په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٤\٢٠٢٠

دەسەڵاتی ژن لە ئەفسانەدا.


سمکۆ محەمەد      


ئایین و پاشایەتی و بۆ ماوەیی و رەگەزێتی و جۆرەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی کە ھەموویان بە کایەی سۆسیۆلۆژیاوە گرێدراون، برییتین لە دەسەڵاتی ژن لە مێژووی گەشەی بەشەریدا دەسەڵاتی سیاسییە، لەکاتێکدا کۆمەڵگەی دواکەوتوو نکوڵی لە بوونی ژن دەکات وەکو ھێزێکی نادیار لەنێو فۆڕمی ھێزێکی دیار، کە ھەموو فیگەرە دیارەکان لەلایەن دایکەوە بوونە بە ھۆکار بۆ بەرھەمھێنانی دەسەڵاتی ئافرەت، ئەلێرەوەیە کە ئایین بەناچار دایکی کردووە بە کارێکتەری پیرۆز و زمانیشی ھەر بەو کارێکتەرە چالاکە بەخشیوە.


خوداوەندی ژن کە لەئەزەلەوە سیمبوولی دەسەڵاتی خێزان بووە لەمێژووی نووسراودا، چونکە دایک و ژن وەکو سیمبولێک بۆ بە نەمرکردنی گەوەریی ئینسان لە بەرگی خوداوەندێتیدا خۆی نووسیوەتەوە، ئەمە لایەنێکی بەدەستھێنانی سرووشتی ژنێتی بووە لە نێوان کوڕ وەکو بەرھەمی ژن و پیاو وەکو موڵکییەتی خێزان، ئەمەش بەھایەکی دیکەی بە ئەفسانە داوە کە بەبێ ژن ئەفسانە بەھایەکی نییە، لەلایەکی دیکەوە سەلماندن ھەیە کە ژن دەسەڵاتێکی راستەوخۆی نادیارە، ئەو زانیاریە مێژووییەیە کە دایک ھەم نێوەندگیربووە و ھەم ھۆکاری یەکلایی کردنەوەی دەسەڵات بووە لەنێوان باوک و کوڕ، وەکو ئەوەی لە ئەفسانەی ئۆدیب ی یۆنان و شانۆنامەی ھاملێتی شکسپیردا ھاتووە کە لەسەر دایک و ژن شەڕی گرتنە دەستی دەسەڵات کراوە.


لەوەتەی ژیار ھەیە ئینسان ھەم بەشێک بووە لە کێشەی کەون، یان بوون ھەم کێشە بووە بۆ خۆی، ھەم ھۆکارەکانی بەردەوام بوونی زەمەن لە ژیاندا کێشەی بۆ ئینسان خوڵقاندوەە، چونکە یاسای دژەکان کە ھەندێک جار بەردەوامی بە ژیان دەدات و ھەندێکجاریش دەیگۆڕێت، لەو دژەوە ھاتووە کە جیاوازی ژن و پیاو وەکو رەگەز دەکات، نەک وەکو ئینسان، بۆ نموونە مەسەلەی ژن لە نێو شارستانییەکان کە لەنێو ئەفسانەدا جێگەی بۆ کراوەتەوە و ھێزێکی نادیارە بەتەنھا، کاریگەری مەسەلەی ژن بۆ یاسا و لەوێشەوە سزاکانی سەر تاوان دانراون، ئەمە یەکەمجار بەسەر ژندا پراکتیک کراوە، لە ئەفسانەی ھیندیدا ھەیە کە ژن سەرچاوەی دەسەڵاتە و لەوێوە ھەموو بۆماوە و موڵکیەتەکان دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە بە رەگەزە دژەکەی خۆشیەوە کە پیاوە، بوونی ماریش بەتایبەتی ماری دوو سەر کە لەنێو ھەموو دەق و فلمەکانیاندا ئامادەیە، بۆ ھەردوو زوڵفی دەگەڕێتەوە کە لەئەفسانەی ھیندییدا ھەیە، ماریش دەسەڵاتێکی ترسناکە ئەگەر ململانێی لەگەڵ بکەی، بۆیە ھەمیشە کۆمەڵگە گەرەکیەتی ئەو دەسەڵاتە تێکبشکێنێ کە ھالەیەکە بەسەر ھێزی پیاوەوە، لێرەشەوەیە کە ژن لەلای ھیندییەکان دەسەڵاتی خێزانە و لەنێو سیاسەتیشدا ژن کۆکەرەوەی ھێزی جەماوەرییە، لە ئاین و قەلسەفەشدا ژن قەلای پیاوە بۆ بەدەستھێنانی دەسەڵات.


لەنێو ئەفسانەی یۆنانیدا و بەتایبەتی ئەفسانەی زیۆس ی مەزن کە خوداوەندە، باسوخواسی دزینی ئاگرە کە تۆڵەیە لەلایەن پرۆمیسۆس، لەدژی براکەی بەڵام پێش ئەوە وەسێتی بۆ دەکات کە ئاگرەکە بکات بەدیاری بۆ ھاوسەرگیرەکان، چونکە دیارییەکە سندوقێکی داخراو بوو کە لەلایەن ژنەکەیەوە سندووقەکە کرایەوە ترسێک درووست بوو، لەوێوە شەڕ درووست بوو، ھەر لەوێشەوە سەرکەوتن بەسەر چاکەدا بوو بە پێوەری ئەخلاقی، ئەمە ژن کردی و لە ئەفسانەکەشدا ھاتووە کە لەو کاتەوە توڕەبوو لە رەگەزی مێ و سزای بەسەردادا، بەڵام ناوەڕۆکی ئەفسانەکە برتییە لە دەسەڵاتدارێتی ژن بەسەر پیاودا، واتە دەسەڵاتی بنچینەییە.


لە ئەفسانەی ئەفریقیدا باسێک لەسەر ژن ھەیە، لەوێدا باس لەوە دەکات کە پێشتر ئاسمان لە زەوییەوە نزیک بووە، رۆژێک ژنێک بەستە دارێک بەسەر سەرییەوە دەبێت و دەڕوات، بەسوتفە لە چمکێکی ئاسمان گیر دەبێت، ئیتر لەو رۆژەوە ئاسمان تووڕە دەبێت و زەوی جێدەھێڵێت، ئەمە دەبێتە سەرچاوەی ئاژاوە کە لەدەسەڵاتی ژنەوە سەرچاوەی گرتووە.


لەنێو ئەدبیشدا ژن ئامانجێکی دیکەی ھەمەلایەنی غەریزەیی و ئیستاتیکی گوتاری پیاوانە بووە، بۆ نموونە تێکستە شیعرییەکان لە ھەموو کوولتورێک و ھەموو زمانێک کە وەڵامێکی تایبەتن بۆ پرسیاری فەلسەفی پیاو وەکو گوتاری دەسەڵاتی دیار، مێژوویەکی نەمری ھەیە بەتایبەتی لە ئەدەبیاتی سۆمەریدا کە کۆنترین ئەدەبیاتی کۆمەڵگەی ئەم جوگرافیایەن کە ناوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە و دایکی ھەموو کوولتوورەکانە، لەلای سۆمەریەکان ژن یەکێک بووە لەو سیمبولانەی کە بەگژوگیا پارێزراوە، ھەروەک ئەوەی بۆ زیندوو بوونی شارستانییەت، ژن بە دۆزەرەوەی بەرھەمە سرووشتییەکان ناسراوە بۆ مانەوەی کۆمەڵگەی بەشەری، چونکە کێشەی ھەرە سەرەکی ژن ھەم بۆ خۆی وەکو پێویستییەک بۆ خۆ بەرھەمھێنانەوە کە شیر و خۆراک بووە بۆ منداڵ، ھەم بۆ خۆراکی کۆمەڵگەیەک کە جەنگی مانەوەی کۆمەڵگەکان بووە.


دایکایەتی ئاماژەیەکی دیکەی بوونی خواوەندێتیە و سەلماندنی بوونی نێرێتییە، چونکە بەرپرسیارێتی خوڵقاندن لەسەرەوە ھاتووە کە ژن بەسیحری خۆی و دەسەڵاتە نادیارەکەی سەرەو خواری کردووە، بەحوکمی ئەو دەسەڵاتەی کە لەرووی سێکسییەوە ھەیەتی، ئەوەش بەشێکی لە ترسی مردن و سڕینەوەی رەگەزی بەشەری بووە، بەشەکەی دیکەی خواوەندێتی بووە بەسەر پیاوەوە، ئەگەر پیاو کە خاوەنی گوتار بووە، دەسەڵاتی بەسەر دووژمندا نەشکاوە وەکو تاکتیک، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ژن وەکو کائینێکی بەرھەمھێن، کێشەی سەرەکی ئەوە بووە کە چۆن خۆی بەرھەمبھێنێتەوە وەکو سیمبولی دەسەڵات، بۆیە لەترسی پەککەوتنی ژیان و نەمانی پیرۆزییەکان بەردەوامی بەو کردەیە داوە کە سێکس بووە، ھەروەھا شەڕی لەسەر خوڵقاندووە وەکو داستان و ئەفسانەکان باسی دەکەن.


ژن بەشێک بووە لە پەرستن وەکو خوداوەند و بەشێک بووە لە سیمبولی خۆشەویستی بۆ پیاو، ئانو/ئانلیل/ ئانکی. ھەرسێکیان کەسایەتی ژنی ئەفسانەی سۆمەری بوونە، شایی و زەوی و ئاسمان، پەیوەندیی مەجازی و دەستەبەربوونی ماتریالی نێوان ئاسمان و ھونەری ئەو کەسانە بووە کە دایکی وەکو کارێکتەری مێینەی دەسەڵاتدار و درووستکەری گوتار باس کردووە، بەتایبەتی لە لاوک و گۆرانییە چیرۆک ئامێزە فۆلکلۆرەکان ھاتوە کە کورد بێ بەش نەبووە لەو بەرھەمە ھونەرییانە.


ژن چ وەکو کائینێکی جوان لەدونیای خەیاڵی پیاو، چ وەکو دایکێک بۆ کوڕە پاڵەوانەکانی داستانی کۆن، کارێکتەرێکی زیندوو بووە، بۆ نموونە داستانی گلگامش بە یەکەمین تێکستی ئەدەبی مێژوویی داستان ئامێز دەژمێردرێت کە مانا و سیمبولی ئور بۆ دایک و ژن لە ستایلی گەورەیی بۆ ژن و باڵانسی نێوان نێرینە و مێینە و نەمری بۆ بەشەر ناسراوە، ئەم داستانە واقیعیەتی وەرگرتووە و بووە بە فەلسەفەی ژیان، چونکە بۆماوەیی و بونیادی خستنەوەی ئینسان دەگێڕێتەوە کە ژن کارێکتەرە سەرەکییەکەیەتی، بەر لەوەی داستانێک بێت بۆ ئەدەب و ئینسان ناسی، یان بەرلەوەی بایۆلۆژیا وەکو زانست بیسەلمێنێ.


ناتوانین دەوری ژن و دایک لە مێژوو ئەفسانەدا پشتگوێ بخەین، ئەگەر وەزیفەی دایک وەکو بەشێک لە توانای مانەوەی بەشەر لە شارستانییەت پێناسە نەکەین، بونیادی زمان بەبێ دیاری کردنی دایک وەکو بنچینەی رەسەنایەتی بۆ نەتەوە، وەکو باتڵ کردنی فەلسەفەی ئەفسانەیە، چونکە ئەوە دایک و ژنە دەتوانن زمانی سۆسیۆلۆژیای نەتەوەیەک یان داستانێک تۆمار بکەن و ھێزێک بە نووسینەوەی بدەن، کێشەی زمانیش لێرەوە دەست پێدەکات کە ژن کارێکتەری سەرەکی کایەی ئەدەبیاتە وەکو پێشتر ئاماژەمان پێدا، ھەروەھا قوتابخانەی یەکەمی ئامادەکردنی بەشەرە.


سەرەنجام لەوێوە تێدەگەین کە تێکەڵکردنی ژن بە ئەخلاق و بە چەمکی شەڕەوە، لە بیرۆکە و تێگەیشتنی پیاوەوە ھاتووە کە ژن وەکو سەرچاوەی شەڕ و دژ بە چاکە دەزانێ، چونکە کۆمەڵگەی بەشەری کۆمەڵگەی پیاوسالارییە و ھەموو پێناسە و شیکردنەوەکانیش لەو تێگەیشتنەوە سەرچاوەیان گرتووە، لەلایەکی دیکەشەوە کۆمەڵگە بەنێر و مێیەوە بڕوایان بەو رۆشنبیرییە ھێناوە کە کێشەی سەر زەوی و سزای خوا بۆ بەشەر، لە سەرکێشی ژنەوە سەرچاوەی گرتووە، سفری تەکوینی تەورات باسی دەکات، ئەم بڕوا بوونە بە میسۆلۆژیا کە درووستکەری بیرۆکەی بەشەر خۆیەتی، لەسەرەتاوە تەنھا بۆ وانە وەرگرتن بووە لەکێشە و گرێ کوێرەکانی ژیان، بۆیە ھەموو کۆمەڵگەکانی سەر زەمین لە ئەفسانەدا خاڵی ھاوبەشیان ھەیە، ھەموویان لەرێگەی پیاوەوە بیرۆکەکەیان بەرھەمھێناوە و کەڵکیان لێوەرگرتووە، بۆیە سەر زەمین پڕیەتی لەجەنگ و ئاژاوە و پشوو و ئارامی تێدانییە، بەردەوام بوونی کێشەی نێوان ھەردوو رەگەزەکەش بنەماکەی بۆ ئەفسانە و دەسەڵاتی ژن دەگەڕێتەوە لەنێو ئەفسانەدا.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک