په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠١٥

دەستەبژێری سیاسی.


تاڤگە سابیر     

- بەشی سێیەم (کۆتایی) -


لێرەدا خۆمان لەبەرامبەر پەرشبوونەوەی چەتە دا دەبینینیەوە، پەرشبوونەوە پەرتیوونی کەسێتی تاکە لەنێوان هەڵسوکەوتی دەرەوە و چالاکییەکانی نێو خۆیدا" نابێت ئەم چەتە لەگەڵ کەسێتی تێکەڵکرێت " ئەم چەتە تێکچوونی پەیوەندی نێوان هۆشمەندی و شتەکانە ، نەگونجانە لە نێوان مرۆڤ و شتەکان و مرۆڤ و دنیای دەرەوەی خۆیدا وە ئەگەر دنیا دەرەوە بە کێشە و پەیوەندیی جۆراوجۆر پێناسەبکەین دروستکردنی چەتە پەرتبوونیش لەسەر هەموو ئاڕاستەکاندا جەستەی پارتی کوردیی گرتۆتە خۆی ئەوەش لە کردار و هەڵسوکەوتەکاندا بەڕوونی دیارە ، دڵەڕاوکێ داینەمۆی هەموو دۆخە چەتەییەکانە، بەڵام دڵەڕاوکێ بەپێی زەمینەی خۆی گەشەدەکات و ڕێرەوی خۆێ وەردەگرێ ، نێوەندی زۆرانبازی و گەشەکردنی کۆمەڵگای کوردی بە حوکمی هۆکارە بابەتی و کێژووییەکان نێوەندێکی پڕ لە زۆرانبازی خوێناوییە نێوەندی سەربڕین و تاڵانکردن و خاپوورکردن و ئەتککردنی مرۆڤی کوردە بەدەست حکومەت و هێزە جیاجیاکان ، هێکانەیەکی پڕ هێلکەی تێزابە و بەردەوام گەشەدەکات و زۆردەبێت بۆیە مێژووی گرۆپەی کوردی مێژووی نەستی کۆ و تاکی کوردیش مێژووی بەڵادەستی شەڕانگیزییە بەسەر ئامێری سایکۆلۆژیدا.


مردن و خاپوورکردن دیاردەیەکی سروشتی و بەرچاوی دونیای مرۆڤی کوردە تەنانەت بەشێکە لە ژیانی ڕۆژانەی هەڵبەتە ئەمە چارەنووسێکی خۆهەڵبژادەنییە بەقەدئەوەی باردۆخێکی سیاسییە و کوردی پێی مەحکومکراوە ، کوردیش بۆ مامەڵە لەگەڵ دنیای خۆی و دەرەوەدا شەڕانگیزیی بۆتە بەشێکی گرنگی مامەڵەکردنی سایکۆلۆژیانەی لەگەڵ دنیای دەرەوە و ناوەوەی خۆیدا ، کۆمەڵگای توندوتیژی بەردەوام برەوی پێدەدرێت و سزا و هەستکردن بە تاوان ڕێسایەکی کۆمەڵگای کوردییە " هەڵبەتە ئەمە دانەپچڕاو لە کۆمەڵگای ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتییەکانی تر دەبێت سەیربکرێت" باوك و دایكی دڵڕەق و مێردی عەبوس و مامۆستای بەزەبروزەنگ و فەرمانبەری تۆسن و بیرۆکراتی و فرۆشیاری شەڕانی و مەلای بێ تەحەمول و فەتواکار و خەڵکانی سەر بە درزگا داپڵۆسێنەرەکان لەم کۆمەڵگایەدا ڕۆڵێکی گرنگ و تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتیان هەیە ، کۆمەڵگای زسا لەودیویەوە ئاینێك داینەمۆی ئەقڵە جەماعییەکەیەتی ، کە پڕێتی لە سزادان و تێرۆر و سوکایەتیپێکردن، بەم شێوەیە شەڕانگێزیی بەردەوام لە فەرمانگە و تەنانەت خەستەخانەکانیشدا" خوێن فرۆشتن- بازرگانی دەرمان- دکتۆری بێ مەسولیەت و بازرگان وهیدی" بەرچاودەکەوێت ،قوتانخانە و دەزگا مەدەنیەکانیش هەمیشە برەو بەو ووزە شەڕانگێزیە دەدەن.


مرۆڤی کورد لە نێو ئەم دەزگایانەدا گەورەدەبێ - دەچەوسێتەوە ، بەڵام بەحوکمی نەش و نمای سائکۆلۆژی بەشێکی زۆر لەو شەڕانگیزێتیە بۆتە بنەمایەك لە بنەماکانی کەسێتی گروپەی کوردی لەسەر بنچینەی دوژمنکاری و شەطانگیزیی پەلدەهاوێ ، ئیدی لەپاڵ ڕۆحی بەرگریی لە ژیان مرۆڤی کورد دەبێت پەنا بەرێتە بەر توندوتیژیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەبەرابەر دوژمنێکی خوێنخۆردا ، بەڵام کاتێك تاکی کورد لەم زۆرانبازییەدا خۆی دەهاوێژێتە نێو گروپەوە و گروپ و تاك و پرۆسێسێکی پێویستدا یەکدەگرنەوە ، بە هەمووان ناوەندێك لەشێوەی نوخبەی سەرکردایەتیدا هەڵدەبژێرن ، لێرەدا سەرکردەی جوڵێنەر و ئیلهامبەخشی ڕابەڕاییەتی زۆرجاران هەر خۆی تاکە سەرکردەیە ، وەکو لە ئەزموونی " شێخ محمود و بارزانی " و سەرکردەکانی تردا لە شێوەی پەیوەندیی سەرکرایەتی و قاعدە یان دۆخی پەیوەندی باوك و کوڕ ، قسەکەر و گوێگر ، فەرماندەر و بەجێهێنەر دان دەیبینین لەو بڕوایەشەوە ، کە تاك و گرەپ و سەرکردە یەکدی بەرهەمدێنن و پەیوەندیەکانیان کاریگەرن بۆ سەر یەکتری ، ئەوا دەتوانین بڵێین ناوەند و لێوار لەسەر یەك زەوی نەش و نمایان کردووە هەر لەسەر ئەو زەمینەیەش درێژە بە توندوتیژی دەدەن بە هەموو شێوەکانیەوە، ئەگەر زەمینەی شەڕانگیزیی دیاریبکەین ئەوا بەرامبەر وێنەی باوك دەبینەوە هۆکەش فاکتەری پەیوەندییە خێڵەکییەکانی مرۆڤی کوردە وێنەی باوك- سەرۆك عەشایر وێنەیەکی دیارە و هەمیشەش پابەندی قەدەری جووڵانەوەی کۆمەڵایەتی و شۆڕشی کوردبووە ئەگەر بە ئاسانی لە وێنەی باوك بڕوانین، باوك وەکو باوکە خۆرهەڵاتییەکان جوڵێنەری ژیانی کوڕ و کچ و ژنەکان دووبارەبوونەوەی بە زەبر و ڕۆژانەی پرۆسەی مراندنی دیموکراسیەتە لە هەموو ووردەکارییەکانی ژیاندا " ڕۆلاند بارت" گووتەنی " باوك ڕێگرە و مردنیش فەو‌ضایە" لای فرۆید مردنی باوك گرێیەکی پڕ تاوانە، بەڵام بەوکە خۆرهەڵاتی و موسڵمانەکان بەپێی بڕوای ئایینی بەدار و زەبر، حاڵەتی چەپاندن / خەفەکردنی بیروڕا وە غەریزە پیادە دەکەن.


دۆخی دووەم دووبارەکردنەوەی وێنەی باوکە لە پرۆسێسێکی ئیسلامی - خێڵەکی - نەتەوەییدا بە مانایڕاکردنی کوڕەکان بۆ نێو شۆڕش و گروپەکانی بەرهەمهێنانەوەی دەستەڵاتی باوکە ، ئەم جۆرە ڕاکردنە خۆی لەخۆیدا یەکگرتنەوەیە لەگەڵ وێنەی باوکێکی گەورەدا ، سەلماندنی پابەندی کوڕەکانە بە باوکەوە ئەم دۆخە لە شۆڕشی شێخ مەحمود و شۆڕشی بەهەشتی بارزانیدا دەبینیرا، دۆخی یەکەم سەرەتای ڕێڕەوی ڕێبەزیکردنی مێژووی باوکە بە هەموو لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیەوە ، ئەم تاکانە کاتێك گرۆپەیان دروستکرد، هەر لە دروستکردنی یەکەم شانەو خانەی حزبییەوە سێبەری باوك بە هەموو کردارەکانیانەوە دیاربوو گروپی لادەر لە سیستمی باوك خۆی لە خۆیدا تۆوی دروستکردنی باوکێکی تریان لەگەڵ خۆیاندا هێنایەوە ، ئەم حاڵەتەش پرۆسێسێکە تائێستا لەودیوو هەڵسوکەوتی سیاسییەوە ئامێری پسیکۆلۆژیمان بەڕێوە دەبات.


کۆمۆنیستەکان لە سەردەمی خۆیاندا ڕێەوێکی تەواو جیاواز بوون لە بیری خێڵەکی ، ئەمانە لە زۆرانبازییەکی سەختدا بوون لەگەڵ تەقلیدیەیدا ڕژێمی باوك هەر لە سەرەتاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان دەستی خستە سەر برینی " موراڵ' ، کە فاکتەری ووروژااندنی تابۆیە لە نێو " کۆمەڵ" دا هەر زوو شیوعییەکان تۆمەتی سێکس " وەك تابۆ تا ڕادەیەك گوناه" یان پێوەلکان، ئەمە شۆکێکی گەورەبوو ، چونکە لە یەکەم ڕووبەڕبوونەوەدا شیوعییەکان لە کورتبینی خۆیانەوە بۆ خوێندنەوەی بنەما سایکۆ- سۆسیۆ- پۆلیتیکی کۆمەڵگای کوردی لەو بڕوایەدا نەبوون دەزگای باوك لە مۆراڵ و تابۆوە دژی ئەوان بکات ، دەزگای بوك هەر زوو شیوعییەکانی بەکەنارخست و کردنیە کۆمەڵێ بەشی نامۆ لە جەستەی کۆمەڵگای کورد.


ئەم کورتبینییە چەندین هۆی ئیدۆلۆژی و گفتوگۆی سیاسی هەڵدەگرێت لەپشت ئەمەشەوە هۆکارە سایکۆلۆژییەکان ڕۆڵی جوڵێنەری خۆیان دەبینن ، لەمەوپێش ئاماژەم لە زۆرانبازی ئۆدیبی کرد و ئاماژەم بۆ ئەو خاڵە کرد ، کە زەبروزەنگ و ڕژێمی سزا پابەندە بە وێنە باوکەوە، لێرەوە حاڵەتی "تەس" یەکێکە لە حاڵەتە دەروونییەکانی تاك و گروپە ، ترس وادەکات کورتبینبین و دەستکورتێتی مەعریفیش دەبێتە خەسڵەتێکی جۆری بیرکردنەوەمان ، من لە باوك دەترسم ئەوەندە دەترسم ، کە ناتوانم بەتەواوەتی خەسڵەتەکان ، کەموکوڕییەکانی شیبکەمەوە، بەم مانایەش چوونە نێو ناوچەی تابۆکانەوە خۆی لەخۆیدا گرفتێکی گیانی و جەستەییە تەفسیر لەم جۆرە حاڵەتەدا لە کەناردا دەوستێت و ناتوانێت ڕیبەزیی خۆی بکات، ترس لێرەوە دەبێت بە مۆتیڤ و ڕێڕەوی بیرکردنەوە دەگۆڕێ ، میکانیزمی خۆپاراستن وایکردووە شیوعییەکان زیاتر لە تەفسیری واقعی کۆمەڵایەتی ڕابکەن و بکەونە دامەزراندنی جیهانێکی تایبەت بۆ خۆیان ، جیهانێکی نەخۆشانەی سیاسی ، کە تەقلیدەکانی خێڵ و بەوك بە شێوەیەکی دی تیایدا دووبارەدەبنەوە واتە شیوعی و چەپەکان نەیانتوانی چ لە کۆن یا ئێستادا بچنە نێو زۆنە ترسناکانی باوك و بەوەندە وەستان تەفسیری ئەو دیاردانە بکەن ، کە باوك و سیستەمی باوك ئازار نادات گروپەکانی دیش ، کە نوێنەری باوك بوون مامەڵەی مناڵێکی شێت و هەڵەشەیان بۆ کردن چەپ و شیوعییەکانیش لەژێر ئەو ناونیشانەدا تا ئێستا کارەساتی خۆیان دووبارە دەکەنەوە بارزانی هەر زوو شیوعییەکانی بەکەنارخست ، زۆر زۆۆ وازیلێهنان لە نێو ئینشقاقات و دووبارەبوونەوەدا گینگڵ بدەن.

______________________________

بەشی دوووەم: www.emrro.com/destebijerisiyasiy2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/destebijerisiyasiy.htm

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک