لێرەدا بەگژداچوونەوەی ھەموو ئەوانەیە کە بەناوی
شتەھایەکی پیرۆزەوە خراپە و تاوان ئەنجام دەدەن. شاکەلی لە تەک
درێژەدان بە باسەکانی کاتێ دێتە سەر کارەساتی ١١ی سێپتەمبەر دەیەوێ
تەمومژێکی گوماناوی بەدەوری رووداوەکەدا دروست بکات و ئەمەریکا و
ئیسرائیل بە بکەری رووداوەکە دابنێت.
من لێرەدا لە بەراییەوە باوەڕم بەوە ھەیە ئەم رووداوە خوێندنەوەی
جیاوازی لەسەر ھەیە ، وەلێ من ناتوانم ھاوڕای نووسەر بم . خوێندنەوەی
شاکەلی چەشنی ئەو بەرە بەرفراوان و بەدگومانانەی ئیمڕۆی جیھانی عەرەب و
موسڵمانان دێتە بەرچاوان. کێ دەتوانێ نکۆڵی لە بەھا و نرخی تاک لە
رۆژاوادا بکات . شتێکی بەڵگەنەویست و زانراوە ئەم رۆژاوایە چەند و چۆن
بە تەنگ تاکەکانیانەوە دێن، کاتێ لە ھەر گۆشەیەکی ئەم گۆی زەوییەدا
تەنگانەیان بێتە بەر. کوشتنی زیاتر لە ٣٠٠٠ ھەزار کەس و ھەڵمەتبردنە
سەر شکۆ و دەسەڵات و سیمبۆڵی ھەرە دیاری رۆژاوا ھەرگیز ناچێتە ئەقڵەوە
کارێکی لەم چەشنە لەسەردەستی ئەمەریکادا بەئەنجام گەێندرا بێت.
لە بەشێکی تری نووسینەکانیدا شاکەلی گلەیی توند لە راگەیاندنی کوردستان
دەکات ، بەرانبەر بەو لاساییکردنەوە کوێرانە و سنگکوتانە نەزانانە بۆ
ھەر ھەموو شتێکی رۆژاوا. لای وایە ئەوانەی رۆژاواپەرستی دەکەن و
دەیانەوێ پوشوپەڵاشی ترادیسیۆنەکەیان بھێنن و لە جێی کرۆک و مۆرک و
بەھای چەندین ساڵەمان قووتیان بکەنەوە، ئەوانە سەرچڵ و خرابەکارن.
لەمەش زیاتر پێمان دەڵێ:<< میدیای کوردی لە رووی سیاسەتی فەرھەنگی و
پەروەردەی فکری و دەستەبەرکردنی ئازادیی بیر و دەربڕینەوە ، ھەر
بەردەوامییەکی ئاوساو و خۆخەمڵاندووی راگەیاندنی سەردەمی بزوتنەوەی
چەکداری و خەباتی شاخن>>.
نووسەر... دروست بۆ مەسەلەکە چووە ، ئیمڕۆ لە کوردستاندا ئەو قەیرانەی
میدیای حیزبی بۆ سەرجەم کایەکانی فەرھەنگی و مەعریفی تاکی کوردی دروست
کردووە ، زیانەکانی ھێندەی ئەنفالێکی خۆکرد وایە . گەر تەنیا نموونەی
سیستەمی خوێندنی ژێر دەسەڵاتی دوو حیزبەکە و بەکارھێنانی دوو شێوە
زاراوەی جیا لە پرۆگرامی خوێندن و نەبوونی ھیچ دەستگای ئەکادیمی و
زانستی تەرخان بۆ پرسەکانی زمان و میژوو و ئەدەب و ھونەر و چەندان
بواری دیکە دەشێ بەڵگەی بەس بن بۆ ماڵوێرانیمان بەدەست ئەو
دەستگایانەوە. سەرگەردانی کارکردن و بیرکردنەوە رووی لە گشت بوارێکی
ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کردووە و بارە سیاسییەکەش لە مێژە لە کێشە
و گرفتەکانی خۆیدا داڕزاوە. ئیدی دەردی سەری لەو پنتەوە دەست پێدەکات
کە ئازادی لە ھەموو بوارەکاندا بۆ حیزب قۆرخکراوە و حیزبایەتی پاوانی
ھەر شتێکی کردووە و بۆتە پێوەرە بۆ ھەر دیاردە و پێداویستییەک.
ھەموو ئەو دەربڕینە ئایینئامێزانەی شاکەلی ھێشتا پێمان ناڵێ شاکەلی نرخ
بۆ رۆژاوا و ئەو ھەموو دەستکەوتە زەبەلاحانەی بۆ مرۆڤایەتییان بەدەست
ھێناوە دانانێ. نەخێر نووسەر بە دەنگێکی زوڵاڵ و راشکاوانە دەڵێ :<<
ناسینی رۆژاوا بۆ ئێمە زۆر گرنگە. رۆژاوا ئەمڕۆ ناوەندی فکر و
تەکنەلۆژیا و زانست و سیاسەتیشە. ناوەندی جڵەوکێشی و بڕیاری سیاسیشە.
لە زۆر بواردا پێشەنگ و سەرکردەی دنیای ئەمڕۆن>>.
نووسەر ژیرانە لەم دیاردەیە دەڕوانێت و بە ھۆشیارییەکی زیتەوە گەرەکێتی
ئەم بارە بە واقعی کوردستانەوە ببەستێتەوە . شاکەلی بە گومانەوە لەو
ھەموو گۆڕانە خێرا و بە پەلانەی روویان لە کوردستان کردووە دەڕوانێت.
پێی وایە ئەم دیاردە رووکەش و دەستکردانە ھیچ پەیوەندییان بە پێشکەوتنی
ھۆش و ئاوەزی مرۆڤی کوردەوە نییە . تا دەگاتە ئەوەی دەنووسێ:<< کە
ئەمانە نەبووەتە ھۆی فراوانبوونی رووبەری ئازادییەکانی کۆمەڵ و
تاکەکەس>>.
دروست وایە تاکی کورد لە بەرھەمھێنانی ئەم داھێنانە تەکنەلۆژیانەدا
بەشداری نییە و ھیچ پەیوەستێکی بەم جیھانە سەراپاگیرەوە نییە. بەڵام
ئایا تاکی کوردیش ھەر نەیتوانیوە ھەتا ئێستا سوود لە داھێنانی وەک
کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت و مۆبایل و دەستکەوتە تەکنەلۆژییەکانی دیکە بکات
؟ ئەمە پرسیارێکە بە دیار وەڵامەوە لەچاوەڕوانیدایە.
ھەستکردن بەم راستییانە و گوزارەکردنیان بەو شێوەیە ، ھێمای ھۆشیاری و
خوێندنەوەی واقعی سەردەمەکەیە و نکۆڵینەکردنە لە راستییە
بەڵگەنەویستەکان. لێرەشەوەیە جارێکی دیکە نووسەر دێتەوە نێو باسی
رۆژاوا و دەڵێ :<< گەلێ دەستگای فەرھەنگی و زانستی مرۆڤانە و خەڵکی
ئاسایی ھەیە لە رووی مرۆڤدۆستی و فەرھەنگدۆستی ئاشنای رۆژھەڵاتن و
دەیانەوێ ئاشنا ببن>>.
ھەڵوێستێکی دیکەی نووسەر قسەکردنێتی لەسەر سیاسەتی پاوانخوازی و
داگیرکردن و شەڕھەڵگیرسێنانەی ئیمپەریالیزمی ئەمەریکی. بە تایبەت
لەسەردەمی جۆرج بوشدا.
مەخابن لێرەدا شاکەلی دەیەوێت پێمان بڵێ ئەمەریکا شەڕفرۆشە و
بەزۆردارەکی شەڕی عێراقی کردووە. پەردەی نیگەرانی و خەمێک بەسەر ئەم
بۆچوونەی نووسەرەوە دیارە. من لەگەڵ شەڕدا نیم ، وەلێ شەڕی سەددام لە
پێناوی ئاشتیدا بوو. سەدام و رژێم و دەوڵەتەکەی لەوەتەی دروستکراون
سیمبۆڵی شەڕ و ھەڕەشەن بۆ تێکڕای ناوچەکە .
وەکو دیکەش ئەو شەڕە لە دیدی کوردایەتییەوە داوایەکی نەتەوەیی بوو بۆ
لێدان و لاوازکردن و داڕمانی دەسەڵاتێکی دڕندەی داگیرکەری کوردستان .
ئەوە خەونێکی پیرۆزی ساڵەھای ساڵ بوو ھاتە دی ، دەنا قەڵای بەعس و
عروبەی سەددام نە بە کەس دەرووخا و نە لە راستیشدا کەس دەویست
بیروخێنێت . لە کاتێکدا دەوڵەتی عێراق چەندین بەرنامەی وەک ئەنفال و
ھەڵەبجە و سوتماککردنی کوردستان لە ئەجندەیدا مابوو دەرھەق بە کورد
پیادەی بکات. بۆ مێژووش دەبێت ئاماژە بەوە بکەین ئەنجومەنی ئاسایشیش
چەندین بڕیاری دەرکرد و سەدام پێشێلی کردن ، ئەوجا شەڕ بەرپا بوو.
نووسەر لە شوێنێکی دیکەشدا بۆچوونەکانی لەسەر ئەو پەیوەندی و
دۆستایەتییە و کاریگەریی ئەمەریکا لەسەر کوردستان بە نەرێتی دەردەبڕێت
و گوناھێکی گەورە لەمل کوردایەتییەوە دەپێچێتەوە و دەنووسێ :<<
کوردستانیش دەبێتە داردەستێکی بێنرخی رۆژاوا و دەبێتە پێگەیەک بۆ ھێزە
سەربازی و فەرھەنگی و ئابوورییەکانی رۆژاوا، بێ ئەوەی کورد خۆی ھیچی
بەر بکەوێت یا رێگەی بدرێت پرۆژە و پرۆگرامەکانی بە پێی بەرژەوەندی
نەتەوایەتیی خۆی دابرێژێت و جێبەجێ بکات. فەرھەنگی ھەزاران ساڵەی کورد
لەناو دەبرێت و کورد دەبێتە نەتەوەیەکی بێفەرھەنگی بێناسنەمەی وەک
ئەمڕۆی خەڵکی تورکیا>>.
ئەم بۆچوونانە تا ئەو شوێنە راستن کە پرۆژەیەکی ئەلتەرناتیف و
بەرەنگاری بەرانبەر بە ھەژموونی رۆژاوا بۆ کورد لە ئارادا بێت. دەنا
مانای وایە کورد چوامشقی لە ماڵی خۆیدا دانیشێت بەدیار میھر و سۆزی
جیھانی ئیسلامییەوە تا رەحمیان دەتلیسێتەوە و وەک ھاوئاینێک قەبوڵمان
دەکەن و دەمانکەنە برای خۆیان!!.
ئاخر بەرنامەی رۆژھەڵاتە فەرمانی تەفروتوناکردنی فەرھەنگی کوردی لە
ھەگبەدایە. ئەردۆغانە عوسمان بایدەمیری سەرۆکی شارەوانی ئامەد دەداتە
دادگا لەبەر ئەوەی بە کوردی ئاخاوتنی داوە. خامنەیی و نەژادی و
رەفسەنجانییە کەمانگیر و ھاورێکانی لە سێدارە دەدەن لەبەرئەوەی
کوردایەتی دەکەن. فارس و عەرەب و تورکە فەرھەنگیان تاڵان کردووین و
ئەوەی پێیان قووتدرا کردوویانە بە ھی خۆیان و ئەوی دیکەشی دەشێوێنن و
بزردەکەن.
ئەم بۆچونەی کاک فەرھاد لەرووی سیاسییەوە وامان پێ دەڵێت کەوا ئێمە
شەڕی رۆژاوا بکەین. جارێ کورد لە بارێکدا نییە شەڕی ئەمەریکا و
سیاسەتەکانی بکات. لەسەر کورد ئەوە پێویستە سیاسەتێ پەیڕەو بکات
بەرژەوەندی نەتەوەیی لە خۆ گرتبێت و بە ئامانجی رزگاریی و دامەزراندنی
دەوڵەتی نەتەوەیی بگەیەنێ. بۆ گەشتن بەم مەرامە لە کێوە و چۆن ھاوکاری
دەکرێت لای مەبەست نەبێت و ھاوئاینی و دراوسێیەتی و جوگرافیا رێگر
نەبێت لەبەردەم ویستە سیاسییەکانیدا . بە واتایەکی دیکە کورد خۆی
نەکاتە شمشێری بەگژداچوونەوەی رۆژاوا و قەڵغانی بەرەنگاری لە ئیسلام .
دەنا ھەرخەریکی خولانەوە لە دیرۆکی خۆماندا دەبین و ھەرگیز ناتوانین
لەو رۆڵەی لە مێژوودا بەسەرماندا سەپاوە دەرباز بین. ئێمە دەبێت
بەرگریی لە سیاسەتی بەرژەوەندی خۆمان بکەین و بەس ، دەنا جارێکی دیکەش
لە ژێر رەوڕەوەی رووداوەکانی مێژوودا دەفلیقێینەوە.
ھەر ناوەند و دەسەڵاتێک ئەمەریکا ، ئەوروپا ، نەتەوە یەکگرتووەکان
،جیھانی ئیسلامی یان عەرەبی ھەنگاوێ بەلای سوودی کوردایەتیدا ھەڵنێن ،
دەبێت کورد پێشوازی لێ بکات. لەو ھەلومەرجەی کوردی تێدایە گەر تاکە
پووشێک فریادڕەسی بێت ، گەرەکە دەستی بۆ درێژ بکات و نابێت لە ھیچ لۆمە
و گازندەییەک سڵ بکاتەوە. گەر کورد بە زۆرزانی و فڕوفێڵ و ماستاوکردنیش
بێت و تەنانەت لەسەر حسابی ھەندێ شتی کاتیش بێت ، بتوانێ قەناعەت بە
ھەر بەرەیەک رۆژاوا بە تایبەت بێنێت دەوڵەتێکی بۆ دروست بکات ئەو
سیاسەتەی زۆر رەوا و پیرۆزە. بە کورتی و کرمانجی ھەرگیزاو و ھەرگیز لە
سوودی کورد نییە لەم ھەلومەرجەدا خۆی بخاتە خانە و سەنگەری دژە
رۆژاواوە. ھەڵبەت نەک بە ھەر مەرج و نرخێک وــ ناشڵێـم سبەی بۆمان
دروست دەکەن ! ـــ . تەپڵی بەتاڵ و دڕاویش ئەوەیە بێ ھیچ لێکدانەوە و
لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی خۆ بکەیتە قوربانی ئایین و
ئایدۆلۆژیا و دروشمی برایەتی گەلان و خەونی زڕە ھاوئایینی و ھاومێژوویی
و ھاونیشتیمانی کورد و گەلانی رۆژھەڵات.
رۆژاوا چۆن چەمکەکانی تیرۆریزم و سیکۆلاریزم دەخوێنێتەوە بە چ دیدێک
لێیان دەڕوانێت و چی بە ئەلقائیدە دەڵێ و چۆن بنلادنی پەروەردەکردووە،
ئەمە لە زانیارییەکی گشتی بەولاوە ، نابێت وابەستە بێت بە بیرکردنەوە و
ھەڵوێست وەرگرتنمان دەرھەق بە رۆژاوا.
لێرەدا منیش دەبێت قسەیەک بۆدزەکەی رۆژاوا بکەم. خەباتی ئیرلەندە و
باسکیش لە روانگەی رۆژاواوە ھەر بە تیرۆریزم ناو دەبرێت. کەواتە
مەسەلەی ئەو چەمکانە ھەر بە ئیسلام و موسڵمانەوە پەیوەست نییە. بە
باوەڕی من میتۆدەکانی کارکردنی ھەڵگرانی ئیسلام بۆ بەرەنگاربوونەوەی
رۆژاوا ھەڵەن و لەگەڵ ئاستی گەشەکردن و بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیدا
ناگونجێن و میکانیزمێکە بێئەندازە نەگریس و خوێناوی و دڵڕەقانەیە و لەم
سەردەمەدا شیاوی قەبوڵکردن نییە.
پاشان شاکەلی دەستنیشانی دوو مەرج و پێویستی ھەستیار و گرنگ دەکات بۆ
دەربازکردنی ژیانی سیاسی و فەرھەنگی لە کوردستان. ئالێرەدا شارەزایانە
بەدوای چارەسەری لایەنێکی بایەخداری بە ھەڵەداچوونی سیاسەتی کوردستاندا
دەچێت و پێی وایە:
یەکەم ... دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی و دیموکراتی. ئەم داخوازییە
چەند روویەکی شارستانی ھەیە بەو ئەندازەیەش مەحەکی فەراھەمکردنی
ھەلومەرجێکی سروشتی و شایستەی سەردەمە. دەکرێت دەستکەوتی گەورەتر لەسەر
ئەم زەمینە بینا بکرێت و ئاسۆی ئاییندەشمان رۆشنتر بێت.
دووەم... فەرگەنگی ئازاد. ھەڵبەتە ئەو داوایەی سەرێ نە پێکدێت و نە سەر
دەگرێت ، گەر فەرھەنگێکی ئازاد و بیرکردنەوەیەکی ئازاد و ھەڵسوکەوتی
ئازادانە ھاوشان و ھاوکار و ھاوداوای خاڵی یەکەم نەبێت.
نووسەر پێی وایە و دروستیشی پێکاوە کە رۆژاوا کار لەسەر دوژمنایەتی
نانەوە لە نێو خودی ئیسلامییەکاندا و سوود وەرگرتن لە ناکۆکییەکانیان
دەکات . بۆ نموونە رۆژاوا ناتوانێ ئیسلامی ئیندۆنیسیا و ئیران و میسر
یا مەغریب وەک یەک فەرھەنگی ھاوشێوە تەماشا بکات.. سیاسەتی رۆژاوا لە
پرسەکانی دیموکراسی و ئازادی بیروباوەڕ و فشارھێنان بۆ دەوڵەت و
سیستەمە نادیموکراتەکانی دنیا ھەمان شێوازی گلەیی و گازندەکردنێتی لە
جیھانی ئیسلامی و تەشەنەکردنی ھەڕەشەکانی تیرۆریزم لەم دەڤەرەدا بووە .
سەرکۆنەکردنی سیستەمی نادیموکراتی لە روسیا و چین و کۆریای باکوور و
گەلێ شوێنی دیکە ھیچی کەمتر نەبووە لە بەرەنگاریکردنی ئەو ھەڕەشانەی
چەکی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ناوچەکە و جیھانی دروست کردووە.
دنیای ئیسلام بۆخۆی لە قەیران و سەرگەردانی و دواکەوتن و ھەزار
بەرەکیدا گلاوە. لە شارێکی وەک سلێمانیدا دەیان مزگەوت ھەیە ھەر یەکەی
سەر بە لایەن و دەستەیەکن. وەھابی ، سەلەفی ، یەکگرتوو . کۆمەڵ و
چەندانی دیکە. لە گەلێک لەم دەوڵەتانەدا دەرەتانی جموجوڵێکی ئازادانە
بۆ ئەم گروپە ئیسلامخوازانە بەرچاو ناکەوێت. ھەر وەک مامۆستا شاکەلی
خۆیشی ئاماژەی پێداوە: << ئەو ئازادییەی موسڵمانێکی کورد لە وڵاتێکی
وەک سوێددا ھەیەتی لە کوردستانەکەی خۆیدا نییەتی>>. من چەند ناوێکی بۆ
زیادەکەم و دەڵێم ئەوەی موسڵمانی عەرەب و تورک و ئەفغانی و پاکستانی لە
لە پاریس و لەندەن و بەرلین و ئەمستەردام و نیۆرک ھەیانە لە جەزایر و
میسر و سوریا و ئەنقەرە و ...ھتد نییانە و ناشیان بێت.
سیاستی رۆژاوا ھەر بەرانبەر بە ئیسلام و کۆمەلگەی موسڵمانان رەخنەئامێز
و خۆپارێزی نییە. جا دەبێت بە ئاگابین و بەدەردی عەرەب نەچین ھەر شتێک
ئەمەریکا بیکات بە دژایەتی خۆمانی لەقەڵەم بدەین.
سامۆئیل ھەنتینگتۆن کە شاکەلی بەرپەرچی تێزەکانی دەداتەوە باس
لەدیاردەی کۆچبەرانی مەکسیکی بەرەو ئەمەریکا و مەترسییەکانیان دەکات.
بەدرێژایی ١١٠٠کم سنووری نێوان مەکسیک و ئەمەریکا رۆژانە بەھەزاران
مەکسیکی بە نایاسایی دەچنە ئەمەریکاوە. لەوێش رەوەندێکی تایبەت بەخۆیان
دروست کردووە، جگە لە زمانی ئیسپانی تاقە ووشەیەک ئینگلیزی چییە
نایزانن و نایانەوێت فێربن. ئەم گردەوەبوونەش سیمای کۆمەڵایەتی
وڵاتەکەی بەرەو گۆڕین بردووە. نووسەر ئەمانە بە مەترسی لەسەر
سیستەمەکەیان دادەنێت. ئێ خۆ مەکسیکییەکان موسڵمان نین و بگرە ھاو
ئاینی خۆیانن .
ئاشکرایە پەرۆشی مامۆستا شاکەلی قوڵ و دوورەبینانەیە و ئارەزوومەند
نییە ئایندەیەکی خوێناوی رووبەرووی کورد بێتەوە. ئەمەش ھەست و بیردنەوە
و دڵسۆزی خۆی تێدا بەیان دەکات و لە شوێنێکی تری باسەکەیدا دەنووسێ :
<< دژایەتی ھەڵوێستی وڵاتە موسڵمانەکان و خۆپارێزی لە دیاردە
نەگونجاوەکانی ئیسلام ،گەرای پرۆگرامێکی سیاسی دڕندە لە کوردستاندا
دادەنێ. سیاسەتی ئەنتی عەرەب و ئیسلامیزم دەبنە ماکی لەدایکبوونی
فاشیزم لە کوردستاندا>>.
لە روانگەی منەوە شەڕی ئیسلام و عەرەب بە ئەرکی کورد نازانم و کورد لە
ھیچ سیاسەتێکی ئەنتیئامێز بەرانبەر بە ھیچ گەل و کەمەنەتەوە و کولتوور
و ئایین و مەزھەبێک سوود وەرناگرێت ، وەلێ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی
داگیرکاری و ئیستیتانی بە ئەرکێکی خودایی و گەردوونی و سەرزەمینی و
مۆڕاڵی ھەر تاکێکی کورد دادەنێم. ئیسلامی عەرەب و تورک و فارس ئیمڕۆ
پیادەی ئەو سیاسەتە دەکەن لە کوردستان و دەرھەق بە نەتەوەی کورد ، بۆیە
دژایەتی ئەمانە مەزنترین شەرەفی خەبات لەخۆدەگرێت. ھەق نییە
کەسایەتییەکی وەک مامۆستا شاکەلی لە ئێستاوە ترس و خەمی لە دروستبوونی
فاشیزمی کوردی ھەبێت!! فاشیزم وا لەناو خوێنی ئەوانەی ئێمەیان بندەست
کردووە و وڵاتمانیان سوتماککردووە و ئیش لەسەر ژینۆسایدمان دەکەن لەژێر
پەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و برایەتی گەلان و ھاوسێیەتی میژوویی...
دواتر کێ دەڵێ کوردستان باشترین پێگەی بێلایەنی لە ناوچەکەدا نابێت و
رۆڵی داھێنەرانە و گردەبڕ لە بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا
بەرقەرار ناکات. شیاوی باسکردنە چارەسەربوونی پرسی نەتەوەیی کورد ،
فاکتەرێکی بەھێز و چارەنووسسازی کەمبوونەوەی گرژی و ئالۆزییەکانی
ناوچەکە و بەرقەراربوونی سەقامگیریی و دامەزراندنی بناغەی پتەوی ئاشتی
و برایەتی و شارستانێتییە. ئەودەمەش چیتر مەترسی سەرھەڵدانی شۆفێنیزم و
ھیچ دیاردەیەکی دیکەی زیانبەخش ھەڵنادات و ھەموو بە ئارامی کامەرانی
دەکارین لەو بستە زەوییەی خودادا ژیان بگوزەرێنین. ھەڵبەت ئایندەی ئەم
بابەتە و تاقیکرنەوەشی ھەمووی وابەستەی ئاوەزێکی سیاسی حەکیمانەن و من
بەدووری نابینم دەوڵەتی کوردی پێشەنگی ئەم مەیدانە بێت .
دواتر نووسەر دەڵێ : << بۆیە دژایەتی ئیسلام دەکرێت لە رووی
جوگرافییەوە ھەرەشە لە رۆژاوا دەکات و خاوەنی نەوتە>>. رۆژاوا وەک
ناوەندێکی بەھێز و خاوەن داھێنانی پیشەسازی و تەکنەلۆژی ھەردەم بەدووی
بەرژەوەندی یەکانی خۆیدا وێڵە . ئەم تەقەلایەشی لە سنووری چاوچنۆکی و
رووتانەوەوە تا دەگاتە مەرامی داگیرکاری وڵاتانی دیکە پەرەی سەندووە و
ملی بە رەو سیاسەتی نامرۆڤایەتییەوە ناوە. لەگەڵ ئەمانەشدا ئەفغانستان
خاوەنی نەوت نییە ،بەڵکو تالیبان تێیدا حاکم بوو کە رێگەی لە
رادیۆکردنەوە و گوێ لەمۆسیقا گرتن و چوونە قوتابخانەی ژن دەگرت.
سەرئەنجام نووسەر دەگاتە ئاکامێک و پێمان دەڵێت :<< فەرھەنگی ئێمە
فەرھەنگێکی ئێرانی و ئیسلامی و رۆژھاڵاتییە. وە بەراشکاوی پێمان دەڵێت
: نابێ بەو فەرھەنگە نامۆ بین خۆمان و نەوەکانی ئایندەی لێ بێبەش
بکەین>>.
ھەڵبەت من لاریم لەم بۆچوون و پرنسیپ و خەسڵەتە بە ھیچ جۆرێک نییە و
کتومت لەگەڵ بۆچوونەکەی شاکەلیدا ھاوبیرم. وەلێ لێرەدا مەرجێکی قورسم
ھەیە و پێموایە دەبێت ھەر یەک لە ئێمە بایی ھێندە خۆی بکاتە خاوەنی ئەم
پێناسەیە و شەڕی لەسەر بکات ، کە ھەبوون و بوونی نەتەوەکەی لەریزی
ئەوانی دیکەدا بەرانبەر و ھاوشان و یەکسان بێت. ھەردوو فاکتی مێژوویی و
جوگرافیایی نابێت ھەرگیزاو و ھەرگیز بێتە مایەی ئەوەی خۆمان لەبیر
بچێتەوە ، دەنا ھەر داکۆکییەک لەوەی ئێران وەک دەوڵەتێکی ئیسلامی ببێتە
خاوەنی چەکی ئەتۆمی بەرانبەر بە ئیسرائیل و رۆژاوای نەگریس و شەرانگێز
، راستەوخۆ دەکاتە خزمەتی وەچەکانی کۆرش و پەھلەوی و خومەینی. ھیچ
بەدووری نازانم کوردستان یەکەم تاقیگە و شوێنی بەکارھێنانی ئەو ئەتۆمەی
ئێران بێت. ئەمە تەنھا وەک نموونە و گریمانەک دێنمەوە و لە واقعیشەوە
زۆر دوور نییە. پوختەی قسە ئەوەیە ئێمە سەلاحەدینێکمان پێویستە کورد
لەو مەینەتی و مەرگەساتە رزگار بکات ، با ئاڵا و شمشێری ئیسلامیشی
بەدەستەوە بێت، نەک سەلاحەدینێک ئەحمەدی نەژادی و ئەردۆغان و دەوڵەتە
داگیرکەرەکانیان لە رووخان قوتار بکات. ئەرکی رۆشنبیرانیشە بەشداریی لە
دروستکردنی کەسایەتیی زەردەشت یان سەلاحەدینێکی رزگارکەردا بکەن.
دوا بەشی دەرزیئاژن لە دووتوێی ٤٣ لاپەڕەدا لە ژێر ناونیشانی رێنوێنی
ناو و چەمکەکان ، مامۆستا شاکەلی بە چڕ و پوختی دەیان چەمک و ناوی
کەسایەتی ھزری و سیاسی و ئەدەبی کوردیی و بێگانەی لە شێوەی
فەرھەنگۆکێدا پێناسەکردووە. ئەم میتۆدەش تایبەتمەندێتییەکی دیکەی
شێوازی زانستییانە و مۆدێرنانەی ئەم بەرھەمە نیشان دەدات و کلیلی
ئاسانکاریی چوونە نێو دنیای باسە فکرییەکان و پرۆفایلی کەسایەتییەکان
دەداتە دەست خوێنەر.
بەر لە ماڵئاوایی ناساندنی ئەم بەرھەمەی کاک فەرھاد شاکەلی گەرەکمە
جارێکی دیکەش جەخت لەسەر ئەو بنەما و خەسڵەتە رۆژھەڵاتییەی بوون و
فەرھەنگ و شارستانیمان بکەمەوە. ھیچ ناجۆرییەک لە نێوان من و برای
نووسەردا ھەست پێناکەم . وەلێ بەداخم کە سیاسەت لەو دەڤەرەدا بە گشتی
داینەمۆی ھەڵسوڕاندنی ئەم تایبەتمەندییانەیە . سیاسەتیش بەدەست
ھێزەوەیە و ھێزیش خۆی لە دەوڵەتدا دەنوێنێ. کورد دەوڵەتی نییە بۆیە لە
پەراوێزی باسەکانیشدا جێی نابێتەوە. ھەر ئەم ھۆکارەشە وای کردووە ، من
پتر لە پێویست لە روانگەی سیاسییەوە ھەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەم.
بۆ خۆم دڵنیام لەوەی لە ھەر دێڕ و ووشە و رستەیەکی شاکەلیدا پرسی مرۆڤ
و ژیان ، ئازادی و رەھەندەکانی و بەھا و کامەرانی بۆ خەڵک خۆی مەڵاس
داوە. کوردایەتیش بە چەمکی فراوانی رۆشنبیرانە رەگەزێکی چەسپیو و
ئامادەی بیر و بەرھەمەکانی نووسەرە. خاترجەمیشم لە خەم و پەرۆشی شاکەلی
بۆ سەرجەم لایەنەکانی ژیانی ئادەمیزاد ، بەتایبەت لەو بەشەی گۆی زەویدا
کە رووبەرووی ھەڕەشە و مەترسی بۆتەوە.
وێڕای بوونی ھەندێ سەرنج و بیروڕای جیاوازم لەسەر شتەکان، زۆر بەگەرمی
دەستخۆشی لە مامۆستا شاکەلی و ئەو بەرھەمە نازدارەی دەکەم . بە ھیوام
لەرێگای ئەم جۆرە بەرھەمانەوە فەرھەنگ و رۆشنبیریمان دەوڵەمەنتر و
سوودبەخشتر بکات. ئەم جۆرە باسانە دەرگای مشتومڕێکی گەرم دەخوڵقێنن و
دەرفەت بە خوێندنەوەی جیاوازی باسە فکری و مەعریفییەکان دەدەن.
جگەلەوەش کتێبخانەی کوردی زۆر پێویستی بەم جۆرە بەرھەمانە ھەیە و تەنھا
لەم دەروازەیەشەوە ئاسۆی رۆشنترمان لەبەردەمدا واڵاتر دەبێت .
٢٠\١٠\٢٠١٠
- بەرلین
ماڵپهڕی ههڵۆ بهرزنجهیی
|