په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١١

دەسەڵاتدارێتیى کوردستان لە نێوان گۆڕان و دۆڕان دا.


هیوا رەش     

 

ئەو ڕووداوە یەک لە دواى یەکانەى وڵاتانى عەرەبى گرتەوە ، بوونەتە جێگەى سەرنجى تەواوى گەلان و وڵاتانى جیهان ، پڕ لە پەند و ئەزمونن ، لێ دەسەڵاتدارانى کوردستان هیچى لێوە فێر نابن و ئەیانەوێ هەمان سیناریۆى ڕژێمە دیکتاتۆرییە لە دیموکراسى پێچراوە ڕووخاوەکانیان بەسەر خۆیاندا بهێنن ، کە بە بەرچاوى هەموو لایەکەوە گشت ئەو ڕژێمانە و سەرۆک و حیزبە خۆسەپێن و خۆبەزلزانەکانیان چۆن دووچارى ڕۆژى ڕەشى خۆیان هاتن و کورسى بەدەر کران ، سەرۆکەکان لەگەڵ تیاچوونى دەسەڵاتى تاکڕەوى خۆیان و بنەماڵەکانیاندا چارەنووسى حیزبەکانیشیان دووچارى هەڵوەشان و نەمان کردەوە و ئەندامەکانیشیان سەرگەردان و سەرلێشێواو و مایەپوچ دەرچوون ، ئەو ڕژێمانەى کە لەناوچوون و ئەوانەشى چاوەڕوانى لەناوچوونن ، دواى ئەوەى بۆیان ڕوون بۆوە سەرکوتى سەربازى و فێڵى سیاسى و بەڵێنى ناچاریى دادیان نادات ، لە تەنگەتاویدا دەستیان بۆ هەموو کردەیەک بردووە و خۆیان کردۆتە پەیامبەرى ڕیفۆرم و چاکسازى و گۆڕانکاریى ، ( فرەحیزبیى ، دیموکراسییەت ، چاکسازیى ئابورى ، لەبەر یەک هەڵوەشانەوەى سیاسەت و یاسا کۆنە کارپێکراوەکانیان ، نەهێشتنى بێکارى ، موغازەلە کردنى گەنجان ، نەهێشتنى گەندەڵى و بەرقەرار کردنى دادپەروەرى ) و گەلێک ئیجرائاتى تریان کردۆتە دروشم ، هەتا بە هەڵوەشاندنەوەى حکومەت و هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمانیش ڕائەگات ، بەڵام ئەمانەیان لەسەر و بەندى کڵاوى بەر ڕەشەبا کەوتوویان ڕائەگەیاند ، لە کاتێکدا شەپۆڵى ناڕەزایەتى جەماوەر گەییشتبووە چڵەپۆپەى توڕەیى و دروشمى ( بڕوخێ ، بڕۆ ، دەست هەڵگرە و مەمێنە ) ئاوێتەى خۆپیشاندانەکان ببوو ، ئیتر شتێک نەمابوو قسەى لەسەر بکرێ ، یان جێهێشتنى دەسەڵات وە یان خنکاندنى دەسەڵات لە گۆمى خوێندا ، بۆیە لە ساتەکانى مەرگدا ، دواى ئەوەى یەکەمجار دەستیان بۆ چەک و زەبر و زەنگ برد و بەڵتەچى و چەقۆکێشیان خستە کار ، لە دوایین جاردا پەنایان بۆ کلیلى خەزێنەى دۆلارە کەڵەکەبووە ژەنگ گرتووەکانیان بردو دەمى قاسەکانیان کردەوە و پارە مۆڵدراوەکانیان هەڵڕشت و لە باتى هەڕەشە ، سیاسەتى چەشەیان گرتە بەر و ویستیان لە ڕێگەى دەمچەور کردنەوە هەڵچوونى خەڵکى ناڕازى خامۆش بکەنەوە ، بەڵام کار لە کار ترازا بوو ، جێگەیان لە زبڵدانى مێژوو بۆ خۆش کرابوو.

لێرە لەم وڵاتە پڕچنگ و سوتماکەى ئێمەدا کە هێشتا ڕەنگى خوێن بەرى نەداوە ، ئەم نیشتمانەى ئێمە کە ناسنامەى لێسەندراوەتەوە و کراوەتە خۆراکى ئاشى دوو بنەماڵەوە ، هێشتا دەروونى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان پەستیى لێ ئەچۆڕێ ، هەناسەى هەڵەبجەییەکان بۆنى گازى ژەهراوى لێ دێت ، گەرووى خوشک و دایکانى شەهیدان پڕ لە هەنسکە ، جەستەى زیندانییە سیاسییەکان ئاسەوارى نەخشەى کێبڵى جەلادەکانى پێوە ماوە ، پێشمەرگە دێرینەکان ماندوێتییان نەحەساوەتەوە ، نەوە تازەکانى ئەوان و خەڵکى زەحمەتکێش بە هیواوە لە خۆرى خوێنگرتووى ئاسۆ ئەڕوانن و لە زێدى باوباپیریان هەست بە نامۆبوون ، ڕِاپێچى بیهودەییان ئەکات ، توڕەیان ئەکات ، کە توڕەش بن هەڵئەچن ، کە هەڵچوون ڕیاکاریى بەریان پێ ناگرێت ، درۆ و بەڵێن و خەندەى ژەهراوى و شێر و ڕێوى دەسەڵاتداران ڕاپێچى گەردەلوولى خۆیان ئەکەن و ملیان لە شیرى ستەمکاران ئەخشێنن و سنگیان ئەکەنە قەڵغانى گوللە.

لێرە لەم وڵاتە پڕچنگ و سوتماکەى ئێمەدا کە هێشتا ڕەنگى خوێن بەرى نەداوە ، سەرکردەکانمان هاوشێوەى ( زین العابدین بن علی و حسنی مبارک و معمر القدافی و على عبدالله و بشار اسد) ەکانن ، بنەماڵەکانیان وەکو ئەوان باڵا دەست و بکوژ و ببڕ و حوکمڕانن ، حیزبەکانیان وەکو حیزبەکانى ئەوان حیزبى قائیدن ، وەکو ئەوان داهاتى وڵاتیان مەڵۆ مەڵۆ کردووە و خەرمانى گەندەڵییان بەرەکەتى کردووە ، سەرکردەکان و ماستاوچى و دەستوپێوەندەکانیان یاسا بە پێیان تەنگە ، ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى لە سوچێکى مێزى شەوانى سووریان هەڵترووشکاوە ، نائومێدیى بەشمەینەتانیان لە جوغزى خەندەى گاڵتەجاڕییاندا تاساندووە ، سەرۆک و سەرکردەکانمان ، خۆیان ، خێزان و ماڵ و مناڵیان ، بنەماڵەیان ، مەراییکەرانى دیوەخانەکانیان ، دیواریان هەڵچنیوە و ماڵیان لە گەڵماندا جودا کردۆتەوە ، هیچیان لە ئێمە ناچێ ، خۆشى و ڕابواردنیان ، خواردن و خواردنەوەیان ، گەشت و گەشتوگوزاریان ، ڤێلا و خانوویان ، پێڵاو و جلوبەرگ و پۆشتەییان ، نەخۆشخانە و چارەسەرییان ، قوتابخانە و خوێندنیان ، کۆڕى مەجلیس و میواندارییان ، هاتوچۆ و ڕێ کردنیان ، تەنانەت پێستى لووس و پەمەییشیان لە پێستى زبر و قڵیشاوى ئێمە ناچێ ، تەنها و تەنها ئەوان لە یەک شتدا وەکو ئێمەن ، ئەوان و ئێمە هەردوکمان بێکارین ، ئەوان بێکارێکى پۆشتە و پەرداخ و تێرن ، ئێمەش ڕەشوڕووت و برسى ، کارى ئەوان تەنها و تەنها بیر کردنەوەیە لە چنینەوەى سامانى نیشتمان و کۆکردنەوەى داهات ، ئێمەش بیر لە خەمى نیشتمان و پێشکەوتنى ئەکەینەوە ، لەبەر بێکاریى ، ئەوان لە تێریدا هەمیشە ئێمەیان پشتگوێ خستووە ، ئێمەش لە برسێتیدا بۆ لەحزەیەک وێنەى ئەوانمان لە زەین دەرناچێ ، ئێمە بەردەوام ئەوانمان لە بیرە ، ئەمانەوێ شەڕیان لەگەڵدا بکەین ، شەڕێک لە پێناوى ئاشتبوونەوە و پێکەوەیى لە نیشتمانێکى ئارامدا ، ئاشتبوونەوەیەک لە پێناوى نیشتمانێکدا خۆشى و غەمەکانى بۆ هەمووان بێت . ئەوانیش شەڕێکمان لەگەڵدا ئەکەن و بە دروشمى ( بەشى خۆم بۆ خۆم ، بەشى تۆش ئەخۆم ) ئەیانەوێ ئەم نیشتمانە بەهەشتێک بێت بۆ خۆیان و بیکەن بە دۆزەخێک و بۆ ئێمەى هەڵخەن.

ئەوان عەشقى (گاف - گ)ن، گەلحۆ، گێل، گەمژە و گەوجن، ئەوان عەشقى (گاف - گ)ن، بۆیە بە دواى پێکەوەنانى - گارد -ى چەکدارییەوە وێڵن، نازانن ئەگەر بە گوللە سنگى لاوانمان دادڕن ، زۆرداریى زۆرى زیاتر بهێنێت لێیان ڕائەپەڕن ، کە لێیان ڕاپەڕن ڕایانئەماڵن و کورسییان تێکوپێک ئەشکێنن و پارە دزراوەکانیشیان لە قوڕگیان دەر ئەهێنن، ئەوان کە نیشتمانێکیان بۆ خۆیان ئالوودەى کەرتى تایبەت کردووە ، گەل تۆڵەیان لێ ئەسێنێتەوە ، بۆیە باشتر وایە تا کات ماوە بگۆڕێن و موڵکى گشتیى بۆ خاوەنەکانیان بگێڕنەوە، حیزب لە دەسەڵات دوور بخەنەوە، شێرپەنجەى گەندەڵى ببڕنەوە، ناعەدالەتى کۆمەڵایەتى بسڕنەوە، چونکە شەش ساڵ لەمەوبەر - هاوارى خەڵک - ڕژانە شەقام و هاواریان کرد : )ئەگەر حکومەت نەگۆڕێ ئەدۆڕێ)، کە دۆڕانیش ئیتر هەلێکى دیکەى زێڕینى ئاوهاتان دەست ناکەوێتەوە قومار لەسەر چارەنووسمان بکەنەوە.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک