په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

دەسەڵاتێک بۆ میللەت جەلاد و بۆ پاپا هێمن.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر 


ئەو چرکەساتەی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم ویستی دەسکەوتێکی سیاسی بە سەردانەکەی پاپا فڕانسیس بدات بۆ کوردستان، ئەوکاتە بوو بەتەنیشت پاپاوە وەزیر پولێکی وەزارەتەکەی نمایشکرد کە بەسەر سەری پاپاوە نەخشەی گەورەی کوردستان نمایشکرا بوو.

وەزیری گواستنەوەی هەرێم وەک کاراکتەری سەرەکی نمایشکەری سیاسەتی دەسەڵاتی کوردی دوای ڕیفراندۆم خواستی ئەوە بوو لە ڕێگەی ئەم جۆرە نمایشەوە لەگەل پاپا دوو دەرەنجام بەدەست بهێنێت:

یەکەمیان پاپا بەو پێیەی مرۆڤێکی مەسیحی کاسۆلیکی و ئەوروپیە، بۆیە دەسەڵاتی کوردی ویستی بوو نمایشکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە بەسەر سەری پاپاوە بکات بە دەرچەیەکی ئەرێنی و لێیەوە لەڕێگەی وروژاندنی هەست و سۆزی مەسیحیەکانی جیهان و وڵاتانی ئەوروپی داخڵی پاڵپشتی کردنی ناوماڵی ئەوروپیەکان ببێت، بەو پێیەی مەسیحیەت و پاپا تاکو ئەم چرکە ساتەش لەم کیشوەرەدا دوانەیەکی لێكدانەبڕاون و پاپا بەمانای ڕەمزێکی ئایینی خۆشەویست و کارەکتەرێکی پیرۆز دێت لای مرۆڤی ئەوروپی لەڕۆژگاری مۆدیرنەدا، کە بێگومان لەم سۆنگەوە دەسەڵاتی کوردی لای وابوو کە کەئاوێتەکردنی وێنەی پاپا بە پولەکەی کوردستان فاکتەرێک دەبێت بۆ بەسانایی ناساندنی پڕۆژەکە لای دونیای دەرەوەو ڕاکێشانەوەی دووبارەی سەرنجی ئەوروپیەکان بۆ لای خۆی، دووم ئامانجیش شکاندنی ئەو گەمارۆ سیاسی و دبلۆماسییە بوو کە لە دوای ڕیفراندۆمەوە لە لایەن بەشێک لە ئەوروپیەکان و وڵاتە ناچەییەکانەوە خراوەتە سەر کوردستان و بۆتە هۆی بچوککردنەوەی جوڵەی سیاسی و دبلۆماسیی کوردی.

کاردانەوەی بەپەلەی وڵاتانی دراوسێ لەبەرامبەر نمایشکردنی پولەکەی هەرێم و بەتایبەت کۆکردنەوەی هەردوو هێڵی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر یەکهێڵی ستون لەوڵاتێکی وەک تورکیا، لەسۆنگەی هێنانە سەر هێڵی عومەر چەلیکی وتەبێژی پارتی دادوگەشەپێدان بە هەڕەشەی سزادانی کوردستان و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی مەهەپە بە لێدوانی دەمارگیرئاسای وەک ژێرپێخستنی پولەکەی کوردستان، لەبەرامبەردا هەڵبژاردنی خیاری بێدەنگی لەلایەن پاپا فڕانسیس و ئەوروپیەکانەوە دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە کورد نەیتوانی بەهۆی پێشوازی گەرم و وێنەگرتنە زۆرەکانی سیاسیەکانی کورد لەگەڵ پاپاو نمایشکردن وێنەکەیەوە لەسەر پولێک، نەیتوانی سەردانەکەی پاپا بەسیاسی ئەرێنی بکرێت و کوردستان لەسەر نەخشەی سزادان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە بسڕێتەوە.

کوردستان ئەمڕۆ لەسەر دەستی ئەم دەسەڵاتە کوردییە بۆتە قاسەیەک بۆ کۆکردنەوەی پارەو داهات لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەوە بۆ تورکیا و هەروەها ڕێکەوتننامە (٥٠) ساڵیەکەی بواری نەوت ئەمڕۆ بۆتە پشتیوانیەکی دارایی خێری مفت بۆ پێدانی چانسی ڕوبەڕوبونەوەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ قەیرانی دارایی و دانانی بەربەستێک بۆ زیاتر دابەزینی بەهای لیرەی تورکی لەبازارەکانی ناوخۆ بە هۆی سیاسەتی گەمارۆی ئەوروپیەکانەوە لەسەر ئەم وڵاتە، کەچی لەبەرامبەر هەموو ئەم چاکەو پیاوەتیەی دەسەڵاتی کوردی تورکەکان نەک هەر پاڵپشت نین بۆ دۆزی کورد، بەڵکو بەپێچەوانەوە کاراکتەرێکی نەرێنین بەرامبەر ئەو هەرێمەی کە پارەی نەوت و بیناکردنەوەی لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە ساڵانێکە دەخەنە گیرفانیانەوە.

بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی لە بەرامبەر هەموو ئەم هەموو هەڕەشەو چاوسوورکردنەوە ناوچەییانە بوونەوەرێکی عەقڵانی هێمنە و بژاردەی دانبەخۆداگرتنی هەڵبژاردوە، کەچی بەداخەوە هەر ئەم دەسەڵاتەی کە لە بەرامبەر هەڕەشەی بێگانەکاندا هێمنە، کەچی لە ئاستی ناوخۆی هەرێمدا بونەوەرێکی پەرگیر و تووڕەیە، تووڕە لە بەرامبەر هەموو ئەو دەنگە ناڕازی و قەڵەمە ئازاد و ئازا و دڵسۆزانەی کە خاوەن ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی مەدەنی چاکسازی خوازین لە کوردستان، تووڕەیی دەسەڵات لە ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی دەڤەری بادینان و شوناسکردنیان بە جاش و خۆفرۆش و بەکرێگیراوی ئەم و ئەوی بێگانە و خستنە ناو زیندانە تاریکەکانەوە بەرجەستەترین نمونەی ئەم تووڕەییەی دەسەڵاتی کوردیە لەناوخۆدا.
 

ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک