٢٥\٧\٢٠١٥
دەستداماڵینی
سیاسەت لە ئاین و پێویستی رێنسانسێکی سۆشیالیستی!

حەمیدی تەقوایی |

وەرگێڕانی لە فارسییەوە:
کاوە عومەر |
چەند خاڵێک دەربارەی رەخنەی
سیاسی و عەقیدەیی لە مەزهەب.
پرۆژەیاسای کۆیلایەتی سێکسی ژنان کە لە ژێر ناوی پرۆژەیاسای
پارێزگاریکردن لە خێزان لە پەرلەمان پێشکەشکراوە، جارێکی تر ئەوپەڕی
کۆنەپەرستی و قێزەونی ودڕندەیی ئاین نمایش دەکاتەوە. هێچ کۆمەڵگەیەک
بەبێ ئازادی ژنان ئازاد نیە وە پرۆژەیاسای کۆیلایەتی سێکسی ژنان لە
ڕاستیدا بەڵگەی کۆیلایەتی هەموو کۆمەڵگەی ئێرانە لە ژێر دەسەڵاتی
سەدەکانی ناوەڕاستی کۆماری ئیسلامیدا. ئەبێت بەهەموو توانامانەوە لە
ڕوانگەیەکی ڕادیکاڵ و مرۆییانە وسۆشیالیستییەوە خەبات بکەین و
لەبەرامبەر ئەم پرۆژەیاسایە و حکومەتێکدا بوەستینەوە کە ڕیگا بەخۆی
ئەدات لە سەدەی بیستویەکدا قسەکردن لەسەر وەها یاسایەکی پڕ لە سوکایەتی
و بەکەم سەیرکردن بێنێتەکایەوە. پێشنیارکردنی پلاتفۆڕمی چەپ لە دژی ئەم
پرۆژەیاسایە و ڕێکخستنی خەباتێکی ڕادیکاڵ بە مەبەستی شکست پێهێنانی
ئەركیکی لێبڕاوانەیە کە حیزبی ئێمە لە بەرنامەی کاری خۆیدا دایناوە.
بەڵام ئامانجی من لەم نوسینە قسەوباسکردن لەسەر ئەم پروژەیاسایە و گرنی
خەباتکردن لەدژی نیە. بەڵکو ئەمەوێت بەو بیانوەوە جارێکی تر بەگرنگی
پاکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەزهەب و بنەماکانی ڕەخنەی سیاسی و عەقیدەیی
کۆمۆنیستەکان لە ئاین باس بکەم. پرۆژەیاسای کۆیلایەتی ژنان جارێکی تر
لە سەر پێویستی هەر ئێستای ڕزگار کردنی کۆمەڵگە لە شەڕی ئاین دوپات
ئەکاتەوە، وە ئەم ڕزگارییە بەبێ ڕەخنەی قوڵ و هەمەلایەنە لە ئاین و بە
بێ ڕاماڵینی ئاین لە مەیدانی سیاسی وکۆمەڵایەتی و عەقیدەتیدا لە
توانادا نیە.
مەبەست لە ڕاماڵینی مەزهەب چیە؟ چ جیاوازیەک هەیە لە نیوان ئاین وەک
کاری دەوڵەت و ئاین وەک کارێکی باوەڕداری، وە بۆ ئەوەی بەڕاستی بتوانین
کۆمەڵگەیەکی مرۆیی دابمەزرێنین ئەبێت چۆن لە هەردوو ئاستەکەدا
دەستبەرین بۆ ڕەخنەگرتن لە مەزهەب؟ ئامانج لەم نوسینە وەڵامدانەوەیە
بەم پرسیارانە.
جیایی ئاین لە دەوڵەت.
دەست کۆتاکردنی مەزهەب لە دەوڵەت و یاساکان گۆشەیەکی گرنگی پاکردنەوەی
کۆمەڵگایە لە ئاین. ئەوەی کە ئاین لە حکومەتدا چ نەخۆشییەکە وە چ
بەڵایەک بەسەر مرۆڤەکاندا دەهێنێت پێویستی بە باس و بەڵگە هیانەوەیەکی
زۆر نیە. ئەزمونی حکومەتی ئیسلامی بە ڕیژەیەکی پێویست ڕاستیەکانی
پیشانی هەموان داوە. هەر کەسێک ئەگەر تەنها بۆ یەک مانگیش لە ژێر
دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ژیانی بەسەر بردبێت، هیچ دودڵیەکی نییە
لەوەی کە ئاین لە حکومەتدا شتێک نیە جگە لە دڕندەیی وتاوان، بۆیە دەبێت
دەستی ئاین لەدەوڵەت و یاساکاندا کۆتا بکرێت. تەنها هەر ئەم
"پرۆژەیاسایی ئیسلامی خێزان" یان لە ڕاستیدا پرۆژەیاسای کۆیلایەتی
سێکسی ژن بەسە بۆ ئەوەی کە هەموو کەسێک دەرک بەو ڕاستیانە بکات کە
کۆماری ئیسلامی پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە مێژویی هاوچەرخی مرۆڤایەتییەوە
و ئەبێت مێژوی لێپاکبکرێتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاسدا لە هەموو شوێنێکی
دونیادا وە لەناویاندا ئەوروپا ئاین لە دەسەڵاتدا بوو وە کوشتاور و
تاوانگەلێک ئەنجامدرا و کارەساتێکی هینایە ئاراوە کە لە کۆتاییدا
بوەهۆی سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی گەورەی هزری و سیاسی دژ بە ئاین. لە
ئەوروپا بزوتنەوەی رێنسانس و سەردەمی ڕۆشنگەری و شۆڕشە سیاسی و
کۆمەڵەیەتیەکان شکڵیان گرت کە یەکێک لە دەستکەوتەکانی دەستکۆتاکردنی
کڵێسا بوو لە دەوڵەت و یاساکاندا. ئەمڕۆ لە ئێراندا هەمان جۆری
حکومەتێک کە پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر بۆنمونە لە ئیسپانیا مرۆڤەکانیان
هەر بەزیندویی لە ناوئاگردا ئەسوتاند و دەست وقاچیان ئەبڕی هاتۆتە
سەرکارو هەمان گۆڕەپانی دڕندەیی و تاوانیان بەرپا کردوە.
لە کۆماری ئیسلامیشدا بەهەمان شێوە دەست وقاچ ئەبڕن وە بەردەباران
ئەکەن و چاو دەرئەهێنن و بەتاوانی باوەڕنەبون بە خودا وە هەتا لەسەر
باوەڕبون بە ئاینەکانی تری وەک یەهودی و بەهایی لە سەێدارە ئەدەن.
هاوڕەگەزبازی وەک تاوان هەژمار ئەکرێت و هاوڕەگەزبازەکان لە دار
ئەدرێن. گٶشەیەکی تری ئەم دڕندەییەی سەدەکانی ناوەڕاست بەسوک
تەماشاکردن و بێمافی لەڕادە بەدەری ژنانە وە تەنھا ھەر ئـەم جێگاو ڕێگا
نزمە و بەکەم تەماشاکردنەی ژنان لە ئـیسلام و حکومەتی ئـیسلامیدا بەسە
تا هەر مرۆڤێکی ئـازادیخواز خوازیاری جیایی ئاین لە دەوڵەت و یاسا بێت.
جیایی ئاین لە دەوڵەت واتە ھەڵپێچانی هەموو ئەم مەیدانی درندەییە لە
کۆمەڵگەدا. پێویستە دەستێوەردانی ئاین لە حکومەت و یاساکانی سیستەمی
دادوەری و ماف و بەڕێوەبردن و سیستەمی پەروەردە کۆتا بکرێت.
دەستێوەردانی ئاین لە ژیانی تایبەتیدا وەکو هاوسەرگیری و جیابونەوە و
لە دایکبون و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن نابێت بەفەرمی بناسرێت و وەک پێش
مەرجی یاسایی بەفەرمی ناسینی ئـەم کاروبارانە جێکەوتەبن. لە
کۆمەڵگەیەکی مەدەنیدا جیگایەک بۆ یاسای ئـاینی و دەسەڵاتی فیقهی و
شەریعەت بەسەر ژیانی خەڵکەوە نیە. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێوستی بە ئاینی
فەرمی نییە وە نابێت ھیچ ئـاینێک وەک ئاینی فەرمی دەوڵەت ڕابگەیەنرێت.
دەوڵەت و یاسا ئـەبێت لە پەیوەند بە ئـاینداری یان بێئـاینی
ھاوڵاتیاندا بە تەواوەتی کوێربن. هەروەک چۆن لە پەیوەندبە نەژاد و
ڕەنگی پێستی تاکەکاندا بەهەمانشێوەیە. ئاینداری یان (بێئاینی) هیچ
کەسیک نابێت لە بەڵگە فەرمیەکانی دەوڵەتدا ناویان بهێنرێت و وەک بنەمای
ماف یان بێمافیەکی تایبەتی تاکەکان دابنرێت. لە یەک قسەدا ئـەبێ ئـاین
لە سیتەمی دەوڵەتی و فێرکردن ودادوەری و مافەکان لە کۆمەڵگەدا وەلا
بنرێت و وەک کاری تایبەتی ھاوڵاتیان ڕابگەیەنرێت.
ڕێگاکەی چییە؟ چۆن ئـەتوانرێت دەستێوەردانی ئاین لە حکومەتدا
کۆتابکرێت؟ شۆڕشی گەورەی فەڕەنسا دووسەد ساڵ لەمەوپێش ڕێگای ئـەم کارەی
پیشانی خەڵکی تینوی ڕزگاری و ئازادی داوە. دەستداماڵین لە ئاین یەک
ھەنگاوی سیاسییە کە بەباشترین و کامڵترین شیواز ئـەتوانێت وەک بڕیاری
شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دژی حکومەتی ئـاینی بهێنرێتەدی. ئـەوە
ھەنگاوێکی لێبڕاوانەی سیاسی و پشت بەستوە بە وشیاری و ئـیرادەی
جەماوەری خەڵک بۆ ڕزگاربون لە دەسەڵاتی دەوڵەت و یاسا ئـاینیەکان.
ئـەوەی کە خەڵک چەند باوەڕیان بە خودا ھەیە یان نیانە وە یان ئاین چ
جێوڕێیەکی لە کەلتوری خەڵکدا ھەیە وە یان شتی تر ئـەوانە نەخشێک لەم
دیاریکردنە سیاسیە بەرامبەر بە ئاین ناگێڕن. بەپێچەوانەوە جیایی ئاین
لە دەوڵەت زەمینە بۆ ڕەخنە لە هزر و باوەڕی ئاینی لەباردەکات وە لە
لایەکی تریشەوە ڕەخنە لە هزری ئاین (وەک بزوتنەوەی ڕۆشنگەری لە
ئـەوروپای سەدەی ھەژدەیەم) زەمینە خۆشکەری شۆڕشی سیاسیە دژی دەسەڵاتی
حکومەتی ئاینی، بەڵام ئـەم دوانە پێشمەرجی یەکتر نین. یەکلاکردنەوەی
ھەڵویستی سیاسی لە بەرامبەر ئـایندا، ھەر وەک ئـەوەی کە شۆڕشی گەورەی
فەرەنسا پیشانیدا، مەرج وپابەندییەکی نیە بە ڕەخنەی هزری و فەرھەنگی لە
ئاین. ئـەتوانرێت زۆرینەی کۆمەڵگایەک باوەڕیان بە بونی خودا ھەبێت و لە
ھەمان کاتیشدا بۆ جیایی ئاین لە دەوڵەت دەست بۆ شۆڕش بەرن .
ئـەو بۆچونە ھەڵەیە گە گوایە بەھۆی بیروباوەڕی ئاینی خەڵکەوەیە کە
حوکمەتە ئـاینیەکان بەدەسەڵات ئەگەن. نە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا وابووە
و نە کۆماری ئـیسلامیش بە ھۆی بیرباوەڕی ئـاینی خەڵکەوە ھاتونەتە
سەرکار. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەسەڵاتی ئاین مەرجی پێویستی
پارێزگاریکردنی ڕژێمی خان و ڕەعیەت و پیادەکردنی دەسەڵاتی خانەدان و
دەرەبەگەکان بوو، وە لەبارەی کۆماری ئـیسلامیشەوە ئـەوە بۆرژوازی
ناوخۆیی و جیھانی بووکە لە ترسی شۆڕشی ٥٧ (١٩٧٩)و بە دەسەڵات گەیشتنی
چەپ لەم شۆڕشەدا پەنایان بۆ ئـاین برد وە بە پشتبەستن بە ئـیسلامی
سیاسی شۆڕشیان شکست پێھێنا. خومەینی و بن لادن و موقتەدا سەدرو و
ئـەحمەدی نەژادو خامنەئی و حەسەن نەسروڵا لە ناو بزوتنەوەی کۆنەپەرستی
ئـیسلامی سیاسیدا ڕەگ و ڕیشەیان ھەیە نەک لە باوەڕی خەڵک بەخودا و
پەیامبەرو ئـیمامە پاکەکان. ئـەو بانگەشەیەی کە گوایا کۆمەڵگە
ئـیسلامیە و دەسەڵاتی ئاین و دەستێوەردانی لە کاروباری کۆمەڵایەتی و
سیاسی خەڵکدا بەھۆی بیروباوەڕی ئاینی خەڵکەوەیە درۆیەکی گەورە و
فریودانێکی بێشەرمانەیە کە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنە ڕۆژئاواییەکانەوە
بەمەبەستی هەڵخراندن پەنای بۆبراوە. زۆربەی زۆری خەڵکی ئـێران حکومەتی
ئـاینیان ناوێت وە ئـەم حکومەتە تەنھا بە سەرکوت و کوشتاری خەڵک
توانیویەتی خۆی بەپێوەڕاگرێت نەک بەپشت بەستن بە باوەڕداری خەڵک. ھەر
ئـەوەندە بەسە کە تەنھا یەک ڕۆژ شەڕی کۆمیتەچیەکان و جلوبەرگ
تایبەتەکان و سوپای پاسداران و خوشکانی زەینەب بەسەر کۆمەڵگاوە کەم
بکەیتەوە تا ببینی کە خەڵک چ بەڵایەک بەسەر ئـەم حکومەتەدا ئـەھێنن.
ھەر ئـەمڕۆ لە کۆمەڵگای ئـێراندا زۆرێک لەو کەسانەی کە خۆیان بە
موسڵمان ئـەزانن نەیاری کۆماری ئـیسلامین و بەو ئـاکامە گەیشتون کە
ئـیاین نابێت لە دەوڵەت و یاساکاندا دەستێەوەردان بکات. وە ئـەمە بە
ڕۆشنی نیشانی ئـەدات کە ھەر ئـەمڕۆ و بە بێ ھیچ کۆت وبەند و مەرجێک و
زەمینەسازی و پێش مەرجی کەلتوری و بیرباوەڕیی (عەقیدەتی) کۆمەڵگە
ئـەتوانێت و ئـەبێت لە ڕوی سیاسیەوە ئـەرکی خۆی لەبەرامبەر ئاین لە
حکومەتدا ڕۆشن بکاتەوە و لە دەوڵەت و یاساکاندا بیخاتە لاوە.
دیاریکردنی ئـەرکی سیاسی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئایندا لەبنەڕەتدا کاری
بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕە بۆ داماڵینی دەستی ئـاین لە کاروباری دەوڵەتی و
یاساو سیستەمی پەروەردە و ماف و دادوەری و ئـەمە خواست و ئـامانجێکە کە
جەماوەری خەڵک سەربەخۆ لە باوەڕی ئـاینییان ئـەخاتە جوڵە و لە کۆتایشدا
بە بەرەو جیایی ئاییین لە دەوڵەت ئاڕاستە دەبێت. شۆڕشی فەرەنسا لە
سەدەی ھەژدەھەم ئـەم ڕاستیەی سەلماند و شۆڕشێک کە ئـەمڕۆ لە ئـێراندا
لە حاڵەتی شکڵگرتندایە دوپاتکردنەوەیەکی تری ئەو ڕاستییە مێژوییە
دەبێت.
بەبێ دیاریکردنی ئـەم ئـەرکە سیاسییە ڕوبەڕوبونەوەی ھەمەلایەنە لە گەڵ
ئاین لە توانادانیە. بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ئـێراندا کە ئاین لەگەڵ
دەوڵەتدا تەنراوە ئـەمە یەک گۆشەی بنەڕەتی گسک دانی ئـاینە لە
کۆمەڵگەدا .
ئاین وەک یەک سیستەمی هزریی و رەخنەیی عەقیدەیی لە ئاین.
کۆمەڵگەیەکی ئـازادو مرۆیی وەک کارێکی تایبەتی و عەقیدەیی لەگەڵ ئایندا
مامەڵەدەکات. لە کۆمەڵگەکانی ئـێستادا و ھەموو کۆمەڵگە چینایەتیەکاندا
بە درێژایی مێژوو ئاین دیاردەیەکی پاشخانی سیستەمی بیرکردنەوە و
بیروباوەڕەکان و باوەڕی دانیشتوانی کۆمەڵگە بووە. بە وتەی مەنسور
حیکمەت ئاین کۆی خوازیارانی باوەڕدار بە سیستەمێکی هزری دیاریکراو
نییە. ئاین پێش ھەر شتێک دەزگاو دامەزراوەیەکی پان و بەرینی دارایی،
پیشەسازیەکی بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی خورافات و دوکانێک و
کاروکاسبییەکی پڕ قازانجی کلیلبەدەستان و خۆسەپێنەرانی خودایە لە سەر
زەویی. بەبێ دامودەزگای کڵێسا و پاپ و فاتیکان و حاخامەکان و قەشەکان و
ئـایەتوڵاکان و مزگەوتەکان و خومس و زەکات و قوربانی و ئـەوقاف و موڵکە
زەوتراوەکان شتێکی ئەوتۆ لە ئـاینەکان نامێنێتەوە. ھەر ئاینێک، چ وەک
ئـێران دەستی وەردابێتە ناو دەوڵەت وە چ وەک کۆمەڵگە ڕۆژئـاوایەکان
دەستی لە دەوڵەت و یاساکاندا کۆتا کرابێت، دامودەزگایەکی پانو پۆڕی
مفتەخۆرە و بەتەنھا سیستەمێکی باوەڕداریانە نییە .
خاڵێکی تر کە جێوڕێیەکی زیاتر لەوەی کە تەنها بیروباوەڕێکی تایبەتی بیت
بە ئاین ئـەبەخشێ بە میراتی بونی ئاینە. ئاین کارێکی ھەڵبژاردەیی نییە.
لە سەدا نەوەدو نۆی خەڵک ئاینی خۆیان ھەڵنەبژاردوە، باوەڕیان بە
ئاینەکەیان نەکردوە، بەڵکو بە میرات وەریانگرتووە. کەسێک کە لە
خێزانێکی موسوڵمان، یان بە وتەیەکی ڕاستتر خێزانێکی بە ئـیسلام دانراو،
ھاتوەتە دنیاوە خودبەخود بە ئـیسلام دائەنرێت. سەبارەت بە مەسیحیەت و
یەھودیەت هەر بە ھەمان شێوەیە. ھیچ کەسیک بیروباوەڕی سیاسی دایک و
باوکی بە بۆماوەیی بۆ نامێنێتەوە. بیروباوەڕو بۆچون و قوتابخانە زانستی
و ھونەری وکۆمەڵایەتیەکان بە میراتی ناگەیەنرێت. ئـەگەر کەسێک
بەشێوەیەکی ئـۆتۆماتیکی تاکەکان بە ئـەندامی حیزب یان قوتابخانەیەکی
هزری و هونەری دایک و باوکیان ھەژمار بکات ھەموان لە تەندروستی عەقڵی
ئەو گومان دەکەن. بەڵام ھەموان بە ئـاسانی قوبوڵی دەکەن کە نەوەی
موسڵمان موسڵمانە و نەوەی مەسیحیەکانیش مەسیحین.
ھەموو ئـەو ڕاستیانە پیشانیئـەدەن کە ئاین لە دەوڵەتدا بێت یان لە
دەرەوەی دەوڵەت پاشخانی سیستەمێکی بیروباوەڕییە. ئاین میراتییە.
پیرۆزە، وە دامودەزگایەکی زەبەلاحی کارو کاسبییە. ئاین پیشەسازی پڕ
قازانجی سەرپەرشتیکردن و بڵاوکردنەوەی خورافاتە. ئـەبێت ئـەم جێگاو
ڕیگایەی ئـاین تێکبشکێنرێت. ئـەبێت ئـاین وەک سیستەمێکی هزری پاشەکشە
پێبکەین ھەتا زیاترو زیاتر ناوەرۆکە خورافی و دژی مرۆییەکەی
پوچەڵبکرێتەوە و ئـاشکرا بکرێت. مامەڵەکردن لەگەڵ ئاین وەک سیستەمێکی
عەقیدەتی بەو مانەیەیەکە:
یەکەم: ھەر کەسێک باوەڕی بە ھەر جۆرە ئاینێک ھەیە یان باوەڕی بە ھیچ
ئـاینێک نیە بەتەواوی ئـازادە. ھەر کەسێک ئـازادە پڕوپاگەندە بۆ
بیروباوەڕی ئاینی یان دژەئـاینیی خۆی بەشێوەیەکی ئـازادانە بکات و
بڵاوی بکاتەوە نە دەوڵەت نە ھیچ سەرچاوەیەکی تر لە کۆمەڵگادا مافی
ئـەوەی نییە ڕێگری لە تاکەکان بکات بە بیانوی بیروباوەڕی ئـاینیان وە
یان دژەئـاینییان. ئـەمە گۆشەیەکی گرنگی ئـازادی بیروڕا و ئـازادی
بانگەشەی بیروڕایە. ئـەڵبتە لەو بارەیەوە بانگەشەکارانی ئـاینی،
قەشەکان و ئـاخوندەکان و حاخامەکان و ھتد، ھیچ کێشەیەکیان نەبووە.
بڵاوکردنەوەی خورافاتی ئاینی هەمیشە ئـازادبووە وە لە تەواوی
پێداویستیەکان بەھرەمەند بون. ئـەوە بانگەشەکردنی دژەئاین و ڕۆشنگەری و
ئاگایی ئاتەئیستی بووە کە بەدرێژایی مێژوو لە ژیر ناوی کوفرو وەرگەڕان
و سوکایەتی بە پیرۆزیەکان و پیاوچاکان و ئیمامە پاکەکان و هیتر و هیتر
قەدەغەکراون و وەڵامەکەیان بەردەباران و لە سیدارەدان و بەزیندویی
سوتاندن بووە. دۆگمبون و پیرۆزیی و چەقبەستویی و قابیلی ڕەخنە لێنەگرتن
بەشێک لە تایبەتمەندیەکانی هەموو ئاینەکان بووە. ئاین بۆ درێژەدان
بەخۆی پێویستی بەوەیە کە لە شێوەی تاپۆیەکدا، لە شێوەی بەڕێوەبەرانی
کارێکی پیرۆز و دۆگم و قابیلی ڕەخنە لێنەگرتندا دەرکەوێت. ڕوبەڕوبونەوە
لەگەڵ ئاین وەک سیتمێکی باوەڕداری بەمانای هێنانەخوارەوەیەتی لە
ئاسمانەوە و خستنیەتی بە زەمیندا و هاوسەنگکردنیەتی لەگەڵ هەر
سیتستمیکی ببیروباوەڕیانەی تردا.
دووەم: ئاین، بەهەمان شێوەی باوەڕەکانیتر، بۆماوەیی نییە و وەک هەر
سیستەمێکی باوەڕیانەی تر ئەبێت لە ڕێگەی تاکەکانەوە هەڵبژێردرێت. وە
ئەم هەڵبژاردنەش تەنها لە ڕیگەی ئەو تاکانەوەیە کە لەڕوی یاساییەوە بە
پێگەشتوو وگەورە ساڵ ئەژمار دەکرێن، واتە ئەو تاکانەی کە بە تەمەنی
دیاریکراوی یاسایی گەیشتبن، ئەنجام بدرێت. کۆمەڵگا ئەبێت ڕایبگەیەنێت
کە منداڵان ئاینیان نییە وە دایک و باوکیان مافی ئەوەیان نیە کە
بیروباوەڕی ئاینی خۆیان بەسەر ئەواندا بسەپێنن، وە لە ڕێوڕەسمە
ئاینیەکانی خۆیاندا بەشداریان پێبکەن وە یان بەپێی یاسا ئاینیەکان
دەستدێژی بکەنە سەر جەستە و باری دەرونیان. پێویستە حیجابی کچانی منداڵ
وە یان خەتەنەی کوڕان وە یان هەر دەستدێژیەکی تر بۆ سەر گیان و جەستەی
منداڵان قەدەغەکراو ڕابگەیەنرێت. پاراستن وچاودێریکردنی منداڵان لە
دەستدرێژی ئاین لە هەمان کاتدا پێشمەرجی ڕوتێکردنی ئازادانەی ئەوانە بۆ
هەر جۆرە ئاینێک وەیان خستنەلاوەی هوشیارانەی هەموو ئاینەکان پاش
گەیشتن بە تەمەنی یاسایی دیاریکراو.
سێیەم: ئەبێت نوسینگەکان و کارکردی دارایی ئاین ئاشکرا بێت وبەردەوام
لەژیر چاودیریدا بێت. کەسانی ئاینی مافیان هەیە و بەتەواوەتی ئازادن لە
نیوان خۆیاندا پەیوەندی ودادگەری وبەڵگەنامەی داراییان هەبێت. بەڵام
هەر جۆرە کردەوەیەکی مافیایی، هەر جۆرە وەرگرتن ودزییەکی <<پیرۆز>> بە
ترساندن و دەستبەسەراگرتن لە تاکەکان قەدەغەیە. ئاین وەکوکاروکاسبییەک
دەبێت ملکەچی بڕیارە دارایی و ئابوریەکانی جێبەجێکراو بەسەر هەموو
کۆمپانیاکانی بازرگانی لە کۆمەڵگەدا بێت. پیشەسازی ئاین پیشەسازی
بڵاوکردنەوەی خورافاتە و لەو ڕوەوە ئەبێت وەک پیشەسازی جگەرە بەدانانی
باجی قورس و سنوربەندییە یاساییەکانی تر بەر بە فراوانبونەوەی ئەم
دەزگای خورافات بڵاوکردنەوە و مفتەخۆریە بگیرێت.
رۆشنگەریی و رەخنە لە ئاین لە قەڵەمڕەوی هزرییدا.
پاشەکشەپێکردنی ئاین بۆ جێگایەک کە تەنها سیستەمێکی باوەڕداری بێت
بەمانای کردنەدەرەوەیەتی لە قەڵەمڕەوی یاساو ڕێسا دەوڵەتیەکان و
سپاردنی ڕەخنە لە ئاین بە مەیدانی ڕوبەڕوبونەوەی هزری و ڕۆشنگەرییە.
جیایی ئاین لە دەوڵەت وە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاین وەک سیستەمێکی
باوەڕداری، هێزی دەوڵەت و پیرۆزی و هیماو نهێنیەکانی لە دەوری ئاین
دورئەخاتەوە و ڕەخنەی هزریانە لە ئاین ئەبێتە تاکە مەیدانی
ڕوبەڕوبونەوە. مرۆڤایەتی ئەم یەکلاکردنەوە هزرییەی لەبەرامبەر ئایندا
جارێک لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا لە ئەوروپای سەدەی هەژدەهەمدا ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ بۆرجوازی جیهانی تەنانەت لە وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتوەکاندا
پاشەکشەی لەم دەستکەوتەی مرۆڤایەتی مۆدێرن کردوە و بنەماکانی
سیکۆلاریزم و مۆدێرنیزمی لە لایەن بیرمەندەکانی بۆرجوازی و قوتابخانە
هزرییەکانی هاوشیوەی فرەفەرهەنگی "ماڵتی کاڵچەریزم" و لیبرالیزمی نوێوە
چوتە ژێر پرسیارەوە. ئاین دوبارە لە سیاسەت و دەوڵەت و لە سیستەمی
پەروەردەدا وە تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا شوێنی خۆی کردوەتەوە و لە
وڵاتانی وەک ئیراندا دەسەڵاتی دەوڵەتیشی بەدەستەوەگرتووە .
ئەم هەلومەرجە هەم ڕوبەڕوبونەوەی سیاسی لەگەڵ ئاین و هەم ڕەخنەی
هزریانە و باوەڕدای لە ئاین لە ئاستیکی جیهانیدا ئەخاتە ئەستۆی
سۆسیالیستەکان و سکۆلارەکان و ئاتەئیستەکان. هیچ کام لەم دوو لایەنەی
خەبات پیشمەرجی ئەویتریان نین. ڕوبەڕوبونەوەی سیاسی لەگەڵ ئاین بە
مەبەستی کردنە دەرەوەی لە دەوڵەت ویاساو سیستەمی پەروەردە و مافەکان لە
کۆمەڵگە وە لەهەمان کاتدا بە فەرمی ناسینی ئازادی ئاین و بێئاینی وەک
یەک باوەڕ و باوەڕی تایبەتی و ڕەخنەی قوڵ و هەمەلایەنە لە خورافاتی
ئاین تەواوکەری بەشەکانی خەباتێکی یەکدەستن بۆ ڕاماڵینی ئاین لە
کۆمەڵگەدا.
لە هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی جیهاندا کۆمەڵگەی ئێران مەیدانێکی
چارەنوسسازە لە بەرەو پیشبردنی خەباتی هەمەلایەنە دژ بە ئاین. دەسەڵاتی
حکومەتی سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامی لە ئێران بەرئەنجامی ڕژێمە
دەرەبەگی و خانەدانە خاوەن زەویەکان نییە. ئەمە حکومەتێکە کە
سەرمایەداری نەزمی نوێی جیهانی لە ئێران هێناویەتیە سەرکار و بەزۆرو
سەرکوت و قەساس ولەسێدارەدان و بەردەباران لەسەر پێی خۆی وەستاوە. ئەم
هەلومەرجە لە لایەک توڕەیی لە حکومەتی ئاینیی و ڕووەرگێڕان لە ئاینیی
گۆڕیوە بە مەیلێکی بەهێز وبەرفراوانی کۆمەڵایەتی وە لە لایەکی ترەوە
کۆمۆنیزمی کرێکاریی بە ئاڵای ڕەخنەیەکی تیژ و مرۆیی و سۆشیالیستییەوە
لە ئاین لە سەرەوەی ئەم خەباتە داناوە. کۆمەڵگەی ئێران کە لە شۆڕشی
مەشروتەوە تا ئێستا زۆر جار بۆ ڕزگاری لە تەوقی ئاین ڕاپەڕیوە و
سەرکەوتوو نەبووە، ڕینسانسێک ،ڕینسانسێک بە ناوەرۆکێکی چەپ و
سۆسیالیستیانەوە، بە مێژوو قەرزدارە. کاتی ئەم یەکلا کردنەوە مێژوییە
هاتووە.
___________________________
● لە
ئەنتەرناسێۆنالی ژمارە ٢٥٨ی ٢٢ی ئابی ٢٠٠٨دا بە زمانی فارسی
بڵاوکراوەتەوە.
kawa552000@yahoo.com
|