٧\١١\٢٠١٥
دەستپێکێک بۆ نۆیەمین فیستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێشبڕکێی یەڵماز گۆننەی
لە لەندەن.
مەنسوور
جیهانی
نۆیەمین
خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی "یەڵماز
گۆننەی بۆ کورتە فیلم" لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن و پێنجەمین خولی پێشبڕکێی "یەڵماز
گۆنەی بۆ کورتە فیلم" بە بەشداری فیلمە کوردییەکان کە بەرھەمی
سینەماکارانی کورد و بیانین، لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی
دیکۆمێنتی (بەڵگەنامەیی)، ئەنیمەیشن و کورتە فیلم، بە ناوەرۆکی چیرۆکی
و دیکۆمێنتی لە رۆژانی ١٣ تا ٢٠ی تشرینی دووەمی
٢٠١٥ لە سینەمای "پیکچەرھاوس" لە ناوچەی ھەکنێی لە شاری لەندەن لە
وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و دەستەی بەڕێوەبردنیی ئەم فیستیڤاڵە
کوردییە وتارێکیان بە ناونیشانی "دەستپێک" بڵاوکردۆتەوە کە دەقەکەی لە
خوارەوە ھاتووە:
دەستپێک.
نۆیەمین
فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن.
بەخێربێن بۆ نۆھەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن. وەک دەزانن سینەما
مێژوویەکی درێژ و دینامیکیی ھەیە. فێستیڤاڵی فیلمی کوردیش لە ١٥ ساڵی
تەمەنی پڕ لە ئەزموونی خۆیدا، ناوێکی بەرچاوی بۆخۆی درووستکردووە. ئێمە
تا ئێستا توانیومانە ٨ فێستیڤاڵی چڕوپڕ لەدوای خۆمان بەجێبێڵین.
ئەمساڵیش بەخۆشحاڵییەوە نۆھەمین فێستیڤاڵ لە شاری ھونەر و داھێنان (لەندەنی
پایتەخت) لە سینەمای ناوداری "ھاکنی پیکچەرھاوس" سازدەکەین. جێگەی
خۆشحاڵی و شاگەشکەبوونە کە دیسان بە کۆمەڵێک فیلمی کوردی زۆر باشەوە
دڵی دۆستانی سینەما خۆشدەکەین.
فیلم رەگەزێکی بەھێز و کاریگەرە بۆ دەربرینی ھونەریی. سینەما ئاوێنەی
بیروباوەڕی خەڵکە و ھەست و نەستی ھەنووکەیی میللەتێک بەرجەستە دەکات.
ھەر بۆیەش پلاتفۆرمێکی وەھا گرنگییەکی گەورەی بەدەستھێناوە لە
کۆمەڵگای کوردییدا. وەکوو میللەتێک کە ساڵانێکی دورودرێژ خەڵکەکەی
خەونیان بە وڵاتێکی سەقامگیرەوە بینیوە، سینەما رۆشنایی دەخاتە سەر
خەون و خەبات و کەلتوور و سرووشت و بیرەوەری و بوونی تاکی کوردی.
ئەمساڵ بڕیارمان دا کە ژمارەی فیلمە بەشداربووەکان کەمبکەینەوە و لە
بەیانیان و نیوەڕواندا فیلم پیشان نەدەین، تاکوو بوار بۆ بینەران
بڕەخسێنین چێژ لە زۆرترین ژمارەی فیلم ببینن لە ئێواراندا. لە پرۆگرامی
ئەمساڵدا ٩ فیلمی بەھێزی درێژخایەنمان ھەڵبژاردووە، کە ٧ لەوانە بۆ
یەکەمین جارە لە بەریتانیا پیشاندەدرێن. ھەروەھا ١١ فیلمی دۆکیومێنتەری
و ١٠ کورتە فیلمیش کە لە پێنجەمین پێشبرکێی ناوازەی خەڵاتی "یەڵماز
گۆننەی"دا بەشدار دەبن.
وەک ھەمیشە فێستیڤاڵ، بە فیلمێکی سەرنجڕاکێش و بابەتێکی گرنگ و
ھەنووکەیی دەسپێدەکەین. لە ئاھەنگی کردنەوەی فێستیڤاڵی ئەمساڵیشدا
فیلمێک نمایشدەکەین کە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ڕەنگدانەوەی ئەو کێشە و
بارگرانییە پیشاندەدات کە فیلمسازان لە شوێنێکی وەکوو کوردستاندا رووبەڕووی
دەبنەوە. لەم فیلمەدا بەردەوام بەر ئەو ڕاستییە دەکەوین کە فیلمساز لە
گەشتەکەیدا تووشی دەبێت. ھەروەھا زبریی ژیان و ئەو کێشانەی دەبنە
ماتریاڵێکی باش بۆ فیلم.
فیلمی "بیرەوەریەکانی سەر بەرد"ی "شەوکەت
ئەمین کۆرکی" گوڕێکی تایبەت بە نۆھەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی دەبەخشێت.
ئەم فیلمە وەک نوێنەری عێراق لە ھەشتاوھەشتھەمین خەڵاتی ئاکادیمیای
ئۆسکاردا ھەڵبژێردراوە بۆ باشترین فیلم بە زمانێکی بێگانە. ھەروەھا جێی
شانازیە کە جارێکی تریش میوانداریی فیلمساز "ھیشام زەمان" دەکەین بۆ
گفتووگۆی پاش نمایشکردنی فیلمەکەی بەناونیشانی "نامەیەک بۆ پاشا". ئەم
فیلمە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتەبێرگ"ی سویددا خەڵاتی
باشترین فیلمی ئیسکەندانافی پێبەخشراوە.
کێنان کۆرماز" بە فیلمی "رۆیشت: ئەوی تر و نەناسراو" بەرەو شوێنێکمان
دەبات کە پێشتر نەمانبینیوە. خۆمان لە دونیای ئاشورییەکاندا دەبینینەوە
کە یەکێکە لە شارستانییە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا و ئێستاش نەوەکانیان
ناچارکراون خاک و زێدی خۆیان بەجێبێڵن.
وەرە دەنگێ من" تازەترین فیلمی درێژخایەن (فیچەرفیلم)ی "حوسێن
کارابەی"ە کە پێشتر بە فیلمی "گیتمەک"، "لەبیرم مەکە ئەی ئیستانبوڵ" و
"ئێف تایپ" ناسیوومانە و ئەم دەرھێنەرە خاوەنی دەیەھا فیلمی تری کورت و
دۆکیومێنتەریە. فیلمەکەی ئەمساڵی بەشێک لە ژیانی کوردانمان پیشاندەدات
لە تورکیا و ئەو نائومێدیەی بۆتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەیان.
بەکارھێنانی دەنگبێژ زۆر بە جوانی پێشمان دەکەوێت و دنیای ناوەوەی
کارەکتەرەکانمان پیشاندەدات. "کارابەی" خۆی لە کاتی پیشاندانی ئەم
فیلمەیدا ئامادە دەبێت کە ساڵی پار بۆ یەکەمین جار لە فێستیڤاڵی
ناسراوی "بەرلینالە" لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا پیشاندراوە.
سەرەڕای ھەموو ئەوانەی باسکرا، جێی شانازییە کە لە ھەمان کاتدا چەندین
دەرھێنەری تر لەم فێستیڤاڵەدا ھاوڕێیەتیمان دەکەن. لەوانە: "ئێڕۆڵ
مینتاش" بە فیلمی "گۆرانیەکەی دایکم" کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی "سەراییڤۆ"دا
خەڵاتی باشترین فیلمی بەدەسھێنا. "بەتین قوبادی" لە فیلمەکەیدا
بەناونیشانی "مەردان" لەگەڵ خۆی دەمانبات و گەشتێک بەرەو چیاکان دەکەین
کە لەوێ چیرۆکی بیرەوەریی تاڵ و شیرین دەگێڕێتەوە. "فەریبورز کامکاری"
چێژێکی زۆرمان پێدەبەخشێت لە رێگای پیشاندانی فیلمێکی ناوازەوە لە
جۆری کۆمیدیای ڕەش بەناونیشانی "پیتزا ئاداتێری". ھەروەھا "فەریت
کارەھان" روبەڕووی پرسیاری زۆر قوڵمان دەکاتەوە دەربارەی کۆمەڵگای
ئێستا لە فیلمی " کەوتنە خوارەوە لە بەھەشت"دا. دواجار "عومەر
لەڤینتۆگڵو" لە فیلمی" ڤانی شین"دا دەمانباتە نێو دنیای ترسناکی
زیندانەوە.
ئەم دەرھێنەرانە خۆشیان لەگەڵمان دەبن بۆ پێشاندانی ئەم فیلمە ناوازە و
سەرنجڕاکێشانە کە بۆ یەکەمین جار لە بەریتانیا نمایشدەکرێن.
سەرەڕای فیچەرفیلمەکان، چانسی ئەوەتان دەبێت ١١ فیلمی بەھێزی
دۆکیومێنتەری ببینن کە تیایاندا شایەتحاڵی ئەزموونەکانی ئەو کۆمەڵگا
جیاوازانە دەبین لە کوردستاندا کە لەم ساڵانەی دواییدا تیشکیان
خرایەسەر. لە میانەی فیلمی "N"دا
مەسیحیەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست باسی چیرۆکی ئاوارەبوونی خۆیانمان بۆ
دەگێڕنەوە. لە فیلمی "٧٣"شدا شایەتحاڵی حەفتاوسێھەمین جار
جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان دەبین. لە فیلمی " بێڕۆژ"دا سەرمان لە
بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی "کۆبانی" دەسوڕمێت.
ھەر دوو فیلمی "دایکە بەفرۆ" و "ھێڤی" نموونەی بەرخۆدان و ئازایەتی و
بەرگریکردنی ژنانی کوردن. لە "دایکە بەفرۆ"دا بە تەواوی ویژدانمان
دەجووڵێت کاتێک دایکێک ٣٣ ساڵی بەردەوام و لێبڕاوە بە دوای کوڕەکەیدا
دەگەڕێت. فیلمی "ھێڤی" نەخشەی سەفەری "سەکینە جانسیز" و سێ ژنی تری
کوردمان دەخاتە پێشچاو کە ساڵی ٢٠١٣ لە پاریس شەھیدکران.
نۆھەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی، بەشانازییەوە پێشبڕکێی خەڵاتی فیلمی "یەڵماز
گۆننەی" دێنێتەوە خزمەتتان. ھەر بۆیە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بینینی
١٠ کورتە فیلمی زۆر نوێی و ناوازە دەکەین کە لە ھەر چوار پارچەی
کوردستان بەرھەم ھاتوون و پێشبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی
ئەمساڵی "یەڵماز گۆننەی".
ساڵی ٢٠١١ لە حەوتەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیدا، نمایشی کورتە فیلمی "باڕک
/ سەگوەڕ" مان کرد. لەم فیلمەدا "حاجی
لوقمان بیرلیک" رۆڵی سەرەکیی دەبینی کە لە دووی مانگی ئۆکتۆبەری
ئەمساڵدا زۆر دڕندانە لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە لە "شیرناخ" شەھیدکرا.
ھەر بۆیە دیسان ئەمساڵ ئەم فیلمە نمایش دەکەینەوە تاوەکوو یادی
ھونەرمەند و ھاوڕێمان "حاجی لوقمان" بەرزڕابگرین و ژیانی ئیلھامبەخشی
ئەم پیاوە لە یادەوەریماندا جێگای کۆتاییھاتنە تراژیدییەکەی بگرێتەوە.
لە کۆتاییدا دەمانەوێت زۆر سوپاسی دەرھێنەرە کوردەکانمان بکەین کە لە
بارودۆخێکی وەھا سەختی وەک ئێستای کوردستاندا فیلمەکانیان بەرھەمھێناوە.
ھەروەھا سوپاسی ستافە خۆبەخشەکەمان دەکەین کە بەخۆشحاڵییەوە کاتی
زێڕینی خۆیان تەرخانکردووە بۆ پشتگیری و بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵ و
ئامادەکارییەکان. دیسان سوپاسی سپۆنسەرەکانمان دەکەین کە سازدانی ئەم
فێستیڤاڵە گرنگ و ناوازەیە مەیسەر دەکەن.
ھیوادارین کاتێکی خۆش لەگەڵ فیلمەکان و فێستیڤاڵەکەتاندا بەسەربەرن!
دەستەی بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن
بەڕێوەبەڕایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی نۆیەمین
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|