١٥\١٠\٢٠١٦
دەسەڵات لەکردنە و
میللەتیش لە مردنە!


شەماڵ عادل سەلیم
ئەمرۆ ئەگەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە هەرێمی بەتەمای خودای پێ
تێپەڕدەبێت بەشێوەیەکی زانستی و مەعریفیانە لێک بدەینەوە دەبینین کە
دەسەڵاتی هەردوو حزب ( پارتی لە زۆنی زەرد ، یەکێتیش لە زۆنی سەوز و
نیلی) بەشێوەیەکی تەواو هەست پێکراو بەرەو تاکڕەوی دەڕوات ورۆژ لەدوای
رۆژیش لەو بەڵێنانەی کە بە هاوڵاتیانیان دابوو پاشگەز دەبنەوە،
گرنگترین پاشگەز بوونەوەش لە بواری دیموکراسیەت و مافی هاوڵاتیان و
بەرتەسکردنی ئازادی تاک و ڕادەربرین و شکاندنی شکۆی مرۆڤەکان خۆی
دەنوێنێت..
هەروەک دەزانین کە دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەڕبڕین و خۆشگوزەرانی و
عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەوئامانجە پیرۆزو ڕەوایانەبوون کە گەلەکەمان لە
پێناو بەدیهێنانیاندا بەهیچ شێوەیەک نەک تەنها کەمتەرخەمی نەکردووە ،
بەڵکو دەریایەک خوێن وهەزاران شەهیدی نازداری لەم رێگایەدا داوە.
بۆیە لە رۆژگارێکی دژوارو ڕەشی وەک ئەمرۆکە هەرێمی بەتەمای خودای پێدا
تێپەڕدەبێت ، خەریکە ئەو ئازادی و ئەو بڕە دیموکراسیەتەی کە هاتبووە
ئاراوە لەپاڵ ئامانج و دەسکەوتە ڕەواکانی دیکەی گەلە ستەمدیدەکەماندا ،
خەریکە بەدەستی دەسەڵاتدارانی کورد و بەهیمەتی کەسانی گەندەڵ و دوور لە
لێپرسراوەتی لەناودەچێت.
سەرەڕای پەیرەوکردنی سیاسەتی برسیکردن و بڕینی مووچەو دزینی داهات و
هەڕاج کردنی کەرتە گشتیەکان و فرۆشتنیان بەکەرتی تایبەتی کە هەژارەکان
هەژارترو دەولەمەندەکان دەولەمەندتردەکات ، دەسەڵاتی کوردی هێزێکی
تۆقێنەرو سەرکوتکەری ( بەلتەجی ) هێناوەتە مەیدان و هەریەکێ داوای مافی
ڕەوای خۆی بکات ، بەبێ سێ ودوو (پەل بەست و شلم کوت )و نان بڕێ دەکەن و
دواتریش شاربەدەری دەکەن.
ئەمرۆ ئەو ناعەدالەتییەی کە لە هەرێمی بەتەمای خودا دەگوزەرێت ، لە
بڕین و پاشەکەوتکردنی مووچە ی فەرمانبەران زۆر گەورەترو خەتەرناک ترە ،
بۆیە هاوڵاتیان هەلەیەکی گەورەدەکەن ، کە داواکارییەکانیان لە
بازنەیەکی بچوک چوارچێوەگیردەکەن ، هەروەک ئەوەی کە کێشەی سەرکی خەڵکی
کوردستان تەنها ( مووچە) یەو بەس...!!
ئەمرۆ هەرێمی بەتەمای خودا لە کابوسێکی زۆر ترسناکدا دەژیت کە ئەویش
کابوسی ( تێکشکاندن و بێدەسەڵات کردنی پرسۆناڵی کوردو، چەسپاندنی
کۆلەکەی تاکڕەوی حزبی فەرماندەو ، قۆرخکردنی دەسەڵات و خنکاندنی ئازدی
ڕادەربڕین و تەسککردنەوەی بنەما سەرکییەکانی مافی مرۆڤە کە لەلایەن (
پارتی و یەکیتییەوە) بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەیرەودەکرێت)...!!
بەواتایەکی دیکە ، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ، نابێتە هۆی چارەسەرکردنی
ئەو کێشە سەرەکیانەی کە ئەمرۆ یەخە و بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووەو خەریکە
لەناویان دەبات ، بۆیە بەبڕاوی من دەبێت داواکاریەکان و خەباتی خەڵک
لەئاست کێشە ترسناک و گەورەکاندا بێت نەک لە چوارچێوەی مووچە قەتیس
بکرێت و( ئاوان بێنەو دەستان بشۆ)...
هەربۆیە دەبێت هەرهەمووان بە جیاوازی دەنگ و ڕەنگەکانمانەوە ڕۆڵی دیارو
بەرچاومان هەبێت و ، خەبات بۆ گەڕاندنەوەی کەڕامەت وئیرادە و بەها و
کەسایەتی و شکۆی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و مافە سەرەکییەکانمان بکەین
،نەک تەنها داوای (مووچە )بکەین کە مافێکی سەرەکی خۆمانە وەک ( خێرو
سەدەقە ) چەند مانگ جارێک ( فیرعەونەکانی هەریمی بەتەمای خودا )
بەسەرمان دابەشی دەکەن ....!!
لە کۆتایدا هەرئەوەندە ماوە بڵێم:
باهەموومان بەیەک دەنگ ڕووبەرووی گەندەڵکاران ببینەوەو هاواربکەین و
بڵێن: (مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە) نابیت و ناکرێت لەوە زیاتر سوکایەتی
بە شکۆی ئازادی و مافە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن...!!
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم
|