٢٧\٢\٢٠١٩
دەستگیرکراوانی
بادینان بە زووترین کات ئازاد بکەن.
رۆژی
٢٣ی کانوونی دووەم فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لە دوو بۆردوومانی
جیاوازادا لە گەلی رەشاڤە (کەمەری ئامێدی) لە ناحیەی دیرەلوکی سەربە
قەزای ئامێدی شەش ھاوڵاتی ناوچەکەیان کردە قوربانی. ئەو شەش ھاوڵاتییە
کە بەمەبەستی ڕاوە ماسی چووبونە ئەو ناوچەیە ، لەو بۆردومانەدا چواریان
گیاننیان بەخت کرد و ە دووانیان برینداربوون.
لەکاتی مەراسیمی ناشتنەکەیاندا ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیانی ناوجەکە ،
جگە لە کەس وکاری قوربانیان بەشداریانکرد. لەدوای ناشتنی تەرمەکانیان،
گەنجانی ناوچەکە بە خۆپیشاندان بەرەو بنکەی سەربازی (سیرێ) کە لە
کۆمەڵگەی سیرێیە بەڕێکەوتن.
سەربازانی ناو بنکە سەربازیەکە بەبێ ئەوەی ھیج بەھایەک بۆ خەڵکی
ناوجەکە دابنێن، تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن و لە ئاکامدا حەووت
ھاووڵاتی بریندار دەبێت و یەکێکیش گیانی بەخت دەکات کە تا ئێستاش ھیج
کەس لەوانەی کە تەقەیان کردووە بەسەر خۆپیشاندەراندا، لێپرسینەوەیان
بەرامبەر نەکراوە ئەمە لەکاتێکدایە ئەرکی سەرەکی دامودەزگای دەوڵەتی
پاراستنی ھاووڵاتیانی خۆیە بەرامبەر بە ھێزێکی دەرەکی, بەلام
بەپێجەوانەوە ھێزە ئەمنیەکانی حکومەتی ھەریمی کوردستان چەندین ھاوولاتی
لە خۆپیشاندەران دەسبەسەر دەکەن.
رۆژی ١١ی شوبات دادگای دھۆک بڕیاری مانەوەی چەند کەس لە
دەستبەسەرکراوەکان درێژ دەکاتەوە کە چەندین کەسیان گواسترانەوە بۆ
دادگای دیرەلوک بە ھۆکاری “تایبەتمەندی شوێن” وە دۆسییەی شەش
دەستگیرکراوی تر بە ناوەکانی شێروان شێروانی ، تاکوور زەردەشتی، رێکان
رەشید، ئەیاز کەرەم وموستەفا بامەڕنی ، بە ناوی ئاردال زاخویی لە
دادگای دھۆک ھێشتراونەتەوە.
بەپێیی زانیاریەکان لە میدیاکانی باشووری کوردستانەوە بریار وایە ئەم
دەستبەسەرکراوەانە بە ماددەی ١٥٦ی سزادانی عێراقی کە “خیانەتی
نیشتیمانی و تێکدانی ئاسایشی وڵات”ە و سزاکەی “لەسێدارەدان”ە حوکم
بدرێن. لە کاتێکدا ئەو دەستبەسەرکراوەانە دژ بەو سوپای تورکیا لە
ھەرێمیی کوردوستان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە کە بۆتە مەترسی بۆسەر ژیان و
ئاسایشی خەڵکی ناوجەکە وە بە پێ ئامارەکان لە ماوەی تەنیا چوارساڵی
رابردوو ٨٢٣ جار ھەرێمی کوردستان لە رێگای فڕۆکە و تۆپخانەکانی
تورکیاوە بۆردوومان کراوە وە زیاتر لە ٢٠ھاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە.
بۆیە دۆسیەی ئەو چەند کەسە دەستبەسەرکراوەانە کراونەتە دۆسیەیەکی سیاسی
و رێچکەی یاسایان نیە، لە راستیدا دەبوو ئەو چەند دەستبەسەرکراوەانە کە
لە خۆپیشاندەرەکە بشداریان کەردوە بە پێ یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠ی
رێکخستنی خۆپیشاندان مامەڵەیان لەگەڵ بکردرایت و ئەو شەش
دەستبەسەرکراوەانە دھۆک کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدارنەبوون ھەر لە
سەرەتاوە دەسبەسەر نەدەبون.
بە پێی یاسای ژمارە دەی ئاسایشی نیشتمانی عیراق و ھەریمی کوردستان و
یاسا بنەرەتیەکانی مافی مروڤ وەکو بەندەکانی ١٠، ١٨، ١٩ ، ٢١ ، ٢٧ کە
بە روونی باس لە مافی بەشدار بوونی ھاوونیشتمانیان لە کۆر و کۆمەڵدا
دەکات، کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی کونگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا
لە حکومەت و دەستگای داددی ھەریمی کوردستان ئەکات کە بە زووترین کات
بەندەکانی مافی مرۆڤ لەبەر چاو بگرێت و ئەو دەسبەسەرکراوانە بە بێ مەرج
ئازاد بکات.
ھەر وەھا کۆمیتەی چاودێری مافەکانی مروڤی ک ن ک داوا لە ھاونیشتمانیانی
باشوری کوردوستان دەکات کە نەھیڵن مافە بنەرەتیەکانیان لە لایەن ھیج
دەستگایکی ئەمنی و سیایسەوە پێشێل بکریت، وە بۆ سیستەمیکی شارستانی و
دادپەروەرانە کە مافەکانی مرۆڤی تیدا گونجا بێت و شایانی ژیانی
ھاونیشتمانیانی باشوری کوردستان بێت، تێکوشانی ھەمەلایانە بکەن.
کۆمیتەی چاودێریی مافەکانی مروڤی
کۆنگرەی نەتەوەەیی کوردستان
٢٢\٢\٢٠١٩
komitayamafimiriovknk@gmail.com
|