٩\١\٢٠١١
دەتوانین ساڵی
٢٠١١
بکەین بە ساڵی زمانی دایکمان؟!

سەلام عەبدوڵا
راسیزم لە سێنتڕاڵی حکومەتەکانی ئەنقەرە، تاران و دیمەشق دژ بە
کوردستانیان زاڵە و ئێمە لەسەرەڕێگای پێگەیاندنیانین بۆ مرۆڤێکی نوێ
کە بە سووکی بۆ مرۆڤی تر ناڕوانێت. ئەو حکومەتانە سەدان ساڵە بە کردەوە
بە چاوێکی
نزم بۆ مرۆڤی کوردزمان دەڕوانن و هەوڵیانداوە مێژووکەی بسڕنەوە و
کەسایەتییەکەی بشێوێنن. ئیمڕۆ ئێمە وەک خەڵکی کوردستان هەوڵدەدەین
تەواوی ناوچەکە لەو ئەقڵ و فکرو رەوشت و رەفتارە رەگەزپەرەستییە
رزگاربکەین، ئەلفبێی برایەتیان فێربکەین، جیهانبینی ئەپارتەهاید و
سەرتاپای فەلسەفەی مرۆڤی باڵا و مرۆڤی نزمی ئاغای نیتشە تێکدەدەین.
وەک بڵێ مێژوو بۆ هاوسەنگی دەگەڕێ و تۆڵە لە ستەمکاران دەکاتەوە: هەر
سێ وڵاتی(تورکیا، ئیران و سوریا) لەناو کێشەو گرفتی ناعەداڵەتی
کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوەی گەلان و ئەقڵییەتی ئەپارتەهایدو مەزهەبی
نغرۆ بوون و بۆگەنییان هەموو ناوچەکەی گێژدەکات و لەولاوە گەلێکی
ژێردەستەیان بە حوکمی جیوپۆلیتیکی شوێنەکەی، بووە بە دڵی زیندووی
تازەگەری و ویژدانی مرۆڤایەتی و هێشتا لە سەدەی هەژدە پەنگمان
خواردووەو لەنێو دەشت و شارو چیاکانمانەوە، تازە بە تازە هاواری
برایەتی و یەکسانی بە گوێیان دەدەن!
ئایا دەتوانین ساڵی
٢٠١١بکەین
بە ساڵی زمانی دایکمان؟
ئێمە پێشنیاری ئەم چەند خاڵانەی خوارەوە دەکەین:
١-
چارەسەرکردنی کێشەی شەرعییەتی نوێنەرایەتی(کۆلەکتیڤ) بەناوی هەموو گەلی
کوردستان رۆڵی لابەلاکەری هەیە. دەبێ کۆنگرە نەتەوەییەکان هیچ نەبێت
لەسەر ئاستی زمان یەکبگرن و پێکەوە ئەم کارە ئەنجام بدەن(یەکتری
سڕینەوە، خۆسڕینەوەیە!)
٢-
خۆڕێکخستن و دابەشکردنی ئەرکەکان.
٣-
هەموو سەنگ و توانای حزبەکان بخرێنە خزمەتی کاروچالاکی جەماوەری
ئاشتیخوازانە!
٤-
ماسمیدیاو رێکخراوەکانی تاراوگە بەچالاکی هەمە جۆر جەخت لەسەر مەسەلەی
دامەزراندنی قوتابخانە و مافی سرووشتی و مرۆییمان لە خوێندن بە زمانی
دایک بکەن.
٥-
رێکخستنی کۆنفرانسێک بۆ هەموو کوردستان و کۆنفرانسێکی نێونەتەوەی لە
دەرەوەی وڵات بە ئامادەبوونی رێکخراوە ناحکومییەکان.
بەم هەنگاوانە دەتوانین هەوڵەکانی ئێستاماندا بەرەو ئاستێکی باڵاتر
ببەین و ئیمساڵ بکەین بە ساڵی راپەڕینی زمانی دایکمان!
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|