١٤\٢\٢٠١٢
دەسەڵاتی کوردیی،
حەسەن عەلەوی و دەوڵەت!؟

ھەڵۆ محهمهد
پاش داگیرکردن و دابەشبوونی کوردستان، گەلێ جار دەرفەتی گەورەی
سەربەخۆیی لە مێژووماندا ھاتۆتە بەردەم سەرانی سیاسی کورد. دەی نەک ھەر
بە داتاشینی بیانووی پوچەڵ خۆیان لێ نەبان کردووە، بەڵکو زۆر بەتوندی
ئاستەنگیان بۆ دروســت کردووە و بە ناشیرینی دژی وەستاونەتەوە. لەم
ھەلومەرجەی ئێستادا، کە بە زێڕینترین دەرفەت لە مێژووماندا دادەنرێ ،
باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی وەک بەرئەنجامێکی نەمان یان
نەرمبوونی ئەو ھۆکارە ناوەکی و دەرەکییانەی ھەتا ئێستا رێگربوون،
پانتاییەکی بەرچاو لە نێو میدیاکان داگیر دەکات. گۆڕینی ئەتڵەسی سیاسی
رۆژھەڵاتی ناوین زەمینەی کامڵ بووە. چاوی ناوەندەکانی بڕیار و زمانی
دبلۆماتکاران و چاوچنۆکی بەرژەوەندخوازەکان، بە بایەخ و گرنگییەوە
تەماشای رووداوەکانی ناوچەکە دەکەن و سات بە سات زیاتر لە قەناعەتی
دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی نزیک دەبنەوە.
ھەر وەک بڵێی مێژوو لای سەرانی کورد خۆی چەندبارە بکاتەوە، بەرانبەر
بەم پرسە ھەستیار و چارەنووسسازە دەست بەتاڵ و بێ پرۆژەیەن. شەرمنانە
بە دیار رووداوەکانەوە ئەبڵەق ماون و سەریان کز کردووە و لە بێدەنگیدا
نوزەیان لە خۆی بڕیوە. کۆلکە فەیلەسووف و چاودێرە سیاسییەکانیان
بەردەوام گەرەکیانە، بکەونە راڤەکردنی پیتۆڵانەی بارودۆخەکە و پێمان
بڵێن: گەر دەوڵەت دروست بکەین، وا دەوڵەتانی دراوسێ!، ئێران تەماتەمان
بۆ نانێرێ و تورکیا رێگای سەفەرمان لێ دەبڕێ و عێراق ماڵی خۆیمان لێ
جیادەکاتەوە و سوریا ناسنامەی نیشتمانی و پێشکەوتنخوازیمان لێ
دەسێنێتەوە. سەرانی کورد لە خەمی ئەوەدان کۆڵەکەی برایەتی کورد و
ئەوانی دیکە لەق نەبێ، تۆقیون بە جیاخواز ناوزەد بکرێن و چاولەژێرن
فایلەکانیان ئاشکرا بکرێ.
داخۆ غاندی ھیندستان و ھۆشی منی ڤێتنام و بسمارکی ئەڵمانی و کافوری
ئیتالی بەم پێودانگەی سەرانی کورد خەبات و تێکۆشانیان بۆ رزگاری
نەتەوەکەیان کرد!؟. نا نەخێر، ئەوانە کوڕی خاک و نەتەوەی خۆیان بوون
ستەم و ئازاری نەتەوەکەیان ببووە فەلسەفەی ژیانیان و تا دوا ھەناسە و
ترپەی دڵ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتەکانیان فیداکارییان کرد. ئەو
سەرکردانە تا دنیا دنیا بێت ناویان لە ناو میللەتانی خۆیان و جیھاندا
وون نابێت، چونکە سەربڵندانە و ویژدان سەرفرازانە چوونەتە مێژووەوە.
دەسەڵاتی کوردی لە ھەوڵی ئەوەدایە، بەو بڕو بیانووانە و دەرپەڕاندنی
چوار رستەی شاش و شەشپەڕ و لێدانی کۆمەڵێ قەوانی دیکەی سواو، دەیانەوێ
نمایشتێک بۆ کەمکردنەوەی بایەخی پێشھاتەکە ساز بکەن و پێمان بڵێن ئێمە
واقعیین. واقعیبوونیش لای ئەو سەرکردانە ئەوەیە کوردستان داگیرکراو و
دابەشکراو و کورد ھەر ژێردەستە و زوڵملێکراو و برای بچوک و ...ھتد بێت.
لەم سەردەمی گۆرانکارییەدا دەوڵەتی زۆڵەکی عێراق یەکەم کاندیداتی
ھەڵوەشانەوە و فەوتانە. بەتایبەت شیعە و سوننە بەرداشیان خستۆتە گەڕ بۆ
ھاڕینی گیانی یەکتر . ھەردوو بەرەی تورکیا و ئێران دۆستەکانیان دنەی
خۆشکردنی ئاگرەکە دەدەن. ئەم شەڕە رەھەندی نێوچەیی و جیھانیشی ھەیە و
لەرووی مێژوویشەوە خاوەن پاشخانە و فاکتە سیاسییەکەش ھەمیشە لەسەر پێ
بووە.
عێراق دەوڵەتێکی ئیفلیج و لەرزۆکە، توانای لەسەرپێ وەستان ، رێکردن ،
بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنی نییە، لە عێراقی تاوان و ستەمدا، ھەر ئەو
یاسایانە جێبەجێ دەکرێن، کە دژ بە کورد دەردەچن. حاکمەکەی بەغدا
دەسەڵاتی نییە لە پایتەخدا مریشکێک لە ئاو بکات، دەستگیرکردنی تاریق
ھاشمی یاخی لە یاسای لە کوردستان دا ھەرگیز بۆ ناکرێ.
سەرانی کورد،جگە لەوەی ئاگرێکی مەترسیداریان ھێناوەتە ناو کوردستانەوە،
بەردەوام و بە زۆردارەکی خەریکی بیناکردنی دەوڵەتێکن ـ ئەوەی ئینگلیز
دروستی کرد و برێمەر ھەڵی وەشاندەوەـ کە لە بنەڕەتەوە لەسەر خوێن و
فرمێسک و ئێسک و گۆشتی کورد دروست کراوە و جگە لە( تعریب ، تھجیر ،
ترحیل) ئەنفال و ھەڵەبجە و ژینۆساید ھیچ خێرێکی دیکەی نەبووە.
پێتەر گالبێرس دەڵێ:" دوای دوو ھەفتە لە رووخانی سەدام، دەستمکرد بە
گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە کوردەکان سەبارەت بە ئاییندەی کوردستان و ئەوەی
دەتوانن لە دەستووری نوێی عێراقدا بەدی بھێنن، بۆیە قسەم لەگەڵ ھەر یەک
لە مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی کرد. بەڵام ھەردووکیان سەرقاڵبوون
بە بیرکردنەوەیان لە پێکھێنانی حکومەتی کاتی و کۆمەڵێک مەسەلەی
ھەنووکەیی دیکەی پەیوەندیدار بە ماوەی پاش جەنگ".
بنۆڕن، سەرانی کورد، لەبەرئەوەی لەو چرکەساتە مێژووییەدا ھەڵگری
ئەجندای عێراقی بوون لە بری کوردستانی، تەنانەت لە رەخنە و گلەیی
کەسێکی دۆست و راوێژکاری کوردیش رزگاریان نابێت. نووسەری کتێبی کۆتایی
عێراق لە شوێنێکی دیکەدا پێمان دەڵێ: "دوای ئەوەی لە ئایاری ٢٠٠٣ دا
عێراقم بەجێھێشت دەرکم بەوە کرد کە سەرکردە کوردەکان کێشەی ئەوەیان
ھەبوو کە تێڕوانینێکی روونیان نەبوو سەبارەت بە پلاندانانیان بۆ
عێراقێکی فیدڕاڵی، بۆیە وەک کاتی یان گۆڕینی دەسەڵات سەیریان دەکرد،
واتە بەغدا ھەندێ مافیان بداتێ. لەبەرئەوە ھانمدان کە ھاوکێشەکە
پێچەوانە بکەنەوە".
ئاخر پێم سەیرە گرامش دەڵی: "لە منداڵانی ھەر حیزبێکدا کۆرپەی دەوڵەت
ھەیە". پێدەچێ گرامش بێ ئاگا بووبێ لەوەی ، حیزبی کوردی ھەموویان
نەزۆکن و ھەرگیز بە کۆرپەی دەوڵەت ئاوس نابن. گەر حیزبێ لە سەرەتاوە
ستراتیژێکی سەربەخۆیی دیار و روونی نەبوو بێت، ئەندامەکانی بە تورکیایی
و ئێرانی و عێراقی و سوری پەروەدە بکات، وا لە ئاست رووداوی رووخان و
لەناوچوونی رژێمێکی داگیرکەردا دۆش دادەمێنێ. بە چنگێ پارەی چڵکن و
پێچکەی ھەندێ کورسی قنیات و قوڕوقەپ دەکات. بیرەوەرییەکانی پۆل برێمەر
باشترین سەرچاوەیە لەمەڕ ئەم راستییانەوە. گالبێرس بۆمان دەگێڕێتەوە
ئەو ھانی داون بەشێکی باشی ئەو ھەنگاوانەی بۆن و بەرامەیەکی
کوردستانییان پێوەیە بکەنە بەرنامەی خۆیان و ھەوڵی جێبەجێکردنی بدەن.
لەوانە:
(دەستووری کوردستان پێش ھی عێراق بنووسرێ، پاراستنی مافی مرۆڤ لە
دەستووردا بچەسپێ، روونکردنەوەیەکی ووردی دەسەڵاتەکانی حکومەتی
کوردستان بە بەراورد بە دەسەڵاتەکانی حکومەت لە بەغدا، مەسەلەی نەوت و
پۆلیس و ھێزە چەکدارەکان، کوردستان دەسەڵاتی پێویستی ببێت بۆ
دامەزراندن و درێژەپێدان و کۆنتڕۆڵکردنی ھێزێک بۆ بەرگریکردن لە
کوردستان و ....ھتد).
ئەم خاڵە گرنگانە و زۆری تریش کە لە راستیدا چمکێکن لە بنەماکانی
ستراتیژ و ئاسایشیی نەتەوەیی، کەچی بە زۆر و ھاندانی کەسانی دیکە
ھاتوونەتە بەرھەم. کاتی خۆی شێوازی کارکردن و دەسەڵاتی ففتی بە ففتی
لەسەر داخوازی ئینگلیز و فەرەنسا پیادە کرا و ئەو ماڵوێرانییەی لێ
کەوتەوە کە بەسەرماندا ھێنایان.
سەرانی کورد، بەو شۆرشەی لە چیاکانی کوردستانەوە ھەڵیان گیرساندبوو، لە
خەونی بە دیموکراسی کردنی عێراق و پاراستنی یەکێتی خاکەکەیدا بوون و
چەشنی مریشکە ڕەشە لەسەر ئۆتۆنۆمی کڕکەوتبوون . ساتێ گەورەترین زلھێزی
دنیا ھات و عێراقی دایە بە گورزی خۆی، ئەوان چاوەڕێی ئاکامەکەیان بەو
قەبارە و رێژەیە نەدەکرد کە ئێستا بۆ کورد بۆتە دێفاکتۆ. ھەڵەیەکی
دیکەی کوشندەش ئەوە بوو نەیان دەزانی بە چ میکانیزمێک مامەڵە لەگەڵ ئەو
واقیعەدا بە ئامادەیی ئامریکا بکەن؟. باوەڕیان بە خۆیان نەبوو، لە چ
شوێنگەیەکی گرنگی رووداوەکاندان ؟و لەو پێویستییە دوولایەنییەی
ئەمەریکا بۆ کورد و بە پێچەوانەوە نەدەگەشتن. ئەم باوەڕ بە خۆنەبوونەش
وای کرد بێ ھیچ رێکەوتنامە و نووسراوێک و زۆر دەست بەتاڵانە و بچنە ناو
ھاوکێشەکانەوە. دەرئەنجام نەیانتوانی ببنە ھاوبەشێکی پێویست و دیاری
لایەنی براوە لە شەڕدا و ھاوکێشەکان تەنھا بە سوودیی ئامریکا دارێژران.
گالبێرس دەنووسێ:" لەوە ئاگادارم کردنەوە کە پێویستی وڵاتە
یەکگرتووەکان بۆ کورد لە پێویستی کورد بۆ ئەمەیکییەکان کەمتر نییە".
لێ ئامریکاییەکان زوو دەرکیان بەوە کرد سەرانی کورد تەنگەتاویان
ناکەن،چونکە ھیچ خواستێکی قورس و گەورەیان لە ئەجندادا نییە. ھەر بۆیە
بێ گوێدانە عورف و مۆڕاڵی دۆستایەتی و ھاوپەیمانی ھەژماریان لەسەر کورد
لە ھیچ کایەیەکی سیاسیدا نەکرد، جگە لە بواری لەشکریدا نەبێت. ئەویش بە
ئامانجی ئەوەی کوڕی کورد بەرن بۆ شەڕی ئەلقاعیدە و سوود لە شارەزایی
ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا وەرگرن و بەس.
بە نموونە نووسەر لە لاپەڕە ٢٧٤ دا سەبارەت بە کێشە و ھەراکانی شاری
موسڵ دەڵێ:" کاتێ جەنەڕاڵی ئەمریکی دێڤید پترایۆس لە دوای جەنگ
ئەنجومەنی پارێزگا و شارەکانی پێکھێنا، دانیشتوانی عەرەبی لە کورد پێ
باشتر بوو". کەواتە بۆچوونەکەمان راستە و لای ئامریکاییەکان سوننە بە
خۆیان رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدەوە لە کورد زیاتر لەبەرتر بوون،
چونکە ئەمانە داواکاریی و بەرنامەی روون و دیاریان ھەبوو/ھەیە. بۆ پتر
روونکردنەوەی مەبەست ناچارم کۆپلەیەکی تری گرنگ لەو کتێبە بەنرخەی
گالبێرس بگوێزمەوە، کە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا کتومت دێتەوە و دەڵێ: "
شەڕی ناوخۆ لە عێراق کۆتاییەکی ئاڵۆزە بۆ وڵاتێک کە ھەرگیز وەک
یەکێتییەکی ئارەزوومەندانە سەرکەوتوو نەبووە و بووەتە مایەی بەدبەختی
بۆ زۆربەی دانیشتوانەکەی لە زۆربەی کاتەکاندا". بۆ وەڵامی ئەوانەشی کە
پێیان وایە ھەڵوەشاندنەوەی عێراق دەبێتە مایەی تێکچوونی سەقامگیریی،
دیسان نووسەر دەڵێ:" ئەمە خوێندنەوەیەکی ھەڵەیە، چونکە پارێزگاریکردن
لە یەکێتی عێراق لەرێی ھێزەوە خۆی سەقامگیرییەکەی تێک دەدات".
سەرانی دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان لەبری پێشکەشکردنی دۆسییەی
کورد و فراوانکردنی دەروازەی چالاکییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی لە نێو
وڵات و لەدەرەوە و رازیکردنی ناحەزەکان و تەماح خستنە بەردەم ھێزە
چاوچنۆکەکان، ھەر سەرقاڵی عێراقی خۆشەویست و بەشە بودجەکەی خۆیان و ئەو
چەند پۆستە کارتۆنییە بوون. لە خەونی قوڵی خۆیاندا رۆچووبوون و بە دیار
دروشمە نەزۆک و پووچەڵەکانیانەوە ئەبڵەق بوو بوون. ساویلکانەش خۆیان بە
واقعی لە قەڵەم دەدا و تا ھەنووکەش لانسی واقعبینیان خاو نەبۆتەوە.
پەشێوی گەورە ناحەقی نەبوو بەم شیعرە لێیان بە دەنگ بێت و بفەرمووێ:
ئۆتۆنۆمی
نە خەندەیە، نە گریانە،
نە مردنە، نە ژیانە!
پێناسەکەی وا لای منە:
کوردکوژە، ھیواخەسێنە.
رێگایەکە نابڕێتەوه.
لە نوێنەوە بەرەو سەنگەر،
لەوێشەوە بەرەو نوێنە! حەقیقەت و راستییە میژووییەکاندا ھەمیشە زاڵن
بەسەر دروستکراو و دەستچێن و ساختەکاندا. دەبێ سەرکردایەتی سیاسی کورد
باش تێیان بگات و باوەڕ بەو راستییە مێژووییە بھێنن ، چەند لە ئاست
سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا، خۆی گێل و نەزان بکەن
؟و بە چ ئەندازەیەک خەمساردی خۆیان بنوێنن؟، بە کام ئاستی شەرمنانە و
ترسنۆکانە گوزارە لەم پرسە بکەن؟ و تا کەی خەریکی ماراسۆنی
داگیرکەرچێتی بن؟، باری سەرشانیان گرانتر دەبێ . بەرپرسیارێتیان
بەرانبەر بەو شکست و دۆڕاندن و ماڵوێرانییەی بەسەر کورددا دێت زیاتر
دەبێ. کوردیش بەرگەی ئەم ھەموو تاقیکردنەوە و چاوەروانییە ناکات تا لەو
وڵاتە داگیرکەرانەدا دیموکراسی بەرقەرار دەبێ،ئەوجا مافی کورد دەستەبەر
ببێت. نامەخوا خۆ تەفرەدانی سەرانی کورد لە ئاست ئەم راستییانەدا ھەتا
ئێستا درێژەی ھەیە. بۆیەکا تا بێت خەرمانی کەماسی و تاوانەکانیان گەورە
و بە بەرەکەتر دەبێت.
لە دنیای ئەمڕۆدا، سەرکردایەتی کاڵفامی کورد نەبێ، کەس بەم لۆجیکە چەوت
و چەوێڵە ئیش ناکات. کاریش ھەر ئەوە نییە، لە بەردەم مێژوو و ویژدانی
نەتەوەدا بەرپرسن و بەس، بەڵکو میللەت پتر لە جاران باوەڕ و متمانەیان
پێ ناکات . رەنگە، ئەو کەمتەرخەمی و بە ھەند وەرنەگرتنی پرسە ھەستیار
و گرنگەکان، سەرئەنجام بە کارەساتی کوشندەی نەتەوەیی بە زیانی ھەر
لایەکمان کۆتایی بە پەردەی شانۆکە بێت. بە دڵنیایشەوە بۆشیان نەکرێت
مینا جاران وەک بەرزەکی بابان تێی قوچێنن!! . چونکە ئەو سەردەمەش
بەسەرچوو، بە خەیاڵ جارێکی تر سواری رووداوەکان بن و خۆ بکەنەوە
سەرکردە و رابەر.
ئاخر مەرج نییە ھەموو جارێ ھەمان پەردە و شانۆی رووداوە مێژووییەکان
کتومت وەک خۆیان دووبارە ببنەوە. جەماوەری کورد نەک ھەر لە
ئەزموونەکانی رابردوو شت فێر بووە، بەڵکو ویست و خواستی نەتەوە بۆ
بەدەستھێنانی مافی رەوا و سروشتی خۆی ھێندە بە گوڕوتینە، ھەرگیز بنەبڕ
نابێت و ھیچ ھێزێ لەناوی نابات و چ لەمپەرێ ناتوانێ بەری پێ بگرێت.
ئاوات و ئامانجی سەربەخۆیی و بوونە خاوەن دەوڵەت، لە ھەر ئان و
ساتێکدا بێت لەھەناوی پرۆسەی خەباتی دورودرێژی کوردایەتیدا وەک
پێداویستیی و دەرئەنجامێک ھەر لە دایک دەبێت. مادام نەتەوەی کورد و
خاکی کوردستان ھەیە،دەوڵەتی ناسیونالیش ھەر دروست دەبێت.
کۆمەڵگەیەک چەندین سەدە بێ دەوڵەت بژی و ژێردەستەش بێ، وا لە پلە ھەرە
نزمەکاندا ژیان دەگوزەرێنێ و مامۆستا مەسعوود محەمەد ووتەنی:" لە
دەرەوەی مێژوودایە". ئەی ئەوە نییە ھێگل دەڵێ: "دەوڵەت رۆحی رەھای
کۆمەڵگەیە". دەی ئێمەی بێ دەوڵەت کوا رۆحی رەھامان؟!. بێ رۆحی رەھا،
دەبێ ژیان چ مانایەکی لە خۆ گرتبێ؟!. گەمارۆدانی کوردایەتی لە لایەن
دوژمنەکانییەوە بەتەنیا فاکتی سەرەکی شکستەکانمان نیین، بەڵکو تێشکاندن
و دۆڕاندنەکانمان لە مەیدانی سیاسیدا بە ھۆی زەلیلی ئیرادەی سەرانی
کورد و وابەستەییان بێرە و ئەوێوە بووە.
ئەم چەند دێڕە بۆچوونە نێو ئەو باسەیە ، کە لە گەرمە گەرمی باسی
دەوڵەتی کوردیدا لەماوەی یەک دوو مانگی رابردوودا کەسایەتی رۆشنبیر و
سیاسی دیاری عەرەب حەسەن عەلەوی لە دوو کۆڕیدا لە ھەولێر و سلێمانی و
لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئەم باسەی سەرلەنوێ ھێنایەوە نێو باسان و لە پەنا
گوێ دەسەڵاتی کوردییەوە، داوامان لێ دەکات دەوڵەتی خۆمان دروست بکەین،
ئیدی دەست لە بەرۆکی عێراقی عەرەبی بەر بدەین. بەکورتی کرمانجی دەیەوێ
کورد تەڵاقی سیاسی خۆی لەگەڵ عێراقدا بدات.
بۆچوونەکەی عەلەوی لە دوو بڕگە پێک دێ. بۆ دەیەوێ کورد دەوڵەتی خۆی
دروست بکات؟ و ئەو بۆ(لەگەڵ) دروستکردنی دەوڵەتی کوردیدایە.
عەلەوی... یەکەم کەس و دوا کەس نابێت لەم جۆرە بیروڕایانە بڵاوبکاتەوە،
لێ ئەوی گرنگە لە رووی کاتەوە و لە ساتەوەختێکی وادا ئەم شانسە گەورەیە
رووی لە ماڵی کورد کردووە، لێرە و لەوێ ھەندێ گارە گار بەرگوێ
دەکەوێ،کە بەردەوام جەخت لەسەر یەکێتی خاکی عێراق دەکەنەوە و
سەرکردایەتی کوردیش ساڵانێکە بە دەنگێکی دلێر ئەم سروودە دەچڕن. ئەم
باسانە سەرلەنوێ لە چێشتخانەی سیاسیدا دەکوڵێندرێنەوە. عەلەوی کەسێکی
ھەرە بەرچاو و دیاریی ناسیونالیستی بەعسی عەرەبە و جێ و رێیەکی لە
سیاسەت و پەرلەمانی عێراقدا وەک سەرۆک فراکسیۆنێک ھەیە و ناوەندی سوننی
عەرەب لە عێراق و جیھانی عەرەبیدا گوێی لە بیر و بۆچوون و تێزەکانی
دەگرن.
سەرەتا دەبێ لەوە بگەین جەوھەری داواکەی عەلەوی بۆ عەرەب چ سوودێکی لە
خۆ گرتووە.
عەلەوی شینی ئەوە دەکات کە کورد بۆتە فاکتەری لاوازکەری عێراق و ھەمیشە
لەم دەروازەیەوە ھەڕەشە بۆ سەر عێراق سەری ھەڵداوە. حکومەتی ناوەندی
ھەرگیز نەیتوانیوە ئارامی و ئاسایش بەرقەرار بکات و ووزە و توانایەکی
زۆری عێراق لەم بوارەدا بە ھەدەر چووە. ئەوەتا عەلەوی راستی ئەم
مەسەلانەی بۆ ناشاردرێتەوە و دەڵێ :تاکە رێگە بۆ ئەوەی لە عێراقدا
دەوڵەتێکی مەرکەزی ھەبێت ،راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانە.
لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێ: وەک عەرەبێک دەمەوێ رزگارمان بێت لە کورد و
دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن.
ھەڕەشەی ھەراشبوونی شیعە و بەھێزبوونی ئێران لە ناوچەکەدا لەلایەک و
تورکیاش خۆی بە گورنەتەڵەیەکی نوێ لە دەڤەرەکەدا دادەنێ و وەک
پاڵەوانێکی براوەی شەڕ خۆی دەنوێنێ. ئەم دوو بەرەیەی شەڕ و ھەڕەشە و
تەماح چاویان لە عێراق بڕیوە و دەست دەخەنە نێو کاروبارەکانییەوە.
