په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٠

دەسەڵاتی کوردی لە خزمەت (بوڕهان حەمەخان)ی قوربانی یان (قاسم ئاغای) ناپاکە؟

قادر نادر    


ڕۆژ نییه‌ لەژێر دەسەڵاتی کوردی، سووکایەتی و تاوان بەرامبەرمان ئەنجام نەدرێت و ئازارنەدرێین... ئەمەش وای کردوە بەرەو ئەو هاوکێشەیە بڕۆین، کە خوێنی دەیان هەزار شەهید و ئازاری زۆری گەل بۆ کۆمەلێک کەسی هەلپەرست و داڕماو لە مۆرالی سیاسیی دەروات.


سەیر بکەن ١٩ سالە لەژێر ئەم دەسەڵاتە:


دزی و فەرهودی داهاتی ئەم گەلە دەبردرێت.
ناپاکە گەورەکانی کورد ڕێزیان لێ دەگیرێت هەوڵی تەزکیەی مێژوییان دەدەن.
بەرپرسان و ئەولادەکانیان هەرچی دەکەن یاسا و دادگا نایان گرێتەوە.
دەسەڵات لەژێر دەسەڵاتی دوو بنەمالەی زل و پۆلێک خێزانی (م.س) زەرد و سەوزە چڕ بۆتەوە.
کەسێتی و ئیرادەی تاکی کورد بە داهات دزراوی خەلک وکورسی بەدەست هاتوی خوێنی شەهیدەکانمان زەلیل دەکەن.
سووکایەتی و تاوان بەرامبەر ( قوربانیان ) دەکرێت.
کێشەی نەتەوایەتی و دەستکەوتەکانی بەکورسی و دۆلار دەگۆردرێتەوە.


بۆ چەندین تاوانی لەم شێوە ، نەک بەرپرسێک بەرەو زیندان بەلکو لێکۆلینەوەی دادگاش نایگرێتەوە ؟


کەچی رۆژ نیە منالە هەژارەکان بەناوی(پێشێل و جوانی) یاسا، ڕۆژنامەنوسە بوێرەکان بەناوی تەشهیر بەبەرپرسە سەرزلەکان ، دەنگە رەخنەگرەکان بەرەو زیندان و تێهەلدان نەبەن!؟ .

دوو هەفتە زیاتر بورهانی حەمە خان کە خاوەنی ده‌ کەسی ئەنفالە بەهۆکاری ئەوەی کە (ساختەکاری ) لە بواری ڕەگەزنامەی کەسێتی کردوە (منالەکانی بەناوی کورە مامێکی مردو نوسیوە چونکە خۆی بەهۆی کارەساتی ئەنفال و نەبونی خاوەن رەگەزنامە نەیتوانیبوو منالەکانی وەک منالانی تر بۆ خوێندن بنێرێت. ٤ مانگ زیندانی بۆ براوەتەوە . ئەم کێشەیەش هەر کێشەی بوڕهان حەمەخان نیە بەلکو دەیان و سەدان بنەمالەی قوربانی بەو کێشەوە دەنالێنن ؟


پرسیار ئەوەیە ئەگەر دەسەلاتێک لەخەمی چارەسەری ئەوانە بێت ،هۆی چیە دوای ١٩ سال هیشتا یاسایەکیان بۆ دەرناکات تاکێشەکانیان کۆتایی پێ بێنێت ؟

 

دواتر تاکەی بەناوی یاسا و دادگا بنەمالەی قوربانیان زیندان و ئازار دەدرێن ،کەچی بەبەرچاوی هەمومانەوە ٢٤٦ گەورە تاوانباری ئەنفال لەژێردەسەلاتی کوردی شاهانە دەیان ژیینن ؟ سەیر کەن ناپاکێکی گەورەی کورد (قاسم ئاغای کۆیە) کە دەستی سورە بەخوێنی دەیان پێشمەرگەو یەکێک لەتاوانبارانی ئەنفالە ، بەڕێزەوە لەم ڕۆژانە هاتۆتە وە مەلائۆمەر هیچ دادگا ویاسایەک لەکوردستان بەرەو زیندانی نابات ، بەلام کاکە بوڕهان حەمە خان بەهۆی نەخوێندەواری و خۆشەویستی بۆ منالەکانی لەناچاری هەلەیەک دەکات ٤ مانگ زیندانی دەکەن ؟


ئاخر ناهەقمانە بڵێین ١٩ سالە ئەم دەسەلاتە:

 

بوڕهان حەمە خانەکان دەباتە زیندان ، فەتاح بەگەکانیش بۆ دەسەلات،
داهات بۆ عەباسی بایز ئاغاکانە ، برسیبون و هەژاریش بۆ دادە رەعنەکان،
سەردانی ئەورپاو پێشوازی بەرپرسان بۆ قاسم ئاغا کان ، رزگاری و چەمجەمالیش بۆ مام سالحەکان.


بیر بکەنەوە یەکێک چەندین سال پێشمەرگە بێت ، خاوەنی ده‌ کەسی ئەنفالکراو بێت ، بەهەزار ئازارەوە تا خێزانی پێکەوە نابێت ، وەک هەر باوکێک هەولی دابێت ، منالەکەی لەخوێندن دانەبڕێت بۆ زیندانی ببەن . کەچی دەیان جەلادی وەک فەتاح بەگ و عەباسی بایز ئاغا و قاسم ئاغاش بۆ پێشوازی و بەخشینی دۆلار و ڕێز گرتن لە کۆشکە ئەهرامیەکانی ( سەری ڕەش و قەڵاچۆلان ..... ئاخۆ ئەم تاکە ناهەقێتی بە چاوی عەلی کیمیاوی سەیری بارزانی و تالەبانی و نەفرەتیش لەم نیشتمانە بکات.


کاتێک گەورە جەلادی ئەنفال ( نزار خەزرەجی ) تالەبانی و بارزانی لەدادگاکانی ئەورپاش داکۆکی لێ بکەن،
داڕیژەری بیری ئەنفال بە خوێنی بنەمالەی قوربانیانی وەک بورهانی حەمە خان ڕاوێژکاری تالەبانی بێت.
سەدان جەلاد و ناپاکی وەک تەحسین شاوێس و دارای حەمە خان و فەتاح بەگیش کور و خۆشەویستی بەرپرسان بن ...


کەچی ١٩ سالە یاداشت و نامە بۆ بەرپرسان نەنێردرێت کە بارودۆخی بنەمالەی قوربانیان باش بکەن و جەلادانی باوک و براکانیان بەرەو زیندان ببەن... کەچی ئەوان بەس زیندان و تیرۆر و دادگا.. بۆ ئەو دەنگ و قەلەم بوێرانە دەکەنەوە کە گوایە (رەخنە و تەشهیر) بە خۆیان و بنەمالەکانیان دەکەن!؟؟


پرسیاری کۆتایی ئەوەیە ئایا لەسەر کەیسی ئەنفال و هەلەبجە دەسەڵاتی کوردی شایستە بەردبارانە یان ڕێزگرتن !؟


ڕاستگۆیی هەمو ڕیکخراو کەسێتیەکیش لەوەدایە تا ئازادکردنی بوڕهان حەمەخان ، خاوەن هەلوێست و کارو چالاکی بێت... ئەگەرنا با چیتر دروشم و چەواشەی خەلک نەکەین .

 

ماڵپه‌ڕی قادر نادر