په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٢\٢٠١٢

دەسەڵات لە ئێران ھۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی مادە ھۆشبەرەکانە.


سیروان پەرتەو نوری    


گیرۆدە بوون بە مادەی ھۆشبەر بەڵاییەکی ماڵوێرانکەر و کێشەیەکی گەورە یە لە کۆمەڵگای ئێران بەتایبەتی کوردستان، کە ژیانی لاوان و خێزانگەلێکی زۆری بەرەو بشێوی بردووە.


کۆمەڵگای کوردستان لە بواری ئابووری و سەرمایەگوزاری یەکێک لە بێبەشترین ناوچەکانی ئێران بە ئەژمار دێت کە خۆی لە ئاستی جیھانیدا لە ڕیزی کیشوەرە گەشە نەکردووەکان و دواکەوتوەکان خۆی دەبینێتەوە، کە ئەمەش بە ئەنقەست لەلایەن ھەردوو دەسەڵاتەکانی پاشایەتی و ئیسلامی بەسەر ئەم ناوچەیەدا داسەپێنراوە.


گیرۆدە بوون بە ماددە ھۆشبەرەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا یەکێک لەو مەسەلانەیە کە لەم ساڵانەی دوایدا پەرەی سەندووە و بەبەردەوامی لەنێوان چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە تایبەت لاوان و تەنانەت لە نێوان خوێندکاراندا و ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگا پەرەیەکی بەرچاوی سەندووە و کاریگەریەکانی نە تەنیا گیرۆدەی خودی تاک بووە بەڵکو ڕێگە خۆشکەرێک بووە بۆ لەناو بردنی نرخ و رێسای فەرھەنگی و ئەخلاقی.


ناکۆکی و دژایەتی چینایەتی لە ڕێگەی پەیدابوونی ھەژاریی و بێکاریی کە کاردانەوەی خۆی لەسەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان ھەیە،‌ لەوانە ماددەی ھۆشبەر.


لەلایەکی ترەوە پەرە سەندنی بێکاریی،ھەژاریی،داخرانی ناوەندە بەرھەم ھێنەرەکان،گەشەی ھەڵاوسان و گرانی،نەبوونی خزمەت گوزاری خۆشگوزەرانی کۆمەڵیی و دەستکەوتنی ژیانێکی ئینسانیی ھەر ڕۆژ زیاتر لە ڕۆژی پێشوتر لای خەڵک دەکاتە خەون و خەیاڵ و نائومێدی و بێزار بوون لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا پەرە پێدەدات.


ئەم بێکاریی و ھەژاریی و بێبەشییە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاوی لە لاوان بەرەو دونیای نائۆمێدی و ھەڵدێر پاڵ پێوە دەنێت بەشێکی زۆریشیان بۆ ڕاکردن لە دەست ئەو ڕەنج و نەگبەتیانە بەرەو کێشانیی ماددەی ھۆشبەر ھەنگاو دەنێن.


لە لێکۆلێنەوەکانی خۆمدا دەرمخستووە کە ئەم ھەژاریی و بێکار یی و جیاوازیییە چینایەتییە لە سەرەکیترین و ٧٥%ی ھۆکارەکانی گیرۆدە بوون بە ماددەی ھۆشبەرە لە لایەن گەنجان و تازە لاوان.


لە ساڵی٢٠٠٨ نرخی ھەر گرەم تریاک ٢٠٩٠ تمەن بووە نرخی ھەر گرەم شیشە شتێک زیاتر لە ٢١،٠٠٠تمەن بووە.ئەم نرخانە لە جادەکانی شاری تاران لەوانە ێادقیە،آزادی،ئیمام حسێن،مەولەوی،ھیلال ئەحمەر.لە ساڵی ٢٠١٢دا نرخی ١گرەم تریاک ٤.٥٠٠تمەن و نرخی ھەر گرەم شیشە٦،٢٠٠تمەنە.


ئەم بەڵایە گەر چی سەرچاوەکەی سیستەمی سەرمایەدارییە،بەڵام پەرەسەندنی ئەم بەڵایە لە ئێراندا کۆماری ئیسلامیە.بەڕێکەوت نیە کە کۆماری ئیسلامی لەڕووی دانیشتوان، خاوەنی زیاترین ڕێژەی تووشبوەکانە بە ماددەی ھۆشبەر لە جیھاندا.


ڕێکخراوی دەوڵەتیی لاوان بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرای کردوە لە خوارەوە بوونی تەمەنی گیرۆدەبوان بە ماددەی ھۆشبەر ڕوو لە زیادبوونە بەجۆرێک کە ڕۆژانە ٣٠٠تازە لاو گیرۆدەی ماددەی ھۆشبەر دەبێت.


