٣\٣\٢٠١١
دەسەڵات و
ئۆپۆزیسیۆن ، عەلەشیش و درۆزن.

هیوا رەش
کاتى خۆى توێژینەوەیەکى زانستیم لەمەڕ نەخۆشى درۆ و هۆکارەکانى
خوێندەوە ، کە جۆرەها بۆچوونى جیاى لە خۆ گرتبوو ، من ئەمەیانم لە
هەموویان بە لاوە پەسەندتر بوو ، کە دەڵێت : (( هەندێک خانەى مێشک لە
مرۆڤدا هەن تایبەتن بە چنینى خەیاڵ و شتى ناواقیعى ، ئەم خانانە لە
منداڵدا زۆر چالاکن و بیرکردنەوەى منداڵ بە ئاراستەى دروست کردنى ئەو
خەیاڵانە دەورووژێنێت کە خودى منداڵەکە هەست بە جۆرێک چێژ دەکات لە
دەربڕینى و گێڕانەوەى بۆ دەوروبەرەکەى ، بەشێکى لە حەزێکى شارراوەى
خۆدەرخستن سەرچاوە دەگرێت و پاڵى پێوە دەنێت وەهم دروست بکات و پێى
وایە بڕواى پێ دەکرێ ، بۆ نمونە ، دەڵێت : سەیارەیەکم هەبوو هەزار
تایەى هەبوو ، ئەوەندە تیژ لێم خوڕى کەوتە فڕین و یەکسەر چوومە ناو
مانگەوە ! ، ئەم خانانەى مێشک بە زیاد بوونى تەمەن گەشەى زیاتر دەکات ،
بە گەشە کردنیشى ئەرکەکەى دەگۆڕێ و ئاراستەیەکى دیکە وەردەگرێ و وەکو
پێشوو نامێنێتەوە ، بەڵکو واقیعیانە بە شێوەیەکى ڕاست و ماقوڵ بیر
دەکاتەوە ، بەڵام بەدبەختى هەندێک منداڵ لەوەدایە ئەم خانانە یان وەکو
منداڵیى دەمێننەوە و لە گەشە دەوەستن یان کەم گەشە دەکەن ، بۆیە ئەو
منداڵانە کە گەورەش دەبن قسەى ناواقیعى دەبێتە بەرهەمى بیرکردنەوەیان
کە لە خەیاڵ و ناڕاستییەوە نزیکە نەک لە ڕاستییەوە ، جا ئەم جۆرە
کەسانە کە گەورە دەبن بە درۆزن دەناسرێن و کۆمەڵگاش حوکمى خراپیان
بەسەردا دەدا و زۆرجاران بۆ ڕابواردنى کات سەر دەنێنە سەریان و پێشیان
دەڵێن – درۆزن – و لەم جۆرە پیاوانە بە زۆرى لە سەرکردایەتى و
ڕاگەیاندن و میدیاکان دا لە بەرەى زۆرداریى جێگە خۆش دەکەن و سەرقاڵى
هێرش بردنە سەر خەڵک و پیاهەڵدانى حیزب و سەرکردەکانن .
ئەم دەسەڵاتدارانەى ئێستاى شار و جارانیى شاخ نزیکەى نیوسەدەیە ،
سیاسەتى ناجێگیر ، سترتیژى نادیار ، دروشمى بریقەدار ، بەڵێنى بێبنەما
، بەهەشتى پڕ نادادپەروەریى ، دیموکراسیەتى زاخاو بە دیکتاتۆریەت ،
مافى مرۆڤى تەژى لە دیل کوشتن و بێسەر و شوێنکردن ، خیانەت و
نیشتمانپەروەرى تێکەڵکردن ، ناو و ناتۆرە و یەکتر تۆمەتبار کردن ،
دەساودەسکردنى دەسەڵات و کورسى داگیر کردن ، دەسەڵاتى مەدەنى بە
بنەماڵە ئاوێتە بوو ، شەفافیەت و بودجەى نادیار پێکەوە بەستن ، حکومەتى
تەکنۆکراتى لێوان لێو لە پیاوانى حیزبیى بێبڕوانامە و کۆنگرەى
ڕۆژنامەنووسیى بە درۆ بەڕێ کردن --- نزیکەى نیوسەدەیە ئەم درۆیانەمان
بۆ دەکەن و ئێمەش سەریان بۆ دەلەقێنین ، دوا درۆ و دوا تۆمەت و دوا
تاوانیان ، ناساندنى خەڵکى توڕە و ناڕازى لە درۆ بوو ، تاوانبار
کردنیان بوو بە ئاژاوەچى و گێرەشێوێن ، ئەو ئاژاوەچى و گێرەشێوێنانەى
بە دەنگى بڵند هاتنە مەیدان و پێیان گوتن : بەسە تاکەى درۆمان لەگەڵدا
دەکەن ، بەسە و تاکەى داهاتمان بە تاڵان دەبەن ، بەسە و تاکەى بێکار و
بێدەرەتان و بێخزمەت و بێئاو و بێکارەبامان دەکەن ؟ ! بەسە و تاکەى
نیشتمانەکەمان لەسەر خۆتان تاپۆ دەکەن ، سەیرەکە لەوەدایە هێندە درۆیان
کردووە هەست بە درۆکانى خۆیان ناکەن ، بۆیە لە ستۆپ کردنى جەماوەر لە
درۆکانیان چەک و چەکدارى درۆیینەى خۆیان جوڵاند ، ئەو چەک و چەکدارانەى
بە درۆ گوایە بۆ پاراستنى نیشتمان پێکەوەیان ناوە ، پێیان ناخۆش بوو
ڕێگە لە درۆکانیان بگرین ، بۆیە لە باتى بەرگرتن لە دەسدرێژیى جەندرمە
و پاسدار ڕوویان بەرەو لاى ئێمە وەرچەرخاند .
ئەو درۆزنانە بە درۆیەکى تاوانئاسا متمانەى خۆیان بە تەواوى لە دەستدا
، دوادێڕى پەیامى درۆزنانەى خۆیان بە گوێماندا دادا ، ئەو درۆزنە
بێویژدان و زۆردارانە بە درێژایى ژیانیان یەک کارى باشیان ئەنجام دا ،
ئەو درۆزنانە بە درۆکانیان ڕاستییەکیان نیشانمان دا ، پێیان ڕاگەیاندین
و ووتیان بەس ئێمە – درۆزن – نین ، ئەوەتا گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش
وەکو ئێمەن و بە دواى ئێمەدا وەکو عەلەشیش ئەعوولێنن و پێتان دەڵێن :
ئاژاوەچى و گێرەشێوێن .
ئێمە وامانزانى ئەوە تەنها دوادرۆى ئۆپۆزیسیۆن ( گۆڕان و کۆمەڵ و
یەکگرتوو ) ە ، نەمانزانى بە دواى ئەوەدا بە درۆ پشتیوانیشمان دەکەن ،
بە درۆ فرمێسکى تیمساحیش بۆ ئەو شەهیدانەمان دەڕێژن کە تا ئێستا لە
ڕاگەیاندنەکانیانەوە بە – کوژراو – ناویان دەبەن ، هەر بە درۆش بەسەر
بەرماڵێکى مۆرەوە سەراى ئازادى دەکەن بە حوجرە و نوێژى تێدا دادەبەستن
، بە درۆ ناڕەزایەتى جەماوەر بە جیهاد پیشانى دنیا دەدەن و کۆمەڵێک (
سیاسى ، بیرمەند ، فەیلەسوف ، ڕۆشنبیر ، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکار ) ى
درۆزنیش بەرهەم دەهێنن !
لە دیدگەى درۆزنەکانەوە جەماوەرى ناڕازى ( ئاژاوەچى و گێرەشێوێنن ) ،
جەماوەریش ئەو ڕەشوڕووت و بێچەک و ئازادیخوازانەن کە عەرشى
دیکتاتۆرەکان دەلەرزێنن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|