په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٥\٢٠١١

دەسەڵاتی دراو - زەوت، تینک تانک و دڕندەکان.

سه‌لام عه‌بدوڵا   

 

شاعیر و نووسەری بەناوبانگی ئەڵمانیا(گوێتە) پێیوابووە مرۆڤ بوونەرێکی خۆپەرەست نیەو حەز لە جوانی، خۆشەویستی، پەیوەندی کۆمەڵایەتی تایبەتمەندییە دێرینەکانی مرۆڤ پێکدەهێنن. گوێتە بانگەوازی بۆ کۆمەڵگەیەکی دەکرد، تێدا مرۆڤ دەتوانێ بەو تایبەتمەندیانە ژیان بەسەر ببات. هەر کەسێک نووسینەکانی گوێتە بە جددی وەربگرێ، ناتوانێ پەیوەندییە باڵادەستەکانی جیهانی ئیمڕۆ قبووڵ بکات. ئەوە بۆچوونی خانم سارا ڤاگنکنێشتە لەبارەی ئەو کەڵە نووسەر لە دوا چاوپێکەوتنی لەگەل رۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگماینە 16/5/2011.


خۆپەرەستی، خۆزلزانی، دووروویی، چاوچنۆکی، زێدەبایی و رقوکینە شانبەشان لەگەل ئەقڵی قازانجی سەرمایە و ناوەڕۆک و ئالیەتی چەوساندنەوەی بۆ مرۆڤ لەیەک جودا ناکرێنەوە. بۆ نموونە ئەمەی ئێستا لە وڵاتانی ئۆروپا روودەدەن(لە کوردستان، تونس یان لە هەر کوێرە دێیەکی سەر زەمین!)بەری ئەو سیستێمەیە.
سپانیا و پورتوگال:


لە ژێر درووشمی(ئێمە کاڵای دەستی سیاسەتمەدارو وخاوەن بانقەکان نین)دەیان هەزار کچ و کوڕی سپانیا لە 50 شار خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە دژ بە بەرنامەی کورتکردنی ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەت، بێکاری لاوان، رۆڵی بانق و حزبە بۆرژواکان لە قەیرانی ئابووری. (لاوانی بێ دوارۆژ)یەکێکە لە رێکخەرانی ئەو چالاکییە کە لە مانگی 4لەناو زانکۆکان دامەزرا.


رێژەی بێکاری لەنێو لاوان بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەت گەیشتووەتە40%.


لە بارەی کێشەی ئەم وڵاتە، مایتە مولا(سکرتێری پەیوەندییە نیونەتەوەییەکانی حزبی شوعی سپانیا و جێگری سەرۆکی حزبە چەپەکانی ئۆروپا)، وتی: ئێمە دەبێ بۆ قەیرانی ئابووری، ئەڵتەرناتیڤی بەرگریکردن لە شوێنی کار، چاککردنی زەمانەتە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕینی مۆدیلی ئابووری، بەرزکردنی رێژەی خەرجە کۆمەڵایەتییەکان، گەشەپێدانی سەرمایەگوزاری و تەکنۆلۆژیا، ریفۆرمی باجدان، دامەزراندنی بانقی دەوڵەتی کە دەبێ ئەرکی بەهێزکردنی کۆمەڵگەی کار و کۆتاییهێنان بە مۆدێلی جامبازی دارایی لە ئەستۆ بگرێ.


ئەو داخوازییانە لە تەواوی دنیا برەویان هەیە، بەڵام هێزە راسترەو فاشیست و دیکتاتۆرەکانی جیهان درێژە بە هێرشی خۆیان دەدەن، بۆ نموونە لە سوید وڵاتێکی کۆمەڵایەتییە(60% بودجەی گشتی بۆ خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن)، بەڵام وەک ئانکی ئالستن(سەر بە حزبی چەپ) وتی: حکومەتی راسترەو لە ماوەیەکی کورتدا بنماکانی بیری دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لە وڵات وەک هاریکاری و دادوەری کۆمەڵایەتی توردا و کەرتی گشتی بەرەو پریڤاتەکردنی زیاتر برد و رێژەی باج، بەتایبەتی بۆ دەوڵەمەندکان دابەزاند.).

یەکێتی ئۆروپا و بانقی دراوی جیهانی بۆ سێهەمین جار لە رۆژی16/5 بڕیاریاندا ماچێکی ژەهراوی زۆر درێژ(78ملیارد دۆلار) بە پورتوگال بدەن تا لە مایەپوچی رزگاری بکەن.


لەبارەی قەیرانەکە، ماریو سواریز(سەرۆکی رابردووی پورتوگال)لە چاوپێکەوتنەکەی ئۆرۆنیوز، دەڵێ: هەیمەنەی ئابووری و سەوداکردن بە دراو سەرەتاکەی بوو. ئەم هەڕەشەیە کارەساتێکە بۆ گشت وڵاتان. من پێموایە ئیمڕۆ یەکێتی ئۆروپا لە یەکێک لە گەورەترین قەیرانیدایە. بازاڕەکان بەبێ(بوێلە)بەرێوەدەچێت و ئەوانەی سەرپەرەشتی ئەو بازاڕانە دەکەن، دڕندەکانی بانقەکانن.ئەوانە بەراستی دڕندەن و هیچ کەس نازانێت لەکوێوە هاتوون و چیان دەوێت. ئێمە دەزانین، ئەوانە دەیانەوێ پارەیان دەستبکەوێت و بەوە هەڕەشە لە چەندین وڵات دەکەن وەک یونان، ئیرلەندا و پورتوگال و وڵاتانی تریش لەریزدان.


هەروا لە درێژەی قسەکانی وتی: ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا بەبێ گومان پڕۆژەی یەکێتی ئۆروپا کۆتایی پێدێت. هەروا پێموایە لەبەرامبەریدا پەرچانەوە دوا ناکەوێت و هاوڵاتیان پێی هەڵدەستن. خەڵک تەنها لە جیهانی ئیسلامی راناپەڕن و لەوانەیە شۆڕشێکی گەورە لە ناو ئۆروپا رووبدا. ئەو خەڵکە رژێمی باڵادەست قبووڵ نەکەن. ئەمە ئۆروپا نیە. ئۆروپا فەزای دیالۆک و زەمینی مافە کۆمەڵایەتیەکان و رێزلێنانە لە بەرامبەر.

وڵاتی فەیلەسوف و خوداکان هەرزانفرۆش دەکرێ؟!


یونان بۆ چەند سەدەیەکی داهاتوو گەواهی بەناوبانگی وەحشیگەری لیبڕالیزمی جیهانگیر دەسەلمێنێ: سەندوقی دراوی جیهان و یەکێتی ئۆروپا داوا لە حکومەتەکەی دەکەن لە پریڤاتەکردنی موڵکایەتی دەوڵەت پەلە بکەن. جیورجیو پاپائەندریو(سەرۆکوەزیران) پلانێکی بەرفراوان بۆ فرۆشتنی کەرتی دەوڵەت ئامادەکردووە تا بتوانن قەرزەکان بدەنەوەو لەو کەرتانە خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو بۆ پریڤاتەکردن ئامادەکراون. پسپۆرەکانی ئابووری جیهان دەڵێن کەرتی فرۆکەخانە، دەربەندنەکان، لۆتۆ، گازینۆی قومار، گۆرەپانەکانی وەرزش، خانوبەرەکانی گەشتوگوزار، موڵکی دەوڵەتی یونان بە 300ملیارد دۆلار دەخەملێنن. بەم شێوەیە تەکنۆکراتەکانی سەرمایە ئازادی پێشکەش بە خانەنشین، هەژار، فەرمانبەرو کرێکارەکان دەکەن و لەگەلیدا گرانی بازار!


لەم کاتە کە ئابووری گەل و وڵاتێک لە هەڕاجخانەی ئازادی سەرمایە دانراوە، یونان سەرچاوەی داهاتی خۆی لەدەست دەدا تا قەرزەکانی بداتەوە، بەڵام لەولەبی قەرزکردن درێژەی دەبێ، بۆیە سەندوقی دراوی جیهان و یەکێتی ئۆروپا داوکاری تریان هەیە: حکومەتی یونان دەبێ کارمەندان لە دامودەزگاکانی دەوڵەت کەم بکەنەوە و بۆ ئەم مەبەستە لەهەر وەزارەتێک"کۆمسیونی چاودێر"یان دامەزراندووە!


بەم مانایە لە رۆژانی داهاتوو بەرگری بەشێوازە جۆربەجۆرەکانی لە یونان درێژەی دەبێت.


دەنگی بەرگری وا دێتەپێش چاو وەک بڵێی تەنها هەژارانی دەروبەری دەریای سپی قۆڵیان لێهەڵماڵیوە، بەڵام بۆ نموونە وڵاتی(ئۆکرانیا)ش لە بارودۆخێکی سەختە. لەم بارەیەوە خانم یولیا تیموشینکۆ(سەرۆک وەزیرانی رابردووی ئۆکرانیا) وەک سیاسەتمەداری حزبێکی راسترەو دەڵێ: کاتێ خەڵک دەگەنە پلەیەکی بەرز لە بێهیوایی، ئەوا بەبێ گومان رادەپەڕن....وڵاتەکە لەبەردەم تەقینەوەیەو سەرۆکی ئێستا وەڵاتەکە بەرو ئەوێ دەبات. خەڵکەکە توڕەن و دەیانەوێ لە رووداوەکان بکەر بن نەک تەنها بینەر.

تینک تانکی سەربەخۆ، تەکنۆکرات، ئەی بانقی جیهانی چی دەڵێ؟!


پەیمانگەی ئینتەرپرایز نموونەیەکە بۆ(دەستی شاراوە)لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی ئەمریکا. ئەم پەیمانگەیە لە کوردستانیش وەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی حزووری هەیەو قسەکەرەکانی وەک گورگێکی"سەربەخۆ" قسەدەکەن، بەڵام هەموومان دەزانین کە نەزانی ماڵی خاوەنەکەی وێران دەکات.