لە دەورانی پارێزگاری موحەمەد ڕەزایی ڕەحیمی کە ئێستا جێگری ئەحمەدی نژادی سەرۆک کۆمارە،بە ھاوکاری لەگەڵ حزبی سیاسی_سەربازی سوپای پاسداران پلانێکیان بە ناوی(گیران ئەبابیل) لە کوردستاندا بە کردەوە دەرھێنا تا بەڵکو بتوانن بە گیرۆدەبوونی لاوان بە مادە ھۆشبەرەکان،لاوانی کوردستان لە چوونەسەرەوەی ھەستی ناڕەزایەتی دوربخەنەوە.


بونی بزوتنەوەی شۆرشگێڕانەی خە ڵکی کوردستان و ناڕەزایەتی کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش،وای کردووە کە سەرانی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی نەخشەگەلێکی ئاوا بکێشن.


کارناسی نەخۆشی ئایدزی زانکۆی زانستی پزیشکی کوردستان ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠کەس لە کوردستان بەم نەخۆشیە گیرۆدەن کە شاری سنە بە ٣٦٠کەس و شاری سەقز بە نزیکەی ٥٠ کەس زۆرترین و کەمترین پلەی ڕیزبەندی گیرۆدەبوو بەم نەخۆشیەن.


ئەمڕۆکە ماددەی ھۆشبەری شیشە بە سەرەکیترین و بەربڵاو ترین مادەی ھۆشبەر لە نێوان لاوانی کوردستاندا پەرەی سەندووە کە بۆ نموونە لە شاری سنە نزیکەی ٧تاقیگەی نھێنی دروستکردنی ماددەی ھۆشبەری شیشە و لە شاری مەریوان ٢تاقیگەی بەرھەم ھێنانی ئەم ماددەیە کە ڕۆژانە توانای نزیکەی نیو کیلۆی بەرھەم ھێنانی ئەم ماددەیەی ھەیە،بوونی ھەیە.


ئەمـــڕۆکە لە کۆمەڵگای ئێراندا ڕۆژ لە گەڵ رۆژ نرخی ئەم مادە ھۆشبەرە خەتەرناکانە ھەرزانتر دەبێت کە بۆ نمونە ھەر ١گرەم تریاک لە ساڵی ٢٠٠٩دا ٨٠٠تمەن بوو و ١گرەم شیشە ٢٥،٠٠٠تمەن بوو ئەمڕۆ لە ساڵی ٢٠١٢ھەر ١گرەم شیشە ٧٠٠تمەن و ١گرەم تریاک ٢،٥٠٠تمەنە کە ئەمە نیشانی دەدا کە چۆن دەسەڵات لە کوردستاندا ڕێگا خۆش دەکات کە لاوان بەرەو ئەم بەڵا ماڵوێرانکەرە بڕۆن.


چۆن ئەبێ لەم مەملەکەتە کە پێداویستییەکانی خەڵک ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت،بەڵام بەشێک لە ماددە ھۆشبەرەکان دەتوانرێ بە نرخی کەمتر لە پاکەتە جگەرەیەک دەست بکەوێت.


ئێستا وای لیھاتووە لە کۆمەڵگای کوردستاندا مانگانەی یاریە وەرزشیەکان لە نرخی ماددەی ھۆشبەر زۆر زیاترە و بەھۆی نە بوونی دەرامەت ھەموو کەس ناتوانێت لەم یاریە وەرزشیانە کەڵک وەربگرن.


ئەمانەی کەوا قسەم لەسەر کرد تەنھا نمونەیەکی بچووک لەو کارەساتە کۆمەڵایەتیانەیە کە ئەمڕۆکە کۆمەڵگای ئێران و بەتایبەتی کوردستان پێوەی دەنالێنن.بۆ بەرەنگار بونەوە لەگەڵ ئەم کارەساتە کۆمەڵایەتیە خەڵک ئەبێت بە ھوشیار کردنەوەی خۆیان و دەوروبەرەکانیان و ئاشکرا کردنی سیاسەتە بۆداڕێژراوەکانی دەسەڵاتی ئێران بۆ ئەو کەسانەی کەوا گیرۆدەی ئەم بەڵا مالوێرانکەرە بوون دەبێت ڕێکخراوە سەربەخۆکانی((دژایەتی لەگەڵ ماددەی ھۆشبەر)) لەلایەن خەڵـــــکەوە دروست بکرێت و ئەو کەسانەی بە ماددە ھۆشبەرەکانەوە گیرۆدە بوون، بیانھێنن بۆ ناو ئەم رێکخراوانە و بانگھێشتیان بکەن بەرەو ژیانێکی نوێ و دوور لە ھەر جۆرە کارەسات و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەو جۆرە.


ناڕەزایەتی خەڵک لە دژی بڵاو بوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە گرەوی جەماوەری بوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکدایە کە ئەتوانێت ئەم بەڵا نامرۆڤانەیە کەم بکاتەوە.
 


sirwanpertwnori@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک