ده وه‌رن با به‌ئاشکرایی باسی بکه‌ین....
گوڵاڵه پشده‌ری مانگی ئۆکتۆبر (10) تایبه‌ت بووبه کێشه‌ی نه‌خۆشی درێژخایه‌ن شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک له وڵاتانی پێشکه‌وتوودا. ئینجا بۆیه هه‌ندێک ڕێکخراو ی فه‌رمی و نافه‌رمی هه‌ڵسان به ڕاکێشانی سرنجی خه‌ڵک و ده‌سته‌ڵات بۆ لای ئه‌م نه‌خۆشییه دڵته‌زێنه. مه‌به‌ست ئه‌ویه که خه‌ڵک باشتر زانیاری‌یان هه‌بێ له سه‌ر لایه‌نه زانستییه‌که‌ی، کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که،باری ده‌روونی و هه‌روه‌ها بۆ باشتر بایه‌خدان به‌م کێشه‌یه له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه. به‌داخه‌وه له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌ر به شاراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و باسی لێوه ناکرێت نه له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاته‌وه و نه له لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه. بێگومان ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شێوازی کولتووری ئه‌م وڵاتانه. به‌ڵام ئایا پێتان وانیه که به باسکردن و خه‌ڵک ئاشناکردن به‌م ئاریشه‌یه هه‌ندێک له گرفته‌کانی جۆراوجۆری تووشبووان چاره‌سه‌ر ده کرێت؟ یان نابێته مایه‌ی به‌رگریکردن له‌م نه‌خۆشیه سامناکه؟ خۆ ئه‌گه‌ر که‌سێک نائاساییه‌کانی جه‌سته‌ی خۆی بناسێت ئه‌شزانێت به دووای چاره‌سه‌ری دا بگه‌ڕێت. هه‌میشه به‌رگریکردن له چاره‌سه‌ری زۆر ئاسانتره. ئینجا بۆیه به پێویستی ده‌زانم که هه‌نگاو بنێین و کاری بۆ بکه‌ین که ئه‌م نه‌خۆشییه‌ش هه‌ر وه‌کو نه‌خۆشییه‌کانی تر وه‌ک نه‌خۆشی دڵ یان به‌رزی په‌ستانی خوێن و یان شه‌کره له سه‌ری بدوێین و یه‌کتر ووشیار بکه‌ینه‌وه و بۆچوونه‌کان و یاداوه‌رییه‌کان و ئه‌زموونه‌کانمان له‌م باره‌وه نه‌شارینه‌وه و بیبه‌خشین به ئه‌وانه‌ی که پێویستییان پێیه و به‌ڵکو که‌ڵکی لێ وه‌رگرن. ئه‌ڵبه‌ته ده‌سته‌ڵاتیش ده‌توانێت له جیاتی سه‌رقاڵی نه‌خۆشی به ده‌ستهێنانی پله و پایه وپڕکردنی گیرفان بێت، کار بۆ دژ به‌م جۆره نه‌خۆشییانه بکه‌ن به‌دووای ژیان ئاسووده بۆ خه‌ڵک بگه‌ڕێن،چۆنکه ئه‌گه‌ر ئاسووده‌یی و هه‌بوونی باشی ئابووری هه‌بێ ئه‌وا مه‌ترسی له‌م جۆره نه‌خۆشییه‌ش که‌متر ده‌بێته‌وه.
به‌ڕێزانی خوێنه‌ر لێره‌دا چه‌ند چاوپێکه‌وتنێک که له گه‌ڵ هه‌ندێک که‌سی تووشبوو به‌م نه‌خۆشییه کراوه وه‌رمگێراوته سه‌ر زمانی کوردی که له بڵاوکراوه‌ی PINKRIBBON له هۆڵه‌ندا ده‌رچووه. ناوه‌کان گۆڕاون. ئه‌وان هه‌ر یه‌کێکیان بیر،هه‌ست و یاد و ئه‌زموونه‌کانیان به‌رامبه‌ر به‌م نه‌خۆشییه ده‌گێڕنه‌وه.
* بۆ من تووشبوونی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک،هه‌ژاندنێک بوو (wake-up call ).
مایکڵ ته‌مه‌ن( 34 ساڵ) له هه‌یڤی 9 ساڵی 2005 دا نه‌شته‌رگه‌ری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مکی بۆ کرا.
مایکڵ ئه‌ڵێ: ساڵێک بوو هه‌ستم ده‌کرد ته‌ندروستیم باش نیه،به‌ڵام خه‌مسارد بووم و بایه‌خم پێی نه‌دا. ئه‌و گرێیه‌ک بوو که هه‌وی کرد و گه‌وره بوو به 2،5 سانتیمه‌تر. له مه‌مکی پیاواندا زۆر به ئاسانی هه‌ستی پێ ده کرێت،به‌ڵام من لێی خه‌مسارد بووم وگوێم نه‌دایه تاکو هاوڕێیه‌کم که خوێنه‌ری به‌شی کۆلیژی پزیشکی بوو،دوای بینینی هانی دام بڕۆمه لای پزیشکی خانه‌واده‌ییم. له‌م کاته‌دا هه‌موو کاره‌کان به خێرایی به‌ڕێوه‌بران. هه‌ر له ڕێگای نه‌خۆشخانه‌دا بووم.دوای ئه‌وه‌ش نه‌م ده‌ویست باوه‌ڕ بکه‌م چیم به‌سه‌ر هاتووه. 2-3 ڕۆژ زۆر په‌رێشان بووم . دایک و باوکم له ته‌مه‌نی گه‌نجی دا کۆچییان کردووه،دایکم به هۆی شێره‌په‌نجه‌ی مه‌مک و منیش وا بۆی چووم که : ئه‌وه تووش بووم و کۆتایی به ژیانم هات. به‌ڵام پزیشک و پسپۆره‌کان گه‌شبین بوون که من هه‌ستی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌م به‌رامبه‌ر به‌م نه‌خۆشییه زیندوو ده‌بێته‌وه. ده‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌موو چاره‌سه‌رییه به کیمیایی Chemotherapy زۆر نه‌خۆش و بێهێز که‌وتم. ئێستاش زۆر جار ماندووم. هه‌رواها ده‌ره‌نجامی چاره‌سه‌ری به هۆرمۆنه‌کان Hormontherapy تووشی کێشه بووم وه‌کو: هه‌ست به گه‌رمایی کردن،دڵه‌کوتێ و زوو ڕه‌نجان....به‌ڕاستی هه‌ستێکی زۆر ناخۆشه. پشتیوانی نزیکان،هاوڕێیان و که‌س و کار به تایبه‌تی خوشکم، زۆر یارمه‌تی دام له چاک بوونه‌وه‌م. کاتێ مانه‌وه‌م له نه‌خۆشخانه‌دا به ڕێگای ئێنته‌رنه‌ته‌وه هه‌ندێک هاوڕێم ناسین.له سه‌ره‌تادا باسی نه‌خۆشی خۆم بۆیان نه‌ده‌کرد،به‌ڵام که زۆر له یه‌کتر نزیک بووینه‌وه به پێویستم زانی پێیان بڵێم.هه‌تا وێنه‌م به سه‌ره ڕووتاوه‌که‌شم بۆیان نارد و ئه‌وانیش زۆر به دڵسۆزییه‌وه ڕه‌نگدانه‌وه‌یان نوواند و هه‌ڵسووکه‌وتییان له گه‌ڵمدا زۆر به‌ڕێز و باش بوو. بۆ من تووش بوون به شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک، هه‌ژانده‌ن و یان ووشیار کردنه‌وه له خه‌ودا بوو(wake-up call ). خۆم ساڵانێکی زۆر بوو بواری ته‌ندرووستی ده‌روونیم له‌بار نه‌بوو و له‌ته‌مه‌نی زۆر گه‌نجیدا هه‌تیو بووم و زۆر ئاریشه‌م هه‌بوو له گه‌ڵ زڕدایک و باوک و تێڕوانینم بۆ ژیان زۆر ڕه‌ش و نیگاتیڤ بوو. به بۆ چوونی من جه‌سته‌ی مرۆڤ به گوێره‌ی بواری ناله‌باری ده‌روونی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رینی هه‌یه. هه‌رواها من وای بۆ ده‌چم که ئه‌م ڕووداوه گه‌وره‌ییه له ته‌ندرووستیمدا نیشانه یان ئاگادار کردنه‌وه‌یه‌که که گه‌ژبینتر بم له ژیاندا.
* من ته‌نیا ئامانجێکم هه‌یه ، که گوێبیستی ده‌نگم بن .
کۆلین ته‌مه‌ن 44 ساڵ که ئێستا به ته‌نیا ده‌ژیێت.کۆلین دوو کووڕی هه‌یه مارکۆ ته‌مه‌ن 18 ساڵ و جانی ته‌مه 8 ساڵ که ئه‌وان لای باوکیان له بریتانیا ده‌ژین. له ساڵی 2004دا شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک له جۆری خراپ (malign tumor ) دۆزرایه‌وه و ئێستا بیستوویه‌تی که به گشت گیانی دا بڵاو بۆته‌وه و ئیتر چاره‌سه‌ری ناکرێت.
کۆلین ئه‌لێ: تۆ ده‌زانی که شتێک له گۆڕێ دایه به‌ڵام ناته‌وێ کاری بۆ بکه‌ی.یه‌که‌م جار له باره‌ی نه‌خۆشیه‌که‌م لای که‌س باسم نه‌کرد.نه‌مده‌ویست ئاشکرای بکه‌م به‌ڵام دووای 22 مین جار چاره‌سه‌ری به کیمیایی سه‌رم ڕووتایه‌وه و ئه‌وسا بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌م دیار بوو/ ده‌رکه‌وت چییه؟ من ئه‌ژمارێکی زۆر له که‌س و کار و هاوڕێم له ده‌ستدان.ئه‌وان به‌ڵێنیان پێمدابوو که هه‌رگیز پشتم تێ نه‌که‌ن و به‌جێم نه‌هێڵن.ئه وه زۆر ئازاری دام.به‌ڵام دۆسته‌که‌م که خۆی په‌رستیاره زۆر یارمه‌تی دام. دووای بڕینه‌وه‌ی Mastectomy مه‌مکم جه‌سته‌ی خۆم زۆر به ناشیرین و ناڕێک ده‌هاته به‌رچاو و قێزم له‌خۆم ده‌بۆیه‌وه.هه‌ستم ده‌کرد ئیتر من ئافره‌ت نیم،بۆم ناخۆش بوو بڕۆمه گه‌رماوه(حه‌مام) سه‌یری خۆم بکه‌م. تاکو دۆسته‌که‌م پیی ووتم:ئیتر به‌سه واز بێنه!که مه‌مکت نه‌بوو واتا نیه که ئیتر ژن نی. دووای هه‌وڵم دا به خۆم بسه‌لمێنم که به بێ مه‌مکیش هه‌ر ئافره‌تم و ئه‌توانم بژیم. دووای ئه‌وه نێوانی دۆستایه‌تیشم هه‌بوو له گه‌ڵ پیاودا.که یه‌که‌م جار پییم ووت:'' به‌س یه‌ک دانه‌م هه‌یه'' و ئه‌و به سه‌یری نیگای کردم و ووتی: '' باسی چی ده‌که‌ی''؟ دوواتر له ماڵه‌وه نه‌ده‌هاتمه ده‌ره‌وه و به‌س به‌رامبه‌ر به کۆمپیوته‌ره‌که‌م داده‌نیشتم و چاوه‌ڕێی مردن بووم. به پشتیوانی دۆسته‌که‌م له نه‌خۆشی ده‌روونی ڕزگارم بوو. من سه‌گێکم هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی که ڕۆژانه ناچار بڕۆمه ده‌ره‌وه و هه‌ندێک گفت‌و گۆ له گه‌ڵ دراوسێکان بکه‌م. مناڵه‌کانیشم سه‌ردانم ده‌که‌ن به گوێره‌ی توانایان جاری دووای نه‌هاتن و کوڕه چوکه‌که‌م ووتی: تۆ منت خۆش ناوێ،چۆنکه ده‌مری! ئه‌ووه دڵ و ده‌روونی ڕووخاندم و وه‌ختا بوو بپچڕێم له خه‌فه‌تان. من به‌س یه‌ک ئامانج و ئاره‌زووم هه‌یه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که گوێبیستی ده‌نگم بن. من په‌ڕتووکێک ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌خۆشه‌کانی که تووشی شێرپه‌نجه بوون. بۆیان ڕوون ده‌که‌مه‌وه که پێویست ناکات شه‌رم بکه‌ن که تووش بوون. من هه‌وڵ ئه‌ده‌م چێژ وه‌رگرم له‌م ماوه‌یه ژیانه‌ی که ماومه و به چاوێکی ئه‌رینی بڕوانمه ژیان، به‌ڵام زۆریش سه‌خت و دژواره.
* ئه‌و ڕاستییه‌ی که من ناتوانم ئیتر مناڵم ببێت،به قووڵی ئازارم ئه‌دات .
لاوری ته‌مه‌ن 24 ساڵ که له هه‌یڤی 9 ساڵی 2002 دا ، که هه‌فته‌یه‌کی مابوو ببێت به 20 ساڵ،شێرپه‌نجه‌ی مه‌مکی تووش بوو و له 2005 دا دیسان نه‌خۆشییه‌که گه‌ڕاییه‌وه سه‌ری.
لاورا ئه‌لێ: کاتێک که ده‌رمانه سووره‌که‌م بینی له کیسه‌که‌دا که به ڕێگای بۆڕییه‌کانی خوێنمدا ده‌ڕۆیشت ووتم: '' ده‌ی بیگره ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه بێبه‌زه‌ییه''. من خۆم له یه‌که‌م چاره‌سه‌ری به کیمیایی Chemotherapy به هێز ده‌زانی و هه‌تا ڕۆیشتمه ناو بازاڕیش. دووای یانزه ڕۆژ باقه قژه نیگرۆیه‌که‌م له ده‌ستدا.کچه‌کانی ساڵۆن یارمه‌تییان دام بارووکه‌یه‌کی گوونجاو هه‌ڵبژێرم. ئه‌وه‌ش ئاسان نه‌بوو چۆنکه گشتییان مۆدیلی ژنانی به ساڵانچوو بوون. جاره‌کانی سێیه‌م و چوواره‌م(کیمیایی) زۆر گران بوو و به ته‌واوی بێهێزی کردم و دووای ئه‌وه مه‌مکم بڕایه‌وه Mastectomy و هاوکات مه‌مکێکی تریان بۆم ده‌رووست کرد به ڕێگای نه‌شته‌رگه‌ری جوانکاری Bearst Reconstruction . کا‌ره‌که‌یان زۆر جوان بوو،به‌ڵام برینه‌که‌م تووشی هه‌وکردن بوو و خوێنیشم ژه‌هراوی بوو و ده‌ره‌نجام له نه‌خۆشخانه‌دا که‌وتم. ئه‌گه‌ر گه‌نج بی شانه‌کانی جه‌سته زووتر دابه‌ش ده‌بن،ئینجا بۆیه هۆرمۆنه‌کانمیان ڕاوه‌ستاند. به‌م هۆیه‌وه ئیتر سیکلی مانگانه‌م نه‌ما(بێنوێژیم ڕاوه‌ستا) و ئیتر ناشتوانم هه‌رگیز دووگیان بم. هه‌رواها کێشم 20 کیلۆی زیاد کرد. هه‌ندێک جار دوواکێشه‌کانی ڕاوه‌ستانی بێ‌نوێژی شێتم ده‌کات. پێم ئه‌ڵێن'' تۆ هه‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌ی'' به‌ڵام زۆر لام گرانه ئه‌وه به خۆم بسه‌لمێنم و وه‌ری گرم. که بۆ دووه‌م جار بیستم تووشی شێرپه‌نجه بووم، ڕووخام و ڕۆژم لێ تاریک بوو و گوورزێک بوو که له گیان و ڕۆحم درا. من هه‌ندێک په‌ڵه‌ی سووتان هی کاتی چاره‌سه‌ری به ڕادیۆتراپی Radiotherapy م پێوه مابوو و زۆر جاریش ماندوو بووم. هێلکه‌دانه‌کانم ده‌رهێندران بۆ مه‌به‌ستی به‌رگریکردن له تووش بوونیان به شێرپه‌نجه. که من ئیتر هه‌رگیز ناتوانم دووگیان بم زۆر ئازارم ده‌دات، چۆنکه من هه‌ر له ته‌مه‌نی لاوی‌دا خۆم وه‌ک ''دایک'' ده‌نوواند. خۆشبه‌ختانه ئه‌و پێویستییه‌ی ڕۆحیم تا ڕاده‌یه‌ک وه‌رده‌گرم به ڕیگای ئاگاداری کردن له مناڵان و هه‌موو ساڵێک ده‌ڕۆمه وڵاتی گامبیا(Gambia ) بۆ یارمه‌تی مناڵان. من هه‌موو ڕۆژێک ئازاری جمگه‌کانم هه‌یه و وه‌کو ژنێکی پیرم لێهاتووه. به گه‌نجی پیرم! ڕۆژانه ئه‌بێ سێ قوتووی ساردی( Energy ) بخۆمه‌وه و ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه بم ئه‌بێ ته‌پڵه‌کێک له نزیکم بێ بۆ دانیشتن که ماندوو بووم دانیشم. به‌ڕاستی ئه‌ڵیم: شێرپه‌نجه Comma(،)یه نه‌کو Point(.). ئێستا پێلان بۆ داهاتوو داده‌ڕێژم.ده‌مه‌وێ کۆمپانیای خۆم هه‌بێت که ته‌نیا کاری بڕینه‌وه‌ی دار و ته‌خته بکات و له وڵاتی Gambia بێنمه ئێره (Import ).
* لێره‌دا وه‌رچه‌رخانێکی زۆر گه‌وره له ژیاندا درووست ئه‌بێت .
ئایڤه‌ر ته‌مه‌ن 32 ساڵ(تورک) و هاوسه‌ری هێرمان ته‌مه‌ن 36 .ئه‌وان کچێک‌یان هه‌یه به ناوی ئاینوور ته‌مه‌ن 2،5 .
ئایڤه‌ر له ساڵی 2005دا زانی که شێرپه‌نچه‌ی مه‌مکی هه‌یه و ئه‌وه دوای له دایک بوونی ئاینوور بوو. ئایڤه‌ر ئه‌لێ: دووای ته‌واو بوونی ماوه‌ی دووگیانی بۆ یه‌که‌م جار هه‌ستم به شتێکی خڕ کرد له ناو سینگمدا. وا بیری لێکرایه‌وه که هه‌و کردن یان التهاب بێت به هۆی شیردان.به‌ڵام خۆم که بیرم لێی کرده‌وه ئه‌وه نه‌بوو،چۆنکه به هۆی التهاب یان هه‌وکردن مرۆڤ تووشی تا و له‌رز ئه‌بێت به‌ڵام من ئه‌وه‌م نه‌بوو. له کۆتاییدا زانرا که گرێیه‌کی سه‌ره‌تانییه(شێرپه‌نجه‌یه) و به قه‌باره‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌یه. ئه‌وه جێگای باوه‌ڕم نه‌بوو! من نه‌خۆشییه‌کی زۆر گرانم هه‌بوو و ژینام له مه‌ترسیدا بوو.ئه‌وه چۆن وا ده‌بێ؟ من زۆر به‌خته‌وه‌ر و خۆشحال بووم به هاتنی کچه‌که‌م بۆ ژیانم به‌ڵام ئێستا به پێچه‌وانه! ئه‌وه فلیمێکی زۆر خراپ و ناخۆشه بوو به‌ڵام ئه‌وه له باره‌ی من بوو؟ زۆر په‌رێشان بووم و وامزانی کچه‌که‌م دایکی خۆی ناناسێت، ئه‌وه‌شم ئه‌زانی که من ئه‌بێ له پێناوی ژیانی خۆم و کچه‌کمدا له گه‌ڵ ئه‌و شێرپه‌نجه‌یه‌دا شه‌ڕ بکه‌م. دووای چاره‌سه‌ری به ڕێگای کیمیایی (Chemotherapy )ناچار مه‌مکی چه‌پم بڕایه‌وه Mastectomy.بۆ یادگاری وێنه‌یه‌کی جوانم لێی گرت. زۆر بۆم گران بوو و ناخۆش بوو سه‌یری ئاوێنه بکه‌م: مه‌مکم ڕۆیشتووه،قژم هه‌ڵوه‌ریوه و برژانگیشم نه‌ماون. خۆم نه‌ده‌ناسییه‌وه! به‌ڕاستی وه‌رچه‌رخانێکی زۆر گه‌وره هاته ژیانم که هه‌رگیز له یادم ناچێت! ئه‌وه ماوه‌ی دوو ساڵ تێپه‌ڕی. ئه‌وه‌ش ئه‌زانم که من زۆر به‌خته‌وه‌ر بووم.که‌سوکار و هاوڕێیان و دراوسێه‌کان و هاوکارانم زۆر پشتیوانم بوون. له کولتووری تورکی دا به ئاشکرا باس له‌م نه‌خۆشییه ناکه‌ن و ئه‌ڵێن ئه‌گه‌ر نه‌خۆش بووی ئه‌وه ویستی خودایه! من به خۆم سه‌رسام بووم که چۆن بوێرانه توانیم له گه‌ل پووره‌کان و که‌س و کارم له تورکیا له‌م باره‌وه به ئاشکرا بدوێم. په‌یوه‌ندیم له گه‌ڵ هاوسه‌رم ئێستا زۆر قوولتر و به‌هێزتره له جاران.ئێمه به ئاشکرا له‌م باره‌وه ده‌دوێین. ئێستا کاتی چێژ بردنه له ژیان،هه‌ر سێ‌مان به‌یه‌که‌وه ڕۆژانه ده‌گه‌ڕێین وکاتێکی خۆش ده‌به‌یینه سه‌ر. ئێمه بۆمان ئاسان نه‌بوو،به‌ڵام به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستم. من زۆر ئامانجم هه‌یه که بۆیان ده‌ژیم.
* ئێمه هیچ شتێک دووا ناخه‌یین،ئێمه کات به خۆشی تێده‌په‌ڕێنین .
ماری ته‌مه‌ن 43 ساڵ و هاسه‌ره‌که‌ی جان ته‌مه‌ن 42 . ئه‌وان 3 مناڵییان هه‌یه:کۆدی ته‌مه‌ن 9 و تیشا 7 ساڵ و کیان 3 ساڵ. ماری له هه‌یڤی 8 2004دا ، که هه‌فته‌یه‌کی مابوو باری دووگیانی دابنێ، شێرپه‌نجه‌ی مه‌مکی تووش بوو.له 2006دا بۆ دووه‌مجار تووش بۆیه‌وه.
ماری ئه‌ڵێ: بۆ یه‌که‌م جار که بیستم ، بیرم کرده‌وه و ووتم: من دووگیانم و ئه‌ی چی بکه‌ین؟ئه‌وه گرنگ بوو نه‌ک شێرپه‌نجه‌ی مه‌مکم.دووای کۆتایی ماوه‌ی دووگیانیم زۆر خۆم به به‌خته‌وه‌ر ده‌زانی. له حالێک‌دا هه‌فته‌یه‌ک دوواتر نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ ده‌کرا و گڕێ شێرپه‌نجه‌که‌یان ده‌رده‌هێنا(lumpectomy ). من پێش نه‌شته‌رگه‌رییه‌که زۆر چێژم له کۆرپه‌له‌که‌م و کاتێ پشوودانم وه‌رده‌گرت و که‌متر بیرم له نه‌خۆسییه‌که ده‌کرده‌وه.ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هاوسه‌رم زیاتر له من پێوه‌ی په‌رێشان بوو. من هه‌وڵم ئه‌دا کاتی خۆم ببه‌مه سه‌ر به بردنی مناڵان بۆ قوتابخانه و بازاڕکردن.... دوای نه‌شته‌رگه‌ری 33 جار چاره‌سه‌ری به ڕێگای Radiotherapyبۆ دانرا. 8 جاری کۆتایی زۆر گران بوون و سینگم زۆر زیانمه‌ند بوو و له هێز که‌وتم. خۆشبه‌ختانه پشتیوانیم لای هاوسه‌ره‌که‌م هه‌بوو، مناڵه‌کان زۆر بچووک بوون که تێ بگه‌ن چ باسه.تایبه‌ت به‌ڵام هه‌وڵمان دا کوڕه گه‌وره‌که کۆدی تێ بگه‌یه‌نین که چی به سه‌ر دایه هاتووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته که‌ڵکمان وه‌رگرت له هه‌ندێک په‌ڕتووكی تایبه‌ت بۆ مناڵان له باره‌ی شێرپه‌نجه. به نسبه‌ت تیشا له سه‌ره‌تادا هه‌ستی پێ نه‌ده‌کرد به‌ڵام دوای زۆر جار ده‌گریا و خه‌مبار بوو. کتێک که بۆ دووه‌م جار بیستمه‌وه که شێرپه‌نجه‌م هه‌یه وه‌کو گوورزێکی به‌هێزم لێ بده‌ن، ڕه‌نگدانه‌وه‌م زۆر تووند بوو. ئایا ئه‌بێ من پیر بم؟ به هۆی ئه‌وه‌ی که بیر له لایه‌نه باشه‌کان و ئه‌رینیه‌کانی ژیانم کرده‌وه، ئه‌و هه‌سته ناخۆشه و پرسیاره له خۆم له یادم برده‌وه. له وانه‌یه شێتانه بێت به‌ڵام شێرپه‌نجه‌ی مه‌مک منی ده‌وڵه‌مه‌ندتر کرد. من به وشیاری ده‌ژیم و چێژ ده‌به‌م له ژیان. له ڕابردوودا شت و چالاکی خۆشمان بۆ دوایی داده‌نا،به‌ڵام ئێستا ئه‌ڵێم: ئێستا ! چۆنکه نازانین دووای چیه؟
30/10/2007 Holland Goli-67@hotmail.com
|