په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١٠

دەسەڵات و جەماوەر.


ستار محەمەد قادر


دەشێت جەماوەر قەڵاو منارەی هەر دەسەڵاتێک بێت، لە کاتێکدا کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بوونی هەبێت. دەکرێت هەر ئەو جەماوەرەش ببێت بە گەورەترین هێزی نەیارو یاخیش بێت لە دەسەڵات، لە کاتێکدا کە پەراوێز بخرێت!


تاکە ئامراز کە بتوانێت پارسەنگ و بەڵانسی نێوان دەسەڵات و جەماوەر رابگرێت، سیستمی دیمۆکراسییە. هەر کاتێک کە دیمۆکراسییەت بچووکترین خەوشی تێ بکەوێت، بۆ چوون و تەفسیری تر هەم بۆ دەسەڵات و هەمیش بۆ جەماوەر دێتە ئاراوە و دەبێت بە مایەی دابڕان و لێکترازانی دەسەڵات لە جەماوەرو بە پێچەوانەشەوە، بۆیە لە هەر شوێنێک دیمۆکراسی بە شێوەیەکی تەندرووست بوونی هەبێت، جەماوەریش بوون و رۆڵێکی ئەکتیڤ و ئیجابی دەبێت، لە هەر شوێنێکیش دیمۆکراسی بە شێوە تەندرووستەکەی بوونی نەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جەماوەریش بوونێکی ئەکتیڤی نابێت!


دیمۆکراسی بە پێی ئەو پێناسانەی کە کەلتوورە سیاسییەکان پێشکەشیان کردووە، بەو چەشنە سیستمە دەگوترێ، کە خەڵک لە رێی هەڵبژاردنەوە نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن و لەم رووانگەیەوە لە بەرانبەر ستەمکاریی و دەسەڵاتی رەهای تاکە حیزبێک یان حەزو ئارەزووی سەرکردەیەکدا رادەوەستن. دیارە دیمۆکراسییەتیش بە تەنها یەک پێناسە لە خۆی ناگرێت، بەڵکو بە پێی روئیاو دونیا بینی و ئاستی هۆشیاریی گەلان گۆڕانی بە سەردا دێ و لە زۆر شوێن دەشێوێنرێ و لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە تەفسیری لا بەلاو جۆراو جۆری بۆ دەکرێت. هەروەکو چۆن لە هێندێک شوێن چەمکی دەسەڵات پیرۆز کراوە، و کراوە بە ئامانج، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش ئامرازێکە تەنها بۆ خزمەتکردن! بۆیە دەکرێت یپرسین، ئەگەر دەسەڵات "جەماوەر" بە سەرچاوەی هێزو وزەی خۆی دەزانێت، دەکرێت رایەڵی نێوانیان چی بێت و چ شتێک دەبێت بە مایەی پتەو کردنی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان؟ چ شتێکیش ئەو پەیوەندییە بە ئاقارێکی خەرابدا دەبات؟ ئایا دەکرێت هەر لە سەرو بەندی چییەتیی و چۆنییەتی ئەو پەیوەندییەوە چاوەڕوانی دەسکەوتی مەزن و لە هەمان کاتیشیدا ترسناکی لێ بکرێت؟ ئایا دەسەڵات لە کاتێکدا جەماوەر پەراوێز دەکات، رستەیەک، شک دەبات بۆ پاساو هێنانەوەی ئەو پەراوێز کردنەیان؟ دەکرێت بپرسین لەو شوێنانەی کە دیمۆکراسییەت وجوودی نییە، جەماوەر لە چ ئاستێکی ژیاریی و هۆشیاریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیدان؟ ئایا دیمۆکراسییەت لە مناڵدانی دەسەڵاتەوە دێتە دونیاوە؟ یان ئەوە میللەتانن کۆتی ستەمکاری دەشکێنن و چیدی قبووڵی پاشکۆ بوون ناکەن و لە بوونێکی نا ئەکتیڤەوە خۆیان دەگۆڕن بۆ بوونێکی ئەکتیڤ و دەبنە فشارێکی گەورە لە سەر سیستمی دەسەڵات و ئەیدیمۆکراسێنن؟ ئایا جەماوەر بە بێ پرسی دیمۆکراسی ئامرازە یان ئامانج؟ ئاماژە پێکراوە یان ئاماژە پێکەر؟ یان گۆڕان و گەشە کردنی کۆمەڵایەتی لە کام سیستەمدا بەرجەستە دەبێت؟ چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانرێت رۆَڵی جەماوەر کارا بکرێت تا لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیی و سیاسییدا حزووریان هەبێت؟ ئایا دەکرێت حکومەتێکی دیمۆکرات بە بێ بوونیادی هۆشیاریی دیمۆکراسیی بوونی هەبێت؟ یان ئەرک و مافە بنچینەییەکانی سیستمی دیمۆکراسی چین؟ لە کام سیستمدا دەسەڵات و جەماوەر لە ماف و ئەرکدا یەکسان دەبن؟ چۆن دەتوانین پەرە بە هزری سیاسیی بدەین بە بێ فەلسەفەی سیاسیی و گومان خستنە سەر چەمکی دەسەڵات؟ دەکرێت چەمکی دەسەڵات ئاوێتەی بیری ناسیۆنالیستی بکرێت و لەو رووانگەوە گۆڵی بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی لە کۆمەڵانی خەڵک بکرێت؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە رۆژانە بە شێوازی جۆراو جۆر لە هزرماندا لێکیان دەدەینەوەو بە شوێن وەڵامێکی گونجاودا دەگەڕێین، هەروەکو "باختینیش" دەڵێت: بۆ مرۆڤ هیچ شتێک لە نەبوونی وەڵام بۆ ئەو پرسیارانەی کە لە نێو زیهنیدان ترسناکتر نییە!


شتێکی ئاشکرایە ئەمڕۆ ئێمەی کورد لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر هەستیارداین، تاقی کردنەوەیەک ئەگەر بە شێوەیەکی تەندرووست مامەڵەی لە گەڵدا نەکەین، رەنگبێت بە زەرەری زۆر گەورە لێی دەربچین!


هەڵبژاردنی تەمموزی ساڵی رابردوو بوو بە هۆکاری ئەوەی بۆ جارێکی دیکە وا لە دەسەڵاتی کوردی بکات کە بگەڕێتەوە بۆ مەرجەعی خۆیان و داوا لە جەماوەری کوردستان بکات کە دەنگیان پێ بدەن، پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ نێو جەماوەر، پرۆسەیەک نییە تەنها بە کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن کۆتایی بێت، بەڵکو لە هەموو دونیادا دەنگدان بەشێکی پرۆسەکەیەو بەشەکەی دیکەی لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن و پرۆژانەدا خۆی دەبینێتەوە کە لە سەر وەختی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەو جەماوەرە دراون! چونکە ئەگەر بمانەوێت بە راستی دیمۆکرات بین، دەبێت ئەوە لە بەر چاو بگرین کاتێک کە لە سەر وەختی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنێک دەدەین، دەبێت هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیشییان بدەین.


هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بۆ جارێکی دیکە دەبێت بە هۆکاری ئەوەی کە سەرجەم حیزبەکانی نێو گۆڕەپانی عێراق بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتی تیشک بخەنە سەر جەماوەرو بگەڕێنەوە بۆ نێو مەرجەعی خۆیان، بۆیە مادام لە پرۆسەیەکی وەهادا بڕیاری ئەوەل و ئەخیر بە دەستی جەماوەر بێت، دەبێت لە مەو دووا ئەوە بکرێت بە نۆرمێکی سیاسیی کە دەسەڵات بە بێ موجامەلە، دەبێت لە خزمەتی جەماورەدا بێت!

 

 

star_qadr@yahoo.com