عەلەوی لەتەک دەربڕینی ئەم راستییەدا، ئاماژە بە کۆمەڵێ بیروڕای تریش
دەدات، کە دەکرێت ئیستیان لەسەر بکرێت و وەک بەڵگەیەکی مێژوویی
کەڵکییان لێوەرگیرێت. لەوانە:
کوردستان بە خاک و نەتەوە ھیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە و ھەرگیز
بەشێک نەبوە لە عێراق تاکو لێی جودابێتەوە.
ئەم بۆچوونە ھەر ھیچ نەبێت مستێکی بەھێزە بۆ رستە ھەڕاجکراوەکانی
گووتاری نەتەوەیی ئەو دوو حیزبە و ھەم بۆ دەمی ئەو بەرپرسە کوردانەی
وەک بنێشتە خۆشە باس لەوە دەکەن(( کوردستان بەشێکە لە عێراق، دەوڵەتی
کوردی خەونی شاعیرانە، میللەت بڕیاری داوە لە عێراقدا لەگەڵ بەعسی و
سەدری و مالیکیدا بژی، ئێمە عێراقین ، ٥٨ ساڵە بیرم لەسەربەخۆیی
کوردستان نەکردۆتەوە و بەرژەوەندی عێراق لەسەروو کوردستانەوەیە... ھتد
)). تەنانەت ریسوایی و دابەزینی مۆراڵی و ھەستی نەتەوەیی لای ئەو
بەرپرسانە گەیشتە ئەوەی کەسێکی وەک (موئەیەد تەیب) ی قسەکەری
ھاوپەیمانی کوردستانی لەسەروبەندی ئەو بڕیارەی مالکی دای سەبارەت بە
داگرتن و لابردنی ئاڵای کوردستان لە خانەقین و ناوچە داگیرکراوەکانی
دیکەدا ووتی: "ئاڵای کوردستان ئاڵایەکی عێراقییە".
ئەم راگەیاندنانە بەزاندنی ھەموو سنوورە
سوورەکانی کوردبوون و بەھا پیرۆزەکانی دیکەی مێژوو و کوردایەتییە.
بڕینەوەی ھەست و نەستی تاکی کوردە لە ریشەوە، ھەنجن ھەنجن کردنی
ئینتیمای نەتەوەیی و چەمکی کوردبوونە،داڕمانی تەلاری خەون و فەنتازیای
کەینونەی کوردە، سوکایەتییە بە خەباتی سەدان ساڵە کوردی رۆژھەڵات و
رۆژاوا و باکوری کوردستان شەھیدە سەروەرەکانی رێی رزگاری و سەربەخۆیی
کوردستانە.
نوێنەرانی کورد لە بەغدا کەمتەرخەم و بەرپرسیارن.
ئەم راستییەش کاتی خۆی جەعفەری و عەبدولعەزیز حەکیم لە ھەولێر و
سلێمانی لەبەردەمی کەناڵەکانی راگەیاندن و لە کۆڕ و چاوپێکەوتنەکانیان
دا جەختیان لەسەر کردۆتەوە. مالکیش چەندین جار ھەمان شتی باس کردووە.
ھەموو جەماوەری کورد دەزانێ ئەو تیمەی لە بەغدا لە سەرەک کۆمار و وەزیر
و پەرلەمانتارەکان پێکھاتووە زۆر بە تایبەتی و سەرۆکایەتی ھەرێم و
پەرلەمانەکەی بە گشتی ئەو تاوانەیان لە ئەستۆدایە.
ھیچ ھێزێک نییە لە ناوچەکەدا بتوانێ گەلێک بە تەواوی بکوژێ و تەفروتونا
بکات.
ئەمە حەقیقەتە و لەودیو سنووری بەڵگەنەویستییەوەیە، وەلێ سەرکردایەتی
کورد خەمی لەدەستدانی ئیمتیازەکانی پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ تاران و
ئەنکەرە و شام و بەغدا دا. خۆ لە خراپترین ئەگەردا، بشمان کوژن وەک
کردوویانە ھەوڵی قڕکردنمانیان داوە، ھەر ئەوە دەردەچێ وەک پەشێو
دەفەرموێ:
قڕمان دەکەن؟ قوڕتان بەسەر!
گەر بشمرین تەنیا دیلی دەدۆڕێنین،
چ ھەیە لە دیلی تاڵتر؟
گەر بشمرین ھەر سەرکەوتووین،
کوا لە کۆیلەی شەھید زاڵتر؟
دەبێت بە زووترین کات ئیدارەیەکی کوردی لە کەرکوک پێک بێت و بخرێتەوە
سەر ھەرێمی کوردستان.
ئەوانە خەریکن ئیدارەیەی ئەو شارە لەسەر داوای ئەنکەرە و بەغدا بدەنە
تورکمان و عەرەب و خۆشیان، بەردەوام بە دوو گووتاری و دید و ئاسایش و
میتۆد و بەرنامەی جیاوازەوە کار لە کەرکوکدا بکەن. بەر لە مێژوو
رایانگەیاند کەوا لەو قومارەی لەسەر کەرکوک کردیان دۆراندیان.
چاوەڕێکردنی رەزامەندی دەوڵەتانی دیکە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، لۆژیکی
کەسێک نییە پڕۆژەی ھەبێ.
لە دێڕەکانی ئەم نووسینەدا ئاماژەمان بە بێ پرۆژەیی و بێ بەرنامەیی
دەسەڵاتی کوردی کرد. ھەروەھا لەگەلێ شوێندا باسمان لە لۆژیکی چەوت و
ناکوردستانی دەسەڵات کردووە. پرسی سەربەخۆیی گەلێکی بندەست چ
ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ مرۆی ئازادیخواز و شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەر نییە و
چاوەڕوانیکردن ھەڵناگرێ.
ئەگەر کەرکووک کەربەلا بووایە، ئێستا شیعە پەنجا فەتوایان لەسەر کورد
دەرکردبوو.
ئەمیش بۆچوونێکی دوو فاقە،لە لایەک کەرکوک مەککەش نییە کەچی سوننە بە
کانگای عروبەی دەزانێ. لە لایەکی دیکە ھێزی خۆشەویستی خاک لای خەڵک
نیشان دەدات،چۆن بۆ بستە زەمینێک ئامادەن فەتوای ئاینیش دەرکەن و جیھاد
و غەزای لە پێناودا بکەن. با لە بیرمان نەچێ ئەو دوو پارتە ناوی دڵ و
قودسی کوردستانیان لێنا، لێ وا بێ دڵ دەژین و قودسیش سازش لەسەر سازش
دایڕزاندووە و بەتەواوی لەبیریان چۆتەوە.
ئەوەی لەگەڵ ماددەی ١٤٠ دا روویدا ھەمان ئەو شتەیە کە پێشتریش لەگەڵ
سیڤەرد روویدا و کورد نەیتوانی سوودی لێوەربگرێ.
روونکردنەوە لەسەر ئەم خاڵە لە نووسینەکەدا بەرچاو دەکەوێ،ئەگەرچی
ماددەی ١٤٠ بۆ خۆی تابووتی مەرگە راستەقینەکەیەی ناوچە داگیرکراوەکانە.
من تەنیا مشتێکم لەو خەرمانی را و بۆچوونانەی عەلەوی وەرگرتووە و لە
بەرەوە بە سەرنجی کورت تیشکی رووناکیم خستە سەریان ، چونکە باسەکە زۆر
ھەڵدەگرێ و لە گەلێک باس دا کوتراوەتەوە و ئێرەش شوێنی شەنوکەوکردنی
سەرلەبەری ئەو بۆچوونانە نییە.
عەلەوی بە دیوێکی دیکەدا دەست دەخاتە سەر زامە قوڵەکانی جەستەی کورد و
ئامانجەکە بە دروستی دەپێکێ. ھەر وەک بڵێی پسپۆڕێکی شارەزای
دەروونناسییە و سەراپای ژیانی خەریکی توێژینەوەیە لەسەر کورد. ئاقڵانە
و بێ ھیچ رتووشێک لە نێو مێژووی کورد دا نمونەکان دێنێتەوە و پێمان
دەڵێ :
کورد لە ھۆشیاری دەسەڵاتدا کەموکوڕییان ھەیە و لە دەوڵەت دەترسن.
گەر بە ووردی لەم رستەیە وورد بینەوە ، پاش لەدەستدانی دەسەڵات لە
رووخانی دەوڵەتی مادەوە و ئەو قۆناغە کورتەی تەمەنی حکومداری باشووری
کوردستان لەسەردەمی شێخی نەمر و کۆماری کوردستان دا، کورد ھەرگیز
مومارەسەی دەسەڵاتی نەکردووە. حیزبی کوردی ھەمیشە خۆی بە پاشکۆی حیزبی
نەتەوەی سەردەست داناوە و ھەرگیز بیری لە دەسەڵات نەکردۆتەوە. ھۆشیاریش
لە دەرئەنجامی ھەست بە شتێ کردن و مامەڵە و فێربوونەوە دروست دەبێ.
عەتا قەرەداخی نووسەر و روناکبیر لەم رووەوە باش مەسەلەکەیسەرنج داوە و
دەڵێ:" ئەگەر نەتەوەیەک یان کۆمەڵگەیەک توانی پانتایی ترس لە بوونی
خۆیدا بسڕێتەوە، ئەوا مانای وایە ئەو کۆمەڵگا و نەتەوەیە زەمینەی
خودسەلماندنی بۆ خۆی ئامادە کردووە".
زۆربەی ھەرە زۆری حیزبی کوردی تا ئێستاش لە ھەموو بەشەکانی کوردستاندا
خۆیان بە حیزبی بەرھەڵستکاری حکومەتی ناوەندی دادەنێن، تاوەکو ئەوەی
ھەڵگری بنەما و سیمای بزوتنەوەی نەتەوەیەکی بندەست و زوڵملێکراوی
داگیرکراو دابەشکراو بن. ئا لەم سۆنگەیەوە بوو گەلێ جاران کۆمەڵگای
نێودەوڵەتی بە راست یان بە درۆ خۆی لە ئەرکی مۆڕاڵێ بەرانبەر بە
تراژیدیاو کارەساتەکانی بەسەر کورددا دەھات دەدزییەوە و دەیان گووت:
کێشەی ئێوە کێشەیەکی ناوخۆیی عێراقی و سوری و ئێرانی و تورکییە. لە
رووی یاسا و بنەماکانی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نەیان
دەتوانی شەرعییەتێ بۆ بە ھاناوە ھاتنی کورد بدۆزنەوە. ئەی کاتێ کورد
خۆی بە عێراقی یان ئێرانی و ھتد بزانێ ، ھیچ پێمان سەیر نەبێ وڵاتێکی
بێگانە ئامادە نەبێ خەمی ژانەکانمان بخوات و پەیوەندی ئابووری و سیاسی
و دبلۆماسی و بازرگانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستاندا تێک
بدات. ئاخر ھەرگیز نەبووە و لە مێژووی ھیچ نەتەوەیەکدا بەرچاو ناکەوێ،
کوچک لە ئاگر گەرمتر بێ، کەی کۆسۆڤۆیی لە سەرب میلۆسۆڤیجتر بووە؟ کوا
پۆڵەنییەک لە ھیتلەر ئەڵمانیتر بووە؟ . داگیرکەر و بێگانەپەرستی تەنیا
لای سەرانی کوردی تێکشکاو رەواجی ماوە و سنوورەکان دەبەزێنێ.
تا ئێستا ھیندییەک نەیگووتووە من ئینگلیزم ، عەرەبێک نابێژێ من
ئیسرائیلیم ، ئەرمەنییەی باس لەوە ناکات تورک بێت ، ڤێتنامییەک ھەڵەی
وا ناکات خۆی بە ئامریکایی لە قەڵەم بدات ، ئۆکرانیاییەک چیرۆکی رووسی
بوونی خۆی بۆ تۆمار نەکردووین. داگیرکەریش ھەموو ناسنامە و
ئیدیۆلۆژیایەکی لە ئێمە قەبوڵ کردووە، جگە لە کوردبوون نەبێت. بۆیەکا
ئەم بنەما ھزریی و سیاسیی و ناسنامەییە لە ڕسکانی پاسۆک دا بووە
دروشمێکی ناوەندی بە سەردێڕی (( پێش ئەوەی ھەر شتێ بین،دەبێ کورد بین))
خۆی نەخش کرد. ئەو دوو حیزبە بیر و رێبازی پاسۆکیان پێ پەسەند
نەبوو،چونکە داگیرکەران لێی تۆقیبوون، ئیدی بە فەرمانی بێگانە سەریان
فلیقاندەوە.
کوردیش وەک شیعە شۆرش دەکەن و دەسەڵات دەدەنەوە دەست ئەوی دیکە.
لەوەتەی عێراقی بێژو لە سەر دەستی ئینگلیزدا دروست کراوە، کورد ھەر
خەریکی رووخاندن و رزگارکردن و بیناکردنەوە و پاراستنی چوارچێوەی ئەو
دەوڵەتە داگیرکەرانە و رژێمە شۆفێنییەکانیان بووە. کورد فاکتەری
رووخانی ھەموو حکومەتەکانی عێراق بووە، بێ ئەوەی یەک چرکەسات خۆی
دەسەڵاتی گرتبێتە دەست. لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش ھەمان راستی و
پێوەر بەرچاو دەکەوێ، کورد گەورەترین ھێزی روخانی شای ئێران
بوو،خومەینی ھاتە سەر دەسەڵات و خودموختاریشمان پێ نەبڕا،کورد لە
دامەزراندن و رزگارکردنی تورکیای تازەدا رۆڵی سەرەکی دی،ئەتاتورک بە لە
سێدارەدانی سەرکردەکانمان پاداشتی داینەوە. ئێستاش تولەمارەکانی موتڵەگ
و ھاشمی و... ھتد بەخێو دەکەین تا دەبنە ھەژدیھای حەوت سەر بۆ گەرمیانی
ئەنفالکراو و بادینانی سەربڕاو و پشدەری تەختکراو و ھەورامانی
سوتماککراو.
لای کورد شۆرش خۆی گرنگترە لە ئەنجامەکانی شۆرش.
یەکێ لە دروشمەکانی پاسۆک بڵندی کردبۆوە بریتی بوو لە : "چەکی بێ
بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە". نەبوونی کۆنسێپت و ستراتیژێکی روون و
ئاشکرا لای حیزبە کوردییەکان و پەروەردەکردن بە گیان و بنەمای
کوردایەتی ، بەرزکردنەوەی فشە داوا و مافی ئۆتۆنۆمی لە ژێر پەردەی
شۆرشدا، جگە لە ئاکامە تاڵ و کوشندەکان،چ شتێکی دیکەی لێ شین نەبووە.
بە خواست یان بە ناچاریی، گرنگ دەست دانە چەک و تەق و تۆق بووە. تا
ئێستاش ئەو حیزبەی پەیڕەوی ئەم سیاسەتە بکات و ھەموو بوون و ستراتیژی
خۆی لەسەر دانێ، ئەوە رەواجی لە بازاڕی سیاسەتی کوردیدا ھەیە. بۆیەکا
شتێکی سەیر و سەمەرە نییە گەر بڵێین، گەلەک جار دوژمن ناچاری دەست دانە
چەکی کردووین. ئێمەش نەمان زانیوە چەک ھەڵگرتن و شۆڕش کردن بۆ کام
ئاییندەیە و بە کام ئاکاممان دەگەیەنێ؟. رابەرمان کێیە و ھەڵگری کام
ویستی نەتەوایەتییە و بە چ ئیرادەیەک ھاتۆتە مەیدانی خەباتەوە؟
ئەگەر کورد ئەم دەرفەتەی راگەیاندنی سەربەخۆیی لەدەست بچێ، دەرفەتی وای
بۆ ھەڵناکەوێتەوە.
لە ھەناوی مێژوودا دەیان دەرفەتی دیکە ھەڵدەکەوێت و دەڕوا و دێت. وەلێ
ئەوە لە نرخی ئەو بۆچوونەی عەلەوی کەمناکاتەوە، ئەم دەرفەتە یەکجار
تایبەت و دانسقەیە. بەڵێ ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە و یەکێکە لە باشترین
ئەو ھەلانەی ھاتۆتە بەردەم سەرانی کورد. بە جارێ سەرجەم داگیرکەرانی
کوردستان گیرۆدەی دەرد و کێشە و تایبەت بەخۆیان بوون و ململانێ
خوێناوییەکان پێشبینی ئەوەیان لێ دەکرێت، رووداوەکان تەنھا بە سوودی
کورد ھەڵسوڕێن،چونکە پرۆژە و خەونی داگیرکەران ھەمووی داڕمان و پووچەڵ
بوونەوە. گەر کورد خۆی ئامادە و کارا بێت، دەبێتە پاڵەوانی مێژووی
سەدەی ٢١.
کورد فۆبیای دەوڵەتی ھەیە.
سەرانی سیاسی کورد مافی دامەزراندنی دەوڵەت بە ھەموو میللەتانی دنیا بە
رەوا دەبینێ و ئامادەیە کوڕی کورد لە پێناوی کچی گەلاندا بە کوشت بدات
و تەنانەت دەست لە نیشتمانی خۆیشی ھەڵگرێت بۆ بێگانە. کەچی بۆ خۆی نەک
ھەر لە دەوڵەت تۆقیوە، بەڵکە زارەترەک بووە بە وڵاتەکەی بڵی نیشتمانم
کوردستانە و کورد مافی چارەنووسی خۆی ھەیە و بۆی رەوایە وەک ھەموو
نەتەوەکانی دیکە ئاڵا و دەوڵەتی خۆی ھەبێت. لە ئامارێکدا ھێشتا
ئامریکاییەکان %٧٩ یان باوەڕیان بە دەوڵەت ھەیە. ساتێ ئەڵمانێک دەوڵەت
لای زۆر جێی بایەخ نییە، ھۆکەی بریتییە لەوەی لە ئەڵمانیا دا نازی
دەسەڵاتدار بووە و ٦ ملیۆن جولەکەی کوشتووە و دوو شەڕی جیھانیشی
ھەڵگیرساندووە، کە تێیدا ملیۆنەھا مرۆڤ بوونەتە قوربانی. ئەدی گەر
کوردێ دەوڵەتی نەوێ ، ـ نامەخوا سەرکردەیەکی ـ دەبێ چ لۆژیکێک لەو
بیرکردنەوە و ھەڵویستەدا بێت و کام خوێندنەوە بۆ ئەو کەسایەتییە بکرێت؟
کەواتە لەو واقیعە تاڵەی کورد دا، گەر حیزبێ ژینگەی ئۆتۆنۆمی بەجێ
نەھێشتبێت، ناتوانێ بۆ فەزا و مەملەکەتی دەوڵەت ھەڵفڕێ. ئەوە نییە بە
گووتەی سەرۆکەکانمان، کورد شاعیرانە خەون بە دەوڵەتەوە دەبینێ.
دەوڵەت لە مێژوودا.
لەسەدەی ١٨ و ١٩وە کە بەسەدەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئەوروپا ھەژمار
دەکرێت، پێشتریش لە زۆر دەڤەری ئەم جیھانەدا ناسیونالیزم لە گەڕدا بووە.
خانی مەزن پێش شۆرشی فەرەنسا و سەدەی ناسیۆنالیزمی ئەوروپا باس لە
دەوڵەت و سەروەری نەتەوەیی دەکات. لەو ساتەوە ھەتا ئێستا لەمەڕ چەمکی
نەتەوە و دەوڵەتەوە گەلێ بانگاشە و راگەیاندنی جۆراوجۆرمان بەر گوێ
کەوت و خرایە بەردەست. کەچی نە ئایین و مەزھەبە ئاسمانی و زەمینییەکان
و نە ئایدۆلۆژیا و تیۆرییەکانی سۆسیالیزمی شورەوی و نە مەعریفە و
فەلسەفەی دنیای کاپیتالیزم و نە تەکنەلۆژیا و گلۆبالیزمی ھاوچەرخ ھەتا
ئێستا نەیانتوانیوە پوکانەوە و نەمانی نەتەوە و نەتەوایەتی بسەلمێنن و
داوا و ویستی دامەزراندنی دەوڵەت خەفە بکەن.
ھەیاران...لەو رۆژەوە دەیان پروپاگەندە بۆ بەسەرچوونی قۆناغی
نەتەوایەتی و دەستبەرداربوونی نەتەوەکان لە دەوڵەت بە گویماندا درا،
کەچی پرسی نەتەوایەتی وەک کاریگەرترین بزوێنەری ژیانی کۆمەڵایەتی و
سیاسی خەڵک ھەموو ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە پرۆسەی ھەبوونی خۆیدا
بەزاندوو و رۆژ بە رۆژ خورتتر و درەوشاوەتر بەرجەستە دەبێت.
زانا و کۆمەڵناس و بیرمەندەکانی دنیا ھەردەم جەخت لەسەر بەھا و گرنگی
دەوڵەت دەکەنەوە و بە بەھێزترین فاکتەری گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و
ئابووری و بەرەو پێشچوونی ژیانە. ئا لەم روانگە و تێگەیشتەوەیە ھەموو
نەتەوەکان خەباتی خوێناوی بۆ دەکەن و ھەوڵی دیپلۆماسی بۆ دەدەن. ھیچ
نەتەوە و لایەن و کەسێک نییە و نابێت دەستبەرداری ئەم پێداویستییە بێت.
شایانی باسە، ئێمەش دەزانین، لە ھەندێ قۆناغ و چەند وڵاتێکدا دەوڵەت
سیستەمەکەی دەزگای سەرکوتکەر و خوێناوی بووە، وەلێ لە دەمکاتی کورت و
پێویست دا ئاڵوگۆر کراوە و چارەسەر کراوە.
پرۆسەی نەتەوایەتی و دەوڵەت دروستکردن لە ئەوروپای رۆژئاوا و ناوەڕاست
و رۆژھەڵات ھەموویان لە ئەنجامی جیابوونەوە لەو زلھێزانەوە دروست بوون،
فلەندە و وڵاتانی بەلتیک و پۆلۆنیا و چیکۆسلۆڤاکیا و رۆمانیا و
ئەلبانیا لە رووسیا و نەرویج ١٩٠٥ لە سوید و بەلژیکا ١٨٣١ لە ھۆڵەندە
جیابوونەوە . ئایسلاند ١٩٤٤ لەگەڵ دانیمارک یەکێتییەکەی ھەڵوەشاندەوە.
نەتەوەی ئینگلیز ١٦٨٨ شۆرشی کرد و دەوڵەتی دامەزراند، فەرەنسا١٧٨٩ بە
شۆڕش دەوڵەتی دروستکرد و دوایی پرۆسەی بە نەتەوەبوون تێیدا کەوتە گەڕ.
ئەم دوو شۆڕش و دەوڵەتە نوێیە کاریگەری تەواویان لەسەر سەرجەم ئەوروپای
رۆژاوا و ناوەڕاست ھەبوو. فەرەنسا لەسەر ئیسپانیا و بەلژیکا و
ئینگلستان لەسەر وڵاتانی سکەندەناڤی و ھۆلەندە. بارودۆخی ئەڵمانیا و
ئیتالیا لەبەر ئەوەی زۆر پەرتەوازە و پارچەپارچەبوون بڕەک جیاوازی لە
دروستکردنی دەوڵەتدا ھەیە. ئەڵمانیا بە نموونە ئەو سەردەمانە لە زیاتر
لە ٣٦٠ میرنشین پێک ھاتبوو. دواتر لە ژێر کاریگەرێتی رووداوەکاندا و بە
سەرپەرشتی کایسەری نەمسا بوونە ٣٩ شار و ناوچەی دەوڵەتئاسا و ھەر
لایەکیان نوێنەرێکیان بۆ پەرلەمان دەنارد. فەرەنسا ھەردەم دژ بە
دەوڵەتێکی ئەڵمانی بووە و زیاتر ھانی ئیتالیا و پۆلۆنیای دەدا دەوڵەت
بۆ خۆیان دروست بکەن. چونکە ئەو سەردەمە ئیتالیا تەنھا چەمکێکی
جوگرافیایی بوو.
ئینگلیز خۆی بە قەڵا و پارێزەری نەتەوە بچووکەکان دادەنا. زلھێزەکانی
ئەو سەردەمە ئینگلیز و فەرەنسا لە رۆژاوای ئەوروپا و رووسیا لە
رۆژھەڵات و نەمسا و پرووسیا لە ناوەڕاست بوون.