لە راگەیاندنەکانیش زوو زوو گوێبیستی زاراوەی(تینک تانک) دەبین کە گوایە ناوەندگەلێکی شاراەزا و سەربەخۆی هاوچەرخن، بەڵام بەهاگواتی(ئابووریناسی ئەمریکی، راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی خۆراکی جیهانی، خاوەن کتێبی"بەرگری لە جیهانگیری"و دوژمنی سەرسەختی پرۆتێکسیونیزم و ئاراستەگەرایی) رێکورەوان دەڵێ: هیچ بەرپرسێکی(تینک تانک)سەربەخۆ نیە.


هەزاران بەڵگە هەیە لەبارەی دووڕوویی سەرمایەداری و یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی ئەو سیستێمە نەخۆشەیە. شیرین عبادی دەڵێ: رۆژئاوا بایەخیان بە دوسێی مافی مرۆڤ دا، بەڵام....لەدوا گفتوگۆکەیان لەگەل حکومەتی ئیران، دوسییەکەیان لەبیرکرد و جەختیان لەسەر مەسەلەی ئەوەی ئیران درێژە بە بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆم دەدەن یان نا. هەروا بۆ نموونە رۆژئاوا فرەبێژییەکی زۆر لەبارەی مافی مرۆڤ و گەلان دەکەن، بەڵام لە ئاستی راگەیاندنیشدا ئامادە نین پشتیوانی لە ئازادکردنی عەبدولڵا ئۆجەڵان بکەن و بەشێوەیەکی ئاشتیانە داخوازییە سەرەتاییەکانی کوردستانیانی باکور جێبەجێ بکەن.

(یوان)ێک چەند دینارە؟!


ئەمریکا بە بڕی 1.16بلیون دۆلار قەرزاری چینە. شارەزاکانی بانقی جیهانی دەڵێن: لەوانەیە باڵادەستی ئێستای دۆلار لە دەوروبەری ساڵی 2025کۆتایی پێبێت و سیستێَمێکی پولی نوێ دابمەزرێت. ئایا یوانی چینی شوێنی دراوە(وەهم)ەکەی ئەمریکا دەگرێتەوە؟

سەرۆکی ئابووری جیهان و سێکسیزم.


هەمیشە رووداوی رێکەوت رۆڵی گرنگی هەبووە بۆ ناسینی حکومەتێک یان قۆناغێکی دیاریکراو یان رووداوێکی مێژوویی و کەسایەتی دۆمنکوی شتراوس یەکێکە لەو کەسایەتیە گرنگانە: دۆمنکوی سەرۆکی حکومەتی ئابووری جیهانە و کاندیدی سۆسیالدیموکراتەکانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی فەرەنسا(بۆچی سۆسیالدموکراتەکانیش دەستدرێژی دەکەن؟!)و چەندین ساڵە بەشێوەیەکی ترسناک بەرنامەی لیبرالیزمی نوێ جێبەجێدەکات.


ئیمڕۆ هەواڵەکان رایانگەیاند کە کچێک تر بە پیشە رۆژنامەنووس لە فەرەنسا سکاڵای لەسەر"سەرۆک"بەرزکردووە و رایگەیاندووە کە دۆمنکوی لەساڵی2002دەستدرێژی سێکس لەسەر کردووە.


دۆمنکوی رێکورەوان نموونەی کەسایەتی تەکنۆکرات، رەوشت و فکری سیستێمی سەرمایەداریە بە هەموو ماناکانی، بەڵام شێوەی تاوانەکەی رووداوێکی دەگمەن نییەو بەپێچەوانەوە بەبەردەوام دووبارە دەبێتەوە.


مرۆڤی پیشەسازی: فاوست لە مەملەکەتی خورافە، داوای ژیان دەکات.


لەناو ئەم ئاگرە، خورافە و نامۆیی بەشێوەی کڕین و فرۆشتن، ئاین، سروشت و پەیوەندییەکانی کار- سەرمایە و کاڵا باڵادەستەو ئێمەش رۆژ بە رۆژ ئەرکی تەواوی قەرامیتە، سپارتاکۆس، کۆمۆنارییەکان و تەواوی مرۆڤایەتی ژێردەستە کەوتۆتە ئەستۆمان، بەڵام ئێمەش لەم ناوچە بەنەعلەتبووە، هێشتا بەر لووتی خۆمان نابینین و نوکتە گێڕانەوەو خۆ بە سوپەر خەباتگێڕ زانین و گۆشەگیری و دوورکەوتن لە پرنسیپەکانی خەباتی چینایەتی بەناوی(قۆناغی رزگاری نیشتیمانی) دادی هیچ لایەنێک نادا: کاتی ئەوە هاتووە بە گیانی بەرپرسیارێتی رۆشنایی زیاتر و قووڵتر بخرێتە سەر ئەم بارودۆخە مەترسیدارە و لەنێو بەرە راسترەو و تیوکراتی و گەندەڵ و مشەخۆر و سەوداکارانە، خۆمان لە تەنیشت یەکتری بدۆزینەوەو وڵامی پێویست بەم قۆناغە بدەین.
 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌لام عه‌بدوڵا

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک