په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

   

           دەستم پێیە! 


ڕابەر فاریق

پیتەکانی ناوم
تێکەڵی پیتەکانی ناوت دەبن،
لەم ڕستەیەدا
کە ناتوانم بینووسم.


پیتاندنیش جەستەمان ناپیتێنێ.

نانووسم و
نووسین پیتەکان گەمارۆ دەدا
منیش تۆ!

نووسین و نائومێدیی لە شوێنێکدا بە یەک دەگەن،
کە (منـ)ـم،
هەرسێکیشمان لە تەمدا!

جگە لە لولدان
کێ دەزانێت ئەو مانـە نەمانە و
چووزانمـیشم هەموو شت؟!

پێڵاو لە دەستم دەکەم و پێم نا!
سڵاو لە تۆ دەکەم و بە دەستم نا!
دەستێکی نەناسراویش دەستی بۆ پێی دەستم دێنێ
هەناسەش با!

لەم دێرەدا کە ناتوانم دەستی لێ دەم
دەست لە خۆم بەردەدەم و
دەستم بەر دەستەکانی تۆ دەکەوێت
لەوانەیە: کە لێرە نیت.

لێرە نابیت کە وێنەکان دەستم دەگرن و
دەمبەیت
بۆ ژێر پردەکانی بێتاقەت
لە پەیڤی دەمامکدراو!

کات ماندووە بە دیار ئێمەوە
ئێمەش بە دیار یەکتر و
یەکتریشمان بە دیار هەڵوەرینەوە!

دەستم لێ مەدە،
پێم لەسەر زەوییە!
چاوەکانم لەسەر تۆ و
کەفی بێهۆشی لە دەمم دا و...

ئاسمانیش لە ژێر دەستمەوە ڕەت دەبێت!

دەستم لە دەستی خۆم نییە و
باڵەکانیشم لە فڕین
هەردووکیشمان لە یەکتر!

با لە یەکتری تێپەڕین
کە تێپەڕین دادمان نادا!


2009
rabarfariq@yahoo.com