١١\٢\٢٠١١
دەشێ فۆرمى نوێى
داستان، رۆمان بێ.

غەمگین بۆڵى
سەرەتا رۆمان لەچەمکەکانى ترى ئەدەبەوە سەرچاوەى گرتووە، هەمووشییان
لەئەدەبیاتى داستانە کۆنەکانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەواتایەکى ئاسانتر
، داستانەکان سەرەتاى ئەدەبیاتن ، هەم وەکوداستانە تۆمارکراوەکان و
هەمیش وەک داستانە بڵاو کراوەکانى وەک (کۆمیدیاى خودایى ) و( ئەلیادە)
و (فەتحى قودس) و ( ئەلسەید) ە، دەشێت ئاماژە بەوە بدەین کە
ڕونگدانەوەى باگراوندە کلا سیزمییەکان و کلاسیکییەکان ئەدەبیاتى
داستانى لێ کەوتبێتەوە ، هەنووکەش ڕۆمان ، لە روى وێناندنى
رووداوگەلەکاندا جوایەزى بوونى هەیە ، چۆن رۆمان رووبەروى وێنەگەلى
نوێمان دەکاتەوە ، وەلێ داستان زیاتر لەوێنەگەلى کۆندا دەخولێتەوە ،
دەلوێت ئەم گریمانە بۆ تەواوى جوایەزبوونى رۆمان لە داستاندا ، یاخود
داستان لە رۆماندا وەربگرین.
لە دەستپێکى سەدە کۆنەکاندا ڕۆمان جۆرێک نەبووە لە ئەدەب ، وەلێ داستان
هەرلە سەرەتاوە تەواو پرۆسەیەکى ئەدەبى بووە ، واتە داستا ن ئەدەبێکى
کۆن و کلاسیکى بووە ، بەڵگەش بۆئەمە ، لە ئەدەبیاتى داستاندا شانۆ و
شیعر و تێکست و پەخشان و قسەى نەستەق و چیرۆک و وتە و فۆلکلۆر و... هتد
، بوونیان هەبووە و دواتر چوونەتە پرۆسەى بە قالببوون و بە کولتوورکردن
لە ئەدەبیاتدا ،لێرەدا ناشێت باز بەسەر رۆڵى کەسایەتییەکانى نێوان
داستان و رۆماندا بدەین ، کە داستان کەسایەتییەکانى ناوى جێگیرن و
خاوەن کەسایەتییەکى پایەدار و شیاوبووە ، بەبەردەوامبوونیشەوە هەروا
ماوەتەوە بەدرێژایى مێژووى ئەدەبیاتى داستانەوە ، وەلێ رۆمان
کەسایەتییەکانى ناجێگیرن و رۆڵى کەسایەتى لە ناو رۆماندا فرە لایەنن و
هەمیشە ئاڵوو گۆڕى پێدەکرێت ، بۆئەوەى هەمبانەى قسەکانمان پڕبێ لە
جوانیناسى لەم نێوەندەدا ، زۆر جار خاڵێکى هاوبەش لە نێوانیاندا هەبووە
، چیرۆکێک لەم نێوەندەدا هەبووە کە لە ئەدەبیاتى زووەوە لە ئەم دەم بۆ
ئەم دەم گواستراوەتەوە ، کەواتە لە تەواوى شیکارییەکانماندا و
بەراوردەکارییەکان لە مێژووى نێوان داستان و ڕۆماندا ئەوەمان بۆ ڕاڤە
دەبێ ، کەوا فۆرمى نوێى داستانە کۆنەکان ،ڕۆمانەکانن، یاخود لە دەر
ئەنجامى خۆنوێکردنەوەى داستاندا ڕۆمان سەرى هەڵدابێ.
جۆرەکانى ئەدەبیات هەرچەند زۆر و جوایەزبن ، لە ئەزەلدا جۆرە ێک لە
یەکبوون لێکییان کۆدەکاتەوە ، زۆر جار ئەمە لە دواماهى
بەریەککەوتنیشیاندا شتێک تەواوى ڕەنگە ڕژاوەکان تێکەڵ دەکات ، کە
ئەدەبە ، ئەدەبیش لە دیدگایەکەوە هەڵوێستە بەرامبەر تەواوى شتەکانى
دەورووبەرمان ، هەڵوێستەکانیش رێگەى جوایەزییان گەرەکبووە ، شتێک نییە
لە ئەزەلییەتى نووسیندا پرۆسەیەکى دابراو و لەت لەت بێ ، بەمانایەکى
ئاسانتر ، لە هەقیقەتى ئەدەبیاتدا شتێک بەدەرنییە لە ئەدەب ،هەموویان
لە ئەدەبەوە سەرچاوە دەگرن ،دواترهەریەک بە جۆرێ رێچکەیى خۆى وەردەگرێت
، ئەدەبیاتیش بەدرێژایى مێژووى مرۆبوون و بە کولتووربوون لەدیدگایەکى
ئەکتیڤەوە هەڵوێست بووە ، بۆیە نووسەر ئەگەر هەڵوێستى نەبوو
نووسینەکانى بە مردووى لە دایک دەبن ، ئەوە نووسەرى جوانبینە رێگەو
ستایلى نووسینەکان ئاڵوگۆڕ پێدەکات ، بە هۆکارگەلى هەڵوێستەکانەوە ،
واتە ئێمە دەتوانین فرینى پەپوولەیەک بەسەر گوڵێکەوە ، یان هەڵزنانى
مێروولەیەک بەسەر دیوارێکەوە ، هەم لە تابلۆى ڕۆماندا ، هەمیش لە
تابلۆى داستاندا وێنا بکەین ،وەلێ هەریەکەو لە بەرگ و ستایل و شێوازى
خۆیدا ،ئەو پرسیارگەلانە لێرەدا لێمان قووت دەبنەوە ،کە ئایا لە فۆرمى
نوێى داستاندا شتێک هەیە بەناوى ڕۆمانى هاو چەرخەوە؟، رۆمانى هاو چەرخ
چۆن سەرى هەڵدا ؟، ئەو کاریگەرییانە کامانە
بوون کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ کارییان کردە سەر نووسینى رۆمان ؟، دەشێت
هەموو پرسیارەکان لەم تەفسیرە کورتەدا راڤە بکەین ، کە هەرچەندە
قسەکردن لە بارەى تەوەرێکى وەها دا پێویستى بە قسەکردن و راگەکردنى
زیاتر هەیە ، وەلێ ئەوە تەنیا باسێکى کورتکراوەى ئەم تەوەرەیە و
دەستنیشانکردنى پرسە گرینگەکانى نێوان ئەدەبیاتى داستان و ئەدەبیاتى
رۆمانە.
ماڵپهڕی غهمگین بۆڵی
|