پرنسیپی نەتەوایەتی لەو شوێنەدا قەبوڵ بوو، کەوابەستەی ھێزێکی میرنشینی
بوو. وەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئیسپانیا، پورتوگال، ھۆلەندە و سوید
دا ئامادەییان ھەبوو. ئەمە دیاردەی ئەو سەردەمە و ئەو قۆناغە مێژووییەی
مێژووی مرۆڤایەتی بوو. کەواتە جارێکی دیکەش دەتوانین جەخت لەسەر ئەو
راستییە بکەینەوە، کەوا پرنسیپی نەتەوایەتی و چەمکی ئازادی و سەربەخۆیی
دینەمۆی گۆرانکارییەکانی ئەوروپا بوون. شایانی گووتنە، ھەڵگرانی ئاڵای
سەربەخۆیی لە ئیتالیا و ئەڵمانیا لە دەستەیەکی ھەڵبژاردە پێکھاتبوون،
کە بریتی بوون لە: خاوەن موڵکەکان و ھاوڵاتییانی خوێندەوار و بەگزادە و
میرەکان. بەکورتی شۆرش لە بانڕا کراوە نەک لە بنڕا. ئەم میللەتانە
ئەوەندەی کێشەی دروستکردنی دەوڵەتیان ھەبوو، ھێندە سەرگەرمی ھەڵبژاردنی
سیستەم نەبوون. ئەو دەوڵەتانەی لە سەرێ ئاماژەمان پێدان،جگە لە فەرەنسا
ھەر ھەمویان پادشایین.تەنانەت لەم رۆژانەدا ٦٠ ساڵ بە سەر عەرشی شاژن
ئەلیزابێتی دووەمی بەریتانیادا تێپەڕی و ھەموو ئینگلیز ئەو جەژنەیان لێ
پیرۆز کرد.
لەم روانگەیەوەیە، گەلێ لە توێژەران لایان وایە کەوا نەتەوە و
دیموکراسی دوو رووی یەک مەدالیا بوون. دەوڵەتی نەتەوەییش خۆی وا نیشان
دەدا کە چوارچێوە و زامنێکی بەھێزی دیموکراسی و خەباتی پەرلەمانییە.
بەم پێودانگە پاسکولە مانزینی مافپارێز و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دەڵێ:
"دەوڵەتێک کە چەندین نەتەوە ناچار بکرێن تێیدا یەکگرن، ئەوە
ئۆرگانیزمێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەوە کارەسات و دۆزەخی ژیانە".
پرونچلی یاساناسی سویسری دەڵێ:" ھەر نەتەوەیەک دەوڵەتێک و ھەر دەوڵەتێک
نەتەوەیەکی ھەبێ".
پرنسیپی شەڕ.
شەڕ .... وەک فاکتێکی بەھێز لە گۆڕەپانی رووداوەکاندا ھەمیشە ئامادەیی
ھەبووە و رۆڵی لە بڕیاری چارەنوسسازیشدا گێڕاوە. ھەر بۆیە بیریاران
شەڕیان بە باوکی ھەموو شتەکان داناوە. گەر تەماشای وڵاتێکی وەک ئیتالیا
بکرێ، لەو سەردەمەدا وەک دەڵێن ھەر چەمکێکی جوگرافیایی بوو، ھیچ
ناوەرۆک و سیمایەکی سیاسی نەبوو. لەتەک ھەبوونی چەندین پارت و ھێزی
سیاسی دیموکرات و لیبەڕاڵخوازدا کەچی لە ئەنجامی ٣ شەڕی گرنگ ئەوجا
پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێکھات.
١ـ ساڵی ١٨٦٦ ڤێنیسیا ھاتە سەر ئیتالیا لە ئەنجامی شکستی نەمسا
لەبەرانبەر پروسیا لەشەڕدا.
٢ـ ١٨٧١ ھێزەکانی ئیتالیا چوونە ناو رۆماوە، چونکە ناپلیۆنی ٣ کە
پشتیوانی لە پاپا دەکرد، لەشکرەکەی بۆ شەڕی دژی پرۆسیا کە ھەڕەشەیان لە
پاریس دەکرد کشاندبووەوە.
٣ـ ناوچەی ئیچینگ دوای شەڕی یەکەمی جیھانی و دوای دۆڕانی ھێزەکانی
ئەوروپای ناوەڕاست بەسەرکردایەتی نەمسا کەوتەوە سەر ئیتالیا.
ئەڵمانیاش دوای شکستەکانی فەرەنسا لەشەڕدا، ئەوجا دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی
دروست کرد.
دەکرێ شەڕ و شۆرشەکانی ساڵەکانی ١٨٤٨،١٨٥٩،١٨٦٦ و ١٨٧١ لە ئیتالیا و
ئەڵمانیا وەک یەک تەماشا بکرێ و ئەوانیش بە تاکە رێگەی سەربەخۆیی نەخش
ببوون.
گەر پەنا بەرینە بەر تاقیکردنەوە و خەباتی گەلان لە پەروەردەکردنی
رۆڵەکانیان و شێوازی شۆڕش و خەباتیان بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی
دەوڵەت، وا دەیان لاپەڕەی گەشمان دێتە بەرچاو. با نموونەیەکی زۆر سادە
و ساکار بۆ دیدی خوینەر رابگوێزم.
لەئەنجامی ئەو شەڕ و داگیرکارییە بەردەوامەی نێوان ئەڵمانیا و
فەرەنسادا ناوچەی ئێلزاس ـ لۆترینگەن دەکەوێتە بندەستی ئەڵمانیاوە. لەو
میانەدا چیرۆکێکی بەجۆش دروست دەبێت. دوو برا ئەندرێی ١٤ ساڵ و جولیانی
٧ ساڵ بە ھەتیوی و ناچاری لەتاو داگیرکاری ئەڵمان زێدی خۆیان فالسبۆرگ
بەجێدێڵن و دەچنە پاریس. فەرەنسییەکان گەشتێک بۆ ئەم دوو منداڵە
بەسەرتاسەری فەرەنسادا ساز دەکەن، تا بە نیشتمانە نوێیەکەیان ئاشنایان
بکەن. ئەمانە لەتەک منداڵانی دیکەدا لە قوتابخانە فێری زانیاری و
زانستی شەڕ و خۆشەویستی وڵاتیان دەکەن.
وەزیری خوێندنی فەرەنسای ئەو سەردەمە یولس فێری بڕیار دەدات لە ھەموو
پۆلێکی قوتابخانەکاندا نەخشەیەک ھەڵواسن کە ئێلزاس ـ لۆترینگەنی لەسەر
بێت لەتەک ئاڵایەکدا. لە کۆتایی ساڵدا، کاتێ بڕوانامە دەدرێت بە
قوتابیان، پێویستە مامۆستا لەسەر تەختە رەشەکە بنووسێ: " ئەی منداڵ، تۆ
دەبیتە سەرباز".
میللەتان بەم شێوازە تاکی خۆیان بۆ خەباتی نەتەوایەتی پەروەردە
کردووە، کەسێکیش بە دروستی و تەندروست پەروەردە کرابێ، بێگومان دەبێتە
سەربازێکی دڵسۆز و باش بۆ گەلەکەی. ھەر لە سۆنگەی ئەم جۆرە
پەروەردەیەوە و لە ئاکامی خۆشەویستی قووڵ بۆ نیشتمان بە گووتەی ئولریش
ڤیکلەری نووسەر و رۆژنامەنووس و بێژەری تیڤی ئەڵمانی دەڵێ: " کاتێ لە
زارۆکێکی فەرەنسایی دەپرسی، ئارەزوو دەکەیت لە دوا رۆژدا ببی بە چی، بێ
دوو دڵی دەڵێ سەرەک کۆمار". چونکە ئەو زارۆکە دەزانێ، لەو پیشە و
پۆستەدا پێویستە ھەموو خەسڵەت و کارەکتەری فەرەنساییەکی نیشتمانپەروەر
بەرجەستە ببێت. ئەویش ئامادەکاری دەکات و خۆیشی بەشایانی بەدەستھێنانی
ئەو ئەرک و شەرەفە دەزانێ.
١٩٩٠ ساڵێ دوای رووخانی دیوارەکەی بەرلین، بۆ یەکەم جار لە ناوەندی
شاری بەرلین ئەلەکسەندەر پلاس یادی کارەساتی ژاربارانکردنی ھەڵەبجەمان
وەک بەرەی کوردستانی و کوردی ئاوارەی ئەڵمانیا کردەوە. نوسینی لافیتە و
ھەندێ بابەتی دیکە خرابووە ئەستۆی من وەک نوینەری پارتی سۆسیالیستی
کوردـ پاسۆک... لەسەر لافیتەکە بە ئەڵمانی نووسیم : لە ١٦.٣.١٩٨٨ دا
دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی عێراق شاری ھەڵەبجەی بە گازی ژاراوی و چەکی
کیمیاوی بۆمبارانکرد و زیاتر لە ٥ ھەزار شەھید و ١٠ ھەزار بریندار
بوون. ئەم لافیتەیەمان ببووە جێێ سەرنجی خەڵکەکە. پاش قەدەرێ د.رۆژ
نوری شاوەیسی پارتی،کە لەبەرلینی رۆژھەڵات دەژیا پەیدابوو. ھەر کە چاوی
بە دروشمی لافیتەکە کەوت، رەنگێکی ھێناو برد و باری دەروونی تێکچوو و
دەستبەجێ حەمەئەمین دەلۆیی بەرپرسی پارتی بانگ کرد و ووتی: ئەوە چییە
نوسیوتانە ؟،عێراق کۆلۆنیالیست نییە و دەبێ ئەو لاڤیتەیە لابەن. لە
وەڵامدا نوێنەری پارتی ووتی ئەوە برادەرانی پاسۆک ئامادەیان کردووە،
بەراستی شەڕی ئەوانمان پێ ناکرێ، لێگەڕێ با وا بڕوات. ئیدی نازانم
دواجار چۆن لەو برادەرەیان پرسییەوە، ھێندە نەبێ د. رۆژ بە توڕەییەوە
شوێنەکەی بەجێھێشت. ئەو ھەڵوێستەی د. رۆژ کتومت سیاسەتی پارتی بوو،
لەبەر دڵی برایانی عەرەب و ئەڵمانیای دیموکراتی و بەرەی رۆژھەڵات نە
دەبوو ،کوردستان بە داگیرکراو پێناسە بکرێت.
نەک ھەر ئەو و پارتەکەی، دەبا بزانین لەم رۆژگارەشدا کامە وەزیر و
سەرۆک پەرلەمان و سەرۆکی ھەرێم و بەرپرسی دیکە بۆ منداڵێکی گەرمیان،
کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە گەشت ساز دەکەن؟ کامیان بڕیار
دەدات دەبێ نەخشەی کوردستان لە سەر دڵتان و لەناو مێشکتان و لەسەر
دیواری قوتابخانە و سەرشەقامە سەرەکییەکانی وڵاتدا ھەڵواسن؟.کێیان وەک
بێشکچی کوردستان بە دوا کۆلۆنی دەناسێ؟
ئەوە ھەزاران خێزانی ناوچە داگیرکراوەکان بوونەتە ئاوارە و لە یاریگا و
ژێر پرد و پەنا کەلاوەی رووخاودا ژیان بەسەر دەبەن، کێ ئاوڕیان لێ
دەداتەوە دەبێتە ھاوبەشی ئازار و خەمەکانیان؟
قوتابی کورد بۆ خوێندن، ھێشتا ژاراوی بەرنامە و کەلتووری داگیرکەری
دەخرێتە بەردەم. تا ئێستاش بە کەسایەتییەکی دوو لەت و بە دوو میتۆدی
جیاواز گۆشت دەکرێ. ئاخر لە ھەموو بەرنامە و گووتار و رەفتاری حیزب و
وەزارەت و پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمەدا پرۆژەیەکی نەتەوەیی
بەدی ناکرێت.
نابێت ئەوە لە یاد بکەین، قۆناغەکانی گەیشتن بەو کوردستانە ئازادەی کە
ئێستا تێیداین و خاوەنی حکومەت و پەرلەمانی خۆمانین، بەرھەمی راستەوخۆی
شەڕی ئێران و ئێراق و دەرپەڕاندنی عێراق لە کوێت و رەوەکە و لێدانی
عێراق و رووخاندنی رژێمی بەعس و سەددامە. لە ھەنووکەدا گەرمبوونی
ململانێکانی ناو عێراق و سەرھەڵدانی شەڕێکی تر ـ کە پێدەچێ حەتمی بێت و
ھەر دەبێ روو بدات ـ کوردستان بەرەو دەوڵەت ببات. ئەگەری بەھێزیش ھەیە
لێدانی ئێران و رووخانی رژێمی سووریا و ھەڕەشەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا،
دەرگای سەربەخۆیی تەواوی کوردستانمان لەبەردەم دا ئاواڵە بکات.
بۆیە پێویستە مەرجی بنچینەیی سەرکەوتن و بەدەستھێنانی دەسکەوتی
نەتەوەیی بە یەکێتی ریزەکانی کوردمسۆگەر بکەن. ئەنجوومەنێکی نەتەوەیی و
دەزگایەکی ئاسایشی نەتەوەیی وەک خاوەن بڕیاری سەرەکی بە بەشداری ھەموو
کەس و لایەنەکان پێک بێت و بە زرنگی و دیقەتی وورد لە رووداوەکان و بە
فرە پرۆژەوە بۆ ھەموو ئەگەرەکان ئامادەیی بەردەوامی ھەبێ. دەسەڵاتی
کوردی کە خۆی شەلەشەل بەڕیوە دەڕوا،ناتوانێ بێتە گۆچانی بن ھەنگڵی کەسی
دیکە، ھەر بۆیە دەبێت ئەم قۆناغەی داوای فیدڕاڵی و بێوەژن کۆشییەی بۆ
دەستووری عێراقی دەکات بەجێ بھێڵێ و لەسەر بەرنامەی گەشەپێدانی لۆبی و
کەناڵەکانی دیبلۆماسی سەربەخۆیی کوردستان بە جددی کار بکات. دەسەڵاتی
ئێستای کوردستان زیاتر لە ٧ ملیۆن دانیشتوانی باشووری لەبەر دەستدایە و
٤٠ ـ ٥٠ ملیون کوردی بەشەکانی دیکەش پشتیوانی لێ دەکەن، نەوت و ئاو و
کەرەسەی خاوی دیکەی گەلێ زۆرە، ھەڵکەوتی جیوپۆلیتیکی کوردستان گرنگە
و دەرگای کوردستان بە رووی ھەموو جیھاندا دەکاتەوە. ھەر کەس و لایەنێک
ئەم سامان و کارتە بەھێزانەی بەدەستەوە بێت ،لە دنیای ئەمڕۆی سیاسەت و
ئابووریدا دەتوانێ قسەرۆیشتووانە بە مەرجیشەوە بایەخ و کاریگەرێتی
ھەبێت.
جا ئەگەر سەرانی کورد جوامێرانە نەچنە ژێر باری ئەم ئەرکە نەتەوەییەوە
و بڕیاری چارەنووسسازی خۆیان لە دووڕیانی مان و نەمان و ھەڵبژاردنی
ژیانێکی پڕ لە شکۆی سەربەخۆیی و ئازادیدا بە جەرگانە نەدەن، بە
واتایەکی دیکە گەر دەسەڵاتێک بەم ھەموو کەرەسە و فاکتە گرنگ و
کاریگەرانەوە نەتوانێ بانگەوازی دەوڵەت بدات، ئیدی مافی جەماوەری کوردە
گوێ بۆ ھیچ بەیتوبالۆرەیەکی ئەوانە شل نەکات و چیدی بە عیوەکانیان فریو
نەخوات. لە ھەمووی گرنگتر بیر لە گۆڕان و ئەلتەرناتیفی کوردستانی دیکە
بکاتەوە. کورد بە ھەموو پێوەر و ھەقێک، لە پێناوی فەراھەمکردنی
خۆشگوزەرانی لە کوردستانێکی ئازاد و یەکسان دا، پێویستی بە رێنیسانسێک
، لە دید و ستراتیژیدا ھەیە، بە ئاڕاستەی بە نەتەوەییکردنی پرۆژەی
کار و ئاسۆی تێڕوانین و چەمکی خەبات.
___________________________________________________
سەرچاوەکان:
- کۆتایی
عێراق - پ. گالبێرس و. سۆران عەلی محەمەد ئەمین.
-
دیوانی ھەسپم ھەورە و رکێفم چیا - ع. پەشێو.
-
چەمکی دەوڵەت و بزووێنەری مێژوو لە کۆمەڵگای کوردی دا - عەتا قەرەداخی.
-
دەوڵەت و نەتەوە لە مێژووی ئەوروپادا - ھاگەن شولتسە
(بە ئەڵمانی).
Staat und Nation in der europäischen Geschichte Hagen Schulze
١٢\٢\٢٠١٢
- بەرلین
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|