٢٣\٩\٢٠١٠
دەسەلاتداران
تیرۆرمان دەکەن و
دەسەلاتخوازان سەرمایەگوزاری رامیاریی لەسەر
دەکەن!
لە ١٩ ساڵی رابورددوودا لەتەک دەرکەوتنی هەر ڕۆژەی ناکۆکی بەرژەوەندی
بەرهەلستکارانی دوێنێ و دسەلاتدارانی ئەمڕۆ لەتەک خواست و خەونەکانی
خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و دادپەروەرخواز و فراوانبوونەوەی
کەلینی نێوان ڕیزەکانی خەڵک و پێشەنگانی ناسیونالیزمی کورد،
دەسەلاتدارانی بۆرژوازی کورد بۆ سڵەماندنەوە و پەرتەوازەکردنی ڕیزی
نارازییانی کۆمەڵگە، ڕێگەی جۆراوجۆری گرتووەتە بەر و بۆ ئەوەش شوێنپێی
هاوچینە بەعسییەکانیان هەڵگرتووەتەوە و ڕۆژانە چالاکانی بواری مافە
سەرەتاییەکانی تاک و خوازیارانی ئازادی و بەرهەڵستکارانی گەندەڵی لە
زیندانەکان دەئاخنن و لە کۆڵان و بەردەم خوێندنگە و شوێنەکانی کاردا
دەڕفێنن و تیرۆر و بێسەروشوێن دەکەن.
ئەمە سروشتیترین کاردانەوەی بۆرژوازی کوردە وەک هاوچینەکانی لە ولاتانی
دەوروبەر و کیشوەرەکانی تردا، ئەوەی کە سروشتی نییە، ئەوەیە نارازییان
دەستەوداوێنی سەقامگیرکردنی یاسا و دەسەڵاتێکن، کە بێجگە لە پاراستنی
سەروەری و مشەخۆری سەرمایەداران و دەسەلاتداران هیچ ئامانجێکی چین و
توێژە بندەست و چەوساوەکانی کۆمەڵگە ناگرێتە خۆی. هۆکاری ئەمەش
قۆستنەوەی ناڕەزایەتی و خۆشباوەڕی خەڵکە لەلایەن هێزە ناسیونالیست و
چەپە دەسەڵاتخوازەکانەوە بۆ بە ئامانجگەیشتنی خۆیان، کە گەیستنە سەر
کورسییەکانی پارلەمان و دەسەلاتداری و بەرکەوتنی بەشی زیاتر لە تالانی
سامانی کۆمەڵگە و مشەخۆری بەرهەمی کار و زەحمەتی چینە چەوساوەکانی
کۆمەڵگەیە.
ئێمە وەک ئازادیخوازان (ئەنارکیستان)ی کوردستان، هاوکاتی
بەرپەرچدانەوەی شێواندن و پیلانە گڵاوەکانی دەسەلاتی بۆرژوازی کورد لە
کەیسی گیانبەختکردوو (سەردەشت عوسمان)، سەرمایەگوزاری پارت و گروپە
ڕامیارییە دەسەڵاتخوازەکان لە ناڕەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز بەرامبەر
بەو تاوانە، ڕسوا دەکەین و پێمانوایە، کە تەنیا ڕێگە بۆ سەپاندنی
ئازادی و کێشانە دادگەی تاوانباران، هەستانی چین و توێژە بندەست و
نارازییەکانی کۆمەڵگە بە پێکهێنانی کۆمیتە و ئەنجومەنە خۆجێییە
دەستبەجێکان و جیاکردنەوەی ڕیزی جەماوەرە لە هێزە ڕامیارییە
دەسەڵاتخوازەکان و دەستبردنە بۆ مانگرتنی گشتی و خوجێیی، کۆبوونەوەی
جەماوەری و کۆڕی مۆزیکی و چالاکی شانۆیی گەڕۆک و خۆپیشاندان و ڕێپێوانی
بەردەوامی ڕۆژانە و هەفتانەی شار و شارۆچکەکان و داگیرکردنی شەقامە
سەرەکی و فەرمانگە و دەسەلاتە خۆجێی و ناوەندییەکانی وەک پارلەمان و
زۆر شتی گونجاوی تر...
ئێمە وەک دەستەیەک لە نارازییانی کۆمەڵگەی کوردستان و بەشێک لە
خەباتکاران و ئازادیخوازانی کوردستان و ناوچەکە، نە خۆمان بە ڕابەری
خەڵک دەزانین و نە کەسیش بە رابەری خۆمان و خەڵک پەسەند دەکەین، بەڵکو
بڕوامان بە زیندووکردنەوەی گیانی خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆهەنگاونان
و هەستانەوەیە لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی
سامان و بەرهەمەکان بۆ کۆمەڵگە و بەرهەمهێنەرانیان، جێگیرکردنی ئازادی
و یەکسانی و دادپەروەری تاکەکان بە وێرانکردنی تەختی سەروەری چینە
داراکان و هاوچینە ناوچەییەکانیان و پارێزەرە جیهانییەکانیان ...
زیندوو بێت یادی بەکر عەلی ، نەزیر عومەر، فەرهاد فەرەج، شاپور ، قابیل
، سۆرام مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و گشت گیانبەختکردووانی ڕێی ئازادی
و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی...
بڕوخێت دەسەڵات و سەروەری چینە مشەخۆرەکان...
ڕسوایی بۆ ئەو پارت و هێزە رامیارییانەی کە سەرمایەگوزاری ڕامیاریی
بەسەر تیرۆری هاوچینەکانمانەوە دەکەن...
بەرەو کۆمەڵگەیەکی بێچین و چەوسانەوە.
سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
21\9\2010
anarkistan@activist.com
|