په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٢\٢٠١٩

دەستەبەرکردنی ئاسایش

بەندە بە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ستەمگەریی ئێستا.*

دەشتی جەمال     


لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆری کاوە گەرمیانیدا جارێکی دیکە هاوخەمی خۆمان بۆ هاوسەر و کەسوکار و دۆستانی ئەم قوربانییەی تیرۆریزمی دەسەڵات دەردەبڕین. لەم یادەدا هاوشان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان پەیگیرانە ڕادەوەستین بۆ ڕیسواکردنی ئەو تاوانە چەپەڵە و دادگایی کردنی بکوژانی ڕاستەقینە و هەموو ئەوانەی لە پشتی ئەم تاوانە دڕندانەیەوە ڕاوەستاون، لە دادگایەکی ئاشکرا و دادپەروەرانەدا. یادی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەینە هاندەری خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مافیاگەری و تیرۆر و ملهوڕی.

تیرۆری کاوە گەرمیانی پەڵەیەکی پیسە بە مێژووی دەسەڵاتدارێتی حیزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامییەکانی کوردستانەوە، وەکو حیزبەکان و دەسەڵاتی چینی سەرمایەدار و خوێنمژ کە بە سەرکوت و داپڵۆسین و تیرۆر نەخشاوە. دەستبردن بۆ تیرۆر و ڕەشەکوژی لە پاڵ جۆرەها شێوازی ملهوڕانەدا، هەمیشە شێوازێکی ئەم حیزبەکان و دەسەڵاتە بووە بەرامبەر دەنگە ئازاد و نەیارەکانیان. تیرۆر بۆ ئەم حیزبانە و دەسەڵاتە مافیا و تاڵانچییەکان، ڕێگایەك بووە بۆ خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکان و بەردەوامیدان بە دەسەڵاتی داسەپاو و ستەمگەرانە.

لە یەکەمین ساتەکانی هاتنەسەرکاری ئەم حیزبە ناسیۆنالیست و ئیسلامییانەوە، تیرۆری هەڵسوڕاوانی سیاسی و چەپ و کۆمۆنیست، ڕەشەکوژی ڕۆژنامەنووسان و ڕەخنەگرانی ئەم دەسەڵاتە نگریس و کۆنەپەرستانەیەی چینی بۆرژوازی کورد، وەکو دیاردەیەك لە کوردستاندا سەریهەڵداوە و بەردەوامی پەیداکردوە؛ تیرۆری نەزیر عومەر،ڕێناس ،شاپور عەبدولقادر و قابیل عادل، عەبدولستار تاهیر شەریف، بەکر عەلی، حەمەی حەلاق، کوشتنی بە کۆمەڵی پێنج کۆمۆنیستی یەکسانیخواز لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٠٠، تیرۆری سەردەشت و سۆران و ویداد حوسین... ئەمانە لە پاڵ شەڕی ناوخۆیان و کێشە و ململانێ لەپێناو پشکی زیاتر و پێشبڕکێ لەسەر تاڵانکردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا، کارنامەی دەسەڵاتی ئەم حیزبانەیە. ئەمە داستان و مێژووی ٢٩ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ئەم حیزبە بۆرژوا ناسیۆنالیست و ئیسلامییانەیە. مێژوویەکی لێوانلێو لە بێمافی و سەوداگەری بە ژیان و چارەنووسی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستانەوە. تیرۆریش وەکو شێوەیەك لە دەمکوت کردن و سەرکوت هەمیشە ڕێگایەکی ئەم حیزبانە بووە بۆ ناچارکردنی خەڵکی کوردستان بە ملدان بەم دەسەڵات و ستەمگەرییە.

ئەم مێژووە درێژە ڕێکوڕاست پێمان دەڵێت کە هەر جۆرە ئومێدێك بۆ ژیانێکی ئازاد و تەسەل و ئارامی شایستە بە مرۆڤی ئەم سەردەمە، لە سایەی دەسەڵاتدارێتی ئەم حیزبانەدا تەنها خەون و خەیاڵە و هیچی تر. لەوەش زیاتر تەنانەت هات و هاواری چاکسازی و باش بوونێکی واقعی لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا جگە لە فڕوفیشاڵی فریوکارانە هیچی تر نییە. بۆیە هەر جۆرە پەخشانەوەیەکی ئومێد بە چاکسازی لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا، شتێك نییە جگە لە چەواشەکاری. مێژوو هیچ یەك لەوانە نابەخشێت کە لەپێناو شەریکبوونەوەی خۆیان لە دەسەڵات و تاڵان و بڕۆ بە بانگەشەی چاکسازی خۆڵ دەکەنە چاوی خەڵکی کوردستان.

مێژوو و داستانی ٢٩ ساڵ یەك ڕاستیمان پێدەڵێت؛ کە ئایندەیەکی ئازاد و شاد و دەستەبەربوونی هەلومەرجێکی ئارام و ئاسایشی ئەوتۆ کە دەنگە ناڕازی و ئازادەکان بتوانن بە بێ ترس لە تیرۆر و ڕەشەکوژی بە ئارامی بخەون، لە گرەوی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی مافیا و تیرۆریست و ستەمگەری ئێستادایە. کۆتاییهێنان بە کابوسی تیرۆریش لەگەڵ کۆتاییهێنان بە هەموو ئەو نەهامەتییانەی تر بەندە بە کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی ئەم حیزبە ناسیۆنالیستی و ئیسلامییانە لەڕێگای شۆڕش و هەتنەمەیدانی جەماوەری کرێکار و ئازادیخواز لە ڕیزێکی سەربەخۆ و لە دەوری ئاڵا و ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانە. ئەم دەسەڵاتە دەبێ بڕوات و دەسەڵاتێکی شۆڕشگێڕانەی پشتبەستوو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری ستەمدیدە لە جێگایدا دامەزرێت. تەنها بەم جۆرە دەکرێت ئایندەیەکی شاد و ئازاد و ئارام و تەسەل مسۆگەر بکرێت. ئەو ڕێز و ئاڵا و ئاسۆ شۆڕشگێڕانەیەش جگە لە سۆسیالیزمی چینی کرێکار هیچی تر نیە. ئێستا کە باهۆزی ناڕەزایەتی و هەڵچوونە جەماوەرییەکان لە عێراق و لوبنان و ئیران بۆ ڕاماڵینی تەخت و تاراجی گەندەڵکاران و ستەمکاران بەرکەوتووە، هەلومەرجێك خوڵقاوە کە هاندەری جەماوەری کرێکار و ستەمدیدەی کوردستانە بۆ هەنگاوهەڵگرتن لە ڕێگای ئەو ئایندە درەخشانە. دەبێ ئەم هەلومەرجە و هەموو بۆنەیەکی لەم جۆرە بکەین بە دەرفەت بۆ خۆئامادەکردن و خۆڕێکخستن لە دەوری ئەو ئاڵایەی کە ئەو ئایندە درەخشانە مسۆگەر دەکات. بەرز و بەڕێز بێ یادی کاوە گەرمیانی ئازیز. سەرشۆڕیی بۆ ستەمکاران و گەندەڵکاران.

_______________________________________________

* وتەی سکرتێری فیدراسیۆنی پەنابەران (دەشتی جەمال) لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی، لە ٥\١٢\٢٠١٩ لەبەردەم نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن.

 

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک