| 
			١٠\١١\٢٠١١ 
			دەسەڵات راستەوخۆ 
			بەرپرسە لە دروستکردنی  
			ئەو دۆخەی ھۆکار و 
			پاڵنەری گەنجانە بۆ خۆکوژیی! 
			  
			
  ئامارەکان 
			نیشانی دەدەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا خۆکوشتن لە ناو گەنجانی 
			کوردستان بە شێوەیەک پەرەی سەندووە, بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار و جێی 
			نیگەرانییە. 
			رۆژنامەی رێوان لە ژمارەی (٢٤٣ ی بەرواری ١٦ ی سێپتەمبەری ٢٠١١ 
			سەرژمێریەکی بڵاو کردۆتەوە کە لە ھەشت مانگی رابردوودا (٧١) حاڵەتی 
			خۆکوشتن لە لایەن پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە.
 
			بەپێی ھەواڵەکانی ڕۆژنامەی ئاوێنە تەنھا لە ماوەی ٢ ھەفتەدا لە مانگی 
			ئۆکتۆبەر ی ٢٠١١دا، ٤ گەنج کە تەمەنەکانیان لە ١٤-٢٠ ساڵیدا لە 
			شارەکانی کوردستان خۆیان کوشتتوە.
 
			ھەموو ئاگادار بووین "بەناز جەواد" بەھۆی بێکاری و ھەژاری، وەک 
			ناڕەزایەتی بە دانەمەزراندنی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و گیانی 
			لەدەستدا. زۆرن ئەو بەنازانەی بەسەد قاچ لەم بارودۆخەی ئێستای کوردستان 
			ڕا ئەکەن. ماوەی چەندین ساڵە گەنجانی کوردستان، سەد قاچ قەرز ئەکەن و 
			بە نێو ھەزار ئاگرو چەندین سەرزەمین و سنوری دڕکاوی و مەترسی 
			دەریاکاندا لەم دۆخ و دۆزەخەی کوردستان ڕائەکەن.
 
			ئەم دۆخە فشارێکی ڕاستەوخۆی خستۆتە سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی 
			گەنجان. گەنجان کە ناسکترین و ھەستیارترین توێژی کۆمەڵگان، زۆرترین 
			زیانیان بەرکەوتووە و ئەکەوێت. ھۆکار و پاڵنەری سەرەکی خۆکوژیی گەنجان 
			ئەگەرێتەوە بۆ نائومێدی و ڕەشبینی کە دەرئەنجامی بارودۆخی کوردستان و 
			سەرکوت و بێمافی گەنجان و نەبوونی مافە سەرەتاییەکانی خەڵکە.
 
			خۆکوشتنی گەنجان پەیامی ئەوەمان پێدەدات کە سیستم و دەسەڵاتدارەتی 
			کوردستان لە قەیراندایە. قەیرانێک دوای سەرکوتی خۆپیشاندانی سەراکانی 
			ئازادی دۆخێکی سەرکوتگەرانەی ھێنایە ئاراوە، دۆخێکی نائارام و نالەبار، 
			دۆخێکی قەرەباڵغ بە سیناریۆ و ڕووداوی شێواو. بە واتایەکی تر 
			بارودۆخەکە گەیشتوتە ئاستێک کە زۆربەی کێشەکان بە ھەڵواسراوی و 
			بێچارەسەرکردن ماونەتەوە . خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانییەکی تاقەت 
			پڕوکێن نادیاردا ماونەتەوە ژیان بەسەر ئەبەن.
 
			حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارەتی پارتی و یەکێتی ڕاستەوخۆ 
			بەرپرسن لە دروستکردنی ئەو ھەلومەرجە و پاڵنانی گەنجان بۆ دۆزەخی مەرگ 
			و خۆکوژیی. لێرەدا حکومەت و دەزگا بەرپرسەکان ئەرکیان فەراھەمکردنی 
			پێداویستیە سەرەتاییەکانە بۆ ژیانی گەنجان و مافەکانیان.
 بۆ پێشگرتن بەو دیاردە مەترسیدارەی کە ھەڕەشەیە لەسەر ژیانی گەنجانی 
			کوردستان. ئەم پێداویستی و مافەسەرەتاییانە بە ئەرکێکی دەستبەجێی 
			دەسەڵات دەزانین:
 
			• دەستەبەرکردنی مافە سەرەتاییەکانی لاوان لە خوێندن، کارکردن، 
			مومارەسەکردنی ئارەزووەکانیان لە وەرزش و ھونەر و زانست، ئازادیە 
			تاکەکەسیەکان و فەراھەمکردنی شوێنەکانی سەرگەرمیی و ناوەندەکانی 
			بڕەودان بە تواناکانیان و حەساندنەوەیان.
 • پەیداکردنی کار بۆ لاوانی بێکار، یاخود فەراھەمکردنی بیمەی بێکاریی و 
			بەرنامەی بردنە سەری کارامەیی و توانای لاوان لە بواری کاردا.
 • ئازادی دەربڕین بە ھەموو شیوازەکانیەوە. ھەڵوەشاندنەوەی یاسای 
			خۆپیشاندان، دانانی یاسایەکی نوێ بۆ دابینکردنی ئازادی خۆپیشاندان.
 • کۆتایی ھێنان بە ھەموو جیاوازیەک لە بواری خوێندندا، وەک قبول خاس و 
			تاد... مامەڵەی یەکسان لەگەڵ ھەموو خویندکاران بێ لەبەرچاوگرتنی 
			ئینتیمای سیاسی و حزبی، ئاینی، نەتەوە، ڕەگەز..تاد.
 • کۆتایی ھێنان بە گوشار و ھەڕەشە و ترساندنی ڕۆژنامەنووسان و سزادانی 
			یاسایی ھەموو ئەوانەی ئەشکەنجە و ئازاردانی ڕۆژنامەنووسان و ھاوڵاتیان 
			دەستیان ھەبووە. قەرەبووکردنەوەی ھەموو ئەوانەی دووچاری ئەو جۆرە 
			مامەڵەیە بوون.
 • پاراستنی کەرامەتی گەنجان، کۆتایھێنان بە سوکایەتی، بێڕێزی و شکاندنی 
			کەرامەتی گەنجان لەلایەن دەزگای ئەمنی و حزبیەکانەوە لە شارەکان.
 
 
			رێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
 ١٠\١١\٢٠١١
 serdasht.osman@gmail.com
 
			  
			  
			  |