٢٠\٣\٢٠١٣
دەستەبەرکردنی
ئازادییەکانمان، کاری ھەمەلایەنەی دەوێ!

سەرگوڵ سەلمە
ئەوەی سەیروسەمەرە
و گاڵتەجارییە و
جێگەی نەفرەت و بێزارییە دەبێ لەم
وڵاتەی ئێمەدا بیبیستین و بیبینین!!!!
چەند ڕۆژێک پێش ئیستا .بە پێیی ھەواڵیک کە لە کە ناڵی ئێن ئارتی
بڵاوبۆتەوە. دەستگیرکردنی گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە لایەن پۆلیسەوە کە
خەڵکی ئێرانە، بە ھۆی لایکی پەیجێک لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیس بووک، لە
گوندێکی سەر بە ناحیەی قۆرەتوو سەر بە ئیدارەی گەرمییان. بە پێی
ھەواڵەکە لەو پەیجەی کە ئەم گەنجە لایکی کردوە سوکایەتی بە پێخەمبەری
ئیسلام کراوە، دوو ھاوڵاتی سکاڵای یاسای یان لە سەر ئەو گەنجە تۆمار
کردووە. پۆلیسیش گەنجەکەی دەسگیرکردووە بڕیارە بە پێی یاسای پاریزگاری
لە پیرۆزیەکان مامەڵەی لەگەڵ دا بکرێت. لە کاتێکدا گەنجەکە لە لایەن
چەند ھاوڵاتی یەکی ئەو گووندەوە بەنیاز بوون کە ھێرش بکەنە سەری. وە
چەندین پێشێل کاری ودەستدرێژی تر بۆ سەر ئازادی ھەرلەم یەک دوو ساڵە
پێشودا کە ھەتا ئێستاش بەردەوامە، ھەردوای ٢-٣ رۆژ لە کاتی
خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات سوتاندنی ڕادیۆ و
تەلەفزیۆنی نالیا و چەندین سەرکوتی
تر.. ھێرشکردنە سەر دوکان و سەنتەری مەساجەکان لە ھەولێر و زاخۆ،
ڕاگرتنی زنجیرە درامای بەرازیلی (ئۆکلیۆن) لە تەلەفزیۆنی زاگرۆز، کە
پەردەی لەسەر ئاینە جیاوازەکان ھەڵدەدایەوە و لە سەر نایەکسانی و
ناعەدالەتی نێوان مرۆڤەکاندا لە ڕوانگەی دینەوە، باس لە ئاینەکان دەکات
کە چۆن دەبنە ڕێگر لە بەردەم ئازادی خۆشەویستی مرۆڤەکان. ھێرشکردنە سەر
تەلەفزیۆنی NRT بە ھۆی مداخەلەکردنی
کەسێک کە جنێوی بە پارتی داوە، غەرامە و
دەسگیرکردنی ھاوڵاتیان لەسەر نووسینی
بابەتێک... ھتد.
ھەروەکو ئاگادارن بە دێژایی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە ئەوەی ناحەقی وتاوانە
بەرامبەر بە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش،
بەرامبەر بە ژنان ، منداڵان ، بە گەنجان لە
کوردستان و عێراق کراوە. بە پیێ یاسایەک کە چەندین ساڵە لە لایەن
دەسەڵات دارنی عیراق و کوردستان کاری پێ دەکرێت، مافەکانی ژنان پێشێل
دەکات ،ھەموو ڕۆژە ئێسک و پروسکی کرێکاران ووردوخاش دەکرێت.وە لە ئەو
دووبەیەی دەسەڵات داران باسی دەکەن ڕۆژ نیە ھەواڵی گیان لە دەسدانی
کرێکاران نەبیستین بە ھۆی نە بونی پێداویستی یەکانی سەلامتی کار. لەم
لاشەوە یاسایەکیان داناوە لە ژێر ناوی پاێزگاری لە پیرۆزییەکان بۆکۆت
وبەندکردنی ھەموو دەنگێکی ناڕازی.
ئەو یاسایە کە نەک ھەر لەگەڵ ئازادی بیرورا نایەتەوە بەڵکو خۆی لە
خۆیدا کۆت و بەندکردنی مافە مە دەنی و فەردییەکانی خەڵکی کوردستانە بە
ھەموو چین و توێژەکانییەوە، ، لەم لاشەوە ھەر بەم یاسایە دەستی خۆیان و
ھەرچی کۆنەپەرستی ودواکەوتویی کۆمەڵگاومەلای مزگەوتەکان و ئیسلامی
سیاسیە ئاواڵا کردوە،.وە شەریکیان کردوون لە بەرێوەبردن ودەستێوەردانی
ھەموو ئازادی یەکان. بەکردنەوەی سەدان مزگەوت بۆ فتوادان وھەڵخراندنی
ئیحساساتی خەڵکی لە بەرامبەر مافەکانی ژنان وپێشکەوتنی کۆمەڵگا ، زیندە
بەچاڵ کردنی خەون و ئاواتی لاوەکانمان. تەنانەت دەست بردن و تەداخل
کردن لە ھەموو کارێکی کەسیی مرۆڤەکاندا.
پۆلیس و ئاسایش وا ڕاھێنراون و مەشقیان پێ کراوە کە ھەمیشە ئامادە
بەکارن بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادییەکان، و ھێرشکردنە سەر
نارەزایەتییەکانی خەڵکی کرێکار و زەحمەت کێش و دەسگیرکردنی
ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی بێ تاوان و بێدەسەڵات ھەتا ڕادەی ڕفاندن و
کوشتنیان، ئەوەی لە قازانجی دەسەڵاتدا بێت سەریان پێوە نیە وتەنفیزی
دەکەن، بەڵام برینەکانی ١٧ شوبات ھێشتا خوێنی لێ دەتکێ، لە بەرامبەر
کوشتنی دوعاکان تەماشاکەروبێدەربەستن، دووعاکان ڕۆژانە لە ترسی ئەوەی
بەردەباران نەکرێن و نەیان کوژن سڵ لە خۆشەویستی کردن لەگەڵ مەزھەبێک و
دینێکی تر دەکەنەوە،ھەموو ڕۆژێک سەردەشت و سۆرانەکان ژیانیان لە بەردەم
خەتەری تیرۆردان.
ھەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە لە ژێر دەسەڵاتی ئەحزابی قەومی و دینی
و تائیفیی کە پاش ڕوخاندنی ێەدام بە ھەمان
ئەقڵیەت ولە سەر ھەمان کورسی، ڕۆژگارە تاڵەکانی سەردەمی"بەعس "مان
پیشان دەدەنەوە. بە ھەموو شێوەک دەست براوە بۆ خنکاندنی دەنگی ئازادی،
بە درێژەی دەسەڵاتی خۆیان و چەندین ساڵە دا خەڵکیان وا ڕاھێناوە کە بە
زۆری زۆرداری ئەو شتەی لای ئەوان پیرۆزو مقەدەسە بیسەپێنن بەسەر ھەموو
خەڵکی دا. دەیانەوێت سەردەمی جەھالەت و بەربەریەت بگەرێننەوە کە بەشێکی
تەوای ئەم کۆمەڵگەیە ھەر باوەریشی پێ ی نەماوە.لەھەموارکردنی یاسای
باری کەسێتی دا، قبووڵکردنی یاسای فرەژنی.کە سوکایەتیکردنە بە کەسایەتی
ژنان وگەڕانەوەی کۆمەڵگایە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست..
لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئەمانە ھەر بە سەرکوت و
کوشتن و زیندانیکردن ڕوبەڕووی مافە کانی خەڵکی نەبوونەتەوە،
بەڵکو دەیانەوێت بە گۆڕینی ناوی ئەو ڕۆژو بۆنانەی کە لە ئەنجامی خەبات
وتێکۆشانی ئازادیخوازان لە دنیادا بە دەست ھاتوون و وەک سمبولی
ئازادیخوازی ناسراون بگۆڕن وە ئەم دەسکەوتاناش لە بار بەرن.بۆ نموونە
ڕۆژی ٨ی مارس ڕۆژی نارەزایەتی جیھانی یە و دەسکەوتی ژنانی کرێکارو
تێکۆشەرو کۆمۆنیستەکانە ، کە بە ھەڵ و تێکۆشانی نەبڕاوەیان توانییان دژ
بە نیزاامی سەرمایەداری بوەستنەوەو بەشێک لە مافەکانیان دەستەبەر بکەن
،کەچی زۆر بێشەرمانە لەلەلایەن ئیسلامییەکانەوە وویستیان بیکەن بە ڕۆژی
(فاگمە زەھراء) وە لە لایەن دەسەڵاتدارانی کوردو بزوتنەوەی
کوردایەتیشەوە بیکەن بە( ڕۆژی جلی کوردی). بەڵام خۆش بەختانە ھەتا
ئێستا ئەو ھەوڵانەیان سەری نەگرتووە.
ھەر لێرەوە بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە
بدەم ئەو کەسانەی کە پێ یان وایە دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکی دیموکراسی
و پێشکەوتووخوازە کە ھیواو ئاواتی خۆیان گرێداوە بەو دەسەڵات و
مەلا و بیرو باوەڕە دواکەوتوانە.
پێویستە دەرسێ لە مێژووی خوێناوی ئەمانە وەرگرن. بیرو ھۆشیان بکەنەوە
بە تایبەتی لاوان خۆیان نەکەن بە مەئمور و مدیر
لەم دنیایەدا بۆ دیفاع کردن لە شتی کە بووە بە لەمپەر لە
بەرامبەربەرەوپێشبردنی ڕەوتی کۆمەڵگا ، کە ئە ویش دەسەڵاتی قومی ودینیە
کە دین ونەتەوەیان کردۆتە ئامرازێک لە پێناو مانەوەی خۆیان و
دەسەڵاتەکایان .ئیسلام و دینەکان بەگشتی ئەمڕۆ لە کاری
کەسیی مرۆڤەکانەوە بوە بە سیاسەت. ئەمڕۆ
دەبێت شەڕو ناڕەزاییەکانتان لە دژی ئەمانە بێت. دژبە ھاورەگەزەکانتان
نەوەستن، دوای ھات و ھاواری مەلای مزگەوتەکان نەکەون، ئازاری
دراوسێکانیان نەدەن بە خاتری ئەوەی بیرو باوەڕێکی جیاوازی یان ھەیە..
پێویستەخۆیان دوربخەنەوە لەوکلتورە دواکەوتوو دژی مرۆییە،
تەنھا وویژدانی خۆیان بەکار بھێنن. ھەوڵ بدەن یەک دل ویەک گیان
مرۆڤەکانیان خۆش بوێت جونکە بە ھەزاران ساڵ وە مێژوو سەلماندوویەتی
تەنھا مرۆڤەکان ئەسڵن.ھە وڵ بدەن خۆیان ڕێکخراو بکەن ، کار بکەن بۆ
گۆرینی ژیانی خۆیان و ئەو خەڵکە بەشمەینەتە.خەڵکی کوردستان و عێراق
پێویستیان بە ئێوەیە مەھێڵن چیتر دەسەڵاتدارانی دینی وخێلەکی یاری بە
چارەنوستانەوە بکەن، ھێشتا خەڵکی کوردستان چارەنووسی دیار نیە بە دەست
بزوتنەوەی کوردایەتی یەوە. بۆیە شەری ئێوە شەڕی ناو خێزان و کۆڵان و
ھاوسێکانتان نیە شەری ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی گەندەڵ ومشەخۆرانی
دەوری دەسەڵاتە کە ئەم ھەل ومەرجە دژوارەی بۆ ڕەخساندوون.
لاوان وخەڵکانی دڵسۆز دەبێت لە چارەنوسی ئەم ووڵاتەدا دەورو
نەخش بگێرن. چیتر گوێگری فتواو ھات و ھاواری
ئیسلامی سیاسی ومەلاکان مەبن ھیچ بەردێکیان بۆ ناخەتە سەر بەرد جگە لە
ڕازیکردن و نان و پیاز پێوە خواردنی ئەم ھێزە میلیشیایانە نەبێت کە
یاری بە چارەنووسی ئەم میلەتەوە دەکەن.
بەدەستھێنانی ئازادی مرۆڤەکان کارێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و جینایەتییە.
ھەر چینێک بە چۆرێک و لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە لە ئازادی دەڕوانێت.
ھەر بۆیە کارکردن بۆ ئەم مەبەستە و ئەرکی سەرشانی ھەموو کەسێکی
ئازادی خواز و پێشکەوتووخوازە، دەکرێ
بەشێوەی جۆراوجۆر کاری بۆ بکرێ لە پێناو وەستانەوە بە دژی ھەموو ئەو
بێمافی یانەدا،ھەروەکو چۆن دەسەڵات داران لە پێناو مەنفەعەتی خۆیان
دەستیان بۆ ھەموو شتێک بردووە بۆ کپ کردنەوەی دەنگی ئازادی کەھەروەک
لەسەرەوە باسم کردوە. دەبێت بەرەی ئازادی خوازیش بە ھەموو شێوەیەک ھەڵ
بدات لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی یەکان، بە دەرکردنی بەیان نامەو
نامەی نارەزایەتی،مان گرتن ،لە ڕێگەی تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی فەیسبوک و
توێتر...ھتد دژ بە دواکەوتویی و عەقڵێتی کۆنەپەرستی دەنگ ھەڵبڕن و
نارەزایەتی دەربڕن .لە پێناو جێ کەوتنی قانونێکی مەدەنی و
پێشکەوتووخوازکە دین کە لە دەوڵەت و پەروەردەو خوێندن جیا بکاتەوە.
ژنان و پیاوان یەکسان بن لە ھەموو بوارەکانی ژیان.
٢٤\٣\٢٠١٣
ماڵپهڕی سهرگوڵ
سەلمە
|