په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٠

دەستگیرکردن لە ئەڵمانیا، سێ رۆژەی خاڵۆ رەشید و هەڵبژاردن.

سەلام عەبدوڵا  

ئیمڕۆ لەلانی کەمەوە بۆ من رۆژێکی تایبەتە:
دەسەڵاتداران لە ئەڵمانیا و ئەلژیکا زۆر باشتر لە هەزاران وتارو ریپۆرتاژ و شیعرو شانۆ، کوردستانییەکانیان هوشیارو بە ئاگا هێنا و بۆی روونیانکردەوە کە دیموکراسی ئەوە نییە تەنها"مافی مرۆڤ دەپارێزێ"، بەڵکو رۆژانە هەزاران جاریش بە هەردوو قاچیشیان پێشێلی دەکەن و ئەم جارەیان بە وێنەی دەستگیرکردنی بەرپرسی(پژاک)و بردنی بۆ شوێنی نادیارو هەڵکوتان بۆ سەر سەنتڕاڵی کەناڵی تەلەفزیونی(رۆژ تیڤی)و دەستبەسەکردنی کارمەندان و رۆژنامەنووس و مێوانەکانیان. دیارە ئەم وێنەیە بۆ من نوێ نییە و لە چارەکە سەدەیەکی ژیانم لە ئەڵمانیا دەیان جار ئەم جۆرە وێنانەم بینیوەو لەبارەیانەوە ئاکاداریم هەیە(لێدان و بریندارو زیندانکردن و سوکایەتی بە خۆپیشاندەرانی دژ بە راسیزم، فاشیزم و ئازادی زیندانییە سیاسییەکان و مافخوازانی ژنان و رەشبگیرو هەڵکوتانە سەر بنکە کلتووری و کتێبخانەکان).


بە سەرڕاستی دەڵێم: لە گەل ژان و توڕەییم بەرامبەر بە تاوانی دەسەڵاتی دیموکراسی بە وێنە بەلژیکی-ئەڵمانییەکەی، پێمخۆش بوو چۆن بە بەرچاوی هەمووانەوە، تاوانەکەیان ئەنجام داو بەمە دوا جووتیاری نەخوێندەوار لە دوورترین ئاوایی کوردستان بینی کە دەسەڵاتی دیموکراسی چ جۆرە زوڵمێک دەکات(ئەم تاوانە تەنانەت لە دەستگیرکردنەی ئۆجەلانیش باشتر تاونبارە دیموکراسەکەی پیشاندا، چونکە"قارەمانی"لەبەرچاوی دەستگیرکردنەکەی ئەم دەسەڵاتی تورکیا بوو)و بە زەقی نەزانی و جەهلی ئەوانەی دەرخست کە لە نووسین و قسەکانیان لە کەناڵەکانی راگەیاند حوکمڕانی لە وەڵاتانی ئۆروپا بە نموونەی باڵا دەزانن. بەدڵنیاییەوە رۆژێک دادێ ببینن و بڕوا بکەن کە دیموکراسی رۆژانە ملیون تاکیش رەوانەی بێکاری، تەنهایی، نەخۆشخانە دەروونییەکان و سواڵکردنی"مۆدێڕن و جەنگ و چەوسانەوەو ناعەداڵەتی دەکات، هاوکات هیچ چارەسەرێکی جددی و راستەقینەی پێ نییە بۆ کێشەکانی مرۆڤ و تاقە چارەسەر هەر(نە شاە نە شێخ، نە ئاسمان....)ە.


ئیمڕۆ سێیەم رۆژی کۆچیدوایی خاڵۆ رەشیدە: کەس نییە شیوەن و باوکە رۆ یا دڵۆپێکی فرمێسکی بۆ بڕێژێ، کەس نیە پرسەی بۆ دابنێ، جا پرسەیشی بۆ دابنرێ، لە کێ سەرەخۆش بکرێ؟(وەک مەرگی دراوسێ پیرەژنەکەم لە گەڕەکی شتیگە مویلن ڤێگ17، گوێتنگن-هەموو تەمەنی بە کرێکاری بەسەربردبوو و کەس نەبوو پرسەی بۆ دابنێت و ئێمەش هەر ئەوەندەمان پێکرا، پرسەنامەیەک بنووسین و ئیمزای خۆمان لەسەری بکەن و لە زەرفێکدا خستمانە ناو سنوقی پۆستەی خۆی!)، کەسیش نییە سەردانی گۆڕەکەی بکات. نازانم لەم کات و سات و بۆنەیە، قوڕگ وشبوونەکەم چی دەگەیەنێ و دادی چی دەدات، بەڵام ئیمڕۆ دەبێ گۆڕەکەی بەشکۆمەندی و خۆشەویستییەکی تایبەت بە گوڵ و مۆم و دار بەشێوەیەکی سادەو سەرەتایی بڕازێنمەوە کە لە گۆڕی مردوانی هەموو تەلارو ڤیلاو خاوەن کۆمپانیاو دەوڵەمەندەکان بە ئەولیا و ئەسحابە و پەیامبەرەکانیان رێزدارترو بەحورمەتتر و جوانتر بێت: لێرە مرۆڤێک کە هەموو تەمەنی بە حەماڵی خزمەتی کۆمەڵگەکەی کردو بەهۆی زوڵم زۆرداری لە ناو دڵی شاری خانەقین، لە کولانە سەگێکی ناو کەلاوەیەکی شڕی پڕ زبڵ نیشتەجێ بوو و هەر وەک ئەو زبڵە رەفتاری لەگەل کراوەو بەتاکی تەنها و بە بێکەسی و زەلیلی ماڵئاوایی لێکردین:


خاڵۆ رەشید لە هەمووتان بە حورمەتترو بەرێزتر و پیاوچاکترو گەورەترە،
خاڵۆکەم لە ئێوە میهرەبانترو جوانترو خۆشەویستترە،
خاڵۆ گیان لە هەر هەمووتان شایستەترە،
مەرگی رەشید بەو شێوەیە، گەورەترین کارەساتە لە مێژووی هەر گەلێک،
ردێن سپییەکی پێخاوس بە شەرواڵ و کراسێکی شڕەوە، سەری هەر هەموومان بە کەسایەتی و حکومەت و حزب و فکر وئاینەکان، نەوی کرد،
پەتویەکی شڕی سەر کارتۆن و جامێکی ئاو و قەروێلەیەکی ژەنگاوی، هەموو موڵکایەتییەکەی بوو.


گرانترین ناو و موڵک:
کراسەکەی بە هەموو داهاتی بۆرسەکانی دنیا، ناگۆڕمەوە،
شەڕۆڵە شڕەکەی لە هەموو ئاڵاکانی بەنرخترە،
هەموو تەڵاکانی پاشاکانی دنیا لە چاوییەوە زبڵن.
رەشید هاوارو ئەدرەس وهێزێکی لەبن نەهاتووە بۆ ناڕەزایەتی دژ بە گشت جۆرەکانی چەوسانەوە.


ئیمڕۆ ئێوە خەریکی هەڵبژاردن و زیندوان بوون و ماندوو نەبن، بەڵام قورسی کاریگەری مەرگی ئەم ئینسانە هەموو شتێکی لەبیربردمەوەو، خەریکی مەراسیمی سێیەم رۆژی ئەم قارەمانە رەشیدو نموونەیی زۆر تایبەتە بووم...ئێوە قامەکتان کرد بە مەرەکەب، منیش بە قوڕ بۆ مردوویەک کە تەنانەت بەناوی خۆیشی نەنێژرا!


بەڕاست کێ کۆچیدوایی کرد؟ ناوی چی بوو؟


پێشی چەند مانگێک پێی وتم: من ناوم(رەشید حەسەن باجەڵان)ەو هەر ئەو کاتە وتارێکم نووسی بەناوی(مرۆڤی ناو زبڵ)، کەچی ئێستا بەناوی(حەیدەر محەمەد ئەحمەد) نێژرا!


حەیدەر کێیە؟ ئەمە چارەنووس و خۆشبەختییەکی تایبەتە...تازە گرنگ نییە ناوی چی بوو، جا بۆچی لەسەر ناوی پەکی کەوتبوو؟!


ئەو جوامێرە هەموو شتێکی لێ زەوتکرابوو، هەر هەمووی...مرۆڤێکی ئاسایی بە ئەقڵ وسۆزو ئارەزوو و هیواو خەون، لێ هێزێکی"نادیار"لە هەموو شتێک رووتیکردبووەوەو هیچ کەسێک بایەخی بە مێژوو، ناو، دەنگی نەداوەو وەک مەرگی هەر پەپۆلەیەکی گومناو کە نە حکومەت، نە ناسنامە، نە ئاڵا، نە شارستانی و نە کەس و برادەرو ناسیاو، بەجێی هێشتین...


رەشید، وانەیەکە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەم پەیوەندییانە بگۆڕین...


ئیمڕۆ من بە بێ مەراسیمە باوەکان و مەلایکەو سوورەتەکان، بابڵێم وەک چۆن خەڵک و سەرۆک حکومەتەکان سەر بۆ سەربازە گومناوەکان دادەنەوێنن، منیش بەو شێوەیە بە تەنها لە حزووری رێزدار(رەشید حەسەن باجەڵان)راوەستام و بەبێ دەنگی سەرم بۆی دانواندو چەندە ئەو بیری لە لای"هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکە"بوو، منیش هەر ئەوەندە!


ئەی پێشی چەند ساڵێک نەمگوت: هەمیشە لەگەل هەموو کێشە دۆڕاوەکانم، لەمەودوا ئیتر خستتر وا دەڵێم، چونکە نوری عالەم و پەیامبەری هەموو دۆڕاوەکانی جیهان لەدایکبوو و ناوی رەشید حەسەن باجەڵانە، لە گەڕەکی ساڵح بەک، کەلاوەی شڕی بێ ژمارەو دەرگاو پەنجەرە نیشتەجێ بوو و ئێستا لە سەرەتای گۆڕستانی خدری زیندە نێژرا. مەقامەکەی بەدەستی راستەوەیە، هەر کە قەبرە گوڵستانییەکەتان بینی، سەڵاوی خۆتان ئاراستە بکەن و پەیمانی رزگاری و ئازادی ئینسان دووپات بکەنەوە...
 


 07701929872

dwaroj@yahoo.de