١٥\١٠\٢٠١٠
دەسەڵات،
خەونە گەورەکەى حیزبە ئیسلامییەکان.

راپۆرتى شیکارى: شاخەوان برایم عەبدوڵا
لەناوەڕاستى هەشتاکاندا، رەوتێکى ئیسلامى سیاسى کە درێژە پێدەرى "ئیخوان
مسلمین"
بوو بەناوى"بزوتنەوەى ئیسلامى لە کوردستانى عێراق" دروست بوو
بەسەرۆکایەتى شێخ "عوسمان عەبدولعەزیز"و دوابەدواى راپەڕینەکەى خەڵکى
کوردستانیش، ئیدى رەوتى دیکەى ئیسلامى سیاسى لە کوردستاندا دامەزران و
دیارترینیشیان "یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان" بوو کە لەساڵى 1994 لەشارى
هەولێر خۆى راگەیاندو ئەوەبوو دواتریش"نەهزەى ئیسلامى"بەسەرۆکایەتى "سدیق
عەبدولعەزیز" دروست بوو کە بەقسەى هەندێک لە ئیسلامییە سیاسییەکان بێت،
ئەم حیزبە واتە نەهزەى ئیسلامى سەرەتا لایەنگرى بزووتنەوەى ئیسلامى
بوون و لەژێر کاریگەرى هەیمەنەى ئەو حیزبەدا جموجۆڵیان هەبوو، بەڵام لە
ئەرزى واقیعدا ئەو حیزبە نەیتوانى کاریگەرى بەسەر کۆمەڵگەوە هەبێت
بەبەراورد لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکانى دیکەدا و ئەوەبوو دواتر بێلایەنى
خۆیان هەڵبژارد. ئەو رەوتە ئیسلامییانە هەڵسان بەدامەزراندنى چەندان
دەزگەى میدیایی و ئێستاکەش هەم بەشدارى دەسەڵات دەکەن و هەمیش
ئۆپۆزسیۆن بوونى خۆیان راگەیاندووەو بەردەوامیش بەتایبەتى "یەکگرتووى
ئیسلامى کوردستان"ئیش لەسەر گرتنەدەستى دەسەڵات دەکەن و بانگەشەى
دیموکراسی بوون بەگوێى خەڵکى کوردستاندا دەدەن و لەبەرانبەریشدا بەشێک
لە رۆشنبیران و نووسەرانی کوردیش ئەوە بەدوور دەزانن کە حیزبە
ئیسلامییەکان بروایان بەئازادى رادەربڕین و دیموکراسییەوە هەبێت، بەڵکو
پێیانوایە بانگەشەیەکى لەم جۆرە، لەلایەن ئیسلامییەکانەوە تەنیا مەبەست
لێى گەیشتن بەدەسەڵاتەو خەونى پۆست و ئیمتیازى سیاسى و کۆمەڵایەتى و
ئایینى لەپشتەوەیەو لەبەرانبەریشدا ئیسلامییەکان گرتنەدەستى دەسەڵات
بەمافێکى خۆیان دەزانن و حیزب و رۆشنبیرە عەلمانییەکانیش گرتنەدەستى
دەسەڵات لەلایەن ئیسلامییەکانەوە بەترسناک دەزانن لەسەر ئایندەى
پێشکەوتن و نەتەوەیی کۆمەڵگەى کوردستانیدا.
خەونى گەیشتن بە دەسەڵات.
ئیسلامییەکانى کوردستان، لەمێژووى دروستبوونیانەوە تاوەکو ئێستاکە
خاوەنى پرۆژەیەکى ئەوتۆ نەبوونە بۆ پێشکەوتن و خزمەتکردنى ئایینى
ئیسلام، تەنانەت لەبڕى ئەوەى ببنە ئامرازێک بۆ پێشکەوتنى ئیسلام،
بەپێچەوانەوە ئیسلامییان کردۆتە ئامراز بۆ وەرگرتنى پۆست و فراوانکردنى
پێگەى جەماوەرى خۆیان، تا لەرێگەیەوە خەونەکانیان بهێننەدى کە خەونى
گەیشتن بووە بەدەسەڵات و پیادەکردنى سیستەمێکى حوکمڕانى داخراوو شمولى
هاوشێوەى ئەفغانستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران و پاکستان، ئەم رەوتە
ئیسلامییە سیاسییانە بەرەچاوکردن و خوێندنەوەى هەلومەرجى ئایینى و
ئاستى هوشیارى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردستانى، ئایینى ئیسلامییان کردۆتە
چەقى ئیشکردن و لەم ڕێگەیەوە توانیویانە چەواشەکارى بەناوى ئایینەوە
بەرپا بکەن لەپێناوى بەرژەوەندییە کەسێتى و حیزبییەکانیانەوە. کامیل
مەحمود، نووسەر و رووناکبیر بۆچوونى وایە کە حیزبە ئیسلامییەکانى
کوردستان، کاریگەرى ئایینیان بەسەرەوە نەماوەو سەرکردە ئیسلامییەکانیش،
شەڕى بەرژەوەندى و بەدەستهێنانى پۆست دەکەن. لێرەدا ئەوەمان بۆ
دەردەکەوێت کە حیزبە ئیسلامییەکان، هێندەى لە خەمى گەیشتن بەدەسەڵات و
وەرگرتنى پۆستى حیزبى و حکومیدان، ئەوەندە لەخەمى ئایین و
کۆمەڵگەکەیاندانین، ئەگەرچى بەردەوام رەخنە لە دەسەڵات دەگرن، بەڵام
ئەزموونى بەشداریکردنیان لە حکومەتى کوردستاندا، ئەوەى دەرخستووە کە
حیزبە ئیسلامییەکان، خاوەنى پرۆژەیەکى ئەوتۆ نەبوونە بۆ خزمەتکردنى
تاکى کورد، بەڵکو ئەوەى کە کردویانە بەشێوە گشتییەکەى زیانى بۆ کۆمەڵگە
هەبووە چ لەرووى بەرتەسککردنەوەى ئازادى رادەربڕین و هەڕەشەو فەتواى
کوشتن و شێواندنى ئایین لەپێناوى مەسەلە سیاسى و حیزبییەکانیانەوە، لەم
بارەیەوەش کامیل مەحمود، هەمان بۆچوونى هەیەو ئەویش حیزبە ئیسلامییەکان
بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەناو ریزەکانیاندا هیچ شتێک بەناوى پرۆژە
بوونى نییەو کاریگەرى ئایین و عەقیدە لە ئاستێکى نزمدایە.
زۆرێک لە ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن لەوەى کە حیزبە ئیسلامییەکانى
کوردستان، لەجەوهەر و بیرکردنەوەیاندا خاوەنى عەقڵێکى خۆماڵى نین و
کاریگەرى ئیخوانییەکان و قاعیدەو کۆمارى ئیسلامى ئێران و تاڵیبان و
کۆمەڵى ئیسلامى پاکستانى و تەنانەت جەزائیریشیان بەسەرەوەیەو دواى
گەیشتن بەدەسەڵات، ئیدى هەمان مۆدێلى حوکمڕانى ئەوانە بەسەر کوردستاندا
دەسەپێنن و باکیان بە بنەماکانى دیموکراسى و ئازادى رادەربرینەوە نییە
هەر هێندە دەستیان لە کورسى دەسەڵات گیربوو ئینجا بەرنامەو پلانە
دواکەوتوو و ئایینییەکان بەسەر کۆمەڵگەدا فەرز دەکەن تا ئەو ئاستەى
کەسانى دوور لەوان نەتوانێت لەژێر سایەى حوکمڕانیاندا بژیەت و ئیدى
کارەساتەکان لەوێوە دەست پێدەکەن.
ئیسلامییەکان لەبەرانبەر شەپۆلەکانى دیموکراسیدا.
گەرچى زۆربەى کات، ئیسلامییەکانى کوردستان، لەقۆناغێکى وادا کە بۆ
ئەوان بەقۆناغى هەوڵدان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات هەژمار دەکرێت، بانگەشەى
دیموکراسى و ئازادى رادەربڕین دەکەن، بەڵام لەجەوهەردا ئەو رەوتانە
باوەڕیان بەئازادى رادەربڕین و بنەماکانى دیموکراسى نییەو بەپێچەوانەوە
ئایین و بەرنامەکانى خۆیان دەکەنە چەقى هەموو شتەکان و قەبووڵى هیچ
بیروڕایەکى جیاوازتر ناکەن و تەنانەت هەوڵى دروستکردنى فەوزاو پەشێوی
سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابووری و پەروەردەییش دەدەن لەپێناوى بەرژەوەندى
حیزبەکانیان و تەنیا بۆ ڕێگرى لەم بۆچوونە جیدییانەى کە رەوتەکەیان
دەخاتە ژێر پرسیارى جیدى و گومان لەسەر ئەجێنداى سیاسییان دروست دەکات.
لەم بارەیەوە نووسەر ئیبراهیم.ع. رواندزى، لەوتارێکیدا کە لەژمارەى
455ى هاوڵاتیدا بڵاوکراوەتەوە، گوتویەتى پارتە ئیسلامییە سیاسییەکان،
خۆیان بەتاکە پارتى ڕێگەى خواوەندو رزگاربووى رۆژى دوایی هەژمار دەکەن
و خۆیان بەهەڵگرى ئاڵاى ئیسلام و خواداناسى دەدەنە قەڵەم.
کەواتە عەقڵییەتێکى لەم جۆرە، لەگەڵ بنەماکانى دیموکراسی و ئازادى
رادەربڕیندا یەک ناگرێتەوەو خودى دیموکراسییەتیش لەگەڵ رەوتێکى لەم
شێوەیەدا دەکەوێتە ململانێیەکى سەختەوە، نموونەشمان دەرکردنى فەتواى
کوشتن بۆ نووسەر مەریوان هەڵەبجەیی و چەندان نووسەری دیکەش کە قسەیان
لەسەر ئیسلام و رەوتە ئیسلامییەکان کردووەو ئەو فەوزایەى کە لەسەر
گۆڤارى وێران هێنایانە ئارایەوەو هەروەها جنێودان و قسەى دوور لەبەها
رەوشتى و ئەخڵاقییە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن مەلا ئیسلامییە
سیاسیەکانەوە ئاراستەى خاتوو"کەژاڵ ئادەمى" کرا کە بەئاشکرا هاندانى
کوشتنى تێدا رەنگى دابۆیەوە لەسەر قسەیەکى ئاسایی کە لەهەفتەنامەیەکدا
کردبووى، چاودێریکردنى تەواوى هۆکارەکانى میدیای کوردستانى لەکارەکانى
ئەوانەو هەرکە یەکێک قسەیەک بکات و راستەوخۆ لەڕێگەى میدیاو
مەلاکانیانەوە هێرشى دەکەنە سەر بەمەبەستى دروستکردنى فەوزاو نانەوەى
توندوتیژى سیاسى و کۆمەڵایەتى کە ئەمەش لەپێناوى خەونى گەیشتن
بەدەسەڵاتە.
کۆمەڵگە لەچنگى حوکمڕانى ئیسلامییەکاندا.
هەرکە ناوى ئەفغانسان دەهێنین، راستەوخۆ حوکمى ئیسلامییەکانمان
بیردەکەوێتەوە کە بوونەتە هۆى نانەوەى دووبەرەکى و دواکەوتوویی
کۆمەڵگەى ئەفغانستان و تەنانەت مەسەلەى کردە تیرۆریستییە
جیهانییەکانیشدا، ئیسلامییەکانى کوردستان لە ئەجێنداو ناواخنى
بیرکردنەوەیاندا لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەکانى دونیادا جیاوازیییەکى ئەوتۆ
لەنێوانیاندا نابینرێت، ئەوەى کە جیاوازى دەخاتە نێوانیانەوە ئەوەیە کە
هێشتاکە حوکمڕانى کوردستانیان نەکەوتۆتە دەستەوە، هەرکە ئەم خەونەیان
هاتەدى، ئیدى نموونەى ئەفغانسان و سوودان و جەزائیر بەچاوى خۆمانەوە
دەبینین. ئەوە ئیسلامییەکان بوون پێشمەرگەى کوردستانیان بەدیلى
گوللەباران کردو تێزابیان بەئافرەتى کورد داکردو فەتواى کوشتن و
هەڕەشەیان لەچەندان نووسەر و رۆشنبیرى کورد کرد، ئەوە ئیسلامییەکانى
کوردستانن بەبەرنامە ئیش لەسەر گواستنەوەى کولتوورو بەرنامەى سیاسى
کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکەن لەڕێگەى پەخشکردن و نیشاندانى بەرنامەو
دراما ئایینییە داخراوەکاندا. نووسەر و رەخنەگرى کورد "بەختیار عەلى"
لە یەکێک لە دیمانەکانیدا لەبارەى ئیسلامییەکانى کوردستانەوە بۆچوونى
خۆى تەرحکردووەو بەئاشکرا دەڵێت: من دەتوانم لەژێر سایەى حوکمڕانى
پارتى و یەکێتی بژیم، بەڵام ناتوانم لەژێر سایەى سیستەمێکدا بژیم،
شیعرم لێ قەدەغە بکات و ڕیشم پێ بهێڵێتەوەو بەزۆر حیجاب بکاتە سەر
کچەکەم و چۆنێتى جلى خێزانەکەم دیاری بکات و مەکتەب بگۆڕێتەوە سەر
حوجرەى کۆن. ئەمانە قسەگەلێکى جیدین لەلایەن پیاوێکى هوشیارەوە لەبارەى
حیزبە ئیسلامییەکانەوە دەیکات و ترسى لە گەیشتن بەدەسەڵاتى ئەو تەیارە
ئیسلامییانە هەیە کە ئازادییە کەسێتى و چەمکەکانى دونیاى هاوچەرخ
بگۆڕێتەوە بە کۆمەڵێک شتگەلى کۆنى بەسەرچوو کە زۆر دەمێکە بایەخى
شارستانیانەى لەدەستداوە، ئاشکرایە لەسەرەتاى گرتنەدەستى دەسەڵاتدا
لەلایەن ئیسلامییەکانەوە ئیدى کۆمەڵگەى کوردى دووچارى دواکەوتوویی و
ستەمکارى کۆمەڵایەتى دەبێتەوە بەهۆى حوکمکردنى ئەو رەوتە ئیسلامییەى
کۆمەڵگە بۆ خاڵە سەرەتاییەکان دەگەڕێننەوەو ئازادییەکانى تاک بۆ
بەرژەوەندى و پێگەى خۆیان بەر تەسکدەکەنەوە.
ململانێى سەرکردە ئیسلامییەکان.
لەناو ریزەکانى حیزبە ئیسلامییەکاندا، بەتایبەتى لەئاستى سەرکردایەتى و
مەکتەب سیاسییەکانەوە ململانێیەکى ئاڵۆز هەیە لەسەر پۆست و وەرگرتنى
ئیمتیازاتى زیاتر چ لەناو ریزەکانى حیزبدا و چ لەناو حکومەتدا، دەست
لەکارکێشانەوەى هادى عەلى، سکرتێرى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى
کوردستان و ناکۆکى لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدینى ئەمیندارى گشتى
یەکگرتووى ئیسلامى لەسەر دەسەڵات و ئەفکارى جیاواز دیارترین ئاماژەیە
لەوەى ململانێ و ئاڵۆزییەکى یەکجار زۆر هەیە لەناو حیزبە
ئیسلامییەکاندا لەسەر مەسەلەى پۆست و ئیمتیازات و بۆچوونى جیاواز کە
بەرژەوەندى ماددى ڕێگربووە لەدەرکەوتنى کێشەى لەم جۆرەدا، بەپێى هەندێ
زانیارى میدیایی و کەسى، پێشبینى دەکرێت لەلایەن هادى عەلییەوە حیزبێکى
دیکەى ئیسلامى لەبڕى یەکگرتوو دامەزرێت و رەنگە نفوزى یەکگرتوو تا
ئاستێکى زۆر فەشەل پێ بهێنێت، چونکە ئەو سکرتێرەى مەکتەبى سیاسى
یەکگرتوو لەناو ریزەکانى یەکگرتوودا خاوەنى پێگەو جەماوەرى خۆیەتى و
دەکرێت باڵى سەلاحەدین بەهائەدین بەگرنگییەوە تەماشاى بکەن.
ماڵپهڕی
شاخهوان برایم عهبدوڵا